ڕاپۆرتی کوردستانی

07:20 - 18/06/2019

شا محەمەدی یاری، ڕێبەری سەرهەڵدانی خەڵکی ئیلام‌

پەیسەر

کورد لە سەدەی بیستەمدا تەنیا لە بازنەی سەرهەڵدان – شکست – سەرهەڵدان دا خولاوەتەوە. سەدەیەک پڕاوپڕ لە سەرهەڵدان و شکست و سەرهەڵدانەوە. هەرچەندە ئەم سەدەیە لە روانگەیەکەوە وەک سەدەی ڕزگاریی گەلانی بندەست دەناسرێت و زۆربەی گەلانی ژێردەستەی جیهان توانیان لەم سەدەیەدا سەربەخۆیی و ئازادیی خۆیان مسۆگەر بکەن، بەڵام کورد بە گشتی تەنیا خەریکی ئەزموونکردنەوەی ئەزموونکراوەکان بوو و نەیتوانی ستاتۆیەک بۆ خۆی دەستەبەر بکات. بە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نموونەی دەیان سەرهەڵدانی خوێناوی دەبینرێت کە تاکە دەرەنجامی کوشت و کوشتاری خەڵک بووە. یەک لەو ڕاپەرینە گەورە و بەرفراوانانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەرینی ڕنووی ئیلامە.

ڕاپەڕینی ڕنوو ڕاپەڕینێکی گەورە و بەرفراوان بوو کە سەرانسەری خێڵەکانی ئیلام و ناوچەکەی گرتەوە و حکوومەتی ئەو کاتی ئێرانی تووشی شڵەژان کرد بە چەشنێک کە لەشکرێکی گەورەی بە فەرماندەیی ژەنەراڵ ڕەزمئارا بۆ سەرکوتی ئەم ڕاپەڕینە ڕەوانەی ئیلام کرا.  شا محەمەدی یاری ئیلامی، کە سەرکردایەتیی ئەم ڕاپەڕینەی لە ئەستۆ بوو، پیاوێکی خەڵکی و خۆشەویست بوو کە توانی سەرەڕای تەنگ و چەڵەمەکان، خەڵکی ناوچەکە بۆ ڕاپەڕین لە دژی دیکتاتۆری و زیندووکردنەوەی شوناسی خۆیان لە دەوری یەک کۆ کاتەوە. لە ڕاستیدا شا محەمەد وەک یەک لە ڕێبەرە دیارەکانی ئیلام و لوڕستان و کرماشان دێتە ئەژمار کە پاش چەندین ساڵ لە بندەستی و هەژاری خەڵکی ناوچەکە، سەری هەڵداوە و یەکێک لە  هێماکانی خۆڕاگریی گەلی کورد لە ئیلام لە دژی دیکتاتۆرییەتی ڕەزاشا بووە.

پارێزگای ئیلام  ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٩٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و حەشیمەتەکەی نزیک بە ٨٠٠ هەزار کەس دەبێت و لە ٩ قەزا پێکهاتووە و کەوتووەتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. زمانی خەڵکی ئیلام کوردییە کە بە کوردیی باشوور یان کوردیی فەیلی بەناوبانگە.


ڕاپەڕینی ڕنوو قۆناغێکی دیارە لە مێژووی پڕ تەنگ و چەڵەمەی ئیلامدا، ئەم ڕووداوە کە بە هاوکاری و یەکێتیی خێڵ و عەشیرەتە کوردییەکان هاتە ئاراوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری قارەمانی و جەنگاوەریی کوردانی ئیلامە.

ڕووخانی پاشایەتی قەجەر و هاتنە سەر حوکمی ڕەزاخان لە ڕاستیدا تێکچوونی میرنشینەکانی وەک میرنشینی ئیلام و خووزستانی بە دواوە بوو. ڕەزاخان بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی، سوپایەکی گەورەی دامەزراندا و پەرەی پێدا، ویلایەتەکانی ناچار بە پێملبوون کرد و دەسەڵاتی دەوڵەتی بە دەستەوە گرت و پارلەمانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی. هەروەها بە پشت بەستن بە هێزی سوپا، سەرهەڵدانی سمایل ئاغای سمکۆی سەرکوت کرد و هەر بە پشت بەستن بە زۆر و توندوتیژی، عەشیرەتەکانی بەختیاری و لوڕەکانی پێملی دەسەڵاتەکەی خۆی کرد و چەکی لێداماڵین.

