ڕاپۆرتی کوردستانی

02:56 - 25/06/2019

سەرکردە مەزنەکەی شنگال و شەڕی وێرانشار‌

پەیسەر

داستانی دەروێشی عەبدی و عەدول، وەک مەم و زین، سیابەند (سیامەند) و خەجێ و ژمارەیەک داستانی تر، داستانێکی بەناوبانگی کوردییە بە تایبەت لەناو کورمانجەکانی کوردستاندا ناسراوە. داستانی دەروێشی عەبدی زۆر کۆن نییە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بێدەرفەتی گەلی کورد لە سەدەی ١٧دا، ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بووەتەوە.

داستانەکە وەک کورتەچیرۆک و حەیران لەسەر زاری حەیرانبێژە کورمانجەکان ماوەتەوە. لەناو گەلی کورد دا بەهۆی نەخوێندەواری و بێدەرفەتیەوە زۆربەی داستان و بەسەرهاتەکان تۆمارنەکراون، بەڵام لە کوردستاندا جۆرە هونەرێک هەیە کە لە ناو گەلانی تردا کەم دەبینرێت، ئەویش کەلتووری حەیران یاخود دەنگبێژییە.

گەلی کورد بەسەرهات و ڕووداوی قارەمانێتیان وەک هەڵبەست و چیرۆک یان وەک دەنگبێژی و حەیران داستانەکانیان گێڕاوەتەوە. نمونەیەکیش لەو داستانانە، شاهماران، ڕوستەمی زاڵ، مەم و زین، زەمبیلفرۆش، عەمێ گۆزێ، شێخ سەعید، سەید ڕەزا و ژمارەیەک داستانی دیکەیە کە لە هەموو زاراوەکانی کوردیدا بەرچاو دەکەون.

لەبارەی داستانی دەروێشی عەبدی و عەدول، حەیران یاخود دەنگبێژیی جۆراوجۆر گوتراون. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە داستانەکە بەنرخ و نەتەوەییە. یەکێک لەوانەش حەیرانێکی هونەرمەندی کورد-ئەرمەن، خەراپێتێ خاچۆیە کە بە زاراوەی کورمانجی گوتویەتی کە ئەمەیە:-


( لەم حەیرانەدا دەروێشی عەبدی بە شانوباڵی عەدولدا هەڵدەدا و پێێ دەڵێت، ئەگەر خاوەنی حەوت برا و باوک بێت و حەوت دەوڵەتی جیهان لێی کۆببنەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا بمرێت، هیچ کاتێک خۆشەویستییەکەی کاڵ نابێتەوە. عەدولیش لە خوا دەپاڕێتەوە و دەڵێت، با ڕووباری خابور لە نێوانییاندا نەبێتە ڕێگر و هەردووکیان لە سەر ڕووبارەکە بەیەک بگەن و ماچی دەروێشیش بە سابونی حمس و حەما و جزیری بۆتان لە سەر کۆڵمەکانی نەسڕێتەوە) 

بە پێی گێڕانەوەکان، داستانی دەروێش و عەدول لە ساڵی ١٧٦٨دا لە هەرێمی وێرانشاری پارێزگای ڕوحای باکووری کوردستان لە سەردەمی پاشایەک بە ناوی تەمەر پاشای خێڵی (ملا) دا ڕوویداوە.

دەروێشی عەبدی خەڵکی گوندی ئۆخلاقچی سەر بە هەرێمی وێرانشاری ڕوحایە. کوردێکی ئێزدییە. باوکی لە شنگالەوە کۆچی کردووە. بنەماڵەکەی دژی تورک و عەرەبەکان شەڕیان کردووە و جەنگاوەری بەهێزبوون.

تەمر پاشاش پاشایەکی مەزن بووە و لە وێرانشەهرەوە تا ئامەد و سنوری موسڵ و باکوری حەلەب دەسەڵاتداربووە.

لەو سەردەمەدا ٣٦ هۆزی کورد کۆنفیدراسیۆنێکیان لەژێر فەرمانی تەمەر پاشادا دروستکردبوو و ناکۆکییەکی گەورە لە نێوان ئەوان و تورک و عەرەبەکاندا هەبووە.
دەروێشی عەبدی و براکەی بە ناوی سەعدون، دوو جەنگاوەری گەورە بوون و لەبەرئەوەی عەرەب و تورکەکان زۆرجار کوردانی ئێزدییان کۆمەڵکوژ کردبوو، قینێکی زۆریان لە دڵدا بوو. چەند جار دەروێشی عەبدی تەمەر پاشای لە پەلاماری تورک و عەرەبەکان ڕزگارکردووە و پاشا پشتی پێدەبەست و هەموو کاتێک بە شانوباڵیدا هەڵدەدا.

