ڕاپۆرتی کوردستانی

04:56 - 08/06/2019

کورتەمێژووی کۆنفیدراسیۆنی خێڵەکانی کورد و دروستکردنی ئیمپراتۆری ماد‌

پەیسەر

ئیمپراتۆری ماد لە مێژووی کورد و کوردستاندا جێگایەکی تایبەتی هەیە. به‌ نەتەوەبوونی کوردیش لەو سەردەم و شارستانیەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. لە سەردەمی مادەکاندا یەکێتی نێوان خێڵ و هۆزه‌ کوردەکان زۆر بەهێز بووە و لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی نەینەوادا، کە پایتەختی ئاشوورییەکان بوو، نەتەوەکانی ئاریایی لە کۆیلایەتی ڕزگاریان بوو. هەموو پسپۆڕ و دیرۆکناسە بێلایەن و خاوەن ئەخلاقەکانیش، ئەم ڕاستیە قبوڵدەکەن.

خەرزی خەرزان، نووسەر و دیرۆکناسی کوردی ناوچەی خەرزانی باکوری کوردستان لێکۆلینەوەی لەبارەی ڕۆڵی یەکێتی نێوان کوردەکان لە بنیاتنانی ئیمپراتۆری ماد کردووە و باس لە چۆنیەتی دامەزراندن و هۆکارەکانی بەهێزی ئیمپراتۆریەتەكه‌ دەکات.

خەرزی خەرزان دەڵێت، ئیمپراتۆری ماد لە سەر جوگرافیای کوردستان دامەزراوە، بەڵام ئەگەر وەک کۆنفیدراسیۆنی خێڵە کوردەکان پێناسەبکرێت، واتایەکی باشتر دەدات. شارستانی هۆری و میتانی و نائیری و خالداییەکان و خێڵە کوردەکان یەکیان گرتووە و بەرامبەر ئاشوورییەکان جەنگاون، ئەمەش یەکەمین شۆرشی مرۆڤایەتییە. هەرچەندە ئەم ئیمپراتۆریەته‌ بە درێژایی مێژوو لە ڕێچکەی خۆیلایداوە و لە کۆتاییدا وەک ئیمپراتۆرییەتێکی سته‌مكار پێناسەدەکرێت، بەڵام لە بناغەدا شۆڕشێکی ئازادیخواز بووه‌ و ئارمانجیشی یەکێتی نێوان گەلە ژێردەستەکان بووە.

خەرزی خەرزان لە لێکۆلینەوەکەیدا باس لە نۆ پەرتووکەکەی (هیرۆدۆت) زانای گەورەی یونانی دەکات، کە لە ساڵەکانی (٥٠٠پ.ز) لەبارەی مادەکان نووسیویەتی و (هێنری راولینسون و جۆرج راولینسون) دوو برای ڕۆژهەڵاتناسی بەریتانی لە نووسینی بزماریەوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەریانگێڕاوە.

هیرۆدۆت ئاشکرا باس لە یەکێتی نێوان خێڵ و هۆزه‌ کوردەکان لە دامەزراندن و پاراستنی ئیمپراتۆری ماد دەکات و دەڵێت، بووسی و پارەتەکانی، سترووخی و ئاریزانی، بوودی و ماگی، کە ئەو کاتە ناوی هه‌ندێک لە خێڵە گەورەکانی کورد بوون، لە دامەزراندنی ئیمپراتۆری ماد بەشداربوون و پایتەختەکەشیان شاری (هەمەدان)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

خەرزان لە درێژەی لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوەدەکات، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی مادەکان بە ناوی (دیاکۆ) بۆ یەکەمجار خێڵ و هۆزە کوردەکان کۆدەکاتەوە و داوایان لێدەکات، بەرامبەر هێرشی ئاشووریەکان یەکبگرن و دواتر لە سەر داوای هەموو خێڵ و هۆزەکان (دیاکۆ) وەک پاشا قبوڵدەکرێت. 

دیاکۆ ٥٣ ساڵ لەسەر دەسەڵات دەمێنێته‌وه‌ و کۆنفیدراسیۆنی کوردەکان دادەمەزرێنێت و بڕیارەکانیش لە ئەنجومەنێکدا لە شێوەی په‌رلەمانێک دەرچووە و شەڕی زۆر گەورە و خوێناویش له‌ نێوان ماد و ئاشوورییەکاندا دروست بووە.

دوای دیاکۆ کوڕەکەی (فەئۆرتاتێس) یاخود (فورات)، دەبێتە پاشای مادەکان. فورات دوای باوکی لەگەڵ فارسەکان و هه‌ندێک نەتەوەیتری ناوچەکە ڕێکكەوتن دەکات و بەرەیەکی بەهێز دژی ئاشوورییەکان پێکدەهێنێت، ئەمجارە یەکێتی له‌ نێوان نەتەوەکانی ئاریاییبه‌رقه‌راردەکات. فورات سەرکردایەتی شەڕە گەورەکانی دەکرد و هەموو کاتێک لە هێڵی پێشەوەی شەڕدا بووە، دوای ٢٢ ساڵ لە شەڕێکی قورسدا لەگەڵ ئاشووریەکان دەکوژرێت.

