لێکۆڵینەوە

02:49 - 09/06/2019

چی دەربارەی (موعتەزیلە) و شوێنکەوتوانی دەزانیت ..؟‌

عومەر عەبدول

پێش سەرهەڵدانی بیری (موعتەزیلە) و دەرکەوتنی ، بیری (عەقڵانی) بوون پێشتر دەرکەوتبوو، لەسەردەمی ئەمەویەکاندا لە زۆر جێگای دەوڵەتی ئیسلامی ئەو سەردەمەدا ، ئەویش لەسەر دەستی کەسانی وەک : عمرو المقصوص ، جەعدی کوڕی درهەم ، غەیلانی دیمەشقی، جەهەمی کوڕی سەفوان و کۆمەڵێکی تر . پاش ئەوەش بیری ئەم کەسانە بڵاوبویەوە لە سەرانسەری وڵاتدا و هەندێ کەسایەتی دیاری ناساند ،وەک (واسڵی کوڕی عەتا ، عەمروی کوڕی عەبید ، ئەبی هەزیلی عەلاف، ئیبراهیم نیزام و هەندێکی تر ، کە دواجار بیری ئەمانە بونە ڕەگ و ڕیشە و سەر پێکەوتنی بیری (موعتەزیلە.

بۆچی ناونران موعتەزیلە ؟ 
زیاد لە سەرنج و بۆچوونێک هەیە لەسەر ئەم پرسیارە ، بەڵام بەربڵاوترین بۆچون ئەوەیە کە. ناولێنانیان بە (موعتەزیلە) لەو کاتەدا بوە کە (واسلی کوڕی عەتا) کۆڕبەندی شێخەکەی (حەسەنی بەسری) جێدەهێڵێت لەداوی مشت و مڕێکی قووڵی نێوانیان لەسەر مەسەلەی کەسێک گوناهی گەورە ئەنجام بدات ، (واسڵ) باوەڕی وابو کە ئەو کەسەی گوناهی گەورە ئەنجام دەدات بە (کافر) ناژمێردرێت و دەیوت ئەو کەسە لە (منزلە بین منزلتین) دایە واتە لە نێوان دوو هەڵبژاردەی (کافر یان موسڵمان) یانی نە موسڵمانانە و نە کافر. وە بەهۆی ئەم وەڵام و بۆچونەیەوە لە دانیشتنەکەی (حەسەنی بەسری) دور ئەکەوێتەوە و هەستا بە دامەزراندنی کۆڕبەندێکی زانستی و زۆرێک شوێنی کەوتن و باوەڕیان بەڕاکانی هێنا . 

لەو کاتەدا (حەسەنی بەسری) وتی (واسڵی) لێمان دوورکەوتەوە ، بۆیە لەو ساتەوە ئەو تاقمە ناونراون (موعتەزیلە. 

گرنگی بیری (موعتەزیلە) و دیارترین ڕواڵەتەکانی سەرچاوەی بیری (موعتەزیلە) لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دروست بوە

1-ئازادی هەڵبژاردن دراوە بە مرۆڤ و خۆی بەرپرسیارە لە کارەکانی.