ڕەزا خان بە توندی لە دژی حکومەتە خۆجێیەکان و دەسەڵاتی میرایەتی بوو و ئامانجی ئەوە بوو ئەم چەشنە حکومەتانە لە ناو ببات و خۆی لە ناوەندی هەموو بڕیارەکاندا بێت و بۆ ئەمەش پشتی بە سوپایەکی پڕچەک و چۆڵ دەبەست و توانی زۆربەی سەرهەڵدانەکان سەرکوت بکات. لە ماوەیەکی کورتدا توانی بەشێک لەم ئامانجانە بەدی بهێنێت و دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر بکات.

لەم سەردەمەدا غوڵامڕەزاخانی ئەبووقەدارە کوڕی حسێن قوڵی خان حاکمی ئیلام بوو کە بە وتەی بەشێک لە گەشتیارە ڕۆئاواییەکان زیاتر لە بیست هەزار هێزی چەکداری هەبوو و تەنانەت کوڕەکانی جارجارە هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی عوسمانی. تا ئەوکاتەی کە ڕەزاخان بە نامەیەک داوای لە غوڵامڕەزاخان کرد بۆ هەندێک ڕوونکردنەوە بچێتە تاران. ئەبووقەدارە سەرپێچیی لەم فەرمانە کرد و ڕەزاخان بە ناچار سالار ئەشرەفی زەنگەنەی ناردە لای میر، بەڵام ئەویش هیچ دەسکەوتێکی نەبوو و بە دەستی بەتاڵی گەڕایەوە تاران. غوڵامڕەزاخان کە دەیزانی سەردەمی دەسەڵاتەکەی گەیشتووەتە کۆتایی، بڕیاری دا بچێتە عێراق.
دوای ئەوەی حکومەتی نیوەسەربەخۆی ئیلام لە ناو چوو، بواری هاتنی هێزە حکومییەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ ئیلام ڕەخسا و یەکەم گرووپ بە فەرماندەیی ژەنەراڵ محەمەد سادق کۆپاڵ، عەمید عەلی ئەکبەر درەخشانی بەرپرسی ماڵی و چەندین ئەفسەر و زیاتر لە ١٥٠ سەرباز هاتنە ناو حسێن ئاوا (ناوەندی ئیلامی ئێستا) و قەڵای میریان کردە ناوەندی نیشتەجێ بوون و فەرماندەیی خۆیان. بەپێی هەندێک سەرچاوە و بەڵگەنامە کە لە ناوەندی بەڵگە مێژوویی و دیپلۆماسییەکاندا دۆزراوەتەوە، هەندێک پێکدادانیش لەو کاتەدا ڕووی دا.

ژەنەراڵ کۆپاڵ دەستی دایە ڕێک و پێک کردنی کاروبارەکان بۆ ئەوەی بتوانێ بەسەر تەواو ناوچەکەدا زاڵ ببێت و فەرمانە حکومییەکان جێبەجێ بکات. جێبەجێ کردنی یاسای چەک کردن و داماڵینی چەک لە عەشیرەتەکان یەکێک لە هۆکارەکانی تێکهەڵچوونی کورد لەگەڵ حکومەتی پەهلەوی بوو. چونکە خەڵکی کورد لەو سەردەمانەدا بەردەوام چەکیان هەبوو و چەک یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و هەبوونی عەشیرەت و خێڵەکان بوو و خەڵکی کورد ئامادە نەبوون بە ئاسانی چەکەکانیان ڕادەستی دەسەڵات بکەن. جگە لەمەش بڵاو بوونەوەی هەندێک دەنگۆ لەمەڕ داماڵینی سەرپۆش و قەدەغەکردنی جل و بەرگی کوردی، خەڵکی بە حکومەتی نوێ بێ متمانە کردبوو. هەروەها ئاکنجی کردنی خێڵ و عەشیرەتەکان کە لە کوردستان و لوڕستان دەستی پێکردبوو، تووشماڵ (سەرکردەکانی خێڵ لە ناوچەی ئیلام بە تووشماڵ دەناسرێن) و گەورەکانی ئیلامی ترساندبوو.

