ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:29 - 02/07/2019

ئەفغانستان تریاک و تاڵیبانی لێ نابڕێت‌

پەیسەر

هەوێنە کۆمەڵایەتی، سیاسی، دینی و فەرهەنگیەکانی سەرهەڵدانی تاڵیبان چی بوون و چەند وڵات دەستیان هەبووە لە دروستبوونی ئەم گروپەدا؟
ناوی تاڵیبان لە تەڵەبەوە هاتووە، گروپی تاڵیبان گروپێکی ملیشیایی گەورە و نەیاری دەسەڵاتی ئەفغانستانە کە بە بیرو بۆچوونە توندوتیژ و توندڕەوانەکانیانەوە دەناسرێنەوە. لە ناو مەزهەبەکانی ئیسلامیدا خۆیان بە باوڕەمەندی سوننە و شوێنکەوتووی ئیمامی حەنەفی پێناسە دەکەن. ئەم گروپە لە ژێر کاریگەری بۆچوون و ڕوانگەی سەلەفیانەی " ئیبنی تەیمیە" و هەروەها "وەهابیەت "دان.

بە دوای مردنی مەلاعومەر و کوژرانی مەلا ئەختەر مەنسور ئێستا ڕێبەری ئەو گروپە تیرۆریستییە کەسێکە بە ناوی هەیبەتووڵلا ئاخوندزادە.

مێژووی دروستبوونی تاڵیبان
ئەوەی کە تاڵیبان کەی سەریهەڵدا و چۆن دامەزرا، یەکێکە لە پرسە ناڕوونەکانی مێژووی ئەفغانستان و خوێندنەوەی جۆراوجۆری لەسەر دەکرێت، بە گشتی زۆربەی شارەزایانی پرسی تیرۆریزم و مێژوونووسانی  ئەفغانستان  لەسەر ئەو باوەڕەن مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٤ لە ژێر ناوی " هاندانی ئیسلامی تەڵەبەکانی کەرام" گروپی تاڵیبان دامەزرا  و یەکەم چالاکیشیان داگیرکردنی ناوچەی "سپین بولدەک" بوو و بەمەش ناوبانگێکی زۆریان دەرکرد، مانگێک دوای ئاشکرابوونیان ویلایەتی قەندەهاریان کۆنترۆڵ کرد و بەبێ ئەوەی یەک فیشەکیش بتەقێنن چەندین ویلایەتی دیکەیان بە خێرایی کۆنترۆڵ کرد. وەردەک، لوگر، خوست، هەرات، جەلال ئاباد ئەو ویلایەتانە بوون کە تا پێش کۆتایی ساڵی ١٩٩٦ دەستیان بەسەردا گرتن.

کۆنتڕۆڵکردنی پایتەختی ئەفغانستان
گروپی تاڵیبان ڕۆژی ٢٦ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٦ بە کووشتنی هەر یەکە لە عەبدولعەلی مەزاری ڕێبەری حزبی یەکگرتووی ئیسلامی کە سەر بە هۆزی هەزارە بوو و محەمەد نەجیب اللە ئەحمەدزی، سەرکۆماری پێشووی ئەو وڵاتە و براکەی شاپور ئەحمەد زی کابولی پایتەختی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کرد. بەو شێوە تاڵیبان توانی  دەست بگرێت بەسەر دوو لەسەر سێی خاکی ئەفغانستاندا. 

دامەزرانی میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستان
دوای کۆنترۆڵکردنی کابول، ناوی دەسەڵاتی ئەفغانستان لە کۆماری ئیسلامی ئەفغانستانەوە بۆ میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستان گۆڕدرا و دەستبەجێ هەر سێ وڵاتی ئیمارات و سعودیە و پاکستان دانیان بە دەسەڵاتی ئەم گرووپەدانا، تاڵیبان ڕێبەری خۆیان بە ئەمیری ئیمانداران ناساند و دژایەتی ڕادیۆ، تەلەویزیۆن و نیگارکێشی و پەیکەرسازی و هەموو کارێکی هوونەریان دەکرد.

کۆمەڵکوژکردنی شیعەکانی هەزارە
مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٨و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە بیانووی کافربوونیان، گروپی تاڵیبان لە شاری مەزار شەریف، هەزاران شیعەی سەر بە هۆزی هەزارەیان کۆمەڵکوژ کرد  و بەمەشەوە نەوەستان و لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠١ لە ویلایەتەکانی سەرپێل و بامیان هەزاران شیعەی دیکەی ئەم هۆزەیان کوشت.

هەوێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سەرهەڵدانی تاڵیبان
هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن هەوێنی پێکهاتنی تاڵیبان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک گروپ کە ئەرکیان پڕوپاگەندەی دینی بووە. ڤێنستن چەرچل ساڵانێکی زۆر بەر لە دروستبوونی  تاڵیبان لە بابەتێکدا سەبارەت بە ئەفغانستان باسی لە کۆمەڵێک کەسی سەرلێشێواو دەکات کە عەوداڵی زانستە ئیسلامییەکان بوون و خەڵک بەخێویان دەکردن.
 
