03:00 - 09/12/2018
پارتى به ساردوسڕى و غرورى هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌ست به دانوستانه‌كان ده‌كات
پارتى به غرورى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى 30 ئه‌یلوله‌وه به هێواشى ده‌ست به گفتوگۆى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كات، به جۆرێك ساردى پێوه دیاره بۆ به‌شدارى لایه‌نه‌كان كاندیدى حزبه‌كه‌ى بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ سه‌ردانى لایه‌نه‌كان ناكات و له شاندى پێشوازى لایه‌نه‌كانه، تا ئێستاش ته‌نها دوو كۆبوونه‌وه‌ى راوێژكارى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان كراون.
په‌یسه‌ر پرێس پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه كه پارتى دوو شاندى بۆ گفتوگۆ‌و دانوستان پێكهێناوه، شاندێك پێشوازى له لایه‌نه‌كان ده‌كات و شاندێكى دیكه سه‌ردانى لایه‌نه‌كان ده‌كات، ئه‌و شانده‌ى كه سه‌ردانى لایه‌نه‌كان ده‌كات هیچ كام له بارزانییه‌كانى تێدا نییه، خودى مه‌سرور بارزانى كه كاندیدى پارتیه بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌و شانده‌یه كه پێشوازى له لایه‌نه‌كان ده‌كات.
هه‌ربه‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه په‌یسه‌ر ده‌ستیكه‌وتووه به‌هۆى نیگه‌رانى پارتى له به‌شدارى لاهور شێخ جه‌نگى له كۆبوونه‌وه‌ى رابردووى سلێمانى نێوان یه‌كێتى و پارتى، ئه‌و حزبه دەیەوێ لە هەولێر بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان بدات، هاوكات مه‌رجى دیكه‌شى ئه‌وه‌یه كه گروپى 16ى ئۆكتۆبه‌ر به‌شدارى دانوستانه‌كان نه‌بن.
پارتى له دوایین هه‌ڵبژاردن بۆ خولى پێنجه‌مى په‌ڕله‌مانى كوردستان حه‌وت كورسى دیكه‌ى خسته‌سه‌ر ژماره‌ى كورسییه‌كانى و هۆڵى فراكسیۆنه‌كه‌ى قه‌ره‌باڵغتركرد سه‌ره‌ڕاى ره‌خنه و تێبینى لایه‌نه ناڕازییه‌كان، پارتى و یه‌كێتى پێكه‌وه ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان واژۆكردوو تێ‌یان په‌ڕاند، دواى70 رۆژ له ئه‌نجامدانى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه پارتى به هێواشى ده‌ستى به گفتوگۆكردووه له‌و ماوه‌دا ته‌نها یه‌ك جار شاندێكى راوێژكاریى ئه‌و حزبه سه‌ردانى یه‌كێتى و گۆڕان-ى كرد له سلێمانى.
ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌م به ته‌واوى ئه‌و ئه‌نجامه بوو كه ئه‌و حزبه له‌دواى خولى یه‌كه‌مى په‌رله‌مانه‌وه چاوه‌ڕێى ده‌كات، ئه‌ویش مسۆگه‌ركردنى زۆرینه‌ى په‌رله‌مان و كۆنتڕۆڵكردنیه‌تى، پارتى و به‌و 45 كورسییه‌ى هێناى له‌گه‌ڵ 11 كورسى پێكهاته‌كان كه‌زۆرتر له پارتى نزیكن هه‌روه‌ها دوو كورسى شیوعى و سۆسیالست كه هه‌ردوولایان هاوپه‌یمانییه‌كى رانه‌گه‌یه‌ندراویان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه، پارتى به ئاسانى كلیلیى په‌رله‌مانیشى كه‌وته ده‌ست.
پارتى مه‌رجى بۆ لایه‌نه‌كان هه‌یه
پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ناكۆكه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ى له به‌غدا له‌ده‌ستى دا له هه‌ولێر له یه‌كێتى وه‌ربگرێته‌وه، له‌گه‌ڵ گۆڕانیش به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه ده‌كات و نایه‌وێت ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له حكومه‌تى نوێ پێگه‌ى به‌جۆرێك بێت وه‌ك خولى رابردووى په‌رله‌مان سه‌رئێشه‌ى بۆ دروستبكات، به تایبه‌ت له دۆسیه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى كه گۆڕان بێ هیچ سازشێك ده‌رگاى به‌رووى پارتیدا قوفڵ كرد، تا وه‌زیره‌كان و سه‌رۆكى په‌رله‌مانى له‌ده‌ستدا.