نزیکەی ساڵێک پاش هاتنی نوێنەرانی حکوومەت بۆ ناوچەی ئیلام، خەڵک هەستیان دەکرد کە یاسا نوێیەکان، هەڵاوێرکار و پاوانخوازانەیە و تەنیا بۆ سنووردار کردنی مافەکانی خەڵکە و هیچ قازانجێکی بۆ خەڵک بە دواوە نییە.

لە حوزەیرانی ١٩٢٨دا هەندێک گرژی و پێکدادان لە نێوان جوتیاران و پۆلیسدا ڕووی دا کە لێکەوتەکەی کوژرانی کەسێک لە خێڵی شوان و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە بوو. دوابەدوای ئەوە ژەنەراڵ کۆپاڵ هەندێک فەرمانی دیکەی دەرکرد کە توندتر لە سزاکانی والی ئیلام بوو و ئەمەش بووە هۆی سەرپێچی خەڵکی کورد لە حکوومەت و نوێنەرەکانی لە حسێن ئاوا. حسێن ئاوا ناوی پێشووی شاری ئیلامی ئێستایە.

ڕەزاخان کە برەوی بە نەتەوەگەرایی توندڕەوی فارس دەدا، فەرمانی دا جل و بەرگی خەڵکی کورد لە ناوچەی ئیلام قەدەغە بکرێت و قات و کڵاوی پەهلەوی شوێنی بگرێتەوە. خەڵکی مەلەکشایی و گەورەکانی خێڵ کە لە سەردەمی میرانی ئیلامدا دەستێکی باڵایان لە ئازادیخوازی و بەرەنگابوونەوەی زوڵم و زۆرداری هەبوو، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ مهەم قەیسی و شامحەمەد و چەندین کەسی باوەڕپێکراو کە هەموویان لە سەرکردەکانی مەلەکشایی بوون دەستیان بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە کرد. شامحەمەد لای خەڵکی مەلەکشایی پیاوێکی بەڕێز و خۆشەویست و خاوەن پێگەیەکی تایبەت بوو.

شامحەمەدی یاری:
شامحەمەدی یاری ناسراو بە شامێگە ڕەزاخان  لە پیاوچاکان و سەرکردەکانی خێڵی مەلەکشایی بوو کە مێژوویەکی درەشاوەی لە بەرەنگاربوونەوە و تێکۆشان لە دژی عەرەب و عوسمانیدا هەبوو.  شامحەمەد لەگەڵ کەسانی دیکەی وەک میرزا شامحەمەد خوسرەوی و چەندین تووشماڵی دیکە، داوایان لە حاکمی سەربازی کرد کە ڕەفتارێکی دادپەروەرانەتری لەگەڵ خەڵکی چەوساوەی کورد هەبێ، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئەوانەوە، ژەنەراڵ کۆپاڵ لە نامەیەکی هەڕەشەئامێزدا داوای لێیان کرد کە دەست وەرنەدەنە کاروباری حکوومی. دەقی نامەکە بەمجۆرە بوو:

"ئێستا ئێوە کوردی بەڕبەڕ ( وەحشی) واتان لێهاتووە بۆ ژەنەراڵێکی سوپا کە سەرجەم پلەکانی پێشکەوتنی بە باشترین شێوە بڕیوە و بە ساڵان ئەزموونی بەشداریی لە حکومەتدا هەیە، دیاری دەکەن کە چ بکا و چ نەکا؟"

ئەم دژکردەوەی ژەنەڕال کۆپاڵ و ئەفسەرەکانی دیکە بووە هۆی ئەوەی سەرکردەکانی ئیلام لە بەرانبەر ڕژێمی نوێدا هەڵوێستێکی جیاوازتر وەربگرن و بکەونە بیری شۆڕشێکی گشتگیر. لە لایەکەوە شا محەمەدی یاری خەریکی ئامادەکاریی بوو بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندە سەربازییەکان، لەلایەکی دیکەشەوە ئەبووقەدارە لە عێراقەوە لەگەڵ سەردار ڕەشیدی کوردستانی کەوتە پەیوەندی دروستکردن و بواری هاوکاریی دوو لایەنەی ڕەخساند و ڕاپەڕینی تازە سەرهەڵداوی ئیلامی تا کرماشان و سنە پەرە پێدا.

