ڕاپۆرتی کوردستانی

07:37 - 11/06/2019

ئه‌منییه‌تى سلێمانى له‌ ده‌ستى كێدایه‌؟‌

پەیسەر پرێس

سلێمانى زوو زوو به‌ رووداوێكى ئه‌منى و خوێن رشتن راده‌چڵه‌كێت، له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ ساڵێك و له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ چه‌ندین كه‌س له‌و شاره‌، كوژراون، بێ سه‌روشوێن بوون، دووچارى هه‌ڕه‌شه‌بوون، له‌ ساڵێكدا دووجار هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاى گۆڕان له‌و شاره‌، هه‌ردوو جاره‌كه‌ش دوو كه‌س تێیدا گیانیان سپاردووه‌، دوو دڵى و قه‌له‌قى زۆرى خه‌ڵك سیمایه‌كى نامۆى به‌ سلێمانى به‌خشیوه‌، كه‌ خه‌ریكه‌ شارەکە خاڵى ده‌بێته‌وه‌ له‌ دڵنیایى بۆ ژیان.

رووداوه‌كه‌ى شه‌وى رابردووى هێرشكردن بۆ سه‌ر باره‌گاى گۆڕان و شه‌هیدبوونى رێبه‌ند مسته‌فا به‌ گوله‌ى چه‌ند چه‌كدارێك، دیسانه‌وه‌ سه‌رنجى خه‌ڵكى راكێشایه‌وه‌ به‌لاى دۆخى سلێمانیدا، پرسیارى ئه‌وه‌ى هێنایه‌وه‌ پێش، كێ ئه‌منییه‌تى سلێمانى ده‌پارێزێت؟ كێ به‌رپرسه‌ له‌ گیان و ژیانى خه‌ڵك؟ ده‌زگاكانى حكومه‌ت چ رۆڵێكیان هه‌یه‌ له‌ پاراستنى ژیان و كه‌رامه‌تى خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌؟ مه‌رگ و كوشتن و سه‌ندنه‌وه‌ى ژیان له‌ خه‌ڵكى هه‌روا ئاسانن، وازوو زوو خوێنى كه‌سێك ده‌رژێته‌ سه‌ر خاكى سلێمانى؟ گروپه‌ چه‌كداره‌كان كێن و بۆچى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن؟ بۆچى ده‌گوترێت ده‌یان سه‌رمایه‌دار سلێمانییان جێهێشتووه‌ له‌ ترسى هه‌ڕه‌شه‌و سه‌رانه‌؟

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى پۆلیسى سلێمانى، رووداوه‌كه‌ى شه‌وى رابردوو ته‌قه‌كردن نه‌بووه‌ له‌ باره‌گاى گۆڕان، به‌ڵكو تێكهه‌ڵچوون بووه‌ له‌نێوان سیكیوریتیه‌كانى نه‌خۆشخانه‌یه‌ك و ئه‌و هێزه‌ى له‌چوارده‌ورى گردى زه‌رگه‌ته‌ بڵاوه‌یان پێ كراوه‌ بۆ پاراستنى گرده‌كه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ راگه‌یه‌ندراوى فه‌رمى گۆڕان ده‌ڵێت، رووداوه‌كه‌ دواى هه‌ڕه‌شه‌ى به‌رپرسێكى یه‌كێتى بووه‌، به‌هۆى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵێك له‌ میدیاى گۆڕان. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ بافڵ تاڵه‌بانى بووه‌و نیگه‌ران بووه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵێك له‌ میدیاى گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌و، له‌سه‌ر هۆكارى به‌شدارینه‌كردنى له‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌كاتێكدا هه‌واڵه‌كه‌ له‌ میدیاى لاهور شێخ جه‌نگى وه‌رگیراوه‌و هه‌ر به‌ناوى ئه‌و میدیایه‌شه‌وه‌ له‌ میدیاى گۆڕان بڵاوبووه‌ته‌وه‌. دواى ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى ته‌له‌فۆنى نه‌دراوه‌ته‌وه‌ له‌رێگه‌ى كه‌سێكه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى كردووه‌و دواتر هێزێك هێندراوه‌ته‌ ده‌ورى گردى زه‌رگه‌ته‌.

به‌پێى گێڕانه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ برینداره‌كان هێزێكى ئه‌منى هاتووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وان، كاتێك سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ بوون كه‌ پشتێنه‌ى ئه‌منى بۆ گردى زه‌رگه‌ته‌ دروست بكه‌ن و له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كانى نه‌خۆشخانه‌كه‌ مشتومڕیان بووه‌، دواى ئه‌وه‌ى رێبه‌ند فه‌رهاد خۆى راده‌ست نه‌كردوون ته‌قه‌یان لێكردووه‌و شه‌هید بووه‌، ده‌ستگیركراوه‌كانیشیان تا نزیك بۆڵێنگ له‌سه‌ر شه‌قامى شه‌ست مه‌ترى بردووه‌و له‌وێ دواى لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ ئازادیان كردوون.ئه‌وه‌ یه‌كه‌م رووداو نییه‌و ١٢ی ئایارى رابردووش جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا په‌لامارى گردى زه‌رگه‌ته‌ى داو گۆڕان تا ئێستا سكاڵاى له‌ دادگاى سلێمانییه‌ و سكاڵاكه‌ ناچێته‌ پێش، دواى ئه‌و رووداوه‌ بافڵ تاڵه‌بانى وه‌ك پشتیوانى بۆ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا چه‌ند وێنه‌یه‌كى ئه‌وى له‌ فه‌یسبووكى خۆى بڵاوكرده‌وه‌.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د گوته‌بێژى پۆلیس، بۆ په‌یسه‌ر ئاماده‌ نه‌بوو جگه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ى خۆیان هیچ قسه‌یه‌كى دیكه‌ بكات، گوتى ئه‌وه‌ى كه‌بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌و هیچ زانیارییه‌كى دیكه‌ى لانییه‌.

ئه‌منییه‌تى سلێمانى لاى كێیه‌؟

گرفتى گه‌وره‌ى سنورى سلێمانى و ئیداره‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌، به‌سه‌ر گروپ و باڵ و كه‌سدا دابه‌ش بوون، هه‌ر به‌رپرسێك هێزى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌یه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ سه‌رووى هێزه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ نابینێت، ده‌زگا حكومییه‌كانى وه‌ك پۆلیس له‌ ئاستى ئه‌و هێزانه‌ ده‌سته‌ وه‌ستانن، بۆیه‌ش كاتێك رووداوێكى ئه‌منى یاخود هێرشێك له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌وه‌ رووده‌دات، كارى ده‌زگاكانى پۆلیس به‌ ناچارى ده‌بێته‌ روونكرنه‌وه‌و پینه‌كردنى دۆخه‌كه‌، گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سلێمانى، كه‌ گروپى به‌رپرسانى یه‌كێتین و هه‌ر گروپێك په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رپرسێكه‌وه‌ له‌سه‌رووى هه‌موو شته‌وه‌ن له‌ سلێمانى، دادگا و ده‌زگاكانى دیكه‌ تواناى به‌دواداكه‌وتنى كارى ئه‌م هێزانه‌ى نییه‌، بۆیه‌ زۆر به‌ ئاسانى ئه‌وه‌ى بیانه‌وێت ده‌یكه‌ن و سڵ ناكه‌نه‌وه‌، پره‌نسیپێك نییه‌ ئه‌وان په‌یوه‌ست بن پێوه‌ى و رایانبگرێت له‌وه‌ى ده‌یانه‌وێت.

كه‌مال چۆمانى نوسه‌ر له‌ نوسینێكدا ده‌ڵێت، یەکێتیی بەدوای شەڕدا دەگەڕێت، یەکێتیی بەتەواوی دابڕاوە لە هەموو بەها دیموکراسییەکان و هیچ پرەنسیپێکی نەماوە کە بتوانێت سیاسەتی لەسەر بکات و خەڵکی خۆی پێ کۆبکاتەوە. یەکێتیی بۆتە دەیان پارچە کە بەهێزیی یەکێتی و ئەو پارچانە بەندە بەوەی ئەو حیزبە زیاتر دڵڕەق بێت. بێگومان خاڵی تریش هەن.