2- دانانی شوێنێکی شایستە بۆ (عەقڵ)ئەمە کرۆکی بیرکردنەوەیانە کە لەسەر ئەم بنەمایانە دامەزراوە ، جەختی لێ دەکەنەوە و پارێزگاریش لێدەکەن ، وە لە پێناو ئەم بیرە و بەرگری کردن لێی ، زۆر وتو وێژیان ئەنجام داوە کە کتێبەکانی توراسی ئیسلامی بۆیان دۆکیۆمێنت کردوین بە تایبەت ئەو کتێبانەی کە باس تاقم مەزهەبەکان دەکەن وەک کتێبی (الملل والنحل) ی شەهرستانی و کتێبی (الفرق بین الفرق) ی عەبدولقاهیری بەغدادی و کتێبەکانی پێشەوا( جاحڤ) بەتایبەت (نامەکانی جاحڤ) و (الحیوان) کە زۆرێک لە بیری موعتەزیلەی ئاماژە پێکراوە لەم کتێبانەدا .هەرەوەها کتێبەکانی قازی (عبدالجبار) بەتایبەت هەردو کتێبی (شرح اڵاصول الخمسە) و (المغنی فی أبواب التوحید والعدل) لەو کتێبانە دەژمێردرێن کە زۆر بە وردی لەسەر بیری (موعتەزیلە) نوسراون . 
پەیڕەوانی ئەم مەزهەبە لە ناو خۆیاندا ڕایان گۆریوەتەوە ، کە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەو پانتاییە لە ئازادی کە لێی بەهرەمەند بوون لە ژێر چەتری یەک مەزهەبدا ، چونکە یەکتریان کافر نەدەکردو و بڕیاری کوشتنی ئەویتریان نەدەدا لەگەڵ ئەوەی کە جیاوازی زۆریشیان هەبوو لە زۆرێک ئە بۆچونەکانیان ، ئەگەر هەشبوبێ زۆر دەگمەن بوە و کاردانەوە و تورەییەکی کاتی بوە نەک زیاتر . مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە کە کەسایەتیەکی وەکو (ئیبن رواندزی) کە یەکێک بوە لە پەیرەوکارانی بیری موعتەزیلە دواتر وازی لێ هێناون و شەڕی لەگەل کردون و تەنانەت کتێبێکی لەبارەوە دەرکردن کە ناوی لێنرا (ئابڕو چونە کانی موعتەزیلە) دوای هەمو ئەوانە (موعتەزیلە) تەنها ڕەتیان دایەوە کە یەکێکیان بەناوی (ئەبولقاسمی خەیات) کتێبێکی نوسی بەناوی (سەرکەوتن لە رەتدانەوەی ئیبن روادیدا) لە لایەکی ترەوە لە گفت وگۆکانیاندا نەدەکەوتنە دژایەتی لە مەزهەبەکانی تر وەک (سوننە و شیعە و جەهەمی و مورجیئە و..... هتد .

بۆ دەرخستنی وێنەیەکی ڕونتری ئەم تاقمە و ئەم بیرە عەقلانیە ، هەندێ لەو بیرو ئایدیایانە دەگوازینەوە کە ئەم گروپە لەوانی تر جیا دەکاتەوە کە ئەمە دیارترین رواڵەتەکانن: 
1-موعتەزیلە پشتیان بە عەقڵ دەبەست بۆ بنەمای بیرو باوەڕیان و پێشی (نقڵ) واتە ئەوەی بەدەستیان گەیشتوە دەخست، لە ژێر دروشمی (عەقڵ یەکەمین بەڵگەیە. دەیانوت کە عەقڵ و بیرکردنەوەی دروست ئەتوانن حەڵاڵ و حەرام لەیەک جیابکەنەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئەم بنەمایەش ناسراوە بە (چاک و خراپیەکانی عەقڵ

2-(موعتەزیلە) بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ وەرگرتنی فەرموودە دەکرد و گومانیان دەخستە سەر ڕاست و ناڕاستی ، بۆیە لە دانراوەکانیاندا بەکاریان نەدەهێنا تەنها لە سنورێکی زۆر دیاریکراودا نەبێت ، ئەویش بە هۆی بڵاوبوونەوەی دانراوی درۆ لە فەرمودەدا لە سەردەمی ئەواندا . بۆیە هەندێ بنەمای قورسیان دانا بۆ قەبوڵ کردنی فەرموودە کە دواجار وا ناسران کە وەک بابەتێکی سەرپێی مامەڵەیان لەگەڵ فەرمودە کردوە 

3-( موعتەزیلە) باوەڕیان وابو کە مرۆڤ بەرپرسیارە لە هەمو ئەو شتانەی دەیکات، هەر ئەو بەرپرسیارێتیە وای لێدەکات کە ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی ڕێچکەی خۆی و کردەوەو بیرو باوەڕی ، ئەگەر نا، لێپرسینەوە لێی لەو شتەی توانای هەڵبژاردنی نەبوە تێیدا، ستەم(زوڵم)ە . ئەمەش لەگەڵ دادپەروەری خودادا یەکناگرێتەوە، لای ئەوان  خودا بێگەردە و ناکرێت ستەم و شەڕی بدرێتە پاڵ، ڕیککەوتن لەسەر ئەوەی کە بەندەکان خۆی بەرپرسیارە لە رەفتارەکانی، واتە خۆی بەتەواوی ئازادە لە ئەنجام دانی چی چاکە بێت یان خراپە