غوڵامڕەزا خانی ئەبووقەدارە دواتر داوای لە سەرکردەکانی خێڵی بیرانوەندی لوڕستان کرد بۆ ئەوەی شانبەشانی ئیلامییەکان هێرش بکەنە سەر سوپای تاران و هێزێک بنێرنە ئیلام تاوەکوو میر دوای گەڕانەوە بۆ ئیلام هەموو یارمەتییەک بخاتە خزمەت بیرانوەندەکان. لەم کاتەدا شۆڕشی کوردان گەیشتبووە لووتکە و لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرهەڵدان و ڕاپەرینی کوردان تەشەنەی دەسەند.

بەڵگەنامەیەکی حکومی بەمشێوەیە باسی ڕاپەڕینی عەشیرەتە کوردییەکانی ئەو سەردەمە دەکات:
"لەم دواییانەدا بیستراوە بەشێک لە عەشیرەتە لوڕەکانی وەک جووکی و سەگوەند لەگەڵ میری ئیلام لێکیان کردووە و هەروەها میر لەگەڵ سەردار ڕەشیدی کوردستانی دانیشتنێکیان هەبووە و بڕیاریان داوە حکومەتی لوڕستان و ئیلام و کوردستان بە دەستەوە بگرن و ناوچەکە تووشی ئاڵۆزی و بشێوی بکەن..."

بەپێی هەندێک بەڵگەنامەی نهێنی دیکە سەبارەت بە ڕاپەرینی ئیلام، باس لەوە کراوە کە هەندێک لە تووشماڵەکانی ئیلام، کەسانی جێی متمانەی خۆیان ناردووەتە عێراق بۆ دیدار لەگەڵ ئەبووقەدارە و سەبارەت بە سەرهەڵدان هەندێک دانوستانیان کردووە و بڕیاریان داوە لە ناکاو هێرش بکەنە سەر کارمەندانی دەوڵەت و چەکیان بکەن و لە ئیلام دەریان بکەن. جگە لەمەش خێڵ و عەشیرەتەکانی ئیلام بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان لە عەرەبەکان کڕیوە بۆ ئەوەی لە شەڕدا کەڵکی لیوەرگرن...

شامحەمەد کە ئاگاداری چەک کردنی عەشیرەت و لابردنی سەرپۆش و ئاکنجی کردنی خێڵەکان و بەرنامەکانی دیکە حکوومەت بوو، هەوڵی دا تا بە یەکگرتوویی خێڵەکانی ئیلام، هێرش بکاتە سەر حسێن ئاوا و دوای ئەوەی دەستی بە سەر دام و دەزگا حکومییەکاندا گرت، خۆی حکومەتێک دامەزرێنێت. وەک عەباس محەمەدزادە لە کتێبی سەرهەڵدانی ئیلام لە سەردەمی رەزاشادا باسی دەکات: " لەڕاستیدا بیرۆکەی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتێکی خەڵکیی سەربەخۆ لە هزرێکی ڕۆشنبیرانە و ساکارەوە سەرچاوەی دەگرت و شا محەمەد لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە چونکە عەشیرەتەکانی ئیلام وڵاتپارێز و نیشتمانپەرەوەرن و بەهێزترین خێڵەکانی ناوچەکەن و سەرۆک خێڵ و تووشماڵەکانی هەرگیز نەبوونەتە داردەستی بێگانە، دەبێ خۆیان بەڕێوەبەرایەتیی حکومەت لە ئەستۆ بگرن و یەکێک لە ڕێبەرەکانیان لە جێی ئەبووقەددارە دابنێن.

بە وتەی هەندێک لە مەزنەکانی ئەو سەردەمە، شا محەمەدی یاری ئەگەر بیتوانیبایە لایەنگرانی بە قەناعەت بگەیەنێ و دەسەڵاتی ئیلام بەدەستەوە بگرێت، ئامانجی دوایی ئەوە بوو کە سەرانسەری ئێران بگرێتە دەست و تەنیا بە حکوومەتی ئیلام ڕازی نەدەبوو.

شامحەمەد بە پشتبەستن بە خێڵەکەی خۆی کە گەورەترین خێڵی ناوچەی ئیلام بوو هەوڵی دا یەکگرتووییەک لە نێوانیاندا دروست بکات و هێزێکی چەکدار بۆ ڕاپەڕین دەستەبەر بکات. هەر بۆیە لە میوانییەکدا زیاتر لە بیست سەرکردەی خێڵی مەلەکشایی بانگهێشت کرد و بیرۆکەکانی خۆی لەگەڵ دابەش کردن. دەگێڕنەوە کە ئەم سەرکردانە بە گەرمی پێشوازییان لە بیرۆکەکانی شا محەمەد کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداربوون لە ڕاپەڕیندا دەربڕی و سوێندی وەفادارییان بۆ خوارد.
سەرەنجام دوای هەڵبژاردنی شا محەمەدی یاری وەک سەرۆکی هێزەکانی ڕاپەڕین، خەڵکی مەلەکشایی چەندین ڕۆژ شایی و گۆڤەندیان گێڕا و دروشمی؛ "ئەنار و گوڵ ژە باخان     شا محەمەد  ژە جی ڕەزاخان"یان وتەوە.

دوای ئەوەی سەرکردەکانی خێڵی مەلەکشایی بڕیاریان دا هێرش بکەنە سەر حسێن ئاوا، بە دزییەوە هەوڵی دابینکردنی چەک و تەقەمەنییان دا و هێرشیان کردە سەرچەندین بنکەی سنووریی هێزەکانی حکوومەت و چەکیان کردن.

بەساڵاچووان  دەگێڕنەوە کە هێزەکانی شا محەمەد چەک و چۆڵیان کەم بوو، هەر بۆیە هەندێک چەکیان لە خانەقین و باشووری کوردستان کۆ کردەوە، هاوکات لەگەڵ چەکدارکردنی هێزەکانی شا محەمەد، عەلیقولی خانی سارمولسەڵتەنە (کوڕی ئەبوو قەدارە) کە جێگری ژەنەڕال کۆپاڵ بوو و بە فەرمانی حکوومەت بۆ سەرکوتی سەرهەڵدانی خێڵە کوردەکان لە دێلوڕان، دووسەد تفەنگی پێدرابوو، هاتە نێو ڕیزی هێزەکانی شۆڕش و لەگەڵ تووشماڵ و سەرکردەکانی دیکە بەرەوە حسێن ئاوا ڕێیان گرتە بەر.

لە ئەنجامدا دوای چەندین ڕۆژ شەڕ و پێکدادانی قورس، حسێن ئاوا کەوتە دەستی شۆڕشگێران و شا محەمەد لە ناو ‌خەڵکدا وتارێکی گەرم و ئاگرینی دا. خەڵک دوای ئەم سەرکەوتنە هێندە بڕوای بە خۆی قایم و پتەو بوو کە بیری لە هێرش کردنە سەر شائاباد و کرماشان و ناوچەکانی دیکە دەکردەوە و دەستیان بە هەڕەشە و گوڕەشە کرد. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە خێڵەکانی کرماشان لە هاوکاری ڕاپەڕین پاشگەز ببنەوە.

لە حاڵیکدا گەمارۆدانی ناوەندە سەربازییەکان بەردەوام بوو و شۆڕشگێڕان دەیانزانی سوپای حکومەت بۆ سەرکوت لە لای باکوور و ڕێگەی کرماشان و ئەیوانەوە دێن، بە هێزێکی زۆرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە سوپا بەرەو شائاباد و کرماشان کەوتنە ڕێ و یەک لە ئامانجەکانیش ئەوە بوو کە خێڵەکانی دیکەی ناوچەکە بکەنە هاوپەیمانی خۆیان. شۆڕشگێران لە دۆڵی بەناوبانگی ڕنوو کە ڕێگەیەکی سەخت و ئەستەمی هەبوو جێگیر بوون و سێسەد کەس لە باشترین جەنگاوەرەکان بەرەو کرماشان کەوتنە ڕێ و لە ناوچەی چوارملە لەگەڵ سەربازانی حکومەت کەوتنە شەڕەوە.

