ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08:23 - 23/06/2019

ئیمامئۆغلۆ بۆ دووەمجار ئاکەپەی دابەزەویدا‌

پەیسەر

ئەمرۆ ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩، هەڵبژاردنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو و زیاتر ١٠ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار و ٢٢٢ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەش نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگدەریان کوردن. پێنج ملیۆن و ٣٤٨ هەزار و ٦٥٨ ژن و پێنج ملیۆن و ٢١٢ هەزار و ٣٠٥ ده‌نگده‌ریشیان پیاون، ١٦٧ هەزار و ٤٣٨ هەزار کەسیشیان بۆ یەکەم جاره‌ دەنگ دەدەن.

هەروەها ٣١ هەزار و ٣٤٢ سندوقی ده‌نگدان  بۆ هاوڵاتییانی ٣٩ ناوچەی ئیستانبول دانرابوون. لە ١٩ گرتووخانەی ئەو شارەشدا ٦٢ سندوق بۆ نۆ هەزار و ٣٢٠ دەنگدەر دانرابوون و ١٥٦ سندوقی گەڕۆکیش بۆ بەساڵاچووان ئامادەکرابوون.

لە هەڵبژاردنەکاندا هەشت ملیۆن و ٨٦٨ هەزار و ٦٦٤ کەس بەشدارییان لە هەلبژاردنەکاندا کرد کە دەگاتە ٨٤.٤٢٪ هاوڵاتییان. لەو ژمارەیە هەشت ملیۆن و ٦٩٦ هەزار و ٥٥٢ دەنگ هەژمارکران.

بە پێی ئەنجامە بەڕاییەکان ئیمامئۆغلۆ ٥٤.٠٣٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا و یڵدرمیش ٤٥.٠٩٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا  و بە بەدەستهێنانی چوار ملیۆن و ٦٩٨ هەزار و ٧٨٢ دەنگ، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ وەک سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا.

بەهاری ئەمساڵ کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بینالی یڵدرم لە بەرامبەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کاندیدی جەهەپە شکستیهێنا. رەجەب تەیب ئەردۆغان لەو دۆخەدا نەیتوانی وەک سەرۆک کۆماری تورکیا بێلایەنی بپارێزێت و بە تەواوی وەک سەرۆکی ئاکەپە دەرکەوت و بەبێ هیچ بیانوویەکی یاسایی داوای لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد هەڵبژاردنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ دووبارە بکرێتەوە.

پارتی داد و گەشەپێدان جاری یەکەم نەبوو، ڕووبەڕووی شکست و ناڕەزایی هاوڵاتییان بێتەوە، بەڵکو هاوینی ساڵی ٢٠١٣ لە ئیستانبوڵ لە ئەنجامی تێکدانی پارکی گەزی، ئاکەپە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایی هاوڵاتییانی ئیستانبوڵ هات. دوای دەستوەردانی هیزەکانی حکومەت، بە ملیۆنان کەس لە ئیستانبوڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا ڕژانە سەر شەقامەکان و ناوەندی چالاکییەکانیش مەیدانی تەقسیمی ئیستانبوڵ بوو. هێزەکانی حکومەت بە فەرمانی ئەردۆغان و بەرپرسانی ئاکپارتی دەستییان بە توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەران کرد و لە ئەنجامدا ١١ کەس گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە حکومەت بڕیاری قەدەغەکردنی هەموو چالاکییەکی لەو ساڵیادەدا دەرکرد.

یەکێکی تر لە شکەستەکانی ئەردۆغان، هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ بوو. پارتی دیموکراتی گەلان بە سەرۆکایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ توانییان بۆ جاری یەکەم بەربەستی لەسەدا ١٠ی هەڵبژاردنەکان تێپەڕبکەن و ٨١ کورسی پارلەمانیان بە دەست هێنا. لە هەڵبژاردنەکاندا پێگەی هەدەپە لە شارەکانی تورکیا بەرزبوەوە و بووە هۆی ئەوەی ئاکەپە نەتوانێ بە تەنها حکومەت پێک بهێنێت. ئەمەش وەک شکستێکی تری ئەردۆغان و ئاکەپە لەقەڵەمدرا. بە هۆی ئەوەی لایەنەکان نەیانتوانی حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن، بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکاندرا و لە ١ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا هەڵبژاردن دووبارەکرایەوە و هەدەپە ئەمجارە ٥٩ کورسی بە دەستهێنا و ئاکپارتی دەنگەکانی زیادیکرد و توانی بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت.

لە تەمموزی ساڵی ٢٠١٦دا کودەتایەکی سەربازی لە بەرامبەر حکومەتەکەی ئاکپارتی کرا. ئەو کودەتایەش وەک ناڕازیی بەشێک لە کاربەدەستانی سیاسی و سەربازی تورکیا لە بەرامبەر دەسەڵاتەکەی ئاکەپە لەقەڵەمدرا.

کودەتا شکستخواردووەکەی ١٦ی تەمووز کە ئارمانجەکەی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ بوو. ئەردۆغان و کاربەدەستانی حکومەتی ترساند و زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان.

دوای کودەتا شکستخواردووەکە، ئاکەپە هەڵمەتێکی فراوانی لە ناو هێزەکانی ناوخۆ و سوپای وڵاتەکەیدا دەستپێکرد و جەماعەتی فەتحوڵا گولەن بە ئەنجامدانی کودەتاکە تۆمەتبارکران و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠هەزار کەس دەستبەسەرکران و لە کارەکانییان دوورخرانەوە.

لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە دژی پەرلەمانتار، بەرپرس و لایەنگرانی هەدەپە دەستی پێکرد و نزیکەی ١٠ هەزار کەس لە بەرپرس و ئەندامانی هەدەپە دەستگیرکران کە سەلاحەدین دەمرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی هەدەپە و نۆ پارلەمەنتەری ئەو پارتەی تێدابوو.

ئەردۆغان و ئاکەپە، هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی بە لایەنگری (تیرۆر) تۆمەتبار دەکرد و تا ئێستاش بە هەزاران کەس لە زیندانەکانی حکومەتدان.

ئەو ڕووداوانە و سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ئاکەپە هۆکارێک بوون بۆ تێکچوونی ئابوری تورکیا و ژمارەیەک کێشەی دیکەی نێوان تورکیا لە گەڵ ئەمریکا و ئەوروپا، ئەمانەش وایکرد نرخی لیرەی تورکی دابەزێت و هەتا ئێستاش ئابوری تورکیا لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە.

سەرئەنجام لە هەڵبژاردنی شارەوانی ٣١ی ئایاردا، بە پشتگیری دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ کاندیدەکانی جەهەپە، پارتی داد و گەشەپێدان لە گەورەشارەکانی تورکیادا تووشی شکستێکی گەورەهات و بە تایبەت گەورەشارەوانی ئیستانبوڵی لە دەستدا کە ئەردۆغان بۆ خۆی ڕایگەیاندبوو، هەرلایەکەن ئەستەنبوڵ بدۆرێنێ، واتە تورکیای لە دەستداوە. ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل ٤٨.٧٧٪ی دەنگەکان و بینالی یڵدرم کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ٤٨.٦١٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئیمامئۆغلۆ بە جیاوازی نزیکەی ١٤ هەزار دەنگ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. ئەردۆغان و پارتەکەی ئەو شکستە گەورەیەیان قبوڵنەکرد، دواجار ئەردۆغان کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان راسپارد بۆ دووبارەکردنی هەڵبژاردن لەو شارەدا