ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:03 - 13/06/2019

"سیستانی دەترسا موقتەدا سەدر بە دیلی بگرێت"‌

پەیسەر

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق و جیهان، پیاوێك هەمووان ناویمان بیستووە و كەم تا زۆر لەبارەی ڕۆڵی ئەو لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا زانیاریمان هەیە، بەڵام ئاخۆ چەند لەبارەی لایەنە شاراوەكانی ژیانی سیستانی دەزانین؟ پیاوێك كە سەرجەم بەرپرسە باڵاكانی عێراق لە فەرمانی دەرناچن، كەچی خۆی خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقیی نییە، پیاوێك كاتێك بیەوێت شتێك بە هاوڵاتیانی عێراق بڵێت، لەم سەردەمی تەكنەلۆژیایەدا بەدەستنوس پەیامەكەی بڵاودەكاتەوە، لە هەمووی سەرنجڕاكێشتریش ئەوەیە تا ئێستا هیچ تۆمارێكی دەنگی یاخود ڤیدیۆیی بڵاونەبووەتەوە.

عەلی بن محەمەد باقر بن عەلی سیستانی، ڕۆژی 4ی ئابی 1930 لە شاری مەشهەدی ئێران لەدایكبووە، باوكی سیستانی (سەید محەمەد باقر) زانایه‌كی بەناوبانگی شیعەیە، دایكیشی كچی سەید ڕەزا میهرەبانی سەرابی-یە.

ساڵی 1992 دوای مردنی ئەبو قاسم خوئی، مەرجەعی پێشووی شیعەكانی عێراق و جیهان، عەلی سیستانی كە خوێندكاری بوو، شوێنی گرته‌وه‌ و بە مەرجەعی باڵای شیعەكانی جیهان دەستنیشانكرا.

ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا تیشكی دەخەینە سەر چەند هەفتەیەكی چارەنوسسازە لە ژیانی عەلی سیستانی، كە هێشتا بۆ زۆر كەس ئەو ڕۆژانە بەنهێنی ماونەتەوە و كەمترین زانیارییان لەبارەیەوە هەیە.

دەرچوونی لە نەجەف و ترسی دیلكردنی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە
موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر كە دوای عەلی سیستانی بە دووەم كاریگەرترین كەسایەتی شیعەكانی عێراق دادەنرێت، سەرسەختترین نەیاری هێزەكانی ئەمریكا بوو له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هاوكات بەشێوەیەكی فەرمی میلیشیاكانی مەهدی كە سەر بە ناوبراو بوون لەگەڵ ئەمریكییەكان كەوتنە شەڕەوە، ئەو دۆخەش بارێكی نالەباری بۆ سیستانی دروستكردبوو، چونكە لەگەڵ ئەوەی سەدر كەسایەتییەكی كاریگەری شیعە بوو، هاوكات لەشاری نەجەف نیشتەجێیە، واتا لەهەمان ئەو شارەی سیستانی لێیە.

دوای ئەوەی ساڵی 1951 لە ئێرانەوە هاتە عێراق، سیستانی هیچ كاتێك نەچووەتە دەرەوەی ئەو وڵاتە تا ئەو كاتەی سەدام حسێن ڕوخێندرا، ئەویش ئەوكاتە بوو كە حكومەتەكەی ئەیاد عەلاوی بە پاڵپشتی ئەمریكا و بەریتانیا شەڕیان دژ بە ڕەوتی سەدر و لایەنگر و هێزە سەربازییەكانی ئەو ڕەوتە، كە بە سوپای مەهدی ناسرابوون، ڕاگەیاند.

دوای چه‌ند كۆبوونەوەیەكی نهێنی نێوان ئەیاد عەلاوی و بەرپرسانی باڵای ئەمریكا، لەكۆتایدا عەلاوی لەلایەن هاوپەیمانانەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشكردنە سەر ڕەوتی سەدر و دەستگیركردنی موقتەدا سەدر بۆ هەڵكرا.

دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێران عەلاوی-یان بانگهێشتكرد بۆ تاران بۆ ئەوەی نێوەندگیریی ئەو دۆخە بكەن كە لەگەڵ موقتەدا سەدر دروستبووە، بەڵام عەلاوی دیداری ئێرانییەكانی ڕەتكردەوە و چووە سعودییە و لەگەڵ كۆڵن پاوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمریكا كۆبووەوە، كاتێكیش گەڕایەوە عێراق بە بڕیاری هێرشكردنە سەر موقتەدا سەدر و ڕەوتەكەیه‌وه‌ گەڕایەوە.