بەڵام سوپا بڕیاری دابوو کە لەشکرێک لە خوڕەم ئاوا و لەشکرێک لە کرماشانەوە بە فەرماندەیی حاجی عەلی ڕەزمئارا کە دواتر بووە وەزیری جەنگ بە  چەکی قورسەوە بۆ سەرکوتی شۆڕش و سزادانی سەرکردەی خێڵەکان بنێرێت. هەوڵی سەرەکی سوپا ئەوە بوو شۆڕشگێران لە کوێستانەکان دوور بخاتەوە و پەلکێشی دەشتاییەکانیان بکات. چونکە باش دەیانزانی کە کورد لە ناوچە شاخاوییەکاندا زۆر جەنگاوەرانەتر شەڕ دەکات و لەوانەیە تێکشکاندیان کارێکی ئاسان نەبێت.

سەرۆکایەتی شۆڕش هیوای ئەوە بوو دوای سەرکەوتن بە سەر سوپا و دەستخستنی چەکی زیاتر، هێزەکانی ڕەوانەی ناوچەکانی دیکە بکات، بەڵام چەکی قورسی سوپا ترسێکی زۆری خستە دڵی خێڵەکان و ئەم هیوایەی سەرکردایەتی کردە بڵقی سەر ئاو.

هێزەکانی سوپا پاش چەندین ڕۆژ گەیشتنە ئەیوان و جێگیر بوون و هێزی بەکرێگیراویان لە ڕیزی پێشەوەی جەبهەی شەڕ جێگیر کرد و لە کۆتاییدا پاش مانگێک شەڕی قورس لە حسێن ئاوا و ڕنوو و کوژران و بریندار بوونی گەلێک لە سەرهەڵدراوان و کەمبوونی چەک و تەقەمەنی و دابەزینی مۆڕاڵی جەنگاوەران بە هۆی بۆردوومانەکانەوە، هێزی شۆڕش تووشی یەکەم شکستی خۆی هات. لە سەر داوای سەرکردەکان بەشێک لە تایفە و عەشیرەتەکانی بەشداربووی شەڕ بەرەو شاخەکانی مانیشت و کەبیرکێو و دینارکێو و باخی شا کشانەوە.

هێزە خەڵکییەکان پاش یەک مانگ لە داگیرکردنی حسێن ئاوا و نزیکەی مانگێک شەڕ لە ناوچەکانی ڕنوو و مانیشت و شکستهێنان لە بەرانبەر سوپای حکوومەتدا، بەرەو چەند شوێنێکی جیاواز پاشەکشێیان کرد.

هەر وەک هەمیشە و لە هەموو سەرهەڵدان و شۆڕشەکاندا ڕووی داوە، ئەمجارەش هێزەکانی حکوومەت بە تەماح خستنە بەر سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان و خوڵقاندنی دووبەرەکی بوونە شۆڕشەکەیان تووشی لاوازی و شکستهێنان کرد. ڕەزا خان بە ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی و لە پێناو نانەوەی دووبەرەکی  لە نێو خەڵکدا، توانی تا ڕادەیەک پێکدادانەکان کەم بکاتەوە و بەمجۆرەش لە ماوەیەکی کورتدا بواری تێکشکاندنی شۆڕشەکەی ئیلام بڕەخسێنێ.

دوای ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی و لاوازبوونی شۆڕش و هەڕەشە و تەماح وەبەر نانی تووشماڵان و سەرکردەکانی هۆزەکانی ئیلام، حەوت سەرکردەی ئیلامی دووانیان لە زیندانی کرماشان و پێنجیان لە شوێنی ئێستەی قایمقامییەتی ئیلام گوللەباران کران و ژمارەیەکی زۆریش لە زیندانەکانی کرماشان و خوڕەم ئاوا و قەسری قەجەری تاران زیندانی کران و تا دوو ساڵ دواتریش شوێنپێی ئەو سەرکردانەی شۆڕشیان هەڵگرتبوو لە ناو خاکی عێراقدا بۆ ئەوەی دەستگیریان بکەن یان تیرۆریان بکەن، لە ئەنجامدا ژەنەڕال کۆپاڵ بە تەلەگرافێک کۆتایی هاتنی ئەم شۆڕشەی بە تاران ڕاگەیاند.

