ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:10 - 02/07/2019

لە هەناوی ئاکەپەوە دوو حیزبی دیکە لە دایک دەبن‌

پەیسەر

دوای ئاشکرابوونی هەوڵەکانی ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ،  ئێستا باس لە دامەزراندنی پارتێکی نوێی دیکەش دەکرێت لەلایەن عەلی باباجان وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا کە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بووە.

موحەرەم ساریکایا نووسەری ناوداری ( هابەرتورک) لە نووسینێکیدا کە لە زۆرێک لە میدیاکانی تورکیادا بڵاوبووەتەوە و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە، ئاشکرای کردووە هەفتەی داهاتوو عەلی باباجان و ژمارەیەکیتر لە ئەندامانی پێشووی ئاکپارتی لە ئەنقەرەی پایتەخت دەست بە ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەکەن.


بەپێی زانیارییەکان عەبدولا گویل سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتیش بە هەموو توانای خۆیەوە پشتگیری لە عەلی باباجان دەکات.

هەروەها ئەرتوغڕۆل گونای وەزیری پێشووی کلتور و گەشتیاری تورکیا و بەشیر ئاتالای وەزیری پێشووی ناوخۆ و نیهاد ئەرگوین وەزیری پێشووی بازرگانی و پیشەسازی و سەعدوڵا ئەرگن وەزیری داد لە دامەزراندنی پارتە نوێیەکەی عەلی باباجاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان دەبێت.

کەسێکی تر کە لە میدیاکانی تورکیادا زۆر باسی لێ دەکرێت حسێن چەلیکە چەلیک لە ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٩ وەزیری پەروەردەی تورکیا بووە و خەڵکی شاری وانی باکوری کوردستانە، چەلیک وەک کەسێکی نزیک لە ئەحمەد داوودئۆغلۆ دەناسرێت، بەڵام دەوترێت ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە پارتەکەی عەلی باباجاندا بەشداربێت.

هەروەها عەلی باباجان داوایەکی ئاراستەی محمەد شیمشەک وەزیری پێشووی خەزێنەی تورکیا کردووە و بەڵێنی پێداوە لە پارتەکەیدا پۆستێکی باشی پێ بدات، بەڵام شیمشەک کە لە ئێستادا لە کۆمپانییایەکی گەورەی نێودەوڵەتیدا کاردەکات پێی ڕاگەیاندووە کە ئامادە نییە لەمەودوا لە هیچ پارتێکی سیاسیدا کار بکات.
ئەردۆغان ئاگاداری هەوڵەکانی باباجانە
عەلی باباجان بە کەسایەتییەکی زۆر کاریگەر لە ناو ئاکپارتی دا دادەنرێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکاندا، زۆربەی جار عەلی باباجانی وەک سەرپەرشتیاری دەستنیشانکردنی کاندیدەکانی پارتی داد و گەشەپێدان دیاریکردووە و بە هۆی ئەوەشەوە زۆربەی پارلەمانتارەکانی ئاکپارتی لە ناوبراوەوە نزیکن، لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت ٣٥ پارلەمانتاری ئاکپارتی ببنە ئەندامی پارتەکەی عەلی باباجان.


دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە ئاکپارتی زۆربەی گەورە شارەوانییەکانی لەدەستدا، ئەردۆغان پێشنیازێکی ئاراستەی باباجان کردووە و داوای لێ کردووە، جارێکی تر بە شێوەیەکی چالاک بگەڕێتەوە ناو ئاکپارتی و بە پرۆژەکانی هەوڵی بووژاندنەوە ئابوری وڵات و حکومەت بدات، بەڵام باباجان داواکەی ئەردۆغانی ڕەت کردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە، ئامادە نییە بگەڕێتەوە، بەڵام دەتوانێت هەندێک لە پڕۆژەکانی پێشکەش بە حکومەت بکات.

ئەحمەد داودئۆغلۆش کە چەند مانگێکە هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەست پێ کردووە، هەوڵێکی زۆری داوە عەلی باباجان و عەبدولا گویل ڕازی بکات پێکەوە  پارتە نوێیەکە دابمەزرێنن و چەند جاریش سەردانی ئەو دوو کەسایەتییەی کردووە.

داودئۆغلۆ پێشنیازی ئەوەی کردووە، عەلی باباجان ببێتە سەرۆکی پارتەکە و خۆی و گویلیش جێگری ئەو بن. بەڵام هەم گویل و هەم باجابان پێشنیازەکەیان ڕەت کردووەتەوە و گویل ڕازی نەبووە بە هیچ شێوەیەک داودئۆغلۆ ببێتە ئەندامی پارتەکەیان.

داودئۆغلۆ ئەوە دەزانێت، بە هۆی گرنگی پێگەی گویل و باباجانەوە لە ناو ئاکەپەدا و کۆکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییەکانی پێشوو و نوێی ئاکپارتی بە دەوری خۆیانەوە، پێگەی خۆی لە دەست دەدات و ناتوانێت لە دامەزراندنی پارتەکەیدا سەرکەوتوو بێت.

باباجان بۆ ئەندامێتی لە پارتەکەیدا دوو مەرجی هەیە
دەنیز زەیرەک ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی سوزجو کە بە دواداچوونی کردووە بۆ بابەتی دامەزراندنی پارتە نوێیەکەی باباجان دەڵێت، باباجان بۆ ئەندامێتی لە پارتەکەیدا دوو مەرجی هەیە.


مەرجی یەکەمی ئەوەیە کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت و شایەنی ئەو پۆستە بێت و مەرجی دووەمیشی ئەوەیە کەسی دیموکرات لە پۆستە گرنگەکان دابنرێن و هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگایان پێ قبوڵ بکرێت. هەروەها ڕەخنەشی لە ئاکپارتی گرتووە کە نەیتوانیوە ببێتە نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی تورکیا و لە کۆبۆنەوەیەکدا لە گەڵ هاوڕێکانی باسی لەوە کردووە، پێویستە لە پارتەکەیدا کورد و تورک و سونی و عەلەوی و موحافزکار و کەسایەتییە چەپەکانیش هەبن.

عەلی باباجان کێیە؟
لە ساڵی ١٩٦٧ لە ئەنقەرە لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٥ کۆلێژی بازرگانی ئەنقەرەی تەواو کرد، ساڵی ١٩٩٢ لە ئەمریکا بڕوانامەی بازرگانی باڵا و کارگێڕی لە زانکۆی نۆرسوێسترنی بە دەستهێنا. تا ساڵی ٢٠٠١ کۆمپانیایەکی بازرگانی گەورەی هەبووە و لە کەرتی تایبەت کاری کردووە. ساڵی ٢٠٠١ لە دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێداندا بەشدارییەکی چالاک دەکات و دەبێتە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاکپارتی. لە کابینەی ٥٨ و ٥٩ حکومەتی تورکیادا دەبێتە وەزیری دەوڵەت و بەرپرسی ئابوری ئاکەپە.

لە کابینە ٦٠ دا بە وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەک سەرۆکی دەستەی دانووستانکاری تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دیاری دەکرێت. لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ وە کە ئەحمەد داودئۆغلۆ وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا دیاریدەکرێت، هیچ پۆستێکی حیزبی و حکومی بە عەلی باباجان نەدراوە