بۆچوونێکی دیکە پێی وایە بەشێک لە هێزی پێکهێنەری تاڵیبان ئەو تەڵەبانە بوون کە لە قوتابخانە دینییەکانی ئەفغانستان دەیانخوێند و دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو قوتابخانانەوە کە سەر بە  کۆمەڵەی زانایانی ئیسلام بوون، دەرکران.

کۆمەڵەی زانایانی ئیسلام گروپێکی پاکستانی و خاوەن ئایدیای سیاسی بوو کە لەلایەن " مەولانا فەزل ئەلرەحمان"ەوە سەرکردایەتی  دەکرا و وانەی دینیان فێری منداڵانی ئەو  پانەبەرە ئەفغانیانە دەکرد کە لە پاکستان نیشتەجێ بوون. مەولانا فەزل ئەلرەحمان زیاتر منداڵانی بێ سەرپەرشت و هەژاری وەردەگرت و چینی هەژاری ئەفغانییەکانی کردبووە ئامانج.

هاتنە مەیدانی تاڵیبان
ساڵی ١٩٨٩ و کاتێک هێزەکانی یەکێتی سۆڤییەت دوای ٩ ساڵ لە داگیرکردنی ئەفغانستان خاکی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت، بزووتنەوەی تاڵیبان لەو بارودۆخەدا و لە کاتێکدا بشێوی و شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستانی گرتبووە سەریانهەڵدا، لەو قۆناغەدا تاڵیبان وەک گروپی گوڵبەدین حیکمەتیار توندئاژۆ نەبوو و زیاتر وەک گروپێکی نەریتی و محافزکار دەناسرانەوە.
خاڵی هەرە گرینگ سەبارەت بە تاڵیبان ئەوەیە کە ئەوان ساڵی ١٩٩٤ و بە هاوکاری پاکستان و پشتگیری دارایی سعودیە بوون بە هێزێکی کاریگەری سەربازی.
 
بینەزیر بۆتۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری پاکستان لە دیمانەیەک لەگەڵ بەشی فارسی بی بی سی، سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا و پاکستان لە سەرهەڵدانی تاڵیبان دانی پێدانابوو " ڕێکخراوی سی ئای ئێی ئەمریکا" و " ئای ئێس ئای پاکستان" تاڵیبانیان دروست کرد.

هۆکاری پشتگیرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە تاڵیبان
یەکەم: سعودیە و ئیمارات
ئەم دوو وڵاتە کە لە سەردەمی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکیەتی سۆڤییەتەوە زۆرترین پشتگیرییان لە هێزە جیهادییەکانی ئەفغانستان دەکرد، لە دوای سەرهەڵدانی تاڵیبانیش بوونە  گەورەترین پاڵپشتیکاری ئەم گروپە. یەکێک لە هۆکارەکانی پشتگیریکردنی ئەم دوو وڵاتە بۆ تاڵیبان دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و ناکۆکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و بە تایبەت لە ئەفغانستان. سعودیە و ئیمارات لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی پاکستان کە پێی وابوو تاڵیبان بووەتە لەمپەر لە سەر ڕێگەی پەرەسەندنی هەژمونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەفغانستان، پشتگیریان لە تالیبان دەکرد.

دووەم: پاکستان
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سۆسیالیستی ئەفغانستان و بە دەسەڵات گەیشتنی بورهان ئەلدین ڕەبانی کە لە ئێران نزیک بوو،  پاکستان هەوڵی دا  دەسەڵاتێکی لاواز و هەماهەنگ لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆی لە ئەفغانستان دروست بکات و چەندین ئامانجیشی هەبوو لەوانە زاڵبوون بەسەر ڕێگەکانی پەیوەندی ئاسیای ناوەڕاست، ڕێگەی ترانزێتی نەوت و گاز لە ڕێگەی ئەفغانستان بۆ پاکستان، دەستپێراگەیشتن بە بازاڕەکانی ناوچەکە و هەڵوەشانەوەی " ڕێککەوتنی دیوربەند" و هەروەها لێدان لە بەهێزبوونی هەژمونی ئێران لە ئەفغانستان.


سێیەم: ئەمریکا بە چەند مەبەست پشتگیری لە تالیبان دەکرد لەوانە:
١-  گروپی تاڵیبانی وەک لەمپەرێک دەبینی لەسەر ڕێگەی هەژمونی ڕوسیا و ئێران لە ئەفغانستان.
٢- پێی وابوو تاڵیبان ، ناوەندەکانی ڕاهێنانی تیرۆریستان لەو وڵاتە لەناو دەبات.
٣- ڕێگەیەک بۆ پاکستانی هاوپەیمانی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بازرگانییەکی بەخێر و بێر لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەندی بەرقەرار بکات.
٤- هاوشێوەی قەندەهار، تاڵیبان ئاسایش و سەقامگیری بۆ سەرتاسەری ئەفغانستان بگەڕێنێتەوە و لەو حاڵەتەدا ئەفغانستان دەکەوتە دەست ئەو هێزانەی کە سەرکەوتنی خۆیان قەرزباری ئەمریکا دەزانی و ئەمریکاش دەیتوانی بۆ جیبەجێکردنی سیاسەتەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت.

