ڕاپۆرتی کوردستانی

07:16 - 27/06/2019

چیرۆكی كۆمه‌ڵكوژی خێزانێكی كوردی باكوری كوردستان‌

پەیسەر

لە كاتژمێرەكانی بەر لە نیوەڕۆ، لە رۆژی 15 حوزەیرانی 2019، ڤیدیۆیەك تۆڕەكانی سۆسیال میدیای بە خێرایی تەنییەوە. لە ڤیدیۆیەكەدا دەنگی تەقەیەكی زۆر دێت. لەگەڵ دەنگی هەر فیشەكێك دەنگی گریانی كچێك زیاتر دەبێت كە دیارە دیمەنەكە تۆمار دەكات. 

ئەم ڤیدیۆیە ساتەوەختی هێڕشی چەند كەسێكی چەكدار نیشان دەدات كە بەهۆی كێشەی زەوی و زار لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی سیڤەرەك لە باكووری كوردستان هێڕش دەكەنە سەر خانەوادەیەك و تیایدا 6 كەس گیان لەدەستدەن، كە چواریان ئەندامی یەك خانەوادەنە. چاودێران و شارەزایانیش دەڵێن:" ئەوانەی كۆمەڵكوژیەكەیان ئەنجامداوە، سەر بە دەوڵەتن و بەچەكی دەوڵەت هێڕشەكەیان ئەنجامداوە". 

شارۆچكەی سیڤەرەك دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری رۆحا لە باكووری كوردستان. لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی ئەم شارۆچكەیە بەشێك بووە لە ویلایەتی حەلەب و سەر بە ئامەد بووە. دوای دامەزراندنی كۆماری توركیا لە ساڵی 1924 ئەم شارۆچكەیە خرایە سەر رۆحا. ژمارەی دانیشتووانی سیڤەرەك بە گوێرەی دەزگای ئاماری توركیا لە ساڵی 2018 دا، نزیكەی 259 هەزار كەس بووە. 

سیڤەرەك بەهۆی بەرفراوانی رووبەری زەوی تەختایی و نزیكی لە رووباری فوڕات و هەبوونی سەرچاوەكانی دیكە ئاو، ناوچەیەكی كشتوكاڵیە، تا ساڵانێكی نزیك بەر لە ئەمڕۆ كشتوكاڵ سەرچاوەی سەرەكی بژێوی دانیشتووانی بووە. ئەمەش وایكردووە هێشتا پاشماوەی پەیوەندی دەرەبەگی لەناوچەكەدا بمێنێت و لە رووی كۆمەڵایەتیەوە ئەم ناوچەیە لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی باكووری كوردستان جیاواز بێت. ئەمەش لەگەڵ خۆی چەندین كێشەی  خوێناوی لەناوچەكەدا دروستكردووه‌.

رووداوەكەی گوندی (چەتلیك) لە 15 ئەم مانگەدا ئاماژەیە بەم راستیەی سەرەوە. ئەم رووداوە لەنێوان دوو خانەوادەی سەر بە عەشیرەتی ئیزۆل دەردەكەوێت. كێشەی هەردوو بنەماڵە كە ئامۆزای یەكترن لەسەر زەوی و زارە، بەر لە 17 ساڵ سەرهەڵدەدات. لە ئەنجامی هێرشی براكانی زولفیقار ئیزۆل كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پەرلەمانتارانی پێشووی ئەم پارتە، بۆ سەر خانەوادەی هەقی ئیزۆل و براكانی بە گشتی شەش كەس گیانیان لەدەستدا. كە چواریان سەر بە خانەوادەی هەقی ئیزۆل بوون بەناوەكانی (هەقی ئیزۆل 55 ساڵ – زۆزان ئیزۆل 41 ساڵ – مەڕال ئیزۆل 41 ساڵ – موسا سەرهەد ئیزۆل 22 ساڵ). دیلان ئیزۆل تەمەن (24) ساڵ و دەرچووی زانكۆ كە دایك و باوكی لەگەڵ مامۆژن و ئامۆزایەكی لەم رووداوە گیانیان لەدەستداوە، ساتی هەڵكوتانە سەر خانەوادەكەی بە كامیرای مۆبایلەكەی تەواوی رووداوەكە تۆما ده‌كات. 

