ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:56 - 09/06/2019

بەرزاییەکانی گوڵان ناوچە کێشەلەسەرەکەی نێوان ئیسرائیل و سوریا‌

پەیسەر

بەرزاییەکانی گوڵان، ناوچەیەکی کوێستانییە لە باشوری ڕۆژئاوای خاکی سوریا، ١٨٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە و لەو ڕێژەیە ١٢٠٠٠ کیلۆمەتری لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیراوە. 

بەرزاییەکانی گوڵان ناوچەیەکی ستراتیژییە و زاڵە بەسەر بەشێکی گەورەی باشوری سوریادا و  تەنانەت دەڕوانێت بەسەر دیمەشقدا کە تەنیا ٦٠ کیلۆمەتر لە بەرزاییەکانی گۆڵانەوە دوورە،  بە هەمان شێوە زاڵە بەسەر ئیسرائیلیشدا و ئەمەش وایکردووە پێگەیەکی ستراتیژی هەبێت. 

مانگی حوزەیرانی ١٩٦٧ و لە کاتی شەڕی شەش ڕۆژەدا، ئیسرائیل دەستی بەسەر بەرزاییەکانی گوڵاندا گرت، لە مانگی ئابی هەمان ساڵەوە دەستکرا بە هەڵمەتی نیشتەجێکردنی جولەکەکان و کاری کشتوکاڵ لەو ناوچەیەدا.

شەش ساڵ دوای شەڕی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ و لە ساڵی ١٩٧٣دا سوریا هەوڵیدا ئەو ناوچەیە  کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هێرشەکەی سوریا لە ناکاو بوو و لە کاتی جەژنی جولەکەکاندا بوو، کەچی ئیسرائیل شەڕەکەی نەدۆڕاند، ئەم شەڕە بە " یوم کیپور" ناسراوە.

گرژییەکانی نێوان دوو وڵات لە دوای شەڕی " یوم کیپور"  بەردەوام بوو،  لەو قۆناغەدا نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵیدا چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە. ئەنجامی ئەو هەوڵانە ڕێککەوتنی " پەنا نەبردن بۆ جەنگ" بوو کە ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن هەر دوو وڵاتەوە واژۆ کرا، هەروەها بڕیاردرا هێزێکی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ناوچەکە جێگیر بکرێت و چاودێربێت بەسەر ئاگربەستەکەوە.

دوای دەستبەسەرداگرتنی بەرزاییەکانی گوڵان لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەنجومەنی ئاسایش بە دەرکردنی بڕیاڕنامەی ژمارە ٢٤٢ ئەو ناوچەیەی بە داگیرکراو ناساند، لە بڕیارنامەکەدا بە ئاماژەدان بە پرەنسیپی سەروەری سیاسی، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان جەخت کرابووەوە لەسەر چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا.

ئیسرائیل نەک پابەند نەبوو بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵكو بە پاساوی جۆراورجۆری وەک تەنانەت ئیسرائیل ناڕوونی  لە تێکستی ئینگلیزی بڕیارنامەکە، ساڵی ١٩٨١ گوڵانی بە بەشێک لە خاکی خۆی ناساند.
بە پشتبەستن بە کتێبێک بە ناوی "شەڕی جولەکەکان"، لە نووسینی فلاویوس یوسیفوس کە مێژوونووسێکی جولەکەی خەڵکی رۆمایە و لە سەدەی یەکەمی زایینیدا ژیاوە، ئیسرائیلییەکان بەرزاییەکانی گوڵان بە بەشێک لە خاکی مێژوویی گەلی جولەکە دادەنێن.

ئیسرائیل چۆن بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی پشتگوێ خست؟
کاتێک لە دەقی فەڕەنسی بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش باس لە چوونە دەرەوەی ئیسرائیل لە " خاکە داگیرکراوەکان" دەکرێت، مەبەست هەموو ئەو زەویانەیە کە ئیسرائیل داگیری کردووە ئەویش بە هۆکاری ئەوەی لە زمانی فەڕانسیدا پیتی زیادەی " لە" بە کۆ دەبەسترێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە لە زمانی ئینگلیزیدا "لە" بە کۆ نابەسترێتەوە و لە ئەنجامدا لە دەقی ئینگلیزی بڕیارنامەکەدا باس کردن " لە خاکە داگیرکراوەکان" دەتوانێ هەموو خاکە داگیرکراوەکان لە خۆ نەگرێتەوە و تەنیا بەشێکی بێت.