لێرەوە ترسی عەلی سیستانی لەو دۆخەی دروستبووە دەستپێدەكات، بە پاساوی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی سیستانی عێراقی بەرەو لەندەن جێهێشت، لەپاش دەرچوونیشی لە نەجەف و خاكی عێراق، هێرش بۆسەر ڕەوتی سەدر لەو شاره‌ دەستیپێكرد، بەڵام بەرلەوەی حكومەتی عێراق و ئەمریكییەكان دەستیان بە موقتەدا سەدر بگات، ناوبراو بە هاوكاری ئێران عێراقی جێهێشت.

بەشێكی گەورە لەترسی سیستانی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، پلانەكانی موقتەدا بۆ ناو بازنەی شەڕەكە ڕابكێشێت، بەگوتەی بەشێك لە كەسە نزیكەكانی مەرجەعە شیعەكە، سیستانی دەترسا لەوەی سەدر فەرمان بەچەكدارەكانی بكات و بە دیلی بگرن بۆئەوەی دواتر لەگەڵ ئەمریكییەكان بیكاتە كەرەستەی دانوستان، یاخود موقتەدا سەدر بچێتە ماڵەكەی سیستانی و داوای داڵدەدانی  لێبكات، بۆیە سیستانی بەرلەوەی سەدر هەر كارتێكی لەو شێوەیە بەكاربهێنێت، سەرجەم كارتەكانی موقتەدای لاوی سوتاند و ساڵی 2004 عێراقی جێهێشت.

ئەمریكییەكان كاتێك هێرشیانكردە سەر شوێنكەوتووانی سەدر لە نەجەف، سیستانی ئەو شارەی جێهێشتبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ سەربازەكانی هاوپەیمانان دەستكراوەبوون بۆ دەرپەڕاندنی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لەو شارە، كە بەیەكێك لەڕوبەڕوبونەوە سەختەكانی ئەمریكییەكان لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ناودەبرێت.

هێلیكۆپتەری ڕەتكردەوە و بە تاكسی چووە فڕۆكەخانەوە
چەند ڕۆژێك بەرلەوەی سەدر شاری نەجەف جێبهێڵێت، ئەمریكییەكان پێشنیازیان بۆ سیستانی كرد به‌ هێلیكۆپته‌ریك له‌ ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ بیگەیەننە فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی، بەڵام سیستانی ئەو پێشنیازەی ئەمریكییەكانی ڕەتكردەوە ‌و داوایكردبوو بە تاكسی بیگەیەننە فڕۆكەخانە، بۆیە بە ڕێگەی دیوانییە-ئەبو سەخیر، لەگەڵ زاواكەیدا ئەو گەشتە پڕمەترسیی ‌و چارەنوسسازەی ئەنجامدا.

سیستانی بۆ قاسم سولەیمانی: دەست لە عێراق هەڵبگرن
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس بەرپرسانی ئێران دەیانویست بەهەر ڕێگەیەك بێت نەجەف و بڕیارەكانی مەرجەعی شیعەكان كۆنترۆڵبكەن، بۆ ئەو مەبەستەش قاسم سولەیمانی، كە ئەوكاتە نوێنەری عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، سەردانی نەجەف دەكات و لەگەڵ سیستانی كۆدەبێتەوە، ئەوە یەكەمین و دوایین كۆبوونەوەی سولەیمانییه‌ لەگەڵ سیستانی.

لە كۆبوونەوەكەدا سولەیمانی دەڵێت: "بۆ پاراستنت ئێران هەموو كارێك دەكات" بەڵام وەڵامەكەی سیستانی بۆ قاسم سولەیمانی چاوەڕواننەكراو دەبێت و بە دڵی ئەو فەرماندە ئێرانییە نابێت، كە 10 ساڵ دوای دیدارەكەیان لە ساڵی 2004دا، سولەیمانی لە 2014دا دەبێتە یەكێك لە كەسایەتییە بەهێزەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سیستانی بە سولەیمانی دەڵێت: "بە بەرپرسانی ئێران بڵێ ئەوەی ئێمە پێویستمانە ئەوه‌یە ئێوە دەستوەردان لە كاروباری عێراق نەكەن و دەستهەڵبگرن، ئەوەش ئێمە دڵخۆشدەكات".

سولەیمانی هەر لەو دیدارەدا پێشنیاز بۆ عەلی سیستانی دەكات بچێت لە ئێران چارەسەر وەربگرێت، بەڵام ئەو پێشنیازەش ڕەتدەكاتەوە.