4-قورئان دروستکراوە : (موعتەزیلە) وای دەبینن کە قورئانی پیرۆز قسەی خوای گەورەیە دروستکراوە-مەخلوقە- و کۆنیش-ئەزەلی- نیە، وە باسکردنی وەک دروستکراوێکی کۆن، داننانە بەوەی کە لەگەل خودادا کۆنێکی تر هەیە بە پێیەی کە خوداش تاک و تەنهاو ئەزەلیە، کەسی لەگەڵ نەبوە پێش دروست بونی بونەوەر . دەوترێت ئەو موسلمانانی باوەڕیان وایە کە قورئان گوفتاری خودای نەمرە ، وە دروست کراوێک نیە وەک دروست کراوەکانی خودا ، کەواتە هەمو ئەو شتێک جگە لە خودا.،دروستکراوە زۆر جیاواز نین لەگەل مەسیحیەکان، کە دەڵێن مەسیح گوفتاری خودایە و هەڵقوڵاوی باوکە لەسەرەتای دونیاوە ، ئەمەش یەک ناگرێتەوە لەگەڵ بۆچونەکانیان بۆ یەکتاپەرستی کە بە بەردی بناغەی بیرو باوەی یەکتاپەرستی کە بە بەردی بناغەی بیرو باوەڕی ئیسلامیە دێتە ئەژمار .
وە بۆ ڕونکردنەوەی ئەوەی کە زۆر جار تەم مژی دەکەوێتە سەر لەبارەی دەستەواژەی (قورئان دروستکراوە) ئەم دەستەواژەیە بە ڕونی یانی ئەوەی قورئان داهێنراوە، واتە نوێیە و کۆن نیە، چونکە پێشتر نەبوە یانی پێش ئەوەی لە رێگای (نیگا) وە دابەزێت بۆ پەیامبەری ئیسلام،(دروستکراو) لە زمانی عەرەبیدا بە واتای داهێنراو دێت. بۆ نمونە دەوترێت ، دروستی کرد، واتە هەستاوە پێی ودروستی کردوە ، لێرەدا دەستەواژەی (قورئان دروستکراوە) بەواتای داهێنراوە دێت .

5- باوەڕیان بەوە نەبوە کە پەیامبەری ئیسلام (شەفاعەت) بکات بۆ ئەو کەسانەی گوناهی گەورە دەکەن . ئەوەیان رەتکردۆتەوە کە خودا خۆش دەبێ لەو کەسانەی گوناهی گەورە ئەنجام دەدەن، وەک کوشتن و دزی و داوێن پیسی و..... هتد 
6-هەروەها کەرامەتی پیاوچاکانیان رەتکردۆتەوە و وتویانە ئەگەر کەرامات راست بێت، ئەو کاتە پیاو چاک و پەیامبەر وەک یەک دەبون . 

7-لەبەر قوڵی بیرکردنەوەیان لەبارەی عەقڵەوە پێشەوای موعتەزیلە (عبدالرحمن کوڕی کیسان)لە وەڵامی هەندێ زانادا دەڵێت : خوێنی ژنیش هەروەکو خوێنی پیاو وایە ، وە هاوسەرگیری منداڵ ڕەوا نیە. 
هەروەها زانا (تەمامەی کوڕی ئەشرەس) هاوسەرگیری بەندە- كۆیلە(سەبیە) بە ڕەوا نابینێت بە بەڵگەی ئەو ئایەتەی دەفەرموێت (فاما منا بعد وأما فدا‌و) واتە یان منەتیان بەسەردا دەکەن بە تەڵاق دانیان ، یان سەرانەیان لێ وەردەگرن لە بری دیلەکان . 

8-هەروەها کۆکن لەسەر ئەوەی کە خودا بە چاو نابینرێت لە بەهەشتدا ، وە هەمو لێکچواندێک بە خودا رەت دەکەنەوە ، بە بەڵگەی (لا تدرکە الابصار) یان ئەو ئایەتەی دەفەرموێت “وجوه یومئژ ناچرە إلی ربها ناڤرە) ئەوان دەڵێن ڕوانین لەوێدا مەبەست لێی چاوەڕوانیە ، واتە باوەڕداران چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەکەن کە بەڵێنیان پێ دراوە ، نەک بەمانای روانینی چاو . 

ئیبراهیم نیزام ، مامۆستای جاحڤ ؛ یەکێک لە گەورەکانی هەڵگری بیری (موعتەزیلە) و هاوڕێکانی کە لە گەورەکانی موعتەزیلەن باوەڕیان بە (ڕەجم) نیە ، هەروەک چۆن (ئەبو موسلیمی ئەسفەهانی) باوەڕی بە (نەسخ) نەبو لە قورئاندا ، وە لەسەر کۆدەنگیش (الإجماع) نیزام دەلێت :ئیجماع وەک بەڵگەیەک لە شەرعدا پشتی پێ نابەسترێت ، هەروەها (قیاس) چواندن، ئەویش ناکرێ وەک بەلگەی شەرعی لێی بڕوانین . 

لەبارەی بەرزی شوێنی ئافرەتیشەوە (جاحڤ) دەلێت :ئێمە ناڵێین و هەر کەسێکی عاقڵیش نایلێت کە ژنەکان لەسەرو پیاوەکانەوەن، یان بەرز ترن لەوان بە پلەیەک یان دوان یان زیاتر، بەڵام بینیمان زۆر کەس درۆیان لەگەل کردن درۆیەکی گەورە ، وە ڕقیان لەبەرامبەر بەکار دێنن ڕقێکی ئەستوور، وەزۆر لە مافەکانیان زەوت دەکەن ، ئەوە ئەوپەڕی بێ توانایە کە پیاو نەتوانێت مافەکانی باوان و مامەکانی دابین بکات لەسەر حیسابی دایکەکان و خاڵەکان نەبێت ، هەر بۆیە کۆمەڵێ شتی جوانی ئافرەتمان باس کرد . هەردو زانای گەورەی (موعتەزیلە) ئەبوبەکری ئەسەم و ئیبن عەلیە وتویانە ،، خوێنی ژن لەگەل خوێنی پیاودا یەکسانە، 

لە چوار چێوەی قسە کردنمان لەبارەی (موعتەزیلە) بەباشمان زانی تیشک بخەینە سەر یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بیری (موعتەزیلە) کە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بلاوکردنەوەی بیری موعتەزیلە دا ئەویش زانای گەورە ئەبو ئیسحەق (ئیبراهیمی کوڕی سەیاری نیزام) ە مێژوونوسان جیاوازیان هەیە لەسەر رۆژی لەدایک بوون و مردنی، تێکڕا لە سالەکانی نێوان (140 . 210) کۆچیدا ژیاوە ئەوەشی تایبەتە بە کتێب و دانراوەکانی ، خەرمانێک گەورەی هەبوە، کە داخەو فەرمودە ناسان هەموو دانراوەکانیان لەناو بردوە ، (ئەشعەری)ناوی هەندێ لە کتێبەکانی دەهێنێت وەک کتێبی (الجزء ، العالم ، کتێبی الحرکە و هەروەها کتێبی التوحید) ئەم پیاوە بە گەورەترین کەسایەتیەکانی موعتەزیلە دەژمێردرێت، ئەحمەد ئەمین لە کتێنی (ضحى الإسلام) لە بارەیەوە دەڵێت , موعتەزیلە لەدوای ئەو کزی کرد، هەروەها قوتابییەکەی (جاحظ) دەلێت پێشینان دەلێن لەسەری هەموو هەزار ساڵدا کەسێکی بێ وێنە هەڵدەکەوێت ، رۆژهەلات ناس (مۆرتن) لەبارەیەوە دەلێت ، نیزام گەورەترین بیرمەندی سەردەمی خۆی بوە لەناو زانایانی ئیسلامدا، هەروەها یەکەم کەس بوە کە لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنی هەبوە بۆ ئایدیای یۆنانیەکان .ناکرێت ڕێگاکانی چونە لای خودا هێندە ئاستەم بێت ، ناکرێت خودا هێندە دوور بێت زۆر درەنگ بگەیتە حزوری خودای هەقیقی خۆی ناشارێتەوە لە بەندەکانی ، خودای ڕاستەقینە ئەهلی ڕازو نیازە و هەر کاتێ بتەوێ دەگەیتە لای . ئێمە هێشتا پێویستمان بەوە هەیە خودا بدۆزینەوە ، ڕەنگە پێمان وایە کە دەمێکە ئەیناسین و ئەزانین لەبارەیەوە ، بەڵام هێشتا زۆربەمان هیچ هەواڵێکمان نیە لێی ! دونیا پڕ پڕە لە خودا ، خودای جۆراوجۆر، بە چیا بزانم خودای ڕاستەقینەی من لە کوێیە؟ ئاخر ناکرێ جیاوازی نەبێ لە نێوان خودا وەک (خالق) و خودا وەک (مەخلوق) جیاوازی نەبێ لە نێوان خودا وەک (خۆی) لەگەڵ ئەو ( وێنە) زۆرو زەوەندانەی بۆی دەتاشرێت !

نوسینی: ئیبراهیم ئەلنیزام ...