ڕاپۆرتی کوردستانی

06:41 - 04/07/2019

هه‌فته‌ى ماڵئاوایى و یه‌كترناسینى وه‌زیره‌كان‌

پەیسەر پرێس

تا نۆ مانگى پڕی ته‌واو نه‌كرد، كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌روه‌ختى له‌دایكبوونى نه‌هات، دواى نۆ مانگى ته‌واو له‌ كۆبوونه‌وه‌، دانوستان، مشتومڕ، هه‌ڕه‌شه‌، گرژى و خاوبوونه‌وه‌، چاوه‌ڕوانده‌كرێت هه‌فته‌ى داهاتوو، هه‌فته‌ى ماڵئاوایى كابینه‌ى هه‌شتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ركه‌وتنى وه‌زیره‌ نوێیه‌كانى كابینه‌ى نۆ بێت.

چه‌ند رۆژێكى كه‌مه‌، یه‌كێتى و پارتى به‌نزیكبوونه‌وه‌ گه‌یشتوون، میدیاى فه‌رمى یه‌كێتى هه‌واڵى رێككه‌وتنى یه‌كجاره‌كى راگه‌یاندووه‌، شه‌ش رۆژ مۆڵه‌ت ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سى ڤى كاندیده‌كان بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانى كوردستان، حزبه‌كان سه‌ریان به‌نێو باره‌گاكانى خۆیاندا كردووه‌ته‌وه‌و له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ى ماوه‌، ده‌بێت نوێنه‌ره‌كانى خۆیان ساغ بكه‌نه‌وه‌، بۆ پۆسته‌كانى حكومه‌ت.

كۆبوونه‌وه‌ى ماڵئاوایى

بڕیاره‌ رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو، وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى هه‌شت به‌ سه‌رپه‌رشتى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى ماڵئاوایى بكه‌ن، ماڵئاوایى له‌چوار ساڵى پڕقه‌یران و كێشه‌ بۆ خه‌ڵك، كابینه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ناویدا وشه‌ى قه‌یرانیش به‌رده‌وام ده‌بوو بگوترێت. كابینه‌كه‌ شتێكى ئه‌وتۆى پێشكه‌ش نه‌كرد، ره‌خنه‌گرانى ده‌ڵێن كابینه‌ى كێشه‌و قه‌یران بوو،  ئه‌وانه‌شى بەرگری لێدەکەن پێیان وایە ئه‌و كابینه‌یه‌ هه‌رێمى كوردستانى له‌به‌رمۆداى داعش و مه‌ترسییه‌كانى دواى ریفراندۆم پاراست.

كابینه‌ى ساواو سه‌رۆكى نوێ

په‌رله‌مانى كوردستان ته‌نها رۆژه‌كانى هه‌فته‌ى داهاتووى له‌ پێشه‌، له‌گه‌ڵ كۆتایى ئه‌و هه‌فته‌یه‌ ده‌بێت كابینه‌یه‌كى نوێى وه‌زاریى له‌ هۆڵى په‌رله‌مان بێته‌ ده‌ره‌وه‌، لانى كه‌م دەبێت نیوه‌ كۆ یه‌كى كابینه‌كه‌ سوێندیان خواردبێت. به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان ٤٨ كاتژمێر پێش هه‌ر دانیشتنێك، ده‌بێت به‌رنامه‌ى كار بخرێته‌ سندوقى په‌رله‌مانتارانه‌وه‌، بۆیه‌ش چوارشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو دوایین رۆژى یاساییه‌ بۆ گه‌یشتنى ناوى وه‌زیره‌كانى كابینەى نوێ.

حزبه‌كان له‌ په‌له‌په‌لیى كاتى زیادكراودا

حزبه‌كان تائێستا به‌فه‌رمى ناوى كاندیده‌كانى خۆیان ئاشكرانه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌ركاتێك بێده‌نگ ده‌بن، ئه‌وا له‌هه‌ركات زیاتر به‌ مشتومڕى نێوخۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵن، ئێستا كه‌ چه‌ند رۆژێكى كه‌مه‌ لێدوان و په‌یام و په‌یامكارى بۆیه‌ك راگیراوه‌، لایه‌نه‌كان له‌نێوخۆیان مشتومڕى گه‌رمی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیان ده‌ستى گرتوون.

