ڕاپۆرتی کوردستانی

07:28 - 22/06/2019

ئایا نامەكەی ئۆجالان بە زیانی ئیمامئۆغڵو دەشكێتەوە؟‌

پەیسەر

هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبۆڵ لە توركیا كە بڕیارە سبەی دووبارە ئەنجام بدرێتەوە، دەبێتە هەڵبژاردنێكی مێژوویی. چونكە كەمپینەكانی ئەم هەڵبژاردنە و رووداوەكانی پەیوەستپێی، بە تایبەتی كردەوە و گوتارەكانی بلۆكی دەسەڵاتدار، زوو زوو گۆڕینی خیتابی هەڵبژاردن، گۆڕینی ستراتیژ، گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا، لە نیوەی رێگا پەشیمانبوونەوە لە چەندین ستراتیژی دیكە هەموویان شاهیدی مێژوویبوونی ئەم هەڵبژاردنە دەسەلمێنن.

بەڵام لە لوتكەی هەموو ئەم رووداوانەدا نامەی ئۆجالان بۆ هه‌ده‌په‌ هاوكاته‌ لەگەڵ كردنەوەی دەرگای ئیمڕالی و دەستپێكردنەوەی دیداری ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرانی   لە 2 ئایاری رابردوو، لەناوەندە سیاسیەكانی توركیا بە تایبەتی ئەوانەی نزیكی بەرەی ئۆپۆزسیۆنن، بانگەشەی (ئۆجالان بەشێوەیەك لە شێوەكان داوا لە هه‌ده‌په‌ دەكات دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو نەدەن یان پشتگیری لە بیناڵی یڵدرم بكەن) باسی لێوه‌ كرا. ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆرانی كێشەی كورد ئەم بانگەشەیان بە بێ واتا و نا لۆژیكی لە قەڵەمدا. لە دوو روانگەوە ئەم بانگەشەیە نا لۆژیكی بوو:
- دەسەڵات كە خۆی بە نوێنەری نەتەوەپەرستی توركیا دەزانێت، ملكەچی ئۆجالان نابێت و بۆ داوایەكی بەم شێوەیە ناچێتە بەر دەرگای ئۆجالان. چونكە تا ئەو ساتە دەسەڵات لە گوتارەكانیدا هەموو شتێكی ئۆجالان، هه‌ده‌په‌، پەكەكە و كوردی رەتكردۆتەوە. بەتایبەتی دەسەڵاتێك كە لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی میللی (مەهەپە) هاوپەیمانیەتی كۆماری دروست كردبێت بەهیچ شێوەیەك ناگاتە ئەو ئاستە. 

- ئۆجالان بۆ پێگە و  ناوبانگی رێبەرایەتی خۆی داوایەكی بەم شێوەیە ناخاتەڕوو. 
نامەیەكی پڕ لە نهێنی دەستنووسی ئۆجالان لە ئێوارەی 20 ئەم مانگە، كە تەنیا چەند رۆژێك ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبۆڵ، بڵاوكرایەوە كە ئۆجالان لە رێگایەوە دەخوازێت ستراتیژی هه‌ده‌په‌ بۆ ئەم هەڵبژاردنە بگۆڕێت و داوا لەم پارتە دەكات بێلایەنی رابگەینێت لە نێوان كاندیدی هەردوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا. هەروەها لە نامەكەیدا ئۆجالان نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر گوتار، لێكدانەوە و راسپاردەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ و قەندیل ناشارێتەوە. 
زۆركەس پێیوایە كە پێگەی ئۆجالان بۆ دەنگدەری كورد گفتوگۆی لەسەر ناكرێت، ئەگەر ئۆجالان داوای بێلایەنی بكات، لەوانەیە بەشێكی زۆر لە دەنگدەری كورد نەچێتە سەر سندوقی دەنگدان. پێناچێت ئەم لێكدانەوەیە زۆر لە جێگای خۆیدا بێت، چونكە دەنگدەری كورد لە دەنگدەری هەموو پارتەكانی دیكەی توركیا هۆشیارترە لە رووی سیاسییەوە، دەزانێ بەرژەوەندی خۆی و بزوتنەوەی سیاسی كورد لە كوێ دایە.


