ڕاپۆرتی کوردستانی

04:06 - 08/06/2019

حزبه‌كان له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم دوودڵن‌

پەیسەر پرێس

مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م وێستگه‌ى بڕیارێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و دۆخى سیاسییه‌وه‌، ئه‌و فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانییانه‌ى كه‌ به‌ گازنده‌بوون له‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى و ده‌نگیان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌دا، تاووتوێى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ چ رێگایه‌ك بۆ مه‌راسیمى سوێندخواردنه‌كه‌ش نیگه‌رانى خۆیان بگه‌یه‌نن، تا ئێستا بایكۆت چه‌كى گونجاویانه‌، سبه‌ینێ هه‌ڵوێستى خۆیان یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌، فراكسیۆنى سه‌وزیش چاوه‌ڕێى بڕیارى حزبه‌.

مه‌راسیمى ١٠ى حوزه‌یران ئه‌گه‌ر بۆ هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆن، گۆشه‌یه‌ك بێت لێیه‌وه‌ وزه‌ى ئۆپۆزسیۆنانه‌ى خۆیان بخه‌نه‌ به‌رچاوى خه‌ڵك، ئه‌وا بۆ یه‌كێتى زیاد له‌ ده‌رفه‌تێكه‌و یه‌كێتى بۆ زۆر شت پێویستى به‌ مه‌راسیمه‌كه‌یه‌ و له‌ ئێستاوه‌ ده‌یه‌وێت مه‌راسیمه‌كه‌ بكاته‌ بارمته‌ى مسۆگه‌ركردنى ئه‌و داواكارییانه‌ى سه‌باره‌ت به‌ پۆسته‌كان هه‌یه‌تى.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، فراكسیۆنه‌كانى، یه‌كگرتوو، نه‌وه‌ى نوێ، كۆمه‌ڵ، ده‌یانه‌وێت بایكۆتى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو، كازم فاروق سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ، هه‌ورامان گه‌چێنه‌یى په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ، بۆ په‌یسه‌ر گوتیان، تا ئێستا بڕیارى فه‌رمییان رانه‌گه‌یاندووه‌و سبه‌ینێ به‌ فه‌رمى هه‌ڵوێستى خۆیان راده‌گه‌یه‌نن، كه‌ به‌شدار ده‌بن له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ یاخود بایكۆتى ده‌كه‌ن.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌گه‌رچى تا ئێستا خۆى یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شدارى ده‌سه‌ڵات ده‌بێت، یاخود هاوڕێى هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان، به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و بازنه‌ى دانوستانه‌كانیشه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، له‌ قۆناغى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم تا ده‌نگدان به‌ سه‌رۆك هه‌ڵوێستى ئۆپۆزسیۆنانه‌ بوو، ئێستاش به‌دواى ئه‌وه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌راسیمى تاج له‌سه‌رنانى سه‌رۆك درێژه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانى پێشووى بدات و گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى دیكه‌ جێنه‌هێڵێت.به‌ڵام حزبه‌كه‌ بانگهێشت كراوه‌و پێشتر بڕیارێكى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ هه‌یه‌ بۆ باشكردنى په‌یوه‌ندییه‌ حزبییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كان، دیار نییه‌ كۆمه‌ڵ ئه‌و مه‌راسیمه‌ ده‌خاته‌ ئه‌و چوارچێوه‌ى بڕیارى لێدابوو یاخود جارێ ده‌ست به‌و به‌رنامه‌یه‌ ناكات، تا ئێستا سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ بڕیارى روونى نییه‌ له‌و باره‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، ئاڕاسته‌ى زاڵ له‌ناو فراكسیۆنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بایكۆتى مه‌راسیمه‌كه‌ بكه‌ن و نه‌چنه‌ ئه‌و دانیشتنه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم سوێندى یاسایى ده‌خوات، هه‌ورامان گه‌چێنه‌یى گوتى، تا ئێستا كۆبوونه‌وه‌ى فراكسیۆن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌راسیمه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سبه‌ینێ كۆده‌بنه‌وه‌ بڕیارێك له‌و بارەیه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ-ش ده‌یه‌وێت بایكۆتى پرۆسه‌كه‌ بكات، كازم فاروق سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر ئه‌مه‌ى پشت راست نه‌كردەوه‌و ره‌تیشى نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام گوتى سبه‌ینێ بڕیارى خۆیان راده‌گه‌یه‌نن و روونى نه‌كرده‌وه‌ چ بڕیارێكیان داوه‌، به‌ڵام به‌ خوێندنه‌وه‌ى نیگه‌رانییه‌كانیان له‌ دانیشتنه‌كانى رابردووى په‌رله‌مان و گوتارى فراكسیۆنه‌كه‌ ده‌بێت بایكۆتى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم بكه‌ن.

فراكسیۆنى یه‌كگرتووش تا ئێستا ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن، بایكۆتى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بكات به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ گوتى سبه‌ینێ بڕیاره‌ له‌و بارەیه‌وه‌ ده‌ده‌ن، یه‌كگرتوو له‌م خوله‌ نایه‌وێت هیچ كام له‌و ده‌رفه‌تانه‌ له‌ كیس بدات كه‌ سیمای ئۆپۆزسیۆنانه‌ى ده‌خه‌نه‌ پێش چاوى خه‌ڵك، بۆیه‌ وه‌ك هێزێكى ئۆپۆزسیۆن به‌شدارییان له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ قازانج نابێت بۆیان. به‌ڵام به‌شدارى یه‌كگرتوو وه‌ك حزب ئه‌گه‌رێكى دوورنییه‌و ئه‌و حزبه‌ په‌یوه‌ندى باشى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى نوێى هه‌رێم هه‌یه‌ و دژى ئه‌زمونه‌ نوێیه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى نییه‌.

سه‌رچاوه‌یەكى ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی وه‌ك دوو حزبی سیاسی بانگهێشتكراون، به‌ڵام تائێستا دیار نییه‌ وه‌ك نوێنه‌رى حزب له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ڵوێستى فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌یان به‌شداری ده‌كه‌ن یاخود نا. ئه‌و دوو حزبه‌ تا ئێستا نه‌یان گوتووه‌ كه‌ بانگهێشته‌كه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ یاخود قبوڵیان كردووه‌.

فراكسیۆنى یه‌كێتى چاوه‌ڕێى بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌یه‌تى، پێده‌چێت تا كاتى زیادكراو به‌شدارى فراكسیۆنه‌كه‌ یه‌كلانه‌بێته‌وه‌ به‌ گوته‌ى، په‌رله‌مانتارێكى فراكسیۆنى سه‌وز، به‌شدارییان په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌نجامى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى له‌نێوان شاندى هه‌ردوو حزب ده‌كرێن سه‌ركۆ ئازاد په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى یه‌كێتى، بۆ په‌یسه‌ر گوتى"تا ئێستا دیار نییه‌ كه‌ چ بڕیارێك ده‌ده‌ین و پابه‌ندى بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسین، چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ین كه‌ دروست بووه‌".

زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر تا ١٠ی مانگ رێككه‌وتن له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى نه‌كرێت، ئه‌وا پێناچێت فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌شدارى مه‌راسیمه‌كه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بكرێت به‌شدار ده‌بن، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێك بڕیارى فراكسیۆنه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیارى حزبه‌كه‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كان تا ئێستا شاندێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ هه‌ولێرن و به‌ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆ نه‌گه‌یشتوون دیارنییه‌ پێش مه‌راسیمى سوێندخواردنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى ده‌كرێت یاخود نا. 

نێچیرڤان بارزانی به‌ چڕى سه‌رقاڵى به‌ڕێوه‌بردنى مه‌راسیمه‌كه‌یه‌تى و ده‌یه‌وێت زۆرترین كه‌س به‌شداربن تێیدا و مه‌راسیمێكى گه‌وره‌ بێت، بۆ به‌شدارى یه‌كێتیش هه‌وڵى زۆریداوه‌، تا ئێستا وه‌ك باس ده‌كرێت به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌شدار ده‌بن، به‌رپرسه‌كانى دیكه‌ى یه‌كێتیش چاوڕێى شاندى دانوستانكارن كه‌ بزانن سه‌باره‌ت به‌ پارێزگارى كه‌ركوك چ هه‌واڵێك لاى پارتییه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌.

گرنگى مه‌راسیمه‌كه‌ لاى یه‌كێتى جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى دیكه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و دانیشتنه‌ى په‌رله‌مان بۆ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ته‌نها ده‌رفه‌تێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى هێزى ئۆپۆزسیۆنانه‌ى خۆیان پیشانى جه‌ماوه‌ر بده‌ن، به‌ڵام بۆ یه‌كێتى زیاد له‌ ده‌رفه‌تێكه‌و ده‌یه‌وێت له‌ ده‌ستى نه‌دات، یه‌كێتى ده‌زانێت، به‌ به‌شدارى ده‌توانێت نێچیرڤان بارزانى له‌به‌ره‌ى خۆى بهێڵیته‌وه‌ كه‌ وه‌ك دۆستى یه‌كێتى ده‌ناسرێت و پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمیش كه‌ ئێستا كه‌وتووه‌ته‌ گێژاوه‌وه‌ بۆ یه‌كێتى ساغ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداربێت.

یه‌كێتى هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت مه‌راسیمه‌كه‌ بكاته‌ بارمته‌ى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك و به‌كاریبهێنێت بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌، ئه‌گه‌ر به‌شدارى نه‌كات زیاتر دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌، به‌شدارى یه‌كێتى هه‌نگاوێك له‌ پارتى نزیكى ده‌كاته‌وه‌ بیانووى پارتى كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ باسی له‌ پابه‌ندنه‌بوونى یه‌كێـتى كرد كاتێك ده‌نگى نه‌دا به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، ده‌توانێت له‌ قۆناغى دواتر پارێزگارى له‌ پۆسته‌كانى بكات كه‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كردووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بایكۆتى یه‌كێتى حزبه‌كه‌ ده‌خاته‌ قۆناغێكه‌وه‌ كه‌ بۆى ئاماده‌ نییه‌ و واده‌ى یاسایى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كات، یه‌كێتى بژارده‌ى حازربه‌ده‌ستى نییه‌ بۆ ئه‌مه‌.