بەرلەوەی بچێتە لەندەن، هەریەكە لە لوبنان و ئێران و چەند وڵاتێكی كەنداو پێشنیازیان بۆ سیستانی كرد بۆ وەرگرتنی چارەسەر بچێتە وڵاتەكانیان، بەڵام ناوبراو لوبنانی بەهۆی حزبوڵاوە ڕەتكردەوە، بۆ ئەوەی دواتر ئەو میلیشیا شیعە لوبنانییە وەبەرهێنان بەو سەردانەوە نەدات، وڵاتانی كەنداویشی ڕەتكردەوە بەهۆی ئەوەی حكومەتەكانی ئەو وڵاتانە پەیوەست بە دۆخی عێراق فشاری نەخەنەسەر، سەرەنجام لەنێو هەموو وڵاتانی جیهان بەریتانیا و شاری لەندەنی هەڵبژارد.

سیستانی و گۆڕینەوەی 49 نامەی دەستنوس لەگەڵ پۆڵ بریمەر
پۆڵ بریمەر، حاكمی مەدەنی عێراق لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەكرد، لەگەڵ عەلی سیستانیدا 49 نامەی گۆڕیوەتەوە، ناوەڕۆكی نامەكان بریتی بوون لە خستنەڕووی دیدی ئه‌و دوو كەسایەتییە بۆ دۆخی ئەوكاتەی عێراق.

بریمەر دەشڵێت، سەره‌نجام سیستانی داوای لە شیعەكانی عێراق كرد هاوكاری هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بكەن ‌و شەڕیان لەدژ نەكەن، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ بریمەر دیدی سیستانی بۆ دۆخی عێراق بە دیموكرات و هەمان دیدی وڵاتانی هاوپەیمان زانیوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی گۆڕینەوەی نامەی نێوان سیستانی و پۆڵ بریمەر بۆ بەشێك لە شیعەكان شۆكهێنەربوو، چونكە سیستانی بەوە ناسراوە كەمترین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان هەیە، بەڵام ئاخۆ هیچ كەسێك لەوانەی ناڕازیی بوون دەیانتوانی لە فەرمانی سیستانی دەربچن؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.

ڕۆژانە سیستانی چی دەكات؟
ژیانی ڕۆژانەی سیستانی یەكێكە لە نهێنییەكانی ئەو پیاوەی دەتوانێت بە فەتواكانی دۆخی عێراق بگۆڕێت، بەڵام بە گوتەی مونیر خەباز، یەكێك لە قوتابییەكانی سیستانی، مەرجەعە شیعەكە تەمەنێكی درێژە ڕۆژانە بە خوێندنەوەی كتێبەوە سەرقاڵدەبێت، بەردەوام كتێبێك لەنێوان دەستەكانیدایە.

قوتابیەكەی سیستانی باس لەوەشدەكات، خوێندنەوەی بەردەوامی ئایەتوڵا نەبووەتە هۆی ئەوەی لە بابەتی كاتبەسەربردن بەدووربێت، بەڵكو زۆرجار سەردانی كۆڕ و كۆبوونەوەی تایبەت دەكات.

مونیر خەباز دیارترین ئەو شتانە باسدەكات كە سیستانی لە كەسوكارەكەی قەدەغەكردووە، ئەوانیش بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و ئامێری گرانبەهان، سیستانی تا ئێستا لە خانووی كرێدا دەژی و بەدەر لەوەی كارەبای نیشتمانیی بەكاردەهێنێت و مانگانە كرێكەی دەدات، هەمان ئەو موه‌لیدەیە بەكاردەهێنێت كە كاره‌با ده‌داته‌ هاوڵاتیانی دیكه‌ش.

سیستانی تا ئێستا خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقیی نییە، لەگەڵ ئەوەی دەتوانێت به ‌فەتوایەك دۆخی عێراق بە هەر ئاڕاستەیەك كە بیەوێت بگۆڕێت.

فەتوایەكی سیستانی 200 ملیۆن دۆلار دەكات
یەكێك لە وێستگە پڕ مشتومڕەكانی ژیانی عەلی سیستانی پرسی وەرگرتنی پارەیە لە ئەمریكییەكان، سه‌ره‌ڕای ئەوەی ناوبراو بابەتەكەی ڕەتكردووەتەوە بەڵام هێشتا كەس ڕاستییەكان بە دروستی نازانێت.

دۆناڵد ڕامسفێڵد، وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە سەردەمی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ یەكەمجار ئەو بابەتەی وروژاند و گوتی، بەرامبەر فەتوا بەناوبانگەكەی كە داوایكرد عێراقییەكان شەڕی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمان نەكەن، ئەمریكا 200 ملیۆن دۆلاری پێشكەشی سیستانی كرد.

ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە، نوسینگەی سیستانی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی لە ئەمریكییەكان ڕەتكردەوە و هەواڵەكەی بەدرۆخستەوە، دوای 48 كاتژمێریش لەبڵاوكردنەوەی هەواڵی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن سیستانییەوە، پێگەی گوگڵ بابەتەكەی لە گەڕانەكانیدا سڕییەوە.