هه‌ده‌په‌ پەیوەست بە نامەكەی عەبدولڵا ئۆجالان بەبێ ئەوەی بە گوتار لەدژی قسەكانی بوەستێتەوە، بەبێ ئەوەی پێشنیاری ئۆجالان بۆ خۆ دوورگرتن لە بلۆكبەندی و رەتكردنەوەی نەخشە رێگای سێیەمین رەتبكاتەوە،  رایگەیاند كە دەنگدان بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو هەڵمەتێكی ستراتیژی ئەوانە و لەمەشدا پەشیمان نابنەوە. 
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی هه‌ده‌په‌ بڕیارێكی زەحمەتی داوە. بەبێ ئەوەی لەدژی قسەكانی بووەستێتەوە، بەبێ ئەوەی بە یەك وشەش تانە لە قسەكانی ئۆجالان بدات، پابەندبوونی خۆی بە دەنگدان لە بەرژەوەندی ئەكرەم ئیمائۆغڵو دووپات كردۆتەوە. 
لە رابردووشدا چەند رووداوێكی بەم شێوەیە روویداوە، بەڵام تا ئەم رادەیە دیار و راشكاوانە نەبووە. لە ئیفادەی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ لە بەردەم دادگادا تێدەگەین، لە كاتی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیادا كە لە 16 نیسانی 2017 دا ئەنجامدراوە، دەسەڵاتی ئاكەپە جارێكی دیكە داوای لە عەبدولڵا ئۆجالان كردووە، هه‌ده‌په‌ رابسپێرت بۆ ئەوەی لە جیاتی دەنگدان بە (نەخێر) بایكۆتی پڕۆسەكە بكات. دەوڵەت چەندین نووسراوی دەستخەتی ئۆجالانی گەیاندۆتە دەست هه‌ده‌په‌، بەڵام ئەم پارتە گوێڕایەڵی راسپاردەی ئۆجالان نەبووە و بەگوێرەی ستراتیژی خۆی دەنگی داوە. لە ئێستاشدا بەشێوەیەكی دیكە دەسەڵات دەخوازێت هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە. 


ئایا نامەی ئۆجالان بە زیانی ئیمامئۆغڵو دەشكێتەوە؟

پێناچێت نامەكەی ئۆجالان كاریگەری جدی لەسەر نەخشەی دەنگدەران بكات، چونكە:
- ئەو دەنگدەرەی زیاتر نزیكی جەهەپەیە و بەڵام نەتەوەپەرستە، دەربارەی پشتگیریكردنی هه‌ده‌په‌ لە ئیمامئۆغڵو چەندین نیشانەی پرسیاری لە مێشكدا بوو. بەڵام بە پەیامەكەی هه‌ده‌په‌ دەربارەی نامەی ئۆجالان، نیشانەی پرسیارەكانی نامێنێت. ئەم دەنگدەرە كە بەهۆی پشتگیری هه‌ده‌په‌ لە ئیمامئۆغڵو دوودڵ بوو دەنگ بە كاندیدی جەهەپە بدات یان نا، لە ئێستادا دوودڵیەكەی دەڕەوێتەوە. چونكە هه‌ده‌په‌ گوێڕایەڵی راسپاردەی ئۆجالان نەبووە.  
- بە هەمان شێوە دەنگدەری (ئی پارتی) كە بە ریشە نەتەوەپەرستی توركن، نیگەران بوون لە پشتگیری هه‌ده‌په‌ لە ئیمامئۆغڵو، ئەم نیگەرانیەیان نامێنێت. 
- ئەو دەنگدەرانەی مەهەپەیە، كە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكاندا نەوەكو بیناڵی یڵدرم بەڵكو پشتگیریان لە ئیمامئۆغڵو دەكرد. دەسەڵاتی سیاسی هەڵمەتێكی كرد نیگەرانی ئەوانی تەواو رەواندەوە. لە بەرامبەر كارتی دەمیرتاش و قەندیل كارتی ئۆجالانی دەرهێنا. دەسەڵات بەم هەڵمەتەی نیشانیدا كە دەتوانێ لە دژی ئەكتەرانی ئەكتەرانی سیاسەتی كوردی قبوڵ بكات. ئەمە گەورەترین هەڵەی بەرەی دەسەڵاتە لەم هەڵبژاردنەدا لە رووی تەكتیكیەوە ئەنجامی دابێت. كەواتە دەسەڵاتی سیاسی نیگەرانی ئەو نەتەوەپەرستانەی نەهێشت كە بەهۆی پشتگیری هه‌ده‌په‌ دوو دڵبوون دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن یان نا. بۆ ئەوان ئەگەر دەسەڵات، ئۆجالان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربێنێت كەواتە نیگەرانیان لە دەمیرتاش لەجێگای خۆیدا نیە. چونكە بەلانیكەم لە لۆژیكی ئەواندا دەمیرتاش پەنای بۆ بەكارهێنانی چەك نەبردووە، وەكو ئۆجالان. بە واتایەكی دیكە ئەگەر دەسەڵات لە ئۆجالان نیگەران نییە، نیگەرانی ئەوان لە دەمیرتاش لە جێگەی خۆیدا نییە. 
- هەروەها بەشێكی دەنگدەری ئاكەپە كە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و بیناڵی یڵدرم نیگەرانن، دوورنیە لەدوای ئەم هەڵوێستەی هه‌ده‌په‌ دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن. دوو هۆكاری هەڵگەڕانەوەی ئەم دەنگدەرە هەیە لە ئاكەپە. یەكەمینیان: نەتەوەپەرستیە كە چۆن دەبێت دەست لەگەڵ ئۆجالان تێكەڵ بكەن. دووەمینیشیان: لە توركیادا دەنگدەر لەو لایەنە دوور دەكەوێتەوە كە دەنگی لە كوورتی دەدات و لە هەڵبژاردن دەدۆڕێنێت. 


