ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:26 - 12/06/2019

ئه‌و بازرگانه‌ ویستوویه‌تی له‌ناو كۆشكی سپیدا چی بكات؟‌

پەیسەر پرێس

له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا سیخوڕیی مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌. چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی مێژوویی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌و مرۆڤانه‌ی سیخوڕییان كردووه‌ خۆیان له‌ ژێر ناوی "بازرگان، فێركار، ئه‌سپسوار، جه‌نگاوه‌ر، پیله‌وه‌ر"دا شاردووه‌ته‌وه‌. به‌ دزیه‌وه‌ چه‌ندین ساڵ له‌ پێناو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا گیانبازییان كردووه‌. چونكه‌ سیخوڕه‌كان باش ده‌زانن ئه‌گه‌ر بێت و ده‌ستگیربكرێن، چاره‌نووسیان چییه‌؟ له‌ نوێترین ده‌ركه‌وتنی سیخوڕێك، بازرگانێكی ئیماراتییه‌، له‌ پێناو پاراستنی وڵاته‌كه‌ی و چۆنیه‌تی ئاگاداربوون له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئیمارات. به‌ ملیۆنان دۆلاری خه‌رجكردووه‌، تاوه‌كو بگاته‌ كۆشكی سپی و له‌وێوه‌ ئاگاداری وڵاته‌كه‌ی خۆی بێت. به‌ڵام پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌دایه‌، وڵاتێكی وه‌كو ئه‌مریكا چۆن نه‌یزانیووه‌ سیخوڕێك ده‌چێته‌ ناو كۆشكی سپییه‌وه‌؟ ئایا ئیمارات، ئه‌و وڵاته‌ بچووكه‌، گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ سیخوڕیی به‌سه‌ر ئه‌مریكاوه‌ بكات؟


پێگه‌ی زه‌ ئینته‌ر سێپت[1]
ئه‌م پێگه‌یه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، پیاوێكی بازرگانی ئیماراتی به‌ناوی ڕاشد ئه‌لمالك تۆمه‌تباره به‌وه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی پاره‌ی به‌خشیوه‌ته‌ دۆناڵد تره‌مپ تاوه‌كو له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وێت. ئه‌و پاره‌یه‌شی كه‌ به‌خشراوه‌ به‌ تره‌مپ به‌ ئاگاداری ده‌زگای هه‌واڵگری ئیمارات بووه‌ و ئامانج له‌و كاره‌ش سیخوڕیكردن بووه‌ به‌سه‌ر ئیداره‌ی داهاتووی ئه‌مریكاوه‌. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ تاوه‌كو ئێستا ئیمارات هیچ وه‌ڵامێكی بۆ ئه‌و پێگه‌ ئه‌مریكه‌ نه‌بووه‌ و كۆشكی سپیش هیچ لێدوان و بڵاوكراوه‌یه‌كی له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.

راشد  ئه‌لمالك
به‌ پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ مالك مانگانه‌ ده‌یان هه‌زار دۆلاری له‌ هه‌واڵگری وڵاته‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، ته‌نیا له‌ پێناو ئه‌وه‌ی زانیاری بۆ ئیمارات كۆبكاته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و زانیارانیانه‌ی په‌یوه‌یستن به‌ سیاسه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه ‌و ساڵی 2017 ئیداره‌ی تره‌مپ قسه‌ی له‌ باره‌وه‌ كردوون.

مالك ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی ئه‌مریكیه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنرێت و ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت. له‌ هه‌مان كاتیشدا پشتی به‌ چه‌ندین راپۆرتی باوه‌ڕپێكراوه‌ به‌ستووه‌.


ئه‌و پێگه‌یه‌ ده‌ڵێت، مالك ده‌یان راپۆرتی بۆ هه‌واڵگریی ئیمارات ناردووه‌ كه‌ تایبه‌تبووه‌ به‌ وڵاتانی كه‌نداو. ئه‌و به‌ڵگانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ چۆن ئه‌مریكا له‌ قه‌یرانه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی كه‌ له‌ كه‌نداو ڕوویانداوه‌ ڕۆڵی نێوه‌ندگیری گێڕاوه‌.

یه‌كێك له‌و زانیارانه‌ش كه‌ ڕاشد مالیك ده‌ستی كه‌وتووه‌، هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا بووه‌ له‌سه‌ر ئیخوان موسلیمن، به‌ده‌ر له‌وانه‌ش كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری گرنگبووه‌ له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ جێنشینی سعودی، شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان.