تاڵیبان و  ئوسامە بن لادەن
ئوسامە بن لادەن، سەرمایەدارێکی نەیاری سعودیە بوو، ساڵێک دوای دامەزرانی تاڵیبان، بن لادەن بە فرۆکەی تایبەتی خۆی چووە جەلال ئاباد و لەلایەن ڕێبەرانی تاڵیبانەوە پێشوازی لێکرا. 
 لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا ئەمریکا، ئۆسامە بن لادەنی بە ئەنجامدانی چەند هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا تۆمەتبار کرد و کەوتە شوێنپێ هەڵگرتنی، ئەمەش پەیوەندیی نێوان تالیبان و ئەمریکای ئاڵۆزکرد، سەرباری ئەمانەش بن لادەن و رێکخراوەکەی کە لە ئەفغانستانەوە سەرکردایەتی دەکرا، رۆژی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ هێرشە گەورەکەی بۆ سەر نیۆیۆرک ئەنجامدا.
 
هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر، تاڵیبانی لەگەڵ کۆمەڵیک کێشەی گەورە بەرەوڕوو کردەوە، ئەمریکا داوای لە تاڵیبان کرد بن لادەن ڕادەستی ئەمریکا بکات و تاڵیبانیش ئامادە نەبوو داواکارییەکەی ئەمریکا جێبەجێ بکات، هەربۆیە ئەمریکا بڕیاریدا هێرش بکاتە سەر ئەفغانستان و کۆتایی بە دەسەڵاتی تالیبان بهێنێت.
ڕۆژی ٧ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا بە یارمەتی بەرەی باکور ( موجاهیدینی پێشوو) هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە دەسەڵاتی تاڵیبان هێنا. دوای شکەستی تاڵیبان، حامید کەرزای بوو بە شێوەی کاتی بوو بە سەرکۆماری ئەو وڵاتە.

سەرهەڵدانەوەی دووبارەی تاڵیبان
ساڵی ٢٠٠٦ تاڵیبان، دوای ئەوەی  جارێکی دیکە خۆی ڕێکخستەوە، دەستی کردەوە بە چالاکییە سەربازییەکانی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و سوپا و پۆلیسی ئەفغانستان، بەهۆی بێهوا بوونی خەڵک لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان و بوونی گەندەڵییەکی بەرفراوان، تالیبان توانی جارێکی دیکە لە زابول، قەندەهار و هیلمەند جێ پێی خۆی بکاتەوە و دوو ساڵ دواتر بەرەو کابولی پایتەخت کەوتنە پێشڕەوی.
لەم چەند ساڵەی رابردوودا تالیبان خۆی زۆر بەهێز کردووەتەوە و لە ئێستا لە نزیکەی ٧٠ لەسەدی خاکی ئەفغانستاندا چالاکی هەیە و هەندێک ناوچەشی بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کردووە.

 پڕۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ وە بە فەرمی چەندین خولی دانیشتنی لەگەڵ گروپی تاڵیبان ئەنجامداوە بە مەبەستی ڕازی کردنیان بە کۆتایی هێنان بە شەڕ و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەفغانستان.
زەلمای خەلیلزاد نوێنەری ئەمریکایە لەو دانیشتنانەدا و گروپی تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵ دەسەڵاتی کابول دانیشتن بکات بە هۆی ئەوەی باوەڕی وایە کە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لەرزۆک و پیاوی بێگانەکانە.
تا ئێستا وتووێژەکان هیچ ئاکامێکیان نەبووە و تاڵیبان سوورە لەسەر ئەوەی ئەمریکا خاکی ئەفغانستان بەجێبێڵێت.

ترسی کۆمەڵگەی ئەفغانستان بە تایبەت ژنان لە گەڕانەوەی تاڵیبان
لە سەردەمی دەسەڵاتداری تاڵیبان ژنان لەگەڵ زەبر و زەنگ و سەرکوتێکی زۆر بەرەوڕوو بوون. تاڵیبان رێگەی کار کردن و خوێندنی بە ژنان نەدەدا و ژنان بۆشیان نەبوو بە تەنیا لە ماڵەوە بچنە دەرەوە، کۆمەڵیک یاسای توندیشی بەسەر گەنجاندا سەپاندبوو، تەنانەت ڕیش تاشینیشیان لێ قەدەغە کرابوو و جگە لە جل و بەرگی کۆنی ئەفغانستان نەبێت بۆیان نەبوو ئ هیچ جۆرە جل و بەرگێکی دیکە لەبەر بکەن.

ئێستا ژنان و لاوان و کۆمەڵگەی مەدەنی ترسیان لێ نێشتووە ئەو ئازادیانەی دوای نەمانی تاڵیبان بە دەستیان هێناوە جارێکی دیکە بە هۆی ئەم گروپەوە لێیان زەوت بکرێتەوە.