له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ئەم هەڵمەتەی كە چەند رۆژێك پێش هەڵبژاردن لە رێگای ئاژانسی ئانادۆڵ دەستی پێكراوە، پاشانیش هەریەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەرنامەیەكی پەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنی و لێدوانی سەرۆكی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی كە دەڵێت:" لە رێگای بەكارهێنانی كارتی ئۆجالان هەوڵدەدەین دەنگی ئیمامئۆغڵو كەمبكەینەوە" بەشداریان تیادا كردووە، ئاماژەیە بە بێچارەیی دەسەڵاتی توركیا و ترس لە لەدەستدانی شارەوانی گەورەی ئیستانبۆڵ. هەڵمەتەكەی ئۆجالانیش لەم چوارچێوەیەدا كه‌وتنی ئاكەپە قوڵتر دەكاتەوە. 

ئەو گوتارەی ئەمڕۆ بەرەی دەسەڵات دەیگرێتەبەر، تەواو پێچەوانەی ئەم گوتارەیە كە بەر لە 31 ئاداری رابردوو بەكار دەهات. هەڵمەتەكەی دەسەڵات بریتین لە رەتكردنەوە و نكۆڵیكردن لە هەڵمەتەكانی پێشووتری. تا رابردوویەكی زۆر نزیك دووبارە و سێ بارە جەختیان لە كاراكردنەوەی سزای لە سێدارەدان دەكردەوە. مەبەستیش لە كاراكردنەوەی جێبەجێكردنی ئەم سزایە بوو بەسەر عەبدولڵا ئۆجالان. سەرەتا دەوڵەت باخچەلی ئەمەی كردە رۆژەڤ، دواتریش لەبارەیەوە ئەردۆغان گووتی:" بۆچی نا، دەكرێت دوای راوێژ و پرس پێكردن لە گەل و پەرلەمان بڕیاری لەبارەیەوە بدەین". لە ئێستاشدا ئۆجالان وەكو ئەكتەرێكی رەوا، لەلایەن دەسەڵات قەبوڵ دەكرێت. 

لێدوانی نووسراوی دەوڵەت باخچەلی لە رۆژی هەینی (21 حوزەیران) لەبارەی نامەكەی ئۆجالان ئاماژەیەكی دیاری ئەم راستیەیە. دەوڵەت باخچەلی لەم لێدوانەیدا بە ناراستەوخۆ پەسنی ئۆجالان دەدات و دەڵێت:" ئۆجالان لە هەڵوێستی دەمیرتاش و قەندیل نیگەرانە". بەم شێوەیە بەبێ ئەوەی نكۆڵی لێبكات وەكو ئەكتەرێكی رەوا سەیری ئۆجالان دەكات. وەكو رابردوو ناڵێت:" ئەی منداڵ كوژ، ئەی تیرۆریستی گەورە، هەڵبژاردنی توركیا چ پەیوەندی بەتۆوە هەیە!". بە پێچەوانەوە رێككەوتنی "میللەت" بە رێككەوتنی "زەلەت" بەناو دەكات و دەڵێت:" ئۆجالان لەم رێككەوتنە نیگەرانە". 