پارتى هه‌روه‌ها بۆ به‌شدارى كۆمه‌ڵى ئیسلامیش له كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت دوودڵه و مه‌یلى به‌شدارى ئه‌وحزبه‌ى لێنابینرێت، به جۆرێك دواى 70 رۆژ هیچ په‌یامێكى بۆ ئه‌وحزبه نه‌ناردووه‌و خواستى به‌شدارى كۆمه‌ڵى ده‌رنه‌بڕیوه له كابینه‌ى نوێ، هه‌رچه‌نده كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌وه‌ى دوایین بڕیارى خۆى بدات سه‌باره‌ت به به‌شدارى حكومه‌ت یاخود ئۆپۆزسیۆنبوون، چاوه‌ڕوانى گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ پارتى.
كابینه‌یه‌كى بێ كێشه‌ى بۆ مه‌سرور بارزانى ده‌وێت
به‌پێى هه‌نگاوه له‌سه‌رخۆكانى پارتى بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، ئه‌و حزبه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زۆرینه‌ى كورسییه‌كانى په‌رله‌مانى بۆخۆى بردووه‌و سه‌رۆكایه‌تى كابینه‌كه‌ى مسۆگه‌ركردووه‌و كاندیدى بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمیش دیاریكردووه، به به‌شدارى لایه‌نه‌كان دڵخۆش نییه‌و ده‌یه‌وێت به هه‌ستیارییه‌وه لێیان بچێته پێش تا به‌شدارى هیچ كام له لایه‌نه‌كان نه‌بێته سه‌رئێشه بۆ ئه‌زمونى نوێى بارزانى كوڕ(مه‌سرور بارزانى) له‌سه‌ر ته‌ختى كورسى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت، هاوكات ده‌شیه‌وێت ئه‌و كابینه‌یه كه‌مترین سه‌رئێشه‌ى بۆ دروستببێت و كه‌مترین ره‌خنه‌شى لێبگیرێت.
له‌دواى ده‌ركه‌وتنى ئه‌نجامه به‌راییه‌كانى هه‌ڵبژاردن و قه‌باره‌ى نوێى پارتى ئه‌و حزبه هه‌رزوو په‌یامى ئه‌وه‌ى به لایه‌نه‌كان گه‌یاند، كه ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت شه‌ریكى بن له كابینه‌كه ده‌بێت قوڕوقه‌پ بكه‌ن و چیدى به هه‌مان تۆنى جاران قسه‌نه‌كه‌ن و وتارى خۆیان له ئۆپۆزسیۆن دوربخه‌نه‌وه، لایه‌نه‌كانیش وه‌ڵامێكى ئه‌وتۆیان بۆ ئه‌و په‌یامى پارتى نه‌بوو.
به‌و په‌یامه‌ش پارتى هه‌نگاوى پێش ده‌ستپێكردنى گفتوگۆكانى پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى به مه‌رجى پێشوه‌خته ده‌ستپێكرد، به‌وپێیه‌ى له ئه‌گه‌رى به‌شدارى گۆڕان و كۆمه‌ڵ قورس ده‌بێت بۆیان راگه‌یاندنه‌كانى خۆیان بێده‌نگ بكه‌ن و قسه له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه نه‌كه‌ن كه باس و خواسى گه‌رمى خه‌ڵك ده‌بن، به‌وپێیه‌ى جه‌ماوه‌رى ئه‌وان زیاتر خه‌ڵكانى نارازین و چاویان له گۆڕانكارى و هه‌نگاوه‌كانى یه‌كێتى و پارتی-ییە.
بڕیارێكى دیكه‌ى سه‌رۆكه نوێیه‌كه‌ى حكومه‌ت ئه‌وه‌یه كه هیچ كام له وه‌زیره‌كانى پێشوو نه‌یه‌نه‌وه نێو كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت و تێكڕاى كابینه‌كه ستافێكى نوێ بن، چونكه نایه‌وێت ئه‌و ستافه كه نزیكن له نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر كورسییه‌كانیان بمێننه‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ك مه‌رجێكى دیكه‌یه به تایبه‌ت بۆ یه‌كێتى كه به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئه‌و حزبه نیگه‌ران بووه له بڕیاره‌ى بارزانى و به ده‌ستوه‌ردانه ناو كاروبارى حزبى زانیوه‌و ئه‌و په‌یامه‌شى به پارتى گه‌یاندووه.