چۆمانى هه‌روه‌ها گوتویه‌تى"یەکێتی لە بەرانبەر گۆڕاندا بەدوای شەڕدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەتەواوی گۆڕان تەسلیم بکات. یەکێتی ئێستا ئەو هەنگاوانە دەگرێتەبەر کە پارتیی لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکان دژی یەکگرتوی ئیسلامیی گرتیەبەر، یەکێتی و گۆڕان و پارتی و ئیسلامییەکان و هیچ هێزێک ناچار نییە بەیەکەوە هاوپەیمان بن یان نەیار نەبن، بەڵام هیچ هێزێک مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر ئەوی تر. هێزەکان ئازادن لە هاوپەیمانێتیی دروستکردن".

گرفتى گه‌وره‌ى هێرش و په‌لاماره‌كان ئه‌وه‌یه‌، پێناچێت ئه‌وكه‌سانه‌ى كه‌ له‌پشتییه‌وه‌ن باكیان به‌ كاردانه‌وه‌كان یاخود سه‌قامیگرى شاره‌كه‌و ئه‌منییه‌تى خه‌ڵك هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا له‌ هه‌ر هێرش و په‌لامارێكى له‌وجۆره‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نى به‌رامبه‌ر كاردانه‌وه‌ى چه‌كدارانه‌ى هه‌بێت ئه‌گه‌رى هەڵگیرسانی شه‌ڕێكى خوێناوى دوورنییە، له‌ هه‌ردوو رووداوى ته‌قه‌كردن له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌برى فشار و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى مه‌ده‌نى كاردانه‌وه‌ى چه‌كدارانه‌ى هه‌بووایه‌ ئه‌منییه‌ت و دۆخى سلێمانى ده‌كه‌وێته‌ دۆخێكى نادیار و ترسناكه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى پێگه‌ى سه‌ره‌كى بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ سلێمانییه‌و له‌هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ گۆڕان كه‌وتووه‌ته‌ ژێر فشار و ره‌خنه‌و ناڕه‌زایى به‌شێك له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌كانى كه‌ بۆچى كاردانه‌وه‌ى كردارى نییه‌و به‌رپه‌رچى هێرشه‌كان ناداته‌وه‌ به‌ هه‌نگاوى هاوشێوه‌. 

ئه‌وه‌ى چاره‌نوسى ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ى سلێمانى زیاتر لێل كردووه‌، ناوخۆى یه‌كیتى و ناكۆكى نێوان به‌رپرسه‌كانیه‌تى، له‌ هه‌ندێك كێشه‌ى نێوانى خۆیان تا ئاستى جوڵاندنى هێزو هه‌ڕه‌شه‌ دژى یه‌ك رۆیشتوون، جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى یه‌كێتى كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌، له‌ ئاستى هه‌ركام له‌و رووداوانه‌ى هێرش و په‌لاماره‌كان بێده‌نگى هه‌ڵده‌بژێرێت، ته‌نانه‌ت ده‌گوترێت ساڵى رابردوو جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌ ماڵى ئه‌مه‌وه‌ رۆیشتووه‌و په‌لامارى گرتى زه‌رگه‌ته‌ى داوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ماڵى ئه‌مه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ كراوه‌ ئه‌و شه‌وه‌.

رووداوه‌كان هه‌رچۆنێك بن و چه‌نده‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كێشه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت، چه‌نده‌ دژى ركابه‌ره‌ سیاسییه‌كان به‌كاربهێندرێن، گوشارو هه‌ڕه‌شه‌ دژیان بگیرێته‌ به‌ر، زیانمه‌ندى یه‌كه‌مى ئه‌و رووداوانه‌و ئه‌و دۆخه‌ ناله‌بارو ناسه‌قامگیره‌ى سلێمانى خه‌ڵكن، شاره‌كه‌ش له‌و دۆخه‌ زیانى گه‌وره‌ ده‌كات، هاوڵاتى ئاسایى دڵنیایى بۆ ژیان تێدا نامێنێت، چ جاى بازرگانان و كۆمپانیا گه‌وره‌كان، له‌ هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ش یاسا رۆڵى ونه‌و لۆژیكى هێز ئاڕاسته‌ى رووداوه‌كان ده‌كات.