ناوخۆى یه‌كێتى ئاڵۆزه‌

یه‌كێتى جیا له‌ لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانى دیكه‌، ئاسته‌نگ و سه‌رئێشه‌ى زۆرى له‌پێشه‌ بۆ خۆساغكردنه‌وه‌ى. بۆ ئاماده‌كردنى كاندیده‌كان بیانووى نه‌ماوه‌و له‌سه‌ر پارێزگارى كه‌ركوك به‌ رێككه‌وتن گه‌یشتوون له‌گه‌ڵ پارتى. به‌رزان ئه‌حمه‌د كوردە ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووە، تا ١١ی مانگ كاندیده‌كانیان یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌رچى تا ئه‌و ماوه‌ كاتێكى وانامێنێت بۆ راده‌ستكردنى ناوه‌كان به‌ په‌رله‌مان.

له‌نێو یه‌كێتى ته‌نها پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت مشومڕى له‌سه‌ر كه‌مه‌، پۆسته‌كانى دیكه‌ ناكۆكى له‌سه‌رن

به‌گوته‌ى كورده‌، بڕیاره‌ ناوه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كلابكرێنه‌وه‌، هه‌مویان پابه‌ندده‌بن به‌بڕیارى سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌. پێشتر فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ په‌یسه‌رى گوتبوو، پێش ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى بكرێت، بۆ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان یه‌كێتى له‌نێوخۆى هه‌وڵى رێككه‌وتن ده‌دات، چونكه‌ به‌بڕواى ئه‌و، له‌هه‌موو دۆخێكدا رێككه‌وتن پێش كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى باشتره‌. 

ئه‌گه‌رچى تا ئێستا چه‌ند جارێك جه‌مسه‌ره‌ جیاوازه‌كانى یه‌كێتى، به‌تایبه‌ت ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ لێكتێگه‌یشتنیان كردووه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان، به‌ڵام ماوه‌یه‌كى كه‌مى خایه‌ندووه‌. له‌نێو یه‌كێتى ته‌نها پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت مشومڕى له‌سه‌ر كه‌مه‌، پۆسته‌كانى دیكه‌ ناكۆكى له‌سه‌رن، بۆ ئه‌و حزبه‌ ره‌واندنه‌وه‌ى نیگه‌رانییه‌كان له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ئه‌سته‌مه‌. 

ناوى كاندیده‌كانى پارتى له‌ گیرفانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێیه‌

پارتى پێشتر ناوى كاندیده‌كانى ساغ كردووه‌ته‌وه‌، لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تى هۆشیار زێبارى ناوه‌كانى ته‌ته‌ڵه‌كردووه‌و مه‌سعود بارزانى دوایین ناوه‌كانى په‌سه‌ندكردوون. په‌یسه‌ر پێشتر ناوى كاندیده‌كانى پارتى بڵاوكردوه‌. نه‌زهه‌ت حالی وه‌زیری ناوخۆ، ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كان، عه‌بدولسه‌لام مه‌ده‌نی وه‌زیری په‌روه‌رده‌، نه‌وزاد هادی وه‌زیری كاره‌با، نزار عیسمه‌ت وه‌زیری ته‌ندروستی، فرسه‌ت ئه‌حمه‌د وه‌زیری داد، ساسان فه‌رهاد عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی. كاندیدی وه‌زیری ئه‌وقاف یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌.  

كادیرانى سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌، راپه‌ڕین و گه‌رمیان-ی پارتی نیگه‌رانن

مه‌سرور بارزانى ٢٤ى مانگى رابردوو له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا گوتى، تا به‌فه‌رمى  نه‌ناسێندرێن، هیچ كاندیدێك به‌ یه‌كلابووه‌وه‌ هه‌ژمارناكرێت. له‌ناو پارتیش ئه‌گه‌رى گۆڕانكارى له‌ناوه‌كان هه‌یه‌، كادیرانى سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌، راپه‌ڕین و گه‌رمیان، نیگه‌رانن كه‌ هیچ كه‌سێكى ئه‌وناوچانه‌ له‌ پشكى حزبه‌كه‌یان پۆست وه‌رناگرن له‌ كابینه‌ى نوێ.

گۆڕان به‌هێواشى خه‌ریكه‌

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌مجاره‌ به‌هەستیارى زۆره‌وه‌ ده‌ستى بۆ فایلى ئاماده‌كردنى كاندید برد، لیژنه‌یەکی ١١ کەسیی له‌سه‌ر ئاستى ئۆرگانه‌كانى بزوتنه‌وه‌كه‌ دروستكرد، لیژنه‌كه‌ چه‌ند ناوێكى ته‌ته‌ڵه‌كردووه‌و ره‌وانه‌ى جڤاتى نیشتیمانى كردووه‌. له‌نێو گۆڕان هێشتا مشتومڕ هه‌یه‌ له‌سه‌ر میكانیزمه‌كان، چاوه‌ڕوانده‌كرێت كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ینێ هه‌ینى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت، به‌ ده‌نگدان به‌رپرسه‌ نوێیه‌كانى گۆڕان هه‌ڵبژێردرێن.