لەبەرئەوەی دەروێشی عەبدی هەموو کاتێک لەناو ماڵی پاشادا بوو، کچەکەی بە ناوی (عەدول) دەبینێت و پەیوەندی ئەوینداری لە نێوانیاندا دروست دەبێت و پاشا تووڕە دەبێت و دەروێش و خانەوادەکەی دەنێرێتە دەڤەری شنگال.

هەواڵی ناردنی دەروێش و خانەوادە و جەنگاوەرەکانی بۆ شنگال دەگاتە گوێی عەرەب و تورکەکان و ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و پەلاماری وێرانشار دەدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی تەمەر پاشا بڕوخێنن.  

تەمەر پاشا هەموو جەنگاوەرەکان کۆدەکاتەوە و داوادەکات کەسێک وەک فەرماندە ئەرکی شەڕەکە بگرێتە ئەستۆ، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەگەر لە شەڕەکە بە زیندوویی گەڕایەوە عەدولی کچی، کە ئەوینداری دەروێشە پێشکەش دەکات و دەیکاتە زاوای خۆی.

لە کۆبوونەوەکەدا هیچ فەرماندەیەک ئەو ئەرکە قورسە ناگرێتە ئەستۆ، فەرماندەیەک پێشنیازدەکات هەواڵەکە بگەیەننە دەروێشی عەبدی و دەڵێت، بێجگە لە دەروێش کەسی دیکە ناتوانێت بەرامبەر نزیکەی دوو هەزار سەربازی تورک و عەرەب بوەستێتەوە، تەمەر پاشا هەرچەندە بەهۆی پەیوەندی ئەوینداری نێوان عەدولی کچی و دەروێشەوە تووڕەیە، بەڵام داواکە قبوڵدەکات و دەڵێت، چ دەروێش بکوژرێ و چ تورک و عەرەبەکان لەناوببرێن، هەردووکی لە قازانجی ئێمەدایە.

تەمەر پاشا کەسێک دەنێریتە شنگال و هەواڵەکە بە دەروێش دەگەیەنێت. دەروێشیش خۆشحاڵ دەبێت و بەهیوای بینینی عەدول پێشنیازەکە قبوڵدەکات. بەڵام عەبدی باوکی داوا لە کوڕەکەی دەکات، نەچێتە وێرانشەهر و بەشداریی لەو شەڕەدا نەکات و دەڵێت: "ئەگەر لە شەڕەکەشدا سەربکەویت، تەمەر پاشا عەدولت ناداتێ".

بەڵام دەرویش گوێ لە باوکی ناگرێ و دەڵێ: "من لەبەر عەدولیش نەبێ لەبەر هێرشی تورک و عەرەبەکان دەڕۆم".
دەروێش و سەعدونی برای و ١١ فەرماندەی گەورەی شنگال و سەربازەکانیان بەرەو وێرانشار بەرێدەکەون. کاتێک دەروێش و جەنگاوەرەکانی دەگەنە بەردەم کۆشکی تەمەر پاشا ، پاشا و دارودەستەکەی پێشوازییەکی گەرمی لێدەکەن و برازای پاشا بە ناوی (ئیسۆ) کە دۆستێکی نزیکی دەروێش بوو و چەند جارێک داوای (عەدولی) کردبوو و عەدولیش ڕایزینەببوو هاوسەرگیری لە گەڵدا بکات بە دەروێش دەڵێت، عەدول تۆی خۆشدەوێت و هیوادارم لە شەڕەکە بگەڕێیتەوە و بە یەکەوە بەختەوەربن.

چەند ڕۆژێک دەروێش و جەنگاوەرەکانی لە وێرانشار دەمێننەوە و ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکەن. لەو چەند ڕۆژەدا سەعدونی برای و هاوڕێکانی داوای لێدەکەن پەشیمان ببێتەوە و لەبەر خاتری تەمەر پاشا خۆی بە کوشت نەدات.

دەروێش دەڵێت، من لەبەر تەمەر پاشا ئەم شەڕە ناکەم، ئەم خاکە خاکی کوردە و نابێت تورک و عەرەبەکان داگیری بکەن، هەر کەسێکیش بڕوای بە خۆی نییە ئاساییە با بەشداری شەڕەکە نەکات، بەڵام هاوڕێ و جەنگاوەرەکانی تری پشتگیری بۆ دەروێش دووپاتدەکەنەوە.

لە کاتی مشتومڕەکەدا، عەدولی ئەوینداری دەروێش بە سینییەک قاوەوە دەچێتە ناو چادرەکەی دەروێش و هاوڕێکانی و ئەویش داوای لێدەکات نەچێتە شەڕ و پاشگەزبێتەوە، بەڵام دەروێش لە بەڵێنەکەی کە بە تەمەر پاشای داوە پاشکەزنابێتەوە.