گرتنەبەری ئەم گوتارە لەوانەیە بۆ ئەندامێكی ئاكەپە ئاسایی بێت، بەڵام كاتێك لە زمانی باخچەلی ئەم قسانە دێنە دەرەوە هیچ ئاسایی نابێت، چونكە باخچەلی خۆی بە باوكی نەتەوەپەرستانی تورك لە قەڵەم دەدات. ئەم گوتارە شتێكی زۆر نوێ و چاوەڕواننەكراو بوو. لە هەمان كاتدا ئاماژەیە بە قوڵی ئەم قەیرانەی دەسەڵاتی توركیا تێیكەوتووە. 
بەر لە 31 ئاداری 2019 دەسەڵاتی توركیا چی كرد؟ لە قەندیل ئۆپاراسیۆنی ئەنجامدا و بە گوێرەی دەوڵەت و سوپای توركیا چەند گەورە بەرپرسێكی پەكەكە گیانیان لەدەستدا و رەزا ئاڵتون ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پەكەكە و بەرپرسی پەیوەندیە دەرەكییەكان بە سەختی بریندار كراوە. میدیای دەوڵەت و دەسەڵات لە توركیا ئەم هەواڵەی وەكو مزگێنی هەڵبژاردن بە هەموو شوێنێكدا بڵاكردەوە. 

لە زۆربەی هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا دەسەڵات باسی لە بەدیلگرتنی یان كوشتنی چەند بەرپسێكی گەورەی پەكەكە دەكرد. باسیان لەوە دەكرد كە چۆن شەمدین ساقیق ئەندامی پێشووی سەركردایەتی پەكەكەیان لە ساڵی 1998 بەدیل گرتووە، بەهەمان شێوە بەرپرسانی دیكەی پەكەكە بەدیل دەگرن. لەمبارەیەوە بەتایبەتی ناوی جەمیل بایك هاوسەرۆكی دەستەی سەرۆكایەتی كەجەكە و موراد قەرەیڵان فەرماندەی گشتی هەپەگەیان دەكرد. ئەم بانگەشانەش دەكەوتنە خزمەت هەڵكشانی دەنگی ئاكەپە و دەسەڵات. بەر لە 31 ئابیش ئەمەیان كرد و كوژرانی چەند سەركردەیەكی پەكەكەیان راگەیاند. 

بەڵام ئەمجارەیان تەواوی پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، كەسیان لە قەندیل نەكوشت و بەدیل نەگرت، بەڵكو لە ئیمڕالی نامەیان هێنا. لەپشت نامەكەش چەندین رووداوی ناڕوون و نائاشكرا خۆی حەشار داوە. سەرەتا پارێزەر نامەكە وەردەگرن، كاتێك پارێزەر ئاشكرا كردنی نامەكە درەنگ دەخەن، ئۆكان مودەریس ئۆغڵو سەرنووسەری رۆژنامەی سەباح  كە سەر بە دەسەڵاتی ئاكەپەیە، لە گۆشە رۆژانەیەكی خۆی ئەم هەواڵە بڵاودەكاتەوە. پرس و گومان لە دڵی چاودێران دروست دەكات. دواتر عەلی كەمال ئۆزجان كە سەرۆكی بەشی كۆمەڵناسیە لە زانكۆی تونجەلی دەچێتە لای ئۆجالان لە دوورگەی ئیمڕالی و نامەكە بەدەستنووسی ئۆجالان بەدەست دەخات. سەرەڕای ئەوەی ئۆزجان خۆی وەكو نووسەر و پسپۆری كێشەی كورد بەناو دەكات، بەڵام لەناو توركیادا كەم كەس هەیە گوێی لەم ناوە بێت، كە ئەمەش گومانەكان زیاتر دەكات. چونكە تا ئێستا جگە لە پارێزەرانی ئۆجالان، شاندی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پەرلەمانتارانی هەدەپە لە (2013 - 2015) كەسوكاری ئۆجالان رێگا بەكەستی دیكە نەدراوە بچێتە ئیمڕالی و ئۆجالان ببینێت. كەواتە لەبەر ئەوەی پارێزەران بڵاوكرنەوەی نامەی ئیمڕالیان درەنگ خستووە، دەوڵەت كەسێكی ئەكادیمی رەوانەی ئیمڕالی دەكات و دواتریش ئەم كەسە گوشار دەخاتە سەر پارێزەران بۆ ئەوەی زووتر نامەكی ئۆجالان بڵاوبكەنەوە. 

