ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:02 - 20/06/2019

یەکشەممە هەموو چاوەکان لەسەر ئیستانبۆڵ دەبن‌

پەیسەر

هەڵبژاردنی شارەوانی پارێزگای ئیستانبوڵ تەنها سێ ڕۆژی ماوە. لایەنی سەرەکی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان، کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی گەلی کۆماریین، گوڕێکی زیاتریان بە کەمپینەکانیان داوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕاپرسییەکی زۆر لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراونەتەوە. زۆربەی ڕاپرسییەکان باس لە نزیکی دەنگی بینالی یڵدرم کاندیدی هاوپەیمانیی کۆمار و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانیی گەل دەکەن. بەپێی ڕاپرسییەکان، تا ئێستاش ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ لەپێشەوەیە. شرۆڤەکارانی ڕەوشی تورکیا هۆکارەکەی بۆ ناچالاکی بینالی یڵدرم دەگەڕێننەوە. لەبەر ئەو هۆکارەش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی ئاکپارتییە، بە شێویەکی چالاک دەستی بە کەمپینەکە کردووە.

ئەردۆغان لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە ڕایگەیاند، ڕاپرسییەکان ڕاست نین و هەر لایەنێک لە بەرژەوەندی خۆی ئەنجامێک بڵاودەکاتەوە. ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، هەڵبژاردن دەکرێت و ئێوارەی هەمان ڕۆژیش ئەنجامەکەی بڵاودەکرێتەوە، وتیشی: "لە ناو سندوقەکاندا چ ئەنجامێک دەربچێت، قبوڵمانە".
لای خۆشیەوە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانیی گەل ڕایگەیاند، پێویستە ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بگیرێت و هیچ هیزێکیش ناتوانێت خۆی بەرامبەر ئیرادەی گەل بگرێت.

لە لایەکی ترەوە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەر پەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند: (پێویستە بۆ هەڵبژاردنێکی ستراتیژی، هەموو لایەنگرانمان دەنگ بدەن).

هەدەپە ئەوەشی خستووەتەڕوو، (دەبێت بۆ ئاشتی و دیموکراسی و سەروەری یاسا لە ٢٣ی حوزەیراندا هەموو لایەنگرانمان دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ بدەن).

پارلەمانی ئەوروپای لەسەر داوای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ٤٧ چاودێری پسپۆڕ دەنێرێتە تورکیا و ڕۆژێک دوای هەڵبژاردەنکان ڕاپۆرتێک پێشکەش بە ڕای گشتی دەکەن.

هاوکات پارتی کۆماریی گەل ڕایگەیاندووە، نزیکەی هەزار پارێزەریان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە ڕاسپاردووە و لە هەر حاڵەتێکی نامۆدا، تێبینی خۆیان تۆماردەکەن.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئایار لە پارێزگای ئیستانبوڵ بەهۆی تانە و سکاڵای پارتی داد و گەشەپێدانەوە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە هەڵوەشێندرایەوە.

لە هەڵبژاردنەکەی پێشووی ئیستانبوڵدا، کە نزیکەی ١١ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ ٤٨.٨٠٪ی دەنگەکان و بینالی یڵدرمیش ٤٨.٥٥٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ئیمامئۆغلۆ بە جیاوازی نزیکەی ٣٠ هەزار دەنگ توانی سەربکەوێت.