سەبارەت بە لێبوردنی گشتیی ڕاگەیەنراو، هەندێک جیاوازی لە ئارادا بوو. لێبوردنی گشتی ئەبووقەدارە و کەسانی نزیکی ئەوی نەدەگرتەوە و بۆیان نەبوو بگەڕێنەوە ئێران و ئەگەر بشگەڕابانەوە، لە دەرەوەی ئیلام ئاکنجی دەکران بۆ ئەوەی نەتوانن جارێکی دی لە حکومەت هەنگاو بنێن. هەروەها شا محەمەدی یاری کە لە سەر داوای سەرکردەکان ڕووی کردبووە عێراق، سەرەنجام فەرماندەکانی سوپای تاران داوایان لێکرد بگەڕێتەوە ئیلام و پێشوازییان لێکرد و ناردیانەوە ئەرکەوازی مەلەکشایی و بەمچەشنەش کۆتاییەکی ئاشتییانە بووە ئەنجامی شەڕی ڕنوو و سەرهەڵدانی ئیلام. ڕەزمئارا دواتر لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیبووی بۆیە لەگەڵ شا محەمەد وەها بە نەرمی ڕەفتار کرا، چونکە خەڵکی ئیلام و مەلەکشایی دوای گوللەبارانی حەوت سەرکردەکەکەی شۆڕشەکەیان،  داخ لە دڵ بوون لە حکوومەت و ئەمەش بۆ دروستکردنی متمانەی خەڵک بە حکوومەت ئەنجام درا.

 بێ‌گومان سەرهەڵدانی ئیلام ئاڵقەی ونبووی زنجیرە سەرهەڵدانەکانی کورد لە دژی حکوومەتی پەهلەوییە کە کەمتر خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی لە سەر کراوە.

سەرهەڵدانێک کە لە خوارترین خاڵی باشوورەوە واتا دێلوڕان تا خێڵەکانی خەزەڵ و مەلەکشایی و ئەکەوازی و دێباڵایی و شوان و عەلی شێروان و هتد تێیدا بەشدار بوون و شانبەشانی یەک لە دژی بەرنامە سەپێنراوەکانی حکوومەت سەریان هەڵدا.

خێڵەکانی ئیلام:
خێڵەکانی ئیلام بریتین لە مەلەکشایی، ئەرکەوازی، شوان، کورد، زەڕین ئاوا، خەزەل، عالی بەیگی، دێباڵایی، عەلی شێروان، کوردی زەڕین ئاوا و دێلوڕان و هتد.
خێڵی مەلەکشایی گەورەترین خێڵی ئیلامە کە لە ٢٩ تایفە پێکهاتووە. سەرۆکی خێڵ بە تووشماڵ بەناوبانگە. سەرپەرشتی تایفەکان لە ئەستۆی کەیخوایە... هەر تایفەیەک بۆ چەند بنەماڵە دابەش دەبێت. بنەماڵە بچووکترین یەکەی هەر خێڵێکە.
خێڵی ئەرکەوازی بریتییە لە ٩ تایفە کە نیشتەجێی ناوچەی چوارن. هەر تایفەیەک لە یەک تا پێنج هۆز پێک دێت.
خێڵی شوان بریتییە لە ٩ تایفە و ٢١ هۆز کە نیشتەجێی زەڕین ئاوای نێوان ئەرکەوازی و ئاودانانن.
خێڵی میشخاس لە چوار تایفە پێک دێت.
خێڵی بۆڵی لە دوو تایفەی مزەفەروەند و گورگەوەند پێکهاتووە.
خێڵی کوردی زەڕین ئاوا لە ١٦ تایفە پێکهاتووە و خێڵی شێروان لە دوو تایفەی شێروان و زەنگوان و خێڵی خەزەلیش لە تایفەکانی شەمسیوەند، مەرشەوەند، قوڵیوەند و خێرەوەند پێکهاتووە