دوای فورات، کوڕەکەی (کەیاکسەر–کەی خوسره‌و) جێگای دەگرێتەوە. لە سەردەمی کەیاکسەردا هەموو خێڵە کوردەکان و ئارینەژادەکان لە چوارچێوەی ئیمپراتۆری ماد دا لە دژی ئاشووریەکان شەڕیان دەکرد. سەردەمی کەیاخسەر، گرنگترین و بەهێزترین سەردەمی مادەکان بوو. کەیاکسەر لەو سەردەمەدا لەگەڵ بابلیەکان ڕێکكەوتنێکی واژۆ كرد و دژی ئاشووریەکان دەستیان بە شەڕ کرد.


ساڵی (٦١٢ پ.ز)، دوای شەڕێکی قورسلە نێوان سوپای مادەکان و ئاشوورییەکان، مادەکان توانیان شاری نەینەوای پایتەختی ئاشوورییەکان کۆنتڕۆڵبکەن و ئیمپراتۆریه‌تی ئاشوورییەکان کۆتایی پێبهێنن، بۆچوونێکیش هەیە کە یەکەم ڕۆژی نەورۆز و ئەفسانەی (کاوە و زوحاک) هەمان ئەو ڕۆژەیە کە ئیمپراتۆری ئاشوورییەکان کۆتایی پێهاتووه‌ و مادەکان به‌سه‌ر ئاشووریەکاندا سەرکەوتن.

کەیاکسەر سوپای مادەکانی زۆر بەهێز کرد، یەکەمین سوپای مۆدێرنی مادەکان لە سەردەمی ئەودا دامەزرێنرا. سوپای ماد لەوسەردەمەدا بەرەو تورکیای ئەمڕۆ بەڕێکەوت و لە دژی دەسەڵاتێک بە ناوی لیدیاییەکان، لە (کزلئیرماک) لە نزیک ئەنقەرەی ئێستا، شەڕێکی گەورە ڕوویدا، بەڵام لە کاتی شەڕەکەدامانگ گیران ڕوودەدات، سوپای هەردوولا ترسیان لێدەنیشێ و وا لێكیده‌ده‌نه‌وه‌ کە خواکان لەگەڵ ڕوودانی ئەو شەڕەدا نین، لە ئەنجامدا ڕێكدەکەون و شەڕەکە کۆتایی پێدێنن، دواتر لە نزیک ئەنقەرە سنورێک بۆ ئیمپراتۆری ماد و لیدیاییەکان دادەنرێت و ڕووباری کزلئیرماک وەک سنووری هەردوولا دیاریدەکرێت.

کەیاکسەر ٤٠ ساڵ لە سەر دەسەڵات دەمێنێتەوە و دوای مردنی کوڕەکەی بە ناوی (ئاستیاگێس)، دەبێتە پاشای مادەکان. سەردەمی ئاستیاگێس بە سەردەمێکی ئارام دادەنرێت و بواری فەلسەفە و هەنەر و کلتور لەو سەردەمەدا بەرەوپێش چوو. بۆچوونێکیتریش هەیە ده‌ڵێت، ئاستیاگێس پارێزەر و دۆستی نزیكی (زەردەشت) بووە.

ئاستیاگێس تەنها خاوەنی یەک کچ بووه‌ به‌ ناوی مەدیانا كه‌ هاوسەرگیریی لەگەڵ فارسێکی خانەدان كرد بە ناوی (کامبیس) و کوڕێکیان بە ناوی (کۆرش) هەبووه‌.

کاتێک کۆرش گەورەدەبێت، هەوڵدەدات دەسەڵات بگرێتە دەست، دوای ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی مادەکاندا ڕێکدەکەوێت، کودەتا به‌سه‌ر ئاستیاگێسی باپیریدا دەکات، دوای شەڕێکی گەورە سوپای ئاستیاگێس دەشکێ و لەلایەن کچەزاکەی (کۆرش)وە بەدیلدەگیرێت، بەو شێوەیە ئیمپراتۆری مادەکان لەناودەچێت و سەردەمی (پارسەکان) دەستیپێده‌کات.

لە شەڕی نێوان ئاستیاگێس و کۆرشدا فەرماندەیەکی مادەکان بە ناوی هارپاگۆس، کە جێی متمانەی پاشا بوو، لایەنگریی کۆرش ده‌كات. 

دوای به‌دیلگیرانی، ئاستیاگێس دەڵێت، لە کۆرشی کچەزام تووڕەنیم، چونکە خۆی فارسە و هەوڵی بۆ سەرکەوتنی فارسەکان داوە، بەڵام لە هارپاگۆس توڕه‌م کە جێی متمانەم بوو. دەڵێت، هارپاگۆس خۆی لە نەژادی مادەکانە، هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد، كارێكی كردكه‌ مادەکان بۆ هەتاهەتایە لەژێر دەستی فارسەکاندا بمێننەوە. هارپاگۆس دەیتوانی بۆخۆی کودەتا بکات و خۆی پاشا بێت، بەڵام بەداخەوە مادەکان بوونەوە بە ژێردەستە و هه‌ر بەمشێوەیەش دەمێننەوە.