08:12 - 06/12/2018
كوردستان له‌ژێر ره‌حمی حوكمڕانی نه‌وه‌ی دووه‌می سیاسیه‌كاندا
جیاواز له 27 ساڵی رابردوو قۆناغێكی نوێی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه، نه‌وه‌ی دووه‌می هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له كاره‌كته‌ره یه‌كه‌مه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ن و خاوه‌نی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ن، هێزو پێگه‌و داهات و ده‌سه‌ڵاتی زیاتریان ده‌وێت، ئه‌وه‌ش بۆچوونێكی دروستكردووه كه خواستی زه‌به‌لاحی ئه‌و نه‌وه‌یه، بایه‌خدان به هه‌موو به‌هاكانی په‌یوه‌ستدار به ئازادی و دیموكراسییه‌وه بسڕێته‌وه.
ره‌نگه له هه‌موو قۆناغه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردی، مامه‌ڵه‌ی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار(پارتی و یه‌كێتی) له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و ئازادی راده‌ربڕین بۆ خه‌ڵك په‌سه‌ندكراو نه‌بووبێت، به‌ڵام قۆناغی ئێستا بۆ ئه‌وانه‌ی له جوگرافیای ده‌سه‌ڵاتدارێتی حكومڕانی نه‌وه‌ی دووه‌می سیاسییه‌كانن، جیاوازتره.
خه‌باتی سیاسی پارتی و یه‌كێتی له ئێستادا ئه‌زمونێكی ته‌واو جیاواز له ته‌مه‌نی پێشووی سیاسی خۆیان پیاده ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ی ئێستا كوڕ و نه‌وه‌ی دووەمی سیاسییه‌كان، ده‌مڕاست و قسه‌ڕۆشتووی حزب و زۆنی خۆیانن، به كرده‌وه پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر و زه‌وه‌ند ده‌كه‌ن كه له باوك و باپیره‌وه بۆیان ماوه‌ته‌وه، میراتێكی سیاسی بێ ئاره‌قه‌و ماندووبوون داهات و پێگه‌ی گه‌وره‌و هێز و چه‌كی خستوونه‌ته به‌رده‌ست.
به‌پێی نه‌خشه‌ی نوێی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان، پێگه سه‌ره‌كییه‌كانی حكومڕانی هه‌ردوو حزب له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌و نه‌وه‌یه، چاره‌نوسی هه‌ردوو حزب له‌نێو له‌پی ده‌ستی چه‌ند براو ئامۆزایه‌كه، هه‌ر ئه‌و ناكۆكییه‌ش وای له پارتی كرد پێش چه‌ند رۆژێك بڕیارێكی جیاوازی دا‌و پشتی له نه‌ریتێكی 19ساڵه‌ی كرد بۆ كاندیدكردنه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، كورسییه‌كه‌ی به نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌مان بنه‌ماڵه به‌خشرا(مه‌سرور بارزانی)، له‌ناو یه‌كێتیش ناوی گه‌وره بۆ وه‌رگرتنی ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كه هه‌ر كوڕ و برازاكانی تاڵه‌بانی باوكن، ئه‌وه‌ش واده‌كات چاره‌نوسی ناوچه‌كه به كرده‌وه له ده‌ستی نه‌وه‌ی دووه‌مدابێت.
نه‌وه‌ی دووه‌می ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ك به‌شێك له رۆشنبیران ده‌ڵێن، هه‌ڵقوڵاوی رووداوه‌كانی ناو مێژوو نین و ماندو و گۆشكراو نین به خه‌باتی كۆنی كوردایه‌تی، روئیا و بۆچوونه‌كانیان سه‌باره‌ت به پره‌نسیپ و مه‌بده‌ئه نه‌گۆڕه‌كانیان دیار نییه، روون نییه كه خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وان خه‌ونی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی یاسا و ده‌سه‌ڵاتدارێكی خه‌ڵك و گرنگیدان بێت له بابه‌ته‌كانی دیموكراسی و ئازادی راده‌ربڕین.
دانا سه‌عید سۆفی سه‌رۆكی ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گه‌شه‌پێدان، پێی وایه قۆناغ دوای قۆناغ تا ئێستادا پرسه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین پاشه‌كشه‌ی كردووه، هۆكاری سه‌ره‌كیشی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه نه‌وه‌ی دووه‌می سیاسییه‌كان له قۆناغێكی سه‌قامگیردا نین و هه‌وڵی جێكردنه‌وه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.
به‌بڕوای ئه‌و، هاتنه پێشه‌وه نه‌وه‌ی دووه‌می سیاسییه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی پاشه‌كشه‌ی ئازادی راده‌ربڕین و پرسه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ستدار به دیموكراسییه‌وه نییه، به‌ڵكو له قۆناغی پێشووش ره‌خنه‌كان هه‌بوون به‌ڵام نه‌وه‌ی پێشوو سه‌قامگیری سیاسی له‌نێوانیاندا هه‌بوو، ئێستا نه‌وه‌ی دووه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتییان له‌قۆناغێكی ئارام‌دا نییه، بۆیه‌ش پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به ئازادییه كه‌سییه‌كان سه‌رنجی سه‌ره‌كی ئه‌وان نییه.
