ڕاپۆرتی کوردستانی

07:01 - 18/06/2019

دەمیرتاش لە ١٤٢ ساڵ، چەند ساڵ سزادەدرێت‌

پەیسەر

دادگاییکردنی سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ڕێی سیستمی دەنگوڕەنگه‌وه‌ لە هۆڵی گرتووخانەی شاری ئەدرنە بەڕێوەچوو و بڕیارە پرۆسەی دادگاییکردنەکە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت. بەهۆی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا کە داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کردبوو، ئەگەری ئەوە هەیە لەم دۆسێیەدا سزای بەسەردا نەسەپێندرێت.

سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش لە دادگا مافی قسەکردنی وەرگرت و رایگەیاند: "لە تورکیادا پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی) دەسەڵاتەکەی پیرۆز نیشاندەدات، بەڵام بە کردەوەکانی کۆمەڵگه‌ لەتدەکات. هەرکاتێک ئاکپارتی خۆی بە بێهێزی ببینێت ڕکابەرەکانی وەک تیرۆریست و ناپاك ناوده‌بات و دوژمنایەتی لە نێوان گەلانی تورکیادا دروست دەکات".

گوتیشی: "لە ئێستادا ئەگەر بڕیاری ئازادکردنیشم بدرێت، یاسا سەروەر نابێت. لەبەرئەوەی ئەم دادگاییکردنانە گورزێکی گەورەیە بۆ سیاسەتی تورکیا و پێویستە فشاری سەر دادگاکان هەڵبگیرێت".

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئەوەشی خستەڕوو: "ئاکپارتی وادەزانێت بە کردەوەکانی بەرامبەر هەدەپە کارێکی باش بۆ تورکیا دەکات، بەڵام جیهان چۆن بەرامبەر ڕەوشی میسر، کە محەمەد مورسی لە دادگادا گیانی لەدەستدا، نیگەرانبوو، بەو شێوەیەش بەرامبەر دۆخی تورکیا نیگەرانە و باجه‌كه‌ی  حکومەتی ئاکپارتی دەیدات".

لە میدیاکانی تورکیادا ژمارەیەک هەواڵ لە سەر ئەگەری ئازادکردنی سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش بڵاوکرانەوە، بەڵام پارێزەرەکەی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، سەڵاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپە، بە تۆمه‌تی "پروپاگه‌ندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی" سزای زیندانی چوار ساڵ و ھەشت مانگی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوە و زیاتر لە دووساڵە لە زینداندایە، بەهۆی ئەو سزایەشه‌وه‌ بێت ئازادناکرێت.

ئەمڕۆ سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش لە تویتێکدا پشتگیری خۆی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، کاندیدی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) بۆ سەرۆک شارەوانی پارێزگای ئیستانبوڵ نیشاندا، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی بەرپرسانی ئاکەپە.

بینالی یڵدرم کاندیدی ئاکەپە و مەهەپە بۆ سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە تویتەکەی دەمیرتاش کرد و گوتی: "دەمیرتاش کە بووەتە هۆی مردنی زۆر کەس و پارتەکەی پشتگیری لە تیرۆر دەکات، پشتگیری جەهەپە دەکەن، بەڵام من داوا لە لایەنگرانی (ئیی پارتی) دەکەم، کە پارتێکی نەتەوەپەرستە، دەنگ بە ئیمامئۆغلۆ نەدەن و لە تەنیشت (تیرۆریستان) جێی خۆیان نەگرن".

بە هۆی لێدوانەکانی لە ساڵی ٢٠١٣دا کە هاوکاتبوو لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیادا، لەلایەن داواکاری گشتی تورکیا و بەرپرسانی ئاکپارتیەوە نزیکەی ٩٦ سکاڵا دژی دەمیرتاش تۆمارکران و داواکاری گشتی داوایكرد ده‌میرتاش ١٤٢ ساڵ زیندانی بكرێت.

لە ٢٠ی ئازاری ساڵی ٢٠١٦دا مافی پارلەمانتاری لە سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش سەندرایەوه‌ و لە ٤ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دەستگیرکرا. لە ٧ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨دا دادگای سزا قورسەکانی ئیستانبوڵ سزای زیندانی چوار ساڵ و ھەشت مانگی بە سەردا سەپاند.

پارێزەرانی دەمیرتاش لە دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا سکاڵایان دژی حکومەتی تورکیا تۆمارکرد، دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپاش لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا بڕیاری ئازادکردنی دا و رایگەیاند، حکومەتی تورکیا مافی ئازادی و پاراستنی ئاسایشی دەمیرتاشی زەوتکردووە و پێویستە دەمیرتاش ئازادبکرێت و لە دەرەوه‌ی زیندان دادگاییبکرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەو کاتە لە لێدوانێکیدا داواکەی دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپای ڕەتکردەوە و گوتی: "دەمیرتاش (تیرۆریستە) و کەس ناتوانێت ئازادی بکات".