دیلان ئیزۆل كە بەشی ئاركۆلۆژی لە زانكۆی دێرسیم تەواو كردووە، وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) لەبارەی كێشەكە و ساتی كوژرانی كەس و كاری دەداتەوە. بە گوێرەی دیلان كێشەكە بەر لە 17 ساڵ كاتێك روودەدات كە مامێكی دیلان دەكوژرێت. ئەو كاتە تەمەنی دیلان 7 ساڵان بووە:" باوكم و دوو مامی دیكەم بە كوشتنی مامم تاوانبار كران. لەو كاتەی مامم دەكوژرێت، باوكم لە پرسەی نەنكم دانیشتووە. دوو مامەكەی دیكەم بۆ چارەسەركردنی ئامۆزایەكم كە لە زكماكیدا نەخۆشە لە نەخۆشخانەیەكی مێرسین دەبن. كە دەچنە مێرسین لەناو پاسدا جزدانی مامم دەدزرێت، بۆ ئەمە پۆلیس بەسەر دەكەنەوە. دوای كوژرانی مامم بەڵگەی بەسەركردنەوەی پۆلیس و چوونە نەخۆشخانە لە تۆمارەكاندا رەشكرانەوە. خانەوادەی پارێزەرەی خانەوادەكەم بە پارە كڕدرا. هیچ بەرگریەكی لە ئێمە نەكرد. بە دەگمەن نەبێت سەردانی دادگای نەكردووە بەدواداچوونی بۆ كەیسەكە نەكرد".

لەو كاتەدا زولفیقار ئیزۆل كە دیلان تاوانباری دەكات و پێیوایە ئەو نەخشە داڕێژەی كۆمەڵكوژیكردنی خانەوادەكەیەتی پەرلەمانتاری ئاكەپە بووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:" ئەوەی بەڵگەكانی لەناوبرد، نەیهێشت دادگا كەیسەكە یەكلایی بكاتەوە زولفیقار ئیۆزل بوو. لە ئێستاشدا هەمان ئەو كەسە لەپشت پلانی كوشتنی كەسوكارم وەستاوە. زولفیقار ئیزۆل بۆ بەرژەوەندی خۆی دەوڵەتی بەكارهێنا. لە ئێستاشدا پشت بە دەوڵەت دەبەستێت و كۆمەڵكوژیمان دەكات".

هەروەها دەڵێت:" كاتێك مامم كوژرا، زولفیقار داوای لە باوكم كرد تا دادگا بڕیاری بێتاوانی دەدات پێویستە هەموو موڵكی بخاتە سەر ناوی زولفیقار، دوای بڕیاری ئاشكرابوونی بریاری دادگا هەمووی دەگەڕێنمەوە سەر ناوی تۆ. زولفیقار ئامۆزای هەقی باوكمە. باوكم متمانەی پێ دەكات. كاتێك باوكم داوای گەڕاندنەوەی تاپۆكەی دەكات، زولفیقار هەڕەشەی لێدەكات، پێی دەڵێت ئێوە هیچتان نیە، هەموو شت موڵكی منە، لە رووی یاسایەوە ناتوانی داوای هیچم لێبكەیت. دەبێت لێرە باربكەن".

بە گوێرەی زیلان لەدوای ئەم قسانەی زولفیقار بۆ باوكی، خانەوادەكەی هەڕەشەی لێكراوە، سووكایەتیان پێكراوە. هێشتا دۆسیەكەشیان لە دادگایە و یەكلایی نەكراوەتەوە:" بەردەوام پێیان دەگووتین ئەگەر بارنەكەن، كۆتایی بەژیانتان دێنین. بەڵام ناچاربووین لێرە بمێنینەوە چونكە ماڵ و واری خۆمانە".

