ڕاپۆرتی کوردستانی

05:46 - 12/06/2019

بودجەی هاوڵاتیانی كەركوك خەریكە دەبێتە قوربانی ململانێی پێكهاتەكانی ئه‌و شاره‌‌

پشدەر بابەكر

كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەغداد شكستی هێنا، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەلیستی پارتیش، دەڵێت تێبینیان لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی پارەی كەركوك هەیە.

ئەگەرچی بەپێی بڕیاری رۆژی 2ی ئەم مانگە دەبوایە ئەمرۆ چوارشەممە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە باڵەخانەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەرێوەبچوایە، بەڵام كۆبونەوەكە شكستی هێنا، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس ئەندامە عەرەب و توركمانەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رەتیانكردۆتەوە بچنە بەغداد.

پێشتر 22 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، داوایانكرد بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانێت كۆببێتەوە، دەسەڵات بداتە راكان جبوری  پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، بۆ ئەوەی بودجەی شارەكە خەرج بكات.

محەمەد كەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی پارتی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: دوێنێ هەوڵدرا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بكرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرا.

محەمەد كەمال گوتی:  سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی لەوێ نەبوون، گەر  21 ئەندامی ئەنجومەنیش كە رێژەی یاساییە بۆ گرێدانی دانیشتن، ئامادەش بونایە، نە ئەتوانرا كۆبوونەوەكە بكرێت، چونكە سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی و هیچ كەسێك كە دەسەڵاتی سەرپەرشتی كۆبونەوەی پێ درابێت لەوێ ئامادە نەبن، ناتواندرێت كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بكرێت.

سەبارەت بەو 22 واژۆیەی كە داوایان كردووە دەسەڵات بدرێتە راكان جبوری، محەمەد كەمال رایگەیاند: هەریەك لەعەلی نامیق رەشید و تورهان مەزهەر و عەلی مەهدی  یاداشتەكەیان ئیمزا نەكردووە و وەك خۆیان دەڵێن ئاگایان لەو ئیمزایە نیە.

سەبارەت بەوەی بەشێك لەئەندامەكانی یەكێتی ئەو یاداشتەیان واژۆكردووە محەمەد كەمال گوتی، ئەو ناتوانێت بڵێت ئەندامانی یەكێتی واژۆیان كردووە پێدەچێت بریاری شەخسی ئەندامەكان بووبێت.

سەبارەت بەو پارەیەی كە راكان جبوری لەكەركوك خەرجی دەكات، محەمەد كەمال بە پەیسەر گوتی: پارەكە سێ بەشە، یەكێكیان بودجەی پەرەپێدانی پارێزگانە و بودجەی پترۆدۆلار و بودجەی وەبەرهێنان دوو بەشی دیكەی پارەكە پێكدەهێنێت و كۆی پارەكەش نزیكەی 400 ملیار دینارە.

دەشڵێت، لیژنەی دارایی و لیژنەی پرۆژەكان لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك 129 خاڵی نایاسایی لەچۆنێتی ویستی خەرجكردنی پرۆژەكەی راكان جبوری بۆ دابەشكردنی پارەكە تۆماركراوە.

محەمەد كەمال دەڵێ‌: پشتیوانی ئەوە دەكەن بودجەی كەركوك خەرج بكرێت نەك بگەڕێتەوە بۆ بەغداد یان لەبانك بمێنێتەوە بۆیە هەركاتێك ئەو كەم و كوریانە لەپرۆژەكەی پارێزگا چارەسەر كران ئەوە ئەوانیش پشتیوانی دەكەن.

لەبەرامبەردا ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەپشكی یەكێتی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند، كۆبونەوەكەی ئەمرۆی وەزارەتی پلاندانان پێویست نەبوو، چونكە ئێمە دوێنێ وەك زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و بەواژۆی 22 كەس ئیمەیڵمان بۆ وەزارەتی پلاندانان كرد كە خۆمان رێككەوتووین لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی پارەی كەركوك، ئەگەر رێككەوتنمان نەكردبایە كۆبونەوەكەی وەزارەتی پلاندانان بەرێوەدەچوو.

ئەحمەد عەسكەری رەتیشیكردەوە، بودجەی ناوچە كوردییەكان كەم كرابێتەوە لە پڕۆژەكەی راكان جبوری. گوتیشی، وەك ئەو ساڵانەی كە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كورد بوون بودجە دابەشكراوەتەوە.

عەسكەری دەڵێ‌، چەند تێبینیەكیان لەسەر پلانی پارێزگا بۆ خەرجكردنی بودجەكە هەبووە و بەمەرجی ئەوەی تێبینیەكانیان لەبەرچاو بگیردرێن و چاك بكرێن ئامادەبوون دەسەڵاتی خەرجكردنی بودجە بدەنە پارێزگار ، دەشڵێت لەسەر ئەو پرسە رێككەوتنیان لەگەڵ پارێزگا كردووە.

ئەحمەد عەسكەری هەروەها دەڵێ‌، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی پلاندانانی راسپاردبوو بۆئەوەی پرسی بودجەی كەركوك یەكلایی بكاتەوە و وەزارەتی پلاندانانیش تا ئەمرۆ چوارشەممەی دیاری كردبوو كە ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگا لەبارەی بودجەوە نەگاتە رێككەوتن ئەوە یەكێك لەو دوو رێكارە دیاری بكات بۆ خەرجكردنی پارەكە، یان ئەوەتا دەسەڵاتی تەواوەتی بداتە پارێزگاری شارەكە یان دەسەڵات بداتە وەزیرەكان كە خۆیان پارەی كەركوك خەرج بكەن، دەشڵێت رێككەوتنەكەی ئەوان لەپێناوی بەرژوەندیەكانی كەركوكدابووە.