ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:59 - 27/06/2019

نهێنی مێزەرە گەورەكەی سوڵتانەكانی عوسمانی‌‌

پەیسەر

كاتێك چاوت دەچێتە سەر وێنەی سوڵتانێكی عوسمانی، یان سەیری فیلم و زنجیرە تەلەفزێونیەكی تایبەت بە سەردەمی عوسمانیەكان دەكەیت، بە خێرایی مێزەرە گەورەكەی عوسمانیەكان سەرنجت ڕادەكێشن، گەورەیی ئەو مێزەرانە ماوەیەكی زۆر پرسیاری هەمووان بوو، زۆرینەی خەڵك نەیاندەزانی نهێنی ئەو مێزەرەگەورانە چین و بۆچی ئەوەندە گەورەن كە لە قەبارەی سەری خۆیان زۆر زیاترە و زۆرینەی مێزەرەكانیش بە ڕەنگی سپین، تەنها شێوازی پێچانەوەكەی لە سوڵتانێكەوە بۆ یەكێكی دیكە گۆڕاوە.


مێزەرەو چینە كۆمەڵایەتیەكان:
دەبێت ئەوە بزانرێت كە عوسمانیەكان مێزەرەیان نەبووەو لە عەرەبەوە وەریانگرتووەو بە حسابی خۆیان وەك نەریت و سونەتێكی پێغەمبەری ئیسلام محمد-د.خ- كردویانەتە سەریان، وەك مێژوو نوسانیش باسی دەكەن مێزەرە سومبول و نیشانەی گەورەیی و شان و شكۆی پیاوی عەرەب بووە، یەكێك بووە لە نیشانەكانی پیاوەتی و خاوەن دەسەڵات و توانای پیاوانی عەرەب و بۆ ئەو مەبەستەش زۆرینەی مێژوو نوسان لەو باوەڕەدان بە مێزەرەكاندا خەڵك پلەبەندی كراوەو چینە كۆمەڵایەتیەكانیان جیاكراوەتەوە.
هەندێكجار نیشانەی دەوڵەمەندی و پارەداریی بووە، جۆری ئەو قوماشەی بەكارهێنراوەو قەربارەی مێزەرەكە نیشانە بووە بۆ دەوڵەمەندی و ئاستی كۆمەڵایەتی وئابووری كەسەكان، چوون هەژارەكان توانای ئەوەیان نەبووە ببنە خاوەن مێزەرەی گەورە، ئەمەش لە كتێبی (الملابس العربیة فی الشعر الجاهلی) دكتۆر یەحیا جبوری دا هاتووە.


مێزەرەو كەسایەتی:
لەناو ئەو میللەتانەی كە مێزەرەیان كردوەتەسەر بەتایبەتی عەرەبەكان كە دواتر گوازراوەتەوە بۆ عوسمانیەكان  مێزەرەیان بە سومبولی پیاوەتی و كەرامەتی پیاوانەیان لە قەڵەم داوە، مێزەرە جگە لە جوانیەكەی هەر ئەوە نەبوو پیاوەكان لە سەرماو گەرما بپارێزێت، یان بۆ خۆداپۆشین و هەندێكجاریش بۆ شت هەڵگرتن بەكارهێنرابێت، بەڵكو هەركات مێزەرەی یەكێك لابرابێت یان خرابێتە سەر زەوی ئەوا لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە بە سوكایەتی و شكاندنی كەرامەتی مرۆڤەكە دانراوە، لەناو بنەماڵەی سوڵتانەكانی عوسمانیدا لابردن ولەسەرداكەندنی مێزەرە وەك سزای تاوان سەیركراوەو هەركەسێك مێزەرەی لەسەر كرابێتەوە هەستی بە تاوانێكی گەورەكردووە و پێی وابووە گەوەرترین سزا دراوە.

مێزەرە لە دەوڵەتی عوسمانیدا بەپێی فەرمانێكی سوڵتان مەحموودی دووەم پێویستكراوە لەسەر هەموو فەرمانبەرە باڵاكانی دەوڵەت كە لەكاتی دەوامی فەرمیدا لەسەری بكەن و چیتر -تەڕبووش- بەكارنەهێنن.


قوماشی مێزەرە:
بە پێی سەرچاوە عوسمانیەكان قوماشی مێزەرەی سوڵتانەكان و پلەباڵاكانی دەوڵەت لە هیندستانەوە بە تایبەتی هێنراوەو  ئەوانەی تر لەقوماشی ناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی دروستكراوە، هەرچی مێزەرەی سەوزە تایبەت بووە بە ئەشراف و پیاوانی پلە باڵاو قازیەكان، ئیتر ئەوانی دیكە مێزەرەی سپییان لەسەر كردووە، ئەوانەی كە شێخ یان سەید بوون قوماشی ڕەشیان بەكارهێناوەو شێوازی بەستن و پێچانەوەكەشی جیاوازبووەو دەروێشەكانیش مێزەرەی سورباویان لەسەركردووە.


مێزەرەو كفنی سوڵتانەكان:
هەرچەندە جۆرو رەنگی مێزەرەكان لە عەرەبەوە گوازراوەتەوە بۆ توركەكان بەڵام گەورەیی ئەو مێزەرەیە لەناو عەرەبەكان نەبووەو دەكرێت بگوترێت كە تایبەتمەندی سوڵتانەكانی عوسمانیە، شارەزایانی مێژووی سوڵتانەكانی عوسمانی باس لەوە دەكەن لەناو ئەو مێزەرانەدا (كفن)ی خۆیان داناوەو لە شێوەی مێزەرەدا بەسەر خۆیانەوە پێچاوە، وەك ئەو شارەزایانە باسی دەكەن هەموو كات سوڵتانەكان ئەومێزەرانەیان نەكردوەتە سەرو تەنها لەكاتی چوونە دەرەوە بۆ جەنگەكان لەسەریان كردووە،  ئەوشارەزایانە كوشتنی سوڵتان بایەزید بە نموونە دەهێننەوە كە لە جەنگی ڕۆمەكاندا كوژراوەو دواتر بە مێزەرەكەی خۆی كفنیان كردووەو خستویانەتە ناوگۆڕەكەی، هەورەها باس لەوەش دەكەن هەركەسێك دەبێتە سوڵتان دەبێت دوو مەرجی سەرەكی تێدا بێت ، كە بریتین لە (موجاهیدی و مێزەكەی كفنەكەی بەسەریەوە بێت) ئەوەش لە پێناوە ئەوەداچاوی لە دونیا نەبێت و هەمیشە بیری لای ئەوە بێت كە دەمرێت. بەڵام مێژووی ژیانی زۆرینەی سوڵتانەكان پێچەوانەی ئەم دوو بنەمایەیەو وەك شارەزایان باسی دەكەن، ئەو دوو مەرجە تەنها ڕۆتین بوەو كاریگەری زۆری لەسەر كەسایەتی و ڕەفتاری سوڵتانەكان نەبووە.


گۆڕینی مێزەرە:
شارەزایان باس لەوە دەكەن كە سوڵتانەكانی عوسمانی لە رۆژانی شەڕدا ئەو مێزەرانەیان كردوەتە سەرو لە ڕۆژانی ئاساییدا بەپێی كات و وەرزو حەزی سوڵتان و ڕێكەوتنی لە گەڵ بەرگەكەی ڕەنگ و قەبارەكەشی گۆڕاوە. هەموو خەلیفەكانیش تەنها یەك جۆر مێزەرەكانیان نەپێچاوەتەوە بەڵكو هەریەكەیان بەپێی حەزو ئارەزووی خۆیان بووە.