رۆژێك بەر لە رووداوەكە فەرماندەی جەندرمە، سەردانی خانەوادەی قوربانیەكان دەكات. بەر لەم بەروارەش چەندین جاری دیكە یەكەكانی جەندرمە چوونەتە ئەو ماڵە و هەندێك جار پشكنینیشیان كردووە. لەبەر ئەمە خانەوادەی دیلان پێیانوایە جەندرمە بە مەبەستی پشكنینی ماڵەكەیان هاتووە. كاتێك پرسیار لە فەرماندەی جەندرمە دەكەن، ئەڵێت بۆ هیچ نەهاتووم، من چەند رۆژێكە هاتوومەتە ئێرە دەمەوێت بزانم لە رابردوو چی روویداوە.
بە گوێرەی دیلان، هێڕشبەران هاتنی فەرماندەیەكی نوێی جەندرمەیان قۆستۆتەوە و بەدەرفەتیان زانیووە بچنە سەر خانەوادەكەی. بەم شێوەیەش ساتی رووداوەكە دەگێڕێتەوە:" بەر لە رووداوەكە كە هێشتا مامۆژن و مامم لە ژوورەوەن، كەسانێك بە تراكتۆر لە دەوری ماڵەكانمان دەسوڕێنەوە، ڤیدیۆ دەگرن و جنێومان پێدەدەن. ئەوانە برای زولفیقار بوون. كاتێك مامۆژنم بۆ ئەوەی بزانێ چی بووە دەچێتە دەرەوە، راستی براكانی ئیزۆل دێت، پێی دەڵێن چەند خولەكێك خۆتان بگرن بزانن چیتان بەسەر دێنین. براژنم دێت قسەكان بۆ دایكم دەگێڕێتەوە. دایك و باوكم لە ماڵ دێنە دەرەوە و دەچنە لای مامۆژنم. كاتێك ئەوان دەگەنە لای مامۆژنم براكانی زولفیقار بە 4 ئۆتۆمبیل دەگەنە بەر دەرگای ماڵ و بە دار و بەرد لە باوكم، دایك و مامۆژنم دەدەن. دواتر دەچن لەناو ئۆتۆمبێلەكانیان چەك دەردێن و بە نیشان دەستدرێژیان لێدەكەن". 

دیلان پەیوەست بە رووداوەكە بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:" فیشەك بەسەری دایك و باوكم كەوتبوو . مامۆژنمیشم بەر دڵی. موسا كە تەمەنی 22 ساڵە و هێشتا خوێندكاری زانكۆیە، بە گۆپاڵ و بەرد دەكوژرێت. دواتر خۆیان كۆكردەوە و لە شوێنی رووداوەكە دووركەوتنەوە". 

ماڵی دیلان لەگەڵ ماڵی سێ مامەكەی دیكەی لە تەنیشت یەكترن. لەگەڵ براكانی زولفیقار ئیزۆل مەودای نێوانیان نزیكەی یەك كیلۆمەترە. لەبارەی چۆنیەتی تۆماركردنی رووداوەكەش دەڵێت:" لەگەڵ دەستپێ تەقەی یەكەم تەلەفۆنەكەم خستە دەستم. بەبێ ئەوەی لەگەڵ ئامۆزاكانم ئاگامان لەیەكتر بێت، رووداوەكەمان بە ڤیدیۆ گرتووە. هەموو شت لەناكاو روویدا، لە ماوەی 10 خولەكدا كۆتایی پێهات. ئەم كۆمەڵكوژیە بە پلان كراوە. من ناوی لێدەنێم كۆمەڵكوژی. خانەوادەكەم لەناوچوو، پلانیان هەبوو ئێمەش بكوژن، بەڵام نەگەیشتنە ئێمە، ئەگەر ئێمە لە ژوورەوە نەبوواینە ئێمەشیان بە دەردی ئەوانەی دیكە دەبرد".