سۆفی بۆچوونه‌كه‌ی بۆ په‌یسه‌ر زیاتر روونكرده‌وه‌و گوتی"هه‌موویان پێویستیان به‌وه‌یه پێگه‌ی خۆیان زامن بكه‌ن، ئێستا زیاتر له‌و قۆناغه‌دان تاچه‌ند دوای ئه‌م قۆناغه پرسه‌كانی ئازادی و دیموكراسی ده‌بێته خه‌میان من له‌وه دڵنیا نیم له‌به‌رئه‌وه‌ی من پێم وانییه ئاراسته‌و ئایدۆلۆژیایان ئازادییه‌كان بێت، به‌ڵكو زیاتر كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حزبییه، ره‌نگه یه‌كه‌م جار هه‌موویان له هه‌ڵپه‌ی مسۆگه‌ركردنی خۆیان بێت تا ئه‌وه‌ش ته‌واونه‌بێت پرسه‌كانی دیكه نابێته خه‌می ئه‌وان".
بابه‌تێكی دیكه كه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری و ریفۆرمی سیاسییه له ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌و نه‌وه نوێیه‌دا، بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه خواستی زۆری ئه‌وان بۆ پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵپه‌یان بۆ ده‌سه‌ڵات و گه‌وره‌تركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان رێگری دروستده‌كه‌ن له‌به‌رده‌م هه‌ر ئه‌گه‌رێكی گۆڕانكاریی بۆ ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتیان كه مایه‌ی دڵنیایی نه‌بێت.
هه‌ردوو نوسه‌ر مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح، پشتیوانی ئه‌و بۆچوونه ده‌كه‌ن و چه‌ند جارێك باسیان له مه‌ترسی قۆناغی حوكمڕانی نه‌وه‌ی دووه‌م كردووه، ئه‌وان پێیان وایه سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوڕ‌و كوڕه‌زاكان سه‌رده‌مێكی تاریكرتره له قۆناغه‌كانی پێشوو.
له نوسینێكی هاوبه‌شیاندا ده‌ڵێن"کە ھێدی ھێدی نەوەی دووەمی خێزانە سیاسییەکان پێگە سەرەکییەکان داگیردەکەن. دەسەڵات لەمڕۆدا بەجۆرێک لەدەستی کاراکتەرە سەرەکییەکانی ناو ھەندێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی‌دا گرمۆڵەبووە کە ھەموو فشار و ھەوڵدانێک بۆڕیفۆمرکردنی، بەمانای سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەسەڵات، ڕووبەڕووی ھێرش و توندوتیژییەکی گەورە دەبێتەوە".
ئه‌گه‌رچی زۆرترین ناكۆكی و فره جه‌مسه‌ری قۆناغی ئێستای ئه‌و نه‌وه سیاسییه ده‌بینرێت، هه‌ر یه‌كه‌یان گروپی جیاجیایان له ده‌وری خۆیان دروستكردووه‌و به ئاڕاسته جیاجیا هه‌وڵی قایمكردنی پێگه‌ی خۆی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه وای لێنه‌كردوون له‌سه‌ر پارستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان ناكۆك بن.
مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ئه‌وه‌ده‌خه‌نه‌ڕوو"ھەر دەستکارییکردنێکی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ھەوڵدانێک بۆ دابەشکردنی، مانای پەراوێزخستن و کەوتنی بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتیی و ناوەکانی ناو ئەو نەوە تازانەی ھاتونەتە سەر خوانی باوک و برا و مام و کەسوکارەکانیان، ئەمەش کردەی ڕیفۆرمی سیاسیی لەھەموو کات ھەم زەحمەتتر کردوە، ھەم ترسناکتر، منداڵەکان لە ھەرشتێکدا لەگەڵ یەکدا ناکۆکبن، لەوەدا تەبان کە پێگەی دەسەڵاتەکانی خۆیان بسەپێنن و بپارێزن و بەرگریی لە بەرژەوەندییە نوێکانیان بکەن".
چه‌ند پێوه‌رێك تاقیكردنه‌وه‌یه له‌به‌رده‌م ئه‌و نه‌وه‌یه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له فلته‌ر بدرێن، پابه‌ندبوون به به‌هاكانی دیموكراسی و حكومی ره‌شیده‌وه، په‌ره‌پێدانی ئابوری، سنوردانان بۆ گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ی كه زیاتر له نیو سه‌ده‌یه بوونی هه‌یه.
ئه‌بوبه‌كر كاروانی نوسه‌ر باس له‌وه‌ده‌كات، ئه‌و نه‌وه‌یه تا ئێستا كێشه‌كانی كۆنیان به‌رهه‌مهێناوه‌ته‌وه‌و تێگه‌یشتنیان زیاتر ئابورییانه‌یه بۆ سیاسه‌ت زیاتر ئابوریانه بیرده‌كه‌نه‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی ناته‌ندروست له‌نێوان بازاڕ‌و سیاسه‌ت دروست ده‌كات، كێشه‌یه‌كی زۆری نه‌وه‌ی پێشووتریشیان بۆ ماوه‌ته‌وه درێژه‌پێده‌ری قۆناغی رابردوون به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی خراپتر.
كاروانی بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، به‌شێك له‌و بۆچوونه‌ش راسته كه خه‌ڵكانێك له‌ناو مه‌عانات و ژیان و به‌رگری و بێنه‌وبه‌رده‌و كوردایه‌تیدا پێگه‌یشتوون ئه‌گه‌ر لانی كه‌میش بێت پابه‌ندبوونێكیان هه‌بێت، به‌ڵام نه‌وه‌ی دووه‌م ره‌نگه ئه‌وه‌ی نه‌بێت هه‌رچه‌نده ده‌كرێت له هه‌ندێك رووه‌وه له هه‌ندێك ململانێی رابردوو خۆیان رزگار بكه‌ن ئه‌وه‌ش روویه‌كی باشییه‌تی ئه‌گه‌ر بتوانن.