ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:39 - 15/06/2019

شەڕی ئیدلب و کۆتایی هەژموونی تورکیا لە سوریا‌

پەیسەر

لە ئێستادا ئیدلیب خاڵی ناکۆکییەکانی نێوان هێزە جیهانی و هەرێمییەکانە لە سوریا. هەموو هێزە جیهادییەکان لە ئیدلب و لەژێر فەرمانی تورکیادا کۆبوونەتەوە و ڕووسیا و ڕژێمی سوریا و ئێرانیش هێرشەکانییان لەدژی ئەو گروپانە زیاتركردووە. لە کۆبوونەوەکانی ئه‌ستانه‌دا دەوڵەتی تورکیا گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی گروپە جیهادییەکانی داوەتە ڕووسیا، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی تورکیاوە لەڕووی چەک و تەقەمەنییەوە پشتگیریی ئەو گروپانەیان کردووە.

شەڕی نێوان گروپە جیهادییەکان و ڕووسیا و ڕژێم لە بەرژەوەندی تورکیادا نییە و تورکیا بە بییانووی هەبوونی خەڵکی مەدەنی لە ئیدلیب لە هەموو کۆبۆنەوە و دانوستاندنەکاندا داوای ئاگربەستی لە ئیدلب کردووە.

ئامانجی ڕەژیمی سوریا و ڕووسیاش کۆنترۆڵکردنی یەک بە یەکی پارێزگاکانی سوریایە و هەوڵ دەدەن باکوری حەما و حەلەب و پارێزگای ئیدلب کۆنترۆڵبکەنەوە. تورکیا بەوەش دەزانێ کە ئەگەر ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد لەو هەوڵانەیاندا سەرکەوتووبن. دوای ئەوە ڕوو لە هەرێمی شەهبا و عەفرینیش دەکەن و پێویستە گروپە چەکدارەکان لەو هەرێمانە بە ڕێكکەوتنێک بچنە دەرەوە، یان شەڕێکی دیکەی گەورە لە نێوانیاندا ڕوودەدات.


بەهۆی پشتگیریکردنی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگرتنی ئەمریکا لە تورکیا بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی هێزە کوردییەکان ئەنجام نەدات، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکاش باش نییە. تورکیا بۆ ئەوەی فشار لەسەر ئەمریکا دروست بکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بەهێزکردووە و وەک کارتی فشار سیستمی دژە مووشەکی (ئێس ٤٠٠)ی لە ڕووسیا کڕیوە و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە بگاته‌ دەستی سوپای تورکیا.

تورکیا لەلایەک هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، وەک کارتێکی فشار لە دژی ئەمریکا بەکاربهێنێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە لە ئیدلیب ڕووبەڕووی مەترسی و فشارێکی زۆری ڕووسیا بووه‌تەوە. تورکیا ئەگەر بە تەواوی لە ئەمریکا دووربکەوێتەوە و ببێتە هاوپەیمانی سەرەکی ڕووسیا لە ناوچەکەدا، پێویستە داواکارییەکانی ڕووسیاش قبوڵبکات و دەست لە پشتگیری گروپە جیهادییەکان هەڵبگرێت. بەوەش تورکیا هیچ ڕۆڵیکی لە سوریا نامێنێت و ناتوانێت لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا هیچ بڕیارێک بدات.


تورکیا چەندین جار هەوڵیداوه‌ لە ڕێی درووستکردنی ناوچەی ئارام باکووری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و کوردیش بە هیچ شێوەیەک ئەو دەرفەتەیان نەدایه‌ تورکیا. ئه‌نقه‌ره‌ بە دروستکردنی (ناوچەی ئارام) دەیتوانی دوو ئامانجی گەورە بپێکێت، یەکەمیان، بەو شێوەیە دەسەڵاتی کانتۆنی ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببات و دووەمیشیان، گروپە جیهادییەکان لە ئیدلب و دەوروبەری بکێشێتەوە و ووردە ووردە لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێیان بکات، بەو شێوەیەش هەم گروپە جیهادییەکان لە لەناوچوون بپارێزێت، هەم دڵی ڕووسیاش ڕازی بکات.

تورکیا لە ئیدلب خاوەنی ١٢ خاڵی گەورەی چاودێرییە. دوو ڕۆژ لەمەوبەر خاڵی دەیەمی چاودێری تورکیا ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەوە و حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، هێرشەکە لە ڕێی ٣٥ گولـلە هاوەنەوە بووە و ئۆباڵه‌كه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی ڕژێمی سوریا.

لەلایەکی دیكه‌وه‌ ڕووسیا ڕایگەیاند، هێرشەکان لەلایەن گروپە جیهادییەکانەوە ئەنجامدراون و لەسەر داوای تورکیا بارەگای گروپێکی سەر بە (ئەلنوسره‌) لەلایەن فڕۆکەکانی ئەوانەوە بۆردومانكران.


پێدەچێت، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تورکیا دەست لە پشتگیریکردنی گروپە جیهادییەکان هەڵبگرێت، بەڵام پرسە گرنگەکە ئەوەیە، ڕووسیا بەرامبەر ئەوە چ بەڵێنێکی بە تورکیا داوە. مەرجی سەرەکی تورکیاش لە هەموو کۆبوونەوە و دانوستاندنەکاندا دژایەتیکردنی ڕۆژئاوای کوردستانە. ئەگەرێکیش هەیە دیسانەوە ڕووسیا لە دژی کورد بەڵێنی دیكه‌ی بە تورکیا دابێت، بەڵام ئایا ڕووسیا دەتوانێت بەهۆی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و پشتگیرییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەو بەڵێنان جێبەجێ بکات؟

ئەمریکا و ڕووسیا چەند جارێک لە بارەی ڕەوشی ئیدلبەوە بە تەنها کۆبوونەتەوە، گومانی تێدانییە ئەگەر ئەو دوو وڵاتە لە ئیدلب ڕێكبکەون ئەوا تورکیا و تەنانەت ئێرانیش هیچ ڕۆڵێکیان لە ئیدلب نامێنێت و دەبێت لە هاوکێشەکان بچنە دەرەوە.

له‌ ئیستادا تورکیا بە تەنها ژمارەیەک گروپی جیهادی لە سوریا بەدەستەوەیە و لە رێی ئەوانەوە جێ پێی خۆی له‌و وڵاته‌دا كردووه‌ته‌وه‌، لە ئەگەری ڕێكکەوتنی نێوان زلهێزەکان، کە هەم ئەمریکا بە جۆرێک لە دژی جیهادییەکانە و هەم ڕووسیاش بە هیچ شێوەیەک ئەو گروپانە قبوڵناکات، ڕۆڵی تورکیا لە سوریا کۆتایی پێدەهێنرێت.