ڕاپۆرتی کوردستانی

12:25 - 13/06/2019

دڕندانەترین شێوازی سزادان لە دادگاکانی عوسمانی‌

پەیسەر

دەسەڵاتداران لە سەردەمە کۆنەکان و تا ئێستاش زۆر جۆری ئەشکەنجە و سزای کوشتنیان بەرامبەر نه‌یاره‌كانیان بەکارهێناوە. لەم سەردەمەشدا هەر وڵاتێک جۆرێک لە ئەشکەنجەدان بەکاردەهێنێت، لە هەندێک وڵات تا ئێستاش سزای کوشتن هەیە.

عوسمانیەکانیش یەکێک لەو دەسەڵاتدارانەبوون توندوتیژی زۆریان بەرامبەر خەڵکی کردووە و گەلانی ناوچەکەیان داپلۆسیوه‌. عوسمانیەکان یاسای مەترسیدار و دڕندەترین شێوەی سزادانیان هەبووە. یەکێک لەو سزا مه‌ترسیدارانه‌ش (قازۆخکردن) بوو. 

ئیڤۆ ئەندریچ (١٨٩٢ – ١٩٧٥) نووسەری بەناوبانگی خەڵکی بۆسنەوهەرسک لە ڕۆمانێکیدا بە ناوی (پردی درینا)، باس لە کردار و ڕەفتارەکانی عوسمانیەکان لە وڵاتانی بەڵقاندا دەکات، لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا باس لە سزای (قازۆخکردن) و چۆنیەتی جێبجەجێکردنی سزاکە دەکات و بە مەترسیدارترین سزای سەردەمی عوسمانیەکان ناویدەبات.

ئیڤۆ ئەندریچ لە ڕۆمانەکەیدا دەڵێت، محەمەد پاشا، والی عوسمانیەکان له‌ بەشێک لە بۆسنەوهەرسک، بڕیاردەدات لەسەر چەمی گوندی سۆکۆلۆڤیچی سەر بە شاری  ڤیشیگراد پردێکی گەورە دروست بکات. دوای چەند ڕۆژێك کارکردن لە پردەکەدا، کەسێکی خەڵکی گوندەکە بە ناوی (رادیسلاڤ) بەهۆی ئەوەی بەشێکی پردەكه‌ لەسەر زەوی ئەو دروستدەکرا، بە شەو هەوڵی ڕووخاندنی ئەسکەلەی پردەکە دەدات.

(رادیسلاڤ) ناتوانێت لە ڕووخاندنی ئەسکەلەی پردەکەدا سەرکەوتووبێت و لە لایەن سوپای محەمەد پاشاوە دەستبەسەردەکرێت. هەواڵی هەوڵی ڕووخاندنی ئەسکەلەی پردەکە دەگەیەنرێتە محەمەد پاشا و ئەویش فەرمان بە پاسەوانەکانی دەکات تا سزایەکی بۆ دەبڕنەوە تاوانبارەکە بەندبکرێت.
ڕۆژی دواتر محەمەد پاشا فەرمان دەکات، خەڵکی ناوچەکە بە موسوڵمان و مەسیحی و ژن و پیاو و پیر و گەنج لە مەیدانێکی نزیکی پردەکە کۆببەنەوە و سزای تاوانبارەکە بە چاوی خۆیان ببینن.

محەمەد پاشا فەرمان دەکات سەری دارێکی ئەسکەلەی پردەکە کە بە شێویەکی ستوونی چەقێندراوە، تیژبکرێت و تاوانبارەکە لە سەر نووکە تیژەکە دابنیشێنرێت.


دەست و قاچی رادیسلاڤ بەسترابوو. چوار پاسەوان دەوریاندابوو. زنجیری قاچیان لێکردەوە و گوریسێکیان بە قاچی چەپ و یه‌كێكی تریشیان بە قاچی ڕاستیەوە بەستەوە. لەسەر ڕەمپایەکی بەرز کە لە تەنیشت دارە تیژکراوەکە دروست کرابوو، وەستابوون. پاسەوانێک دارەکەی بە زەیت چەور کرد و رادیسلاڤیان بەرزکردەوە و لە سەر دارەتیژەکە دایاننا، هه‌ردوو گوریسه‌كه‌یانڕاکێشا و دارە تیژە چەورەکە ووردە ووردە بە کۆمیا چوو. رادیسلاڤ بە هەموو هێزی خۆی هاواری دەکرد، بەڵام کەس بەهانایەوە نەچوو و خه‌ڵكه‌كه‌ خۆیان بێدەنگ کردبوو، تا گیانی له‌ده‌ستدا رادیسلاڤ بە دارەکەوە مایەوە.
محەمەد پاشا بە بەرچاوی خەڵکەوە رادیسلاڤی سزادا بۆ ئەوەی کەسێکیتر نەوێرێت بێفەرمانی یان تاوانێک بکات و قازۆخکردنی کرد بە جۆرێک لە سزاکانی ویلایەتەکەی.

هەواڵی قازۆخکردنی رادیسلاڤ لە ناو ئەو وڵاتانەی کە لەژێر داگیرکاریی عوسمانیەکاندا بوون بڵاوبووەوە و لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا بوو بە سزایەک کە لە زۆربەی وڵاتان جێبەجێکرا.

ئیتر وایلێهات لە یاسای عوسمانیەکاندا ئەو سزایە بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرا کە دژی دەسەڵاتی عوسمانیەکان شەڕیان دەکرد، چەندجارێکیش لە دژی ئەو ئەرمەنی و مەسیحییانە بەکارهێنراوە کە به‌بێ مۆڵەت چوونه‌ته‌ مزگەوتەکانه‌وه‌.


لە زمانی تورکیدا، (کازک) بەو دارە دەگوترێت کە سەرێکی تیژدەکرێت و ئاژەڵ یان چادری پێ دەبەسترێته‌وه‌، بە کوردی مێخی پێدەگوترێت. هەرچەندە لە زمانی تورکیدا ئەو سزایە بە ( کازغا ئۆتۆرماک) دەناسرێت، بەڵام لەناو گەلانی ناوچەکە وەک (قازۆخکردن) ناسراوە.

زۆرێک لەو کوردانەی دژایەتی دەوڵەتی عوسمانییان کردووە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە، نمونەیەکیش بۆ ئەمە بەسەرهات و هەڵبەستێکی شاعیری کلاسیکی باکووری کوردستان (سییاپووشە).

دەڵێن ڕۆژێک سیاپووش لە ناوچەی فارقینی ئامەدی باكووری کوردستان دەبێتە میوانی فەرحان عوزەیرئاغای فارقین. فەرحان عوزەیرئاغا لە دژی عوسمانییەکان شەڕی کردووە و دەسەڵاتی ئەوانی قبوڵنەکردووە. ئاغا داوا لە سییاپووش دەکات هەڵبەستێکی بەسەردا بڵێت، سییاپووش بەم شێوەیە وەسفی ئاغا دەکات:-

" ئاغایێ من ئاغایە، لێ قۆنا وی قۆنا قازۆخایە" 

سیاپووش لەو هەڵبەستەیدا باس لەوەدەکات کە بە هۆی ئەوەی فەرحان ئاغا دژایەتی عوسمانییەکانی کردووە، ڕۆژێک دێت لەلایەن عوسمانییەکانه‌وه‌ دەستگیربکرێت و سزای قازۆخی بەسەردا بسەپێندرێت.
ئه‌وه‌بوو دواجار فه‌رحان عوزه‌یرئاغا كه‌ له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، سزای قازۆخی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كرا.