لە نێو دەقە فەرمییەکانی ئەو بڕیارنامەیەدا بە زمانەکانی ڕوسی، ئیسپانی، چینی و عەرەبی، هاوشێوەی دەقە فەڕەنسییەکە لە ڕووی ناوەرۆکەوە هیچ چەشنە ناڕوونییەک بەدی ناکرێت،
ئیسرائیل ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و بە سرنجدان بە دەقە ئینگلیزییەکە کە بە گوێرەی روانینی ئیسرائیل ناڕوونی تێدابوو، تەنیا بەشێک لە سارای سینا و کەرتی غەزەی بۆ خاوەنەکانی گەڕاندەوە.


دووەم ناڕوونی کە لە بڕیارنامەکەدا هەبوو،  پێکەوەگرێدانی " خاڵی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکان"  لەگەڵ " پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی"ە، ئیسرائیل بە پشتبەستن بە پێکەوەگرێدراوییە و پاساوی ئەوەی بە بەردەوامی ئاسایشی وڵاتەکەیان لە مەترسی دایە، ئامادەنەبوو هێزەکانی لە بەرزاییەکانی گوڵان بکشێنێتەوە.

لە ڕووی مێژوییەوە ئیسرائیل، گوڵان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت

ئیسرائیلییەکان لە ڕووی مێژووییەوە بەرزاییەکانی گوڵان بە بەشێک لە خاکی مێژوویی گەلی جولەکە دەزانن، بۆ سەلماندنی ڕاست بوونی ئەو بانگەشەیان ئاماژە بە کتێبێک بە ناوی " شەڕی جولەکەکان" دەکەن کە تێیدا باسی کرانەوەی شاری "گاما" بە عەرەبی "جەمالا" لەلایەن ڕۆمییەکانەوە دەکات. بە پێی زانیارییەکانی ناو کتێبەکە گامالا دەکەوێتە بەرزاییەکانی گوڵانەوە  و وا دەخەمێلندرێت کە لەو قۆناغەدا گرینگترین شاری جولەکەکان بووبێت لەو ناوچەیەدا. 
 یەکەمین شەڕی ڕۆما لەگەڵ جولەکەکان لەنێوان ساڵانی ٦٦ بۆ ٧٣ زایینی ڕوویداوە. بەپێی کتێبەکەی " فلاویوس یوسیفوس" لەو شەڕەدا، دانیشتووانی گامالا لەجیاتی تەسلیم بوون بە ڕۆمییەکان بڕیاریان داوە بە کۆمەڵ خۆیان بکووژن، سەرەڕای دەسەڵاتی ڕۆمەکان و دواتریش بیزەنتییەکان بەسەر بەرزاییەکانی گوڵاندا، خەڵکی جولەکە لەو شوێنەدا درێژەیان بە ژیانی خۆیان داوە، لە یەکێک لە کۆشکەکانی هەڵکەوتوو لە بەرزاییەکانی گوڵان کە بەشێکە لە خاکە داگیرکراوەکان، هێندێک شوێنەواری خاپوورکراوی کنێست و پەرەستگەی جولەکەکە بەدی دەکرێت.

جولەکەکان لە کۆنەوە هەوڵی بە دەستهێنانەوەی گوڵانیان داوە
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بەپێی پلانێکی لە پێشدا داڕێژڕاو، جولەکەکان دەستیان کرد بە کڕینی زەوی لە بەرزاییەکانی گوڵان و ناوچەی "حووڕان" لە باشوری ڕۆژئاوای سوریا، ئەو ناوچانە لەو سەردەمەدا بەشێک بوون لە ئێمپراتۆری عوسمانی و  دەرفەتی ئەوە درابوو بە جولەکەکان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئازادانە لەو شوێنانە زەوی بکڕن.

لەو هەوڵانەی گەلی جولەکە دەتوانین ئاماژە بە چەندین نمونەی مێژوویی بکەین.

یەكەم: کۆمەڵی جولەکەی " یەشوفی کۆن" ساڵی ١٨٨٥، ١٥ کیلۆمەتری چوارگۆشەیان خاک لە ناوەڕاستی گوڵان کڕی.

دووهەم: خاوەن بانکی ناسراوی یەهودی " بارۆن ئێدمۆند دۆ ڕۆتشێلد" لە ساڵانی ١٨٩١ بۆ  ١٨٩٤ نزیکەی ١٥٠ کیلۆمەتری چوار گۆشەی خاک لە بەرزاییەکانی گوڵان کڕی، هەتا ساڵەکانی ١٩٣٠ ئەو زەوییانە لەلایەن ڕێکخراوە جولەکەکانەوە ئیدارە دەکران.

لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بەرزاییەکانی گوڵان چی بەسەر هات؟
لە دوای شکستی ئیمپراتۆری عوسمانی لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا، سەرپەرشتی بەرزاییەکانی گوڵان کەوتە دەست وڵاتی فەڕەنسا، دوای ڕاگەیاندنی کۆماری عەرەبی سوریا لە ساڵی ١٩٤٦ کۆتایی بە سەرپەرشتی فەڕەنسا بە سەر بەرزاییەکانی گوڵاندا هات و ئەو بەرزاییانە بوون بە بەشێک لە خاکی سوریا.


ئەنجومەنی ئاسایش ڕۆژی ٢٩ نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٤٧ بڕیارنامەی ژمارە ١٨١ خۆی بە ناوی " گەڵاڵەی دابەش کردنی فەلەستین" دەرکرد و ١٤ی  ئایاری هەمان ساڵ دەوڵەتی ئیسرائیل پێکهات، لە یەکەمین خولی شەڕی عەرەب  و ئیسرائیلدا کە لە ١٥ی ئایاری ساڵی ١٩٤٨ دەستی پێکرد و تا کانوونی دووەمی ١٩٤٩ درێژەی کێشا، هێزەکانی سوریا لە بەرزاییەکانی گوڵان جێگیر بوون و بە کەڵک وەرگرتن لە زاڵبوونی گوڵان بەسەر " دۆڵی ئوردون"دا تەنگیان بە  ئیسرائیلییەکان هەڵچنیبوو.

بەرزاییەکانی گوڵان و پرسی ئاو
لە سۆنگەی ئەمەوە کە ژیانی خەڵکی ئیسرائیل بەستراوەتەوە بە سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچە سنورییەکان  و هەروەها خاکە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای ئۆردون و باشوری لوبنان، سوریا هەوڵیدا بە گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی روباری " بانیاس" لە بەرزاییەکانی گوڵان ئیسرائیل تووشی قەیرانی ئاو بکات، سەرچاوە ئاوییەکانی گوڵان یەک لەسەر سێی  کۆی ئاوی ئیسرائیل دابین دەکەن.

ئەم هەنگاوەی سوریا بووە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێک لە نێوان ئیسرائیل لەلایەک و سوریا و ئوردۆن لەلایەکی دیکەوە، ئەو شەڕە لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩٦٤ دەستی پێکرد و تا مانگی ئایاری ١٩٦٧ درێژەی کێشا،  مانگی حوزەیرانی ١٩٦٧ و لە کاتی شەڕی شەش ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و شەش وڵاتی عەرەبی، ئیسرائیل توانی کۆنترۆڵی چەند بەشێکی گرینگی بەرزاییەکانی گوڵان بکات.


ئەمریکا سەروەری  ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی گوڵانی بە فەرمی ناسی
ڕۆژی ٢٥ مارسی ساڵی ٢٠١٩، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی، بە ئامادە بوونی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاری بە فەرمی ناسینی سەروەری ئیسرائیلی بەسەر بەرزاییەکانی گوڵاندا ئیمزا کرد.

ئێران، ڕوسیا و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی بە خێرایی دژی بڕیارەکەی ئەمریکا هەڵوێستیان گرت، هەر یەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بریتانیا، بەلجیکا و پۆلۆنیا کە هەموویان ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشن بەدەرکردنی ڕاگەیەندراوێک ڕایانگەیاند دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی گوڵاندا بە فەرمی ناناسن.

لە دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٧ی ئازار لەسەر داخوازی سوریا بەڕێوەچوو، لە کۆی ١٥ وڵات، ١٤ وڵاتی بەشدار  لە دژی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا وەستانەوە، هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا  ڕۆژی ٣١ ئازار، سەرۆکەکانی وڵاتانی عەرەبی لە سێیەمین کۆنفرانسی لوتکەی عەرەبی دژایەتی خۆیان لەگەڵ بڕیارەکەی دۆنالد ترامپ ڕاگەیاند.