ڕاپۆرتی کوردستانی

04:00 - 09/06/2019

یه‌كێتى بۆچى بڕیاریدا به‌شدارى مه‌راسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى بێت؟‌

پەیسەر پرێس

یه‌كێتی له‌ژێر فشاردا بڕیاریدا به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بكات، ئه‌و بڕیاره‌ نیگه‌رانى به‌شێكى كه‌م له‌ به‌رپرسانى حزبه‌كه‌ى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌شێكیان داوایان كردووه‌ ئه‌ندامى شانده‌كه‌ بن بۆ به‌شدارى له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، چه‌ند به‌رپرسێكى حزبه‌كه‌ش دژى به‌شدارى یه‌كێتى بوون له‌و مه‌راسیمه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیدا، ئه‌رسه‌لان بایز ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، كه‌ ده‌رگای بارزانییان به‌ڕوودا داخراوه‌ و تاكه‌ ده‌رگای كراوه‌ له‌به‌رده‌میاندا نێچیرڤان بارزانیه‌، له‌كاتی به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتی له‌مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، تاراده‌یه‌ك ئه‌و ده‌رگایه‌شیان به‌ڕوودا داده‌خرێت.

یه‌كێتى به‌ پشت به‌ستن به‌ به‌ڵێنی نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى دوو قۆڵى، یه‌كێتی و پارتی دوای مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، یه‌كێتی بڕیاریداوه‌ به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنه‌كه‌ بكات.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی دژی به‌شداریكردنی حزبه‌كه‌یانن له‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم.

ئه‌وانه‌ى دژى به‌شدارى بوون، بریتین له‌ مه‌حمود سه‌نگاوی، لاهور شێخ جه‌نگی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی تری ئه‌و حزبه‌، ئه‌مانه‌ پێیان وابووه‌ كه‌ به‌شدارى یه‌كێتى باش نییه‌ له‌كاتێكدا پارتى كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و بۆ پارێزگارى كه‌ركوكیش هیچ به‌ڵێنێكى نه‌داوه‌ پێیان.

ناڕازییه‌كان گوتویانه‌، ناكرێت فراكسیۆنه‌كه‌یان ده‌نگی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌داوه‌، كه‌چی یه‌كێتی به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بكات، "ئه‌وه‌ ته‌نها شه‌رعیه‌ت دانه‌ به‌نێچیرڤان بارزانی، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی هیچ سودێكی لێببینێت".هه‌روه‌ها پێیان وایه‌ به‌شدارى یه‌كێتى پێچه‌وانه‌وه‌ى بڕیارى پێشوویانه‌، كه‌ یه‌كێتى بڕیاریدابوو ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ پارتى رێكنه‌كه‌وێت ئه‌وا وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی نه‌كه‌ن.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، سێ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی داوایانكردووه‌ ببنه‌ ئه‌ندامی شاندی حزبه‌كه‌یان بۆ به‌شداریكردن له‌مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڵام نیگه‌ران بوون له‌وه‌ى داواكه‌یان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس هه‌ریه‌ك له‌ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، عه‌دنان موفتی، داوایانكردووه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ بكرێنه‌ ئه‌ندامی شاندی به‌شداریكردن له‌مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڵام مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ره‌تیكردوونه‌ته‌وه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، عومه‌ر فه‌تاح، ئه‌رسه‌لان بایز و حاكم قادری راسپاردووه‌ بۆ به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم.

جگه‌ له‌شانده‌ فه‌رمییه‌كه‌ی یه‌كێتی، هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح جێگرى دووه‌مى سكرتێرى یه‌كێتى و قوباد تاڵه‌بانیش به‌شداری مه‌راسیمه‌كه‌ ده‌كه‌ن. به‌پێى زانیارییه‌كان بافڵ تاڵه‌بانی  تا ئێستا بڕیاره‌كه‌ى به‌وجۆره‌یه‌، به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ناكات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌نه‌بوو له‌گه‌ڵیان كۆببێته‌وه‌.

یه‌كێتى پێشتر بڕیاریدابوو، ئه‌گه‌ر پێش مه‌راسیمى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ڵێنى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى پێ نه‌درێت بۆ دانانى پارێزگارى كه‌ركوك بایكۆتى مه‌راسیمه‌كه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ گوته‌بێژى یه‌كێتى گوتى، به‌شدارى مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كه‌ن.