ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:59 - 16/06/2019

ئایا ئێران هێرشەکەی سەر نەوتهەڵگرەکانی کەنداوی ئەنجامداوه‌؟‌

پەیسەر

هێرشی سەر دوو کەشتیە نەوتهەڵگرەکەی گەرووی هورمز، جارێکی تر ئالۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی قوڵکردەوە. نرخی نەوت بەرزبووەوە و پەنجەی تاوان بە ئاڕاستەی حکومەتی تاران درێژکرا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوو هەفتە لەمەوبەر لە سەردانەکەیدا بۆ ژاپۆن باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کرد، بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەمە (١٣ی حوزه‌یران) بۆسه‌ر دوو کەشتیە نەوتهەڵگرەکە، ئاگری ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی خۆشتركرد.

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، ئێرانیان تۆمەتبار کرد و فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مینێكی ده‌ریایی له‌نزیك یه‌كێك له‌ دوو كه‌شتیه‌كه‌ له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ بڵاوکردەوە.

بۆچی ئەم جارە بە تەنها لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئێران تۆمەتبارکرا؟ هەتا چ ڕادەیەک تۆمەتەکان ڕاستن؟ کۆماری ئیسلامی ئێران چ بەرژەوەندییەکی لە كرده‌وه‌یه‌كی ئاوادا هه‌یه‌؟ نائارامی لە بازرگانی نەوت لە جیهاندا، چ سوودێک بە ئێران دەگەیەنێت؟


لەبارەی ئەم پرسانە، بەشی فارسی ماڵپەری دۆیچەڤێله‌ی ئەڵمانی ڕاپۆرتێکی شیکاریی بلاوکردووه‌تەوە و دەڵێت، بەرلەوەی ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران زیادبکات، حکومەتی تاران هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر نەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزدەبێتەوە و ئەو بارودۆخەش لە بەرژەوەندی هیچ وڵاتێک و ئابووریی جیهاندا نییە، بەڵام بەهۆی هەوڵەکانی ئیمارات و سعودیە و عێراق و بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە، پێشبینییەکانی ئێران به‌ ڕاست نەگەڕان، بەهۆی ئەوەش پێدەچێت ئێران ئەو هێرشەی ئەنجامدابێت بۆ ئەوەی ناسەقامگیری لە بازاڕی نەوتدا دروست بکات.

بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی ئێران لە چەند مانگی ڕابروودا، چەندین جار بە ئاشکرا ڕایانگەیاندبوو، ئەگەر رێگریی لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بکرێت ڕێنادەن وڵاتانی ناوچەکەش نەوت بفرۆشن، بەو هۆیەوه‌ زۆربەی شرۆڤه‌كارانی دۆخی ئێران لەو بڕوایەدان سوپای پاسداران بەرپرسی هێرشەکە بێت.


دۆیچەڤێله‌ لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەدەکات، لە ئێستادا ولاتانی بەکاربەری نەوت لە بەرزبوونه‌وه‌ی نرخی نەوت نیگەرانن و بە دوای وه‌ڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن، ئایا نرخی نەوت بەرزتر دەبێتەوە یان هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە دەستپێدەکرێت؟ بەڵام تا ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و پێشبینی نزمبوونه‌وه‌ی ناکرێت.

تۆمەتەکانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەو رەخنە توندانەی لە ئێرانی گرت، هەڵوێستی خودی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکایه‌، بەڵام تا ئێستا ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی دیکەیان لەوبارەیەوە ئاشکرانەکردووە. ئەگەر ئەمریکا بخوازێت ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا تۆمەتبار بكرێت، پێویستە بەڵگەی زیاتر بخاتەڕوو و لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا تیمی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و ڕووسیا و چینیش لەو پرسە ئاگاداربکاتەوە، لەبەرئەوەی چین بە تایبەتی، پێویستیی زۆری بە سەرچاوەی وزەی کەنداو هەیە.

لە ڕاپۆرتەکەدا دۆیچەڤێله‌، هێرشەکانی مانگی رابردووشی بە بیرهێناوەتەوە کە لە ئاوەکانی کەنداو بەرامبەر چوار کەشتی نەوتهەڵگری تر ئەنجامدران و ئاماژەی بەوەداوە، باڵی توندرەوەکان لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا بەهێزبووە و پێدەچێت، لە بەرامبەر سزا ئابوورییه‌كان و شەڕی نەرمی ئەمریکادا، (شەڕی گەرم) تاقیبکەنەوە.

 

ئەمریکاش بە هۆی ئەوەی لە ڕابردوودا لە سزاکانی بۆ سەر ئێران تا ڕادەیەک تەنها ماوەتەوە و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا بە تەواوی پابەندی سزاکان نەبوون، هەوڵدەدات ئەو وێنەیە لە جیهاندا دروست بکات کە ئێران سەرچاوەی نائارامی و شەڕ و بەرهەمێنەری (تیرۆرە). ئەگەر بەڵگەی ڕوون و ئاشکراش لە لایەن ئەمریکاوە بڵاوبکرێتەوە و ئێران بەرپرسی هێرشەکان بێت، ئەوا بە شێوەیەکی سروشتی ڕۆژئاواییەکان بە تەواوی دەچنە پاڵ ئەمریکا، ئەمەش دەستی ئەمریکا ئاوەڵا دەکات بۆ ئەوەی دەست بە قۆناغێکی تری سزاکان بۆ سەر ئێران بکات.

لەبارەی هەڵوێست و بۆچوونی ئێرانیش، بەرپرسانی ئێران بە تایبەتی عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەوبڕوایەدان، ئەمریکا به‌نیاز نییە لەم کاتەدا هێرشی سەربازیی بەرامبەر ئێران ئەنجامبدات و دەیانەوێت تا کۆتاییهاتنی ئەم خولەی سەرۆکایەتی ئەمریکا هیچ نەرمییەک نیشان نەدەن.


ئێرانییەکان هیواخوازن جارێکی تر کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرنەکەون، لەوبڕوایەدان سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە بەرژەوەندی ئەواندا دەبێت و دەتوانن لەگەڵیاندا دەست بە دانوستاندن بکەنەوە.

سیناریۆیەکی تر ئه‌وه‌یه‌، چه‌ند وڵاتێكی تر ئەو هێرشەیان ئەنجامدابێت، لەبەرئەوەی دوو هەفتەی ڕابردوو ترەمپ باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێراندا کردبوو و ئەوەش لە بەرژەوەندی هەندێک وڵاتانی ناوچەکەدا نییە، بەڵام چ ئێران و یان وڵاتێکی دیکە لە پشت ئەو هێرشانەوەبن، ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە هۆی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا، ئەوەش کارەساتێکی گەورەی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.