دەروێشی عەبدی سواری ئەسپەکەی دەبێت بە ناوی (هەدبان) و فەرمان بە جەنگاوەرەکانی دەکات بەرەو گۆڕەپانی شەڕ بەڕێبکەون. دەروێش و جەنگاوەرانی لەسەر گردی (عەدشان) چەند کیلۆمەترێک دوور لە سوپای دوژمن، پلانی شەڕەکەیان داڕشت.

سەرکردەی عەرەبەکان ناوی (ئەفەر) بوو، ئەفەر و دەروێش پێشتر یەکتریان دەناسی، ئەفەر بە هاورێکانی دەڵێت، ئەو کەسەی کە لە پێشەوەی سوپای دوژمن وەستاوە، دەروێشی عەبدییە، هاوڕێی منداڵیمە، دەچم بۆلای و هەوڵدەدەم ڕازی بکەم، لە نێوان ئێمە و تەمەر پاشا بچێتەدەرەوە، لەبەرئەوەی مرۆڤێکی زۆر ئازا و چاونەترس و چاکە، حەزناکەم هێزەکانی ئێمە و دەروێش یەکتری بکوژن.

ئەفەر ئاڵایەکی سپی هەڵدەکات و بەرەو گردی عەدشان بەڕێدەکەوێت، کاتێک دەروێش ئەفەر دەبینێت، خۆشحاڵ دەبێت و دەڵێت خۆ تۆ وەک برای منیت بۆچی هێرشدەکەنە سەر خاکی کوردەکان. ئەویش دەڵێت فەرمانی پاشاکەمانە و ئێمەش جێبەجێ دەکەین، بەڵام هیوادارم تۆ و جەنگاوەرەکانت لە نێوان ئێمە و تەمەر پاشا بچنە دەرەوە، من دەزانم تۆ بۆ ئەوەی بە عەدول بگەیت فەرماندەیی شەڕەکەت قبوڵ کردووە.

دەروێش پێی ڕادەگەیەنێت، ڕاستە عەدولی خۆشدەوێت بەڵام لایەنێکی تری ئەم شەڕە ئەوەیە کە وێرانشار خاکی کوردانە عەرەب و تورکەکان بۆیان نییە داگیری بکەن، من بڕیاری خۆم داوە و بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر داگیرکاریی بێدەنگ نابم.
ئەفەر کە دەزانێت ناتوانێت دەروێش ڕازیبکات دەگەڕێتەوە و سوپاکەی بۆ بەرگریکردن ئامادە دەکات.

دەروێش و جەنگاوەرەکانی جاری یەکەم هێرشێکی توندیان بۆ سەر سوپای تورک و عەرەبەکان دەستپێکرد، چەند کاتژمێرێک شەڕ بەردەوام بوو و دواتر گەڕانەوە بۆ سەر گردی عەدشان. هێزەکەی دەروێش ژمارەیەکی زۆری سەربازی تورک و عەرەبیان کوشت، بەڵام دوو فەرماندەی گەورە و ژمارەیەک جەنگاوەری کوژرابوون.

بەو شیوەیە شەڕی نێوان هێزەکەی دەروێش و سوپای عەرەب و تورکەکان سێ شەو و سێ ڕۆژ درێژەی کێشا. بە هۆی ئەوەی ژمارەی هێزەکەی دەروێش زۆر لە هێزی دوژمن کەمتربوو. بێجگە لە دەروێش و ئیسوی برازای تەمەر پاشا، کەسییان نەمابوون، سەعدونی برای دەروێش و ١١ فەرماندەکەشی کوژرابوون.

دەروێش ئیسو دەنێرێتەوە بۆ وێرانشار و خۆی بە تەنها هێرش دەکاتە سەر سوپای دوژمن، بەڵام بەهۆی بوونی هەندێک چاڵ لە مەیدانی شەڕەکەدا هەردوو قاچی ئەسپەکەی دەروێش (هەدبان) دەشکێن و دەروێش دەکەوێتە سەر زەوی و سوپای دوژمن لە دەوری کۆدەبنەوە و دەروێش دەکوژن.
هەرچەندە دەروێش و هێزەکەی لە شەڕەکەدا شکست دەهێنن، بەڵام هێزێکی زۆری کوردەکان دیسانەوە هێرش دەکەنەوە سەر عەرەب و تورکەکان و سوپاکەیان تێکدەشکێنن.
کاتێک هەواڵی کوشتنی دەروێش دەگاتە عەدول، خۆی دەگەیەنێتە سەر تەرمەکەی دەروێش و بەم شێوەیە شیوەنی بۆ دەکات: