ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:13 - 16/06/2019

"پشتكردنه‌ حزب و باوه‌شكردنه‌وه‌ بۆ كورسی ده‌سه‌ڵات"‌

پەیسەر پرێس

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بادی له‌ پۆسته‌كانی حزبی ده‌عوه‌ و پرۆژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی حكومه‌ت

سه‌رچاوه‌كان باس له‌و جموجۆڵه‌ سیاسیانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌پشت په‌رده‌وه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، له‌ئارادان. ئەوەش له‌ هاوكێشه‌یه‌كی سیاسی نوێدا كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و هه‌ژموونگه‌رایی به‌سه‌ریدا زاڵه‌.

31ی ئایاری 2019 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق و به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی ڕایگه‌یاند، ده‌ستبه‌رداری سه‌رجه‌م پۆسته‌ حزبییه‌كانی بووه‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی عه‌بادی چه‌ند پرسیارێكی له‌باره‌ی بوونی پلانێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت وروژاند.

له‌ 11ی حوزه‌یرانی 2019دا عه‌بادی له‌گه‌ڵ ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق، كۆبووه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵاتیان تاوتوێ كرد، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا عه‌بادی سه‌پاندنی سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكای به‌سه‌ر ئێراندا ڕه‌تكرده‌وه‌. دوو ڕۆژ دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ و له‌ 13ی مانگدا عه‌بادی له‌گه‌ڵ (ماسیۆ توله‌ر) باڵیۆزی نوێی ئه‌مریكا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌ و كۆی دۆخی سیاسی عێراق و ناوچه‌كه‌یان تاوتوێ كرد. چاوپێكه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی عه‌بادی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دۆخی سیاسی عێراق هه‌یه‌، ئاماژه‌ن بۆ هه‌وڵه‌ سیاسیه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت.

عه‌بادی كاری سیاسی له‌ حزبی ده‌عوه‌دا ده‌ستپێكردووه‌ و په‌ره‌پێداوه‌، حزبی ده‌عوه‌ كه‌ ساڵی (1957) دامه‌زراوه‌، له‌ قۆرخكردنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ (2005 تا 2018) سه‌ركه‌وتوو بووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی عه‌بادی ئه‌و پۆسته‌ی بۆ سیاسه‌توانێكی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن (عادل عه‌بدولمه‌هدی) چۆڵكرد.

عادل عه‌بدولمه‌هدی پاڵێوراوی هه‌ردوو كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق بوو بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌، كوتله‌ی یه‌كه‌م چاكسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌، هه‌ریه‌ك له‌ (هاوپه‌یمانیی نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی، هاوپه‌یمانی سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در)، كوتله‌ی دووه‌م بونیاتنانه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری و چه‌ند باڵێكی سیاسی حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند گروپێكی خاوةن په‌یوه‌نديی به‌هێز به‌ ئێرانه‌وه‌ له‌خۆده‌گرێت.

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بادی له‌ حزبی ده‌عوه ئاماده‌سازییه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، 7ی حوزه‌یرانی 2019 چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاشكرایانكرد، جموجۆڵێك له‌ هاوپه‌یمانیی چاكسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ عه‌بادی بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران.
غالب شابه‌نده‌ر چالاكوانی سیاسی و سه‌ركرده‌ی پێشووی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی، ئه‌و هه‌وڵه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ و به‌ (المونیتور)ی ڕاگه‌یاندووه‌: " له‌ ئێستادا هه‌ندێك لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوان عه‌بادی و موقته‌دا سه‌دردا له‌ئارادان كه‌ ده‌گه‌نه‌ ئاستی ڕێككه‌وتنی ئاشكرانه‌كراو، (پێشتر عه‌بادی و سه‌در له ‌گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵاتی عادل عه‌بدولمه‌هدی هاوكاربوون)، ئامانج له‌و كاره‌شیان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عه‌بادییه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، به‌و مه‌رجه‌ی عه‌بادی داواكارییه‌كانی سه‌در بۆ‌ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ پۆسته‌كانی له‌ حزبی ده‌عوه‌ جێبه‌جێ بكات".