ئه‌و پێگه‌یه‌ ئه‌وه‌ی گواستووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانی ئیمارات سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانی مالك ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌وانه‌ عه‌لی شامسی-یه‌ كه‌ پێگه‌ی ئه‌ندامی ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیه‌ له‌ ئیمارات و كه‌سایه‌تی نزیكی جێنشینی ئه‌بو زه‌بی، محه‌مه‌د بن زایده‌.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن شامسی و حكومه‌تی ئیماراتی باوه‌ڕیان به‌ خۆیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر بریاڕیاره‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكی دۆناڵد تره‌مپ درووست بكه‌ن، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بێت و تره‌مپ به‌شداری چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان بكات.


به‌ڵام یڵ كۆفێڵد پارێزه‌ری مالیك، هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر راشد مالیك گوتراون، ده‌ڵێت"هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاستیان نییه‌." له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیشدا ده‌ڵێت، بریگرته‌كه‌م به‌ هیچ جۆرێك ئه‌ندامی هیچ ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری نییه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی نامه‌یه‌كدا كه‌ كۆفێڵد ئاراسته‌ی ئه‌و پێگه‌یه‌ی كردووه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ئیمێڵه‌وه‌ بۆیانی ناردووه‌، ده‌ڵێت به‌ هیچ جۆرێك مالك هیچ زانیارییه‌كی نه‌ناردووه‌ بۆ ئیمارات و ئیمارات داوای لێ نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و زانیارییه‌ ناوخۆیانه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ كۆبكاته‌وه‌. جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا راشد مالك گفتوگۆی هه‌مه‌ڕه‌نگی له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی بازرگانی ئیماراتی له‌ ئه‌مریكا كردووه‌.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ده‌ڵێت"ڕاشد مالك پیاوێكی بازرگانی ئیماراتیه‌ و چه‌ندین پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی له‌ ئه‌مریكا دا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر پاره‌یه‌كیشی به‌ ئه‌مریكا دابێت له‌ پێناو كه‌رتی كاری ئه‌مریكا بووه‌."


كاتێك ڕۆبه‌رت مۆله‌ر له‌گه‌ڵ مالك لێكۆڵێنه‌وه‌ ده‌كات
كۆتایی ساڵی رابردوو، رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"ی ئه‌مریكی ئاشكرایكرد، دوو داواكاری گشتی فیدڕاڵی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ دزه‌پێكردنی پاره‌به‌خشینی نایاسایی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ كرد.

رۆژنامه‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ نووسینگه‌ی لێكۆڵه‌رانی ئه‌مریكی تایبه‌ت ڕۆبه‌رت موله‌ر، راشد مالیكی بانگكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای زانینی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ قه‌ته‌ری و سعودی و ئیماراتیانه‌ كردووه‌، كه‌ پاره‌یان داوه‌ به‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان و ناڕاسته‌خۆ ده‌ستوه‌ربده‌نه‌ كاروباری سیاسه‌تی ئه‌مریكا.


پۆسته‌كه‌ی ماللك
پێش ئه‌وه‌ی مالك بێته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ پۆستێكی گرنگ، كه‌ ده‌سته‌ی پاڵپشتیه‌ بۆ حكومه‌تی ئیمارات، كاریكردووه‌. دواتر گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌مریكا و له‌وێ توانیوویه‌تی سه‌ركه‌وتووبێت له‌ درووستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌ ئه‌مریكیه‌ كاریگه‌ره‌كان، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌"تۆماس باراك" كه‌ بازرگانێكی نزیكی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌.

له‌ كانوونی دووه‌می ساڵی 2017دا پێش چه‌ند كاتژمێرێك له‌وه‌ی تره‌مپ ببێته‌ سه‌رۆك، مالك بانگهێشتی ئێواره‌خوانێك كراوه‌ كه‌ باراك رێكیخستووه‌. چونكه‌ باراكی بازرگان سه‌ركردایه‌تی لیژنه‌ی دانانی تره‌مپی كردووه‌. له‌و ئێواره‌خوانه‌دا 100 به‌رپرسی دیپلۆماسی بیانی بانگهێشتكراون. له‌گه‌ڵ ئه‌و 100 كه‌سه‌شدا چه‌ندین كه‌سی ناودار بانگهێشتی تره‌مپ بوون. [2]

دوای ئه‌وه‌ی مۆله‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بانگی مالكی كرد لێكۆلێنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، دوای نزیكه‌ی حه‌وت ساڵ ژیانكردن له‌ ئه‌مریكا، ئێستا لۆس ئه‌نجلسی جێهشتووه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی.

سەرچاوە
لینك یەك
لینك دوو