ئەو كەسە ئەكادیمەی چاوی بە ئۆجالان كەوتووە، ئۆجالان وەكو كەسێكی :" كەسێكی نیشتمان پەروەر" وەسف دەكات. كەسێكی ئاسایی لە توركیادا پلەی زانستی هەرچیەك بێت نەمومكینە بتوانێ بەم شێوەیە وەسفی ئۆجالان بكات ئەگەر لە پشتیەوە هێزێك نەوەستابێ. 

پێناچێت هەموو ئەم رووداوانە كاریگەری نەرێنیان لەسەر رێژە و ژمارەی دەنگەكانی ئیمامئۆغڵو هەبێت. بۆ ئەم مەبەستە حكوومەت هەموو جۆرە میكانیزمێك بەكاردێنێت. بەتایبەتی دوای تەواوبوونی پڕۆسەی چارەسەری لە ناوەڕاستی ساڵی 2015، دەسەڵاتی ئەردۆغان هەموو هەوڵێكی چڕ كردۆتەوە بۆ ئەوەی هه‌ده‌په‌ و دەنگدەری ئەم پارتە وەكو شەیتانێك لەناو جەستەی توركیا نیشان بدات. بۆیە لەو كاتەی چەند رۆژێك ماوە بۆ هەڵبژاردن نەمومكینە دەسەڵات بتوانێ لە رێگای نامەی ئۆجالان دڵی دەنگدەری هه‌ده‌په‌ چاك بكاتەوە. 

نامەكەی ئۆجالان بۆ بزوتنەوەی سیاسی كورد دەبێتە سەردەمی قۆناغێكی نادیار، ئەگەر بەشداری رێژەی دەنگدەری هه‌ده‌په‌ لە هەڵبژاردندا لە ئاستێكی بەرز دانەبێت و بە بەراورد لەگەڵ 31 ئادار لە كوورتی بدات، یان ئەگەر دەنگی ئیمامئۆغڵو بە رێژەیەكی بەرچاو كەم بكات، یان سەركەوتن بەدەست نەهێنێت، ئەو كاتە دیار دەبێت كە دەنگدەری كورد گوێ لە ئۆجالان دەگرێت. هەروەها ئەو كاتە دەبێت بگوترێت كە بیناڵی یڵدرم لە سایەی ئۆجالان سەركەوتنی بەدەستهێنا. 

بەڵام ئەگەر ئەنجامەكە بە شێوەیەكی پێچەوانە بێت وەكو زۆربەی پێشبینیەكان دەیخەنەڕوو، ئەو كاتە پێگەی ئۆجالان دەبێتە رۆژەڤ و ناوی سەڵاحەدین دەمیرتاش زیاتر هەڵدەكشێت. ئەمەش لەناو بزوتنەوەی سیاسی كورد دەرگا لەبەردەم چەند شتی نوێ دەكاتەوە. 

بەڵام ناكرێت لەبیر بكرێت كە دوای هەڵبژاردنیش ئۆجالان دەتوانێ بڵێت، من داوای نەچوونە سەر سندوقەكانی دەنگدانم نەكردووە. چونكە ئۆجالان بە راشكاوانە ناڵێت دەنگ نەدەن. وەكو چەندین پەیامی دیكەی ئۆجالان لەم پەیامەشیدا خوێندەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت. لەم نامەیەشیدا بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو، بەڵام داوا دەكات هه‌ده‌په‌ بڕیارەكە بدات. هه‌ده‌په‌ش لەلای خۆیەوە دەڵێت، بەڵێ ئێمە بێلایەنین، نوێنەرایەتی رێگای سێیەمین دەكەین. بەڵێ ئۆجالان دەتوانێ نكۆڵی لەم خوێندنەوەیە بكات، كە دوای نامەكەی بۆ هه‌ده‌په‌ بۆتە رۆژەڤی توركیا، بەڵام ئایا تا چەند دەتوانێ باوەڕ بە رای گشتی بكات.