ڕاپۆرتی کوردستانی

09:48 - 13/06/2019

نهێنییەکانی بێدەنگی سەرۆک و جێگری سەرۆکی داهاتووی حکومەت‌

پەیسەر

مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئەو دوو کەسەی کە بڕیارە بۆ ماوەی چوار ساڵ کابینەی نۆیەم بەڕێوەببەن، بەڵام تا ئێستا کە هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکان تێپەڕبووە و چەند مانگیش حیزبەکانیان بە دانووستان و ململانێیەکی تونددا تێپەڕبوون لەسەر پشکەکانیان لە کابینەی نۆیەمدا، هەموو کەسێک لە حیزبەکانیان قسەیان کرد ئەم دوو کەسە نەبێت.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەگەر کەس قسەی نەکردبایە دەبوو ئەم دوو کەسە قسە بکەن، چونکە بەڕێوەبردنی حکومەت سبەی دەکەوێتە سەرشانی ئەوان، ئەوان بەرپرس دەبن لە کەموکوڕییەکان، پێویستە خەڵک تێگەیشتن و هەڵوێستی ئەم دوو کەسە بزانن بۆ کابینەی داهاتوو، بەڵام بە چاک و خراپ هیچ قسەیەکیان نەکردووە، ئێستا کەس نازانێت ئەم دوو کەسە بۆچوونیان لەسەر کابینەی نۆیەم چییە، کەس نازانێت گەشبینن یان رەشبینن، کەس نازانێت بۆچوونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە یەکەوە نزیکە یان زۆر دوورن لە یەک، کەس نازانێت روانینیان بۆ ئیدارەدانی کابینەی داهاتوو چەند جیاوازە یان چەندە دەتوانن پێکەوە کۆک و تەبا دەبن.

مەسرور بارزانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە دەرەوەی پارتی وەک کەسێکی توندرەو وێناکراوە، رەنگە بۆ یەکێتییەکان خراپترین کەسی پارتی مەسرور بارزانی بێت، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند جارێک لەگەڵ لاهور شیخ جەنگی کەوتنە شەڕ قسەوە و یەکتریان بە خیانەت تۆمەتبارکرد.

بەپێچەوانەوە قوباد تاڵەبانی لە دەرەوەی یەکێتی بە بەراورد لەگەڵ پافێل تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی وەک کەسە میانڕەوەکەی ناو یەکێتی ناسراوە، رەنگە بۆ پارتییەکان باشترین کەسی یەکێتی قوباد تاڵەبانی بێت، لە خۆڕایی نییە کە دوو جارە فازڵ میرانی دەڵێت قوباد تاڵەبانی نیوەی هی یەکێتییە و نیوەشی هی پارتییە، چونکە بە بۆچوونی پارتییەکان قوباد تاڵەبانی قسەی لەگەڵ دێت و دەکرێت متمانەی پێ بکەن کاتێک قسەیەک دەکات یان رێککەوتنێک دەکات پێوەی پابەند بێت، تەنانەت لە رۆژی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێم بە ئاشکرا دیاربوو کە مەسعود بارزانی بەراورد بە یەکێتییەکانی دیکە بەڕوویەکی خۆشەوە تەوقەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کرد،  بەڵام پارتییەکان دوو گەنجەکەی دیکەی یەکێتی وا نابینن و پێیانوایە هەر کاتێک حەزیان لێ بێت هەموو شتێک هەڵدەوەشێننەوە، ئەم دوو کەسە تۆمەتبارەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرن لای پارتییەکان، هەروەها لەسەر پرسی سەرۆک کۆماریش پارتی هەر ئەم دوو کەسە بە تۆمەتبار دەزانێت کە لە کاتێکدا بەر لە نیو سەعات رێککەوتبوون کەچی لە پڕێکدا بێ ئاگادارکردەوەی پارتی و کاندیدەکەی پشت دەکەنە رێککەوتنە و بەرهەم ساڵح کاندید دەکەن.

یەکێتی هەر دووکیانی بێدەنگ کردووە
مەسرور بارزانی کە دەیەوێت لە پۆستی سەرۆکی حکومەتدا سەرکەوتووبێت نەیویستووە هیچ قسەیەک بکات لەبەر ئەوەی لێدوانەکانی هیچ نیگەرانی و کاردانەوەیەک دروست نەکات کە کێشە بۆ حکومەتەکەی دروست بکات، بۆ ئەمەش پێناچێت مەسرور بارزانی هیچ نیگەرانی پارتییەکان یان گۆڕانەکان بووبێت، چونکە هەرچەندە لەناو پارتیدا رکابەرییەک هەیە لەنێوان ئەو و نێچیرڤان بارزانیدا، بەڵام تا ئێستا هیچکام لەم دوو لایەنە ناکۆکییەکانی خۆیانیان نەهێناوەتە ناو میدیا و راگەیەندنەکانەوە و قەتیش بە ئاشکرا لایەکیان قسەیەکیان نەکردووە کە لایەنەکی دیکە نیگەران بکات، ناکۆکییەکانیان زۆر ناوخۆییە، سەبارەت بە گۆڕانیش، پارتی و گۆران لەسەر کارنامەی حکومەت و پۆستەکان زۆر بە ئاسانی رێککەوتن و جۆرە متمانەیەک دروست بووە لەنێوانیاندا، بۆیە مەسرور بارزانی هیچ قسەیەکی نییە بیکات کە گۆڕان توڕە بکات.

بەڵام ئەوەی مەسرور بارزانی لێی دەترسێت ئەوەیە قسەیەک بکات و یەکێتی نیگەران بکات و ئەمەش کێشەی دروست دەکات لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا، مەسرور بارزانی دەزانێت لەناو یەکێتیدا کەسانێک هەن بۆی لە بۆسەدا دانیشتوون کە ئەم قسەیەک بکات و لێی لە هەڵا بدەن، بۆیە ئامادەنەبووە بە چاک و خراپ هیچ قسەیەک بکات بۆ ئەوەی ریسەکانی شاندەکانی دانووستانکاری پارتی لەگەڵ یەکێتی نەکاتەوە بە خوری.

هەربۆیە دەکرێت بڵێین بێدەنگبوونەکەی کارێکی ژیرانە بووە، چ بۆ ئەوەی بە قسەیەک یەکێتی نیگەران نەکات و کێشە بۆ پێکهێنانی حکومەت دروست بێت، چ لەو ڕووەشەوە کە مەسرور بارزانی وەک کەسێکی توند ناسراوە و دەبێت بە نەرمی نواندن ئەم بۆچوونە لەسەر خۆی لەناو خەڵک و حیزبەکانی دیکە لاواز بکات و پێویستی بەوەیە ئەو بۆچوونەی لەسەر دروست ببێت کە دەتوانێت مامەڵە بکات.

هۆکاری بێدەنگی قوباد تاڵەبانیش هەر بۆ هاوکێشەکانی ناو یەکێتی دەگەڕێتەوە، وەک ئاماژەی پێدرا ناوبراو کەسێکی میانڕەوەی ناو یەکێتییە و توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ نەیارەکانی حیزبەکەشی دابنیشێت و رێککەوتنیان لەگەڵدا بکات، لە چەند ساڵی رابردوودا بۆ ئەمەش زەمینەیەکی باشی بۆخۆی دروست کردووە، بەڵام ئەم میانڕەوییەی ئەگەر بۆ دەرەوەی یەکێتی خاڵی بەهێزی قوباد تاڵەبانی بێت ئەوا لە ناوخۆی یەکێتیدا خاڵی لاوازییەتی.

لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی، کەشێک دروست بووە کە دەنگی توندڕەوەکان باشتر دەبیسترێت، هەربۆیە لەم چەند ساڵەدا دەنگی کەسانی وەک لاهوری شێخ جەنگی و پافێڵ تاڵەبانی باشتر بیستراوە تا دەنگی قوباد تاڵەبانی، چونکە قوباد تاڵەبانی کەمتر لە کێشە دەگەڕێت، لەو ماوەی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکانیان گەیشتبووە لوتکە، لە دەرەوەی یەکێتیدا وادەردەکەوت کە قوباد تاڵەبانی هیچ رۆڵێکی لەم کێشەیەدا نییە، تەنانەت تەنیا چەند رۆژێک دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار قوباد تاڵەبانی لە سەر گۆڕی باوکییەوە پەیامێکی بۆ پارتی نارد و بە ناوهێنانی مەسعود بارزانی وەک هاوخەباتی باوکی ویستی دۆخەکە هێور بکاتەوە، یان کاتێک یەکێتی دانیشتنی پەرلەمانی بایکۆت کرد بۆ دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی، کەچی هەمان رۆژ قوباد تاڵەبانی پەیامی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ئەمەش یەکێتییەکانی نیگەران کرد.

کە واتە قوباد تاڵەبانی بەپێی کەسایەتییەکەی و بۆچوونەکانی بێت نیگەرانی ئەوە نەبووە کە قسەیەک بکات لەناو پارتیدا کاردانەوەی خراپی  لێ بکەوێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێدەچێت زیاتر نیگەرانی ئەوەبووبێت کە لەناو پارتییەوە قسەیەک بکرێت پێگەی ئەم لەناو یەکێتیدا لاواز بکات، بۆ نمونە کاتێک فازڵ میرانی وتی قوباد تاڵەبانی نیوەی هی پارتییە و نیوەی هی یەکێتی، ناچاربوو ڕوونکردنەوە بدات کە نەخێر ئەم بە تەنیا هی یەکێتییە و جیا لە یەکێتی نەبێت موڵکی هیچ حیزبێکی دیکە نییە، ئەمە لە کاتێکدابوو قسەکانی فازڵ میرانی بەو مانایە نەبوو کە بڵێت قوباد تاڵەبانی چەندە یەکێتییە ئەوەندەش پارتییە، بەڵکو زیاتر مەبەستی ئەوەبوو بڵێت کە کەسایەتی قوباد تاڵەبانی وەک هەڵگری هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی جەلال تاڵەبانی کە توانای لێک تێگەیشتن و سازشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە زۆرە، هەربۆیە بۆ لای پارتییەکان کەسایەتی قوباد تاڵەبانی قبوڵکراوترە لە یەکێتییەکانی دیکە، ئەمەش لە دۆخێکی ئاساییدا نەک خاڵی لاواز نییە بەڵکو خاڵی بەهێزیشە کە رکابەرەکەی دانی پێدابنێت، لەوانەبوو ئەگەر فازڵ میرانی ئەم قسەیەی لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ بکردایە، قوباد تاڵەبانی نەک نیگەران نەبوایە بەڵکو پێشی خۆشحاڵ بووایە چونکە ئەم قسەیە لە کاتی ئاساییدا زیاتر بەو واتایە دێت کە پێگەی قوباد تاڵەبانی تەنیا لەناو حیزبەکەیدا نییە بەڵکو لە دەرەوەی حیزبەکەشی کەسێکی متمانەپێکراوە، ئەمەش تایبەتمەندییەکی باشە.

هەربۆیە هۆکاری نیگەرانی قوباد تاڵەبانی لە قسەکانی فازڵ میرانی پێدەچێت زیاتر ئەوەبووبێت کە رکابەرەکانی لەناو حیزبەکەیدا ئەمە بکەنە خاڵێکی لاواز بەسەر ناوبراوەوە، جگە لەوەش پێدەچێت هۆکاری سەرەکی بێدەنگبوونی بەرامبەر دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەت هەر ئەوە بووبێت کە نەکا قسەیەک بکات باڵەکانی ناو یەکێتی لە خۆی نیگەران بکات و بەمەش پێگەی لاوازبێت، ئەو پەیامەشی کە لە یادی دامەزرانی یەکێتیدا بڵاویکردەوە و هەموو پەیامەکەی تەرخان کردبوو بۆ کۆنگرە هەر خوێندنەوەی لێ دەکرێت کە قوباد تاڵەبانی زیاتر لە حیزبەکەی خۆی نیگەرانە تا لایەنەکانی دیکە.

بەپێی ئەم شیکارییە هۆکاری سەرەکی بێدەنگبوونی هەر یەکە لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی دەگەڕێتەوە و هەر کامیان بە هۆکاری تایبەت بە خۆیان کە ئاماژەیان پێدرا.