هەرچەندە والی رۆحا، لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاندووە كە ئەوان 6 كەسیان لەسەر ئەم رووداوە دەستگیر كردووە، بەڵام دیلان باوەڕی بەم بەیاننامەیە نایێت و پێیوایە لەو 12 كەسەی هێڕشیان كردووە تەنیا برایەكی زولفیقار بەناوی جیهان دەستگیركراوە. لەمبارەیەشەوە دەڵێت: ئێمە شەش خوشك و براین. مامۆژنم كە گیانی سپارد یەكێكی كوژرا چوار منداڵی لە دوای خۆیدا بەجێهێشتووە. ئەوان بێ دایك و ئێمەش بێ دایك و باوكم ماینەوە. ئەم كۆمەڵكوژیە بە پلان كراوە، بە فەرمانی زولفیقار ئیزۆل بووە، بەبێ زولفیقار ئەوان هیچ ناكەن. ئەوانە چەتەی چەك بەدەستن. ئەمە دوژمنداری نیە، دەبێت هەموو كەس بزانێ". 
محەمەد ئیزۆلە، زڕ براگەورەی زولفیقار ئیزۆلە. لە لێدوانێكی بۆ (پەیسە پرێس) لەبارەی ئەو زوڵمەی زولفیقار لێی كردووە دەڵێت:" زولفیقار زوڵمی لە ئێمەش كردووە. من لە باوك برا گەورەی زولفیقارم. دایكمان جیاوازە. زولفیقار دوای مردنی باوكم بەڵگەی سەختەی دروستكرد و هەموو موڵكەكانی بردە سەر ناوی خۆی و براكانی. چووم سكاڵام لەسەر تۆمار كرد. بەڵام چووە لای قایمقام و بەبیانووی ئەوەی من موڵكم نیە، جەردەوان ناچاریان كردم زێدی خۆم كە لێی لە دایك بوومە بەجێبێڵم. زولفیقار فێڵی لە هەمووان كردووە".

دیلان، لەگەڵ كەسوكاری بانگەشە دەكەن كە ئەوان زەحمەتی دەبینن لە دۆزینەوەی پارێزەرێك تاوەكو كەیسەكە بگرێتە ئەستۆ و بەرگریان لێبكات. بەڵام عەبدوڵا ئۆنجەل سەرۆكی ژووری پارێزه‌رانی رۆحا، ئەم بانگەشەیە بە دوور لە راستی لە قەڵەم دەدات، بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" پێموانیە پارێزەران كەمتەرخەم بن بەرامبەر بەم كەیسە. ئەگەر داوای پارێزەر لە ئێمە بكرێت، دەتوانین دابینی بكەین و هیچ دڵەڕاوێكیەكمان نییە لەمبارەیەوە". هەروەها دەڵێت:" ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، بێ تاوانن. زوڵمیان لێكراوە". 

ئەم پارێزەرە، هۆكاری هەموو ئەم رووداوانە دەبەستێتەوە، بە هەبوونی سیستەمی جه‌رده‌یی و چەك بەدەستی كەسانی دەسترۆیشتوو خاوەن بەرژەوەندی:" لە رابردووش چەندین كێشەی دیكەی هاوشێوەی كێشەی گوندی (چەتلیك) روویداوە. چونكە لە سایەی سیستەمی جه‌رده‌یی پەیداكردنی چەك ئاسان بووە".
هەروەها دەشڵێت:" هەبوونی چەك ناهێڵێت سیستەمی فیوداڵی لەناوچەكەمان بەتەواوەتی هەڵوەشێتەوە. ئەم سیستمە سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانە و ئاستەنگە لەبەردەم ئاشتی كۆمەڵایەتی".

داواكاری گشتی رۆحا بڕیاری بەنهێنی بەڕێوەبردنی لێكۆڵینەوەی ئەم كەیسەی داوە. ئەمەش نیگەرانی و دڵەڕاوكێی كەس و كاری زوڵملێكراوانی لێكەوتۆتەوە. سەرۆكی ژووری پارێزەرانی رۆحا لەمبارەیەوە بە پێچەوانەی كەس و كاری قوربانیان قسە دەكات و دەڵێت:" هەبوونی بریاری نهێنی بۆ بەڕێوەبردنی لێكۆڵینەوە رووی ئەرێنی زیاترە لە رووی نەرێنی"