ڕاستی وته‌كانی شابه‌نده‌ر زیاتر ئاشكرابوو، دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی و ڕه‌وتی حیكمه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حه‌كیم له‌ 7ی حوزه‌یراندا یه‌كلاكردنه‌وه‌ی خۆیان بۆ بوون به‌ ئۆپۆزسیۆن، ڕاگه‌یاند، به‌و پێیه‌ش بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ چاره‌سه‌ربكات كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی ناكۆكی، هیچ هه‌لێك له‌پێش عه‌بدولمه‌هدیدا نه‌ماوه‌.

راستییه‌كه‌ی، جێهێشتنی حزبی ده‌عوه‌ له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ڕێككه‌وتنێك كه‌ زه‌مینه‌ بۆ ویلایه‌تێكی دیكه‌ی خۆشده‌كات له فه‌رمانڕه‌واییكردنی عێراق، شتێكی له‌ناكاو نییه‌. 11ی ئه‌یلولی 2018 سه‌رچاوه‌یه‌ك ڕێككه‌وتنێكی له‌ نێوان عه‌بادی و موقته‌دا سه‌در بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی عه‌بادی له‌ حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و مانه‌وه‌ی وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی بێلایه‌ن ئاشكرا كرد، تا له‌ به‌رامبه‌ردا موقته‌دا سه‌در بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تێكی تر پشتگیری بكات.

عه‌لی موئمین، بیرمه‌ندی ئیسلامی و ئه‌ندامی پێشووی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی، له‌ وتوێژێكدا له‌گه‌ڵ (المونیتور)، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی عه‌بادی و جێهێشتنی پۆسته‌كانی له‌ حزب به‌ "ده‌روازه‌یه‌ك بۆ جێهێشتنی یه‌كجاری حزب" لێكده‌داته‌وه‌، "به‌ ئامانجی  سه‌ربه‌خۆكردنی هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانی له‌ هه‌لوێسته‌كانی حزب"، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ " بێگومان عه‌بادی كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ڕێچكه‌ی هاوپه‌یمانیی نه‌سر كه‌ خۆی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، بگۆڕێت بۆ حزبێكی لیبرالی، دواجار ده‌رچوون له‌ حزب به‌رامبه‌ر خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، داواكارییه‌كی دێرینی هه‌ردوو هاوپه‌یمانه‌كه‌یه‌تی (سه‌در و حه‌كیم)".

دكتۆر عه‌لی موئمین به‌دووری ده‌زانێت كه‌ " له‌ ئاینده‌یه‌كی به‌رچاودا پێگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ببیته‌ جێی ململانێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی (سه‌ره‌ڕای بوونی بۆچوونی دژ به‌رامبه‌ر هه‌ندێك له‌ سیاسه‌ته‌كانی) تا ئێستاش عه‌بدولمه‌هدی پشتگیری زۆرینه‌ی كوتله‌ سیاسییه‌كانی هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێك لایه‌ن نیازی ئه‌وه‌شیان هه‌بێت حكومه‌ته‌كه‌ی بڕوخێنن، بێگومان جێگره‌وه‌كه‌ی عه‌بادی نابێت".
15ی كانونی دووه‌می 2018 عه‌بادی هاوپه‌یمانیی نه‌سری پێكهێنا و داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد بچنه‌ پاڵی، له‌كاتێكدا كوتله‌ی نه‌سر له‌ په‌رله‌مان 30 په‌رله‌مانتاری هه‌یه‌.


له‌باره‌ی ئه‌م گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌ی عه‌بادییه‌وه‌، كه‌ له‌ خواستیه‌وه‌ بۆ بوونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، عه‌لی سنێد، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانیی نه‌سر به‌ (المونیتور)ی گوت: "هێشتا زووه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌بادی بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌رێكی به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌م شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌كان له‌وباره‌یه‌وه،‌ ته‌نها گوزارشت له‌ بۆچوونی خاوه‌نه‌كانیان ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا تا ئیستا تێڕوانینی عه‌بادی و هاوپه‌یمانیی نه‌سر پشتگیریكردنی حكومه‌ته‌".

پێچه‌وانه‌ی وته‌كانی سنێد، له‌ هه‌ر ساتێكدا بڕیاردانی عه‌بادی چاوه‌ڕوانكراوه‌، چونكه‌ عه‌بادی له‌ 5ی ئایاری 2019دا ئاماده‌یی خۆی بۆ سه‌رله‌نوێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ڕاگه‌یاند، ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی به‌رده‌وام نه‌بوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنی وڵاتدا هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی عه‌بادی له‌ هه‌لی بوونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران نزیكده‌كاته‌وه‌، نیگه‌رانی هاوپه‌یمانیی سائیرونه‌ له‌ عه‌بدولمه‌هدی، سه‌باح ساعدی سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانیی سائیرون،‌ 5ی كانونی یه‌كه‌می 2018 هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ عه‌بدولمه‌هدی كردو وتی "ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبێت له‌ ملكه‌چی بۆ ئه‌م و ئه‌و، كاتی كۆتاییهاتنی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌ستیپێكردووه‌"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ "حه‌شدی شه‌عبی و هاوپه‌یمانیی بونیاتنان". به‌گوێره‌ی وته‌كانی واسق ئه‌لجابری، ڕاوێژكاری سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی میدیایی، كه‌ به‌ (المونیتور)ی ڕاگه‌یاند "ده‌ستبه‌رداربوونی عه‌بادی له‌و پۆستانه‌ی له‌ حزبی ده‌عوه‌دا هه‌یبوون بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌و ناكۆكیانه‌ی حزبه‌كه‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌رله‌نوێ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی خواستی بوونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌ ئیستا له‌و پێناوه‌دا به‌ جموجۆڵه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌".


به‌ هه‌مان شێوه‌ موقته‌دا سه‌در له‌ 25ی نیسانی 2019دا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و مۆڵه‌ته‌ شه‌ش مانگییه‌ی دراوه‌ته‌ عه‌بدولمه‌هدی كۆتایی هات، هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندانی كرد و ڕووی ده‌می كرده‌ عه‌بدولمه‌هدی و گوتی: "تۆ ده‌زانیت كه‌ هه‌لی سه‌ركه‌وتن و خۆسه‌لماندنت ته‌نها له ‌نێوان شه‌ش مانگ و ساڵێكدایه‌".

وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی سه‌در، كه‌ تێبینی له‌سه‌ر رۆڵی سیاسیانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه‌" عه‌بادی له‌ 25ی ئایاری 2019دا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌شدی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد له‌سه‌ر ماڵی گشتی سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ن، پرسیاری له‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و موڵك و ماڵانه‌ كرد كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ هه‌یانه‌، هاوكات نیگه‌رانی له‌ ئه‌دای حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی نیشاندا و وتی (گه‌نده‌ڵكاران پێشتر بڕیاریاندابوو له‌ ترسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان ڕێگه‌نه‌ده‌ن بۆ ویلایه‌تێكی تر سه‌ربكه‌وم)".

له‌ كاتێكدا سروشتی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی به‌و جۆره‌ نییه‌، وه‌ڵامی  ئه‌و هه‌واڵانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ له‌ دژی ده‌كرێن، به‌ڵام هه‌واڵی نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌راسانی كرد، ڕۆژی 6ی حوزه‌یرانی 2019 سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ عه‌بدولمه‌هدی ڕایگه‌یاند، كه‌ ناوبراو به‌نیاز نییه‌ ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌‌، عه‌بدولمه‌هدی كه‌ به‌ ته‌وافوق بۆ ئه‌و پۆسته‌ پاڵێورابوو، سه‌ر به‌ كوتله‌یه‌كی سیاسی به‌هێز نییه‌ پشتگیری بكات، تا ئێستاش به‌ بارمته‌ی ئه‌و كوتله‌ سیاسیانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ پاڵاوتویانه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ خاڵی لاوازی كابینه‌كه‌ی داده‌نرێت و هۆكارێكه‌ بۆ په‌له‌كردن له‌ لابردنی له‌ كورسی سه‌رۆكایه‌تی.