گۆڕان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ سستى ده‌ستى به‌ پرۆسه‌ى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناوه‌كان كرد، له‌ مانگى دووى ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتنى واژۆكرد، به‌ڵام هێشتاش كاندیده‌كانى دیار نین، نزار مه‌حمود ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بۆ په‌یسه‌ر ره‌تیكرده‌وه‌، گۆڕان سست جوڵابێته‌وه‌و گوتى"ناكرێت كاتێكى زۆرى مابێت، هه‌رزوو ناوى كاندیده‌كان راده‌ست بكه‌یت".

گۆڕان ئه‌مجاره‌ به‌هەستیارى زۆره‌وه‌ ده‌ستى بۆ فایلى ئاماده‌كردنى كاندید برد

گوتیشى"ئه‌م هه‌فته‌یه‌ جڤاتى نیشتیمانى كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات و ده‌نگ بۆ كاندیده‌كان ده‌دات، لیژنه‌كه‌ كارى خۆیان كردووه‌و ناویان ره‌وانه‌كردووه‌، هه‌ر ده‌نگدانى ماوه‌".
  
سۆسیالیست ئاماده‌یه‌

كاندیدى سۆسیالیست بۆ وه‌زیرى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، عه‌بدوڵاى حاجى مه‌حموده‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داواى پارتى، پێشتر سۆسیالیست به‌نیازبوو محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود كاندید بكات بۆ وه‌زیری شەهیدان. به‌ڵام پارتى به‌فه‌رمى پێى گوتبوون عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود كاندید بكه‌ن و كورسییه‌كى په‌رله‌مانیش بده‌ن به‌ باپیر كامه‌لا، له‌ پارتى كرێكاران و ره‌نجده‌ران، كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنى رابردوو له‌گه‌ڵ سۆسیالیست به‌ لیستێك به‌شداربوو.

بزوتنه‌وه‌ یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌

پارتى مه‌به‌ستیه‌تى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى به‌شداربێت له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌وێت و له‌نێو پارتیش كۆڕایى نییه‌ كه‌ پۆستى وه‌زیریان پێبدرێت. بزوتنه‌وه‌ داواى وه‌زیرى ئه‌وقاف ده‌كات پارتى تائێستا له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ى ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تیان پێبدات یاخود پله‌ى خوارتر، به‌ڵام ئاڕاسته‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى له‌نێو پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نین وه‌زاره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ بدرێت، په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ هۆكارى نیگه‌رانى سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وه‌زیره‌كانى سۆسیالیست و مه‌سیحی-یه‌كانیش نزیكى مه‌سرور بارزانین ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌زاره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ بدرێت، هاوسه‌نگى له‌كابینه‌كه‌ بوونى نابێت.

مه‌سیحی-یه‌كان وه‌زیریان بۆ دیاریكراوه‌

پشكى مه‌سیحی-یه‌كان له‌ كابینه‌ى نوێ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ ده‌بێت، به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، پارتی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی داوه‌ته‌ پێكهاته‌ی مه‌سیحی-یه‌كان، به‌ومه‌رجه‌ی ئانۆ جه‌وهه‌ر به‌رپرسی ناوچه‌ی عه‌نكاوه‌ی پارتی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكه‌ن، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی مه‌سیحی-یه‌كانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌دایكبوونى كابینه‌ی نوێ، کە نۆ مانگ چاوەڕوانى خه‌ڵكى ویست، چى بۆ خه‌ڵك ده‌كات؟

ته‌نها دروستبوونى كابینه‌ى نۆ، چاره‌كێكى ته‌مه‌نى یاسایى كابینه‌كه‌ى ویست، ئه‌گه‌ر كه‌وتنه‌ سه‌رپێ و لابردنى هه‌ر ئاسته‌نگێكى به‌رده‌م كابینه‌كه‌ كاتێكى كه‌متر له‌وه‌شى بوێت، ئه‌و كابینه‌یە ته‌مه‌نى خۆى له‌ چاوه‌ڕوانى گفتوگۆو كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خه‌سار ده‌كات، نه‌خشه‌ى كابینه‌كه‌ روونبووه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ پرسیاره‌ لەسەر کابینەکە. ئه‌م كابینه‌ نوێیه‌، كه‌ له‌دایكبوونى نۆ مانگ چاوەڕوانى خه‌ڵكى ویست، چى بۆ خه‌ڵك ده‌كات؟