ئه‌وه‌ى گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌ولێرى ئه‌وه‌نده‌ى دیكه خامۆش كردووه ململانێى له راده‌به‌ده‌رى پارتى و یه‌كێتییه له به‌غدا بۆ چڕینى وه‌زاره‌ت له كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى كه هه‌مووكارته‌كانى خۆیان تا هه‌ڕه‌شه‌ى كشانه‌وه‌ش دژى یه‌ك له به‌غدا به‌كارهێنا، ئه‌وه‌ش وایكردووه پارتى به نابه‌دڵییه‌وه ده‌ست بۆ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى به‌رێت.
كارتى پێكهاته‌كان
پارتى خواستى گه‌وره‌ى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى له كابینه نوێیه‌كه‌ى پێگه‌ى گه‌وره به پێكهاته‌كان بدات، هه‌م وه‌ك كارتێك به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كان و هه‌روه‌ها تا سه‌رنجى وڵاتان بۆ كابینه نوێیه‌كه رابكێشێت به‌تایبه‌ت توركیا، كه ده‌یه‌وێت توركمانه‌كان به‌شدارى كارایان له پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان هه‌بێ، ئامانجێكى دیكه‌ى ئه‌وه‌یه خواست بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كان زیاتر ده‌بن، به‌وجۆره‌ش ئه‌و حزبه ده‌ستكراوه‌تر ده‌بێت له‌چۆنێتى دابه‌شكردنى.
لایه‌نه‌كان به تایبه‌ت یه‌كێتى ره‌نگه نه‌توانن دژى ئه‌وه بن پێگه‌ى گه‌وره به‌پێكهاته‌كان بدرێت هه‌رچه‌نده سه‌رنجى زۆر هه‌یه كه ئه‌وان به ده‌نگێكى كه‌مه‌وه 11 كورسییان بۆ مسۆگه‌ركراوه‌و زۆرتر ده‌نگه‌كانیشیان له په‌رله‌مان ته‌راوزى پارتى قورس كردووه، ئێستا یه‌كێتى له دۆخێكدایه ده‌یه‌وێت توركیا ده‌رگاى په‌یوه‌ندییه‌كانى لێبكاته‌وه هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه باره‌گاكانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى له سنورى خۆى داخست، بۆیه پێناچێت به‌رهه‌ڵستییه‌كى ئه‌وتۆى هه‌بێت له به‌شدارى توركمانه‌كان.
هه‌رچه‌نده توركمانه‌كان له كابینه‌ى هه‌شت به وه‌زیرێك به‌شدارن بوون كه ئه‌ویش وه‌زیرى داد بوو، به‌ڵام چاویان له جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى حكومه‌ته كه پارتیش ده‌یه‌وێت ئه‌و پۆسته له كابینه‌ى نوێ هه‌بێت، پارتى به‌و بایه‌خه‌ى به پێكهاته‌كانى ده‌دا ده‌یه‌وێت هه‌ماهه‌نگییه دێرینه‌كه‌ى له په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و پێكهاتانه بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش بگوازێته‌وه.
خواستى راسته‌قینه‌ى پارتى
هه‌رچه‌نده پارتى بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان مه‌رجى هه‌یه و وه‌ك دانوستانكارێكى بێبكاك ده‌ستى به گفتوگۆ‌كان كردووه، به‌ڵام پێناچێت خواستى راسته‌قینه‌ى دوورخستنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان بێت له كابینه‌ى حكومه‌ت، به‌وپێیه‌ى مه‌سرور بارزانى كوڕه گه‌وره‌ى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و كابینه‌یه ده‌كات و ئه‌و حزبه ده‌یه‌وێت كه‌مترین ره‌خنه و مقۆمقۆ له‌سه‌ر كابینه‌كه هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ش پێویستییه‌تى لایه‌نه‌كانیش ده‌ستباربن له‌گه‌ڵى.
ئه‌وه‌ى پارتى ده‌یه‌وێت گره‌نتییه‌كى دڵخوازى خۆیه‌تى له لایه‌نه‌كان، ئه‌ویش به‌شدارى لایه‌نه‌كان به‌شدارییه‌ك بێت به زیانى كاندیده نوێیه‌كان بۆ سه‌رۆك وه‌زیران نه‌شكێته‌وه، به‌ڵكو هاوكارى بن تا ئه‌وه‌ى پارتى ده‌یه‌وێت به سه‌رۆكه نوێیه‌كه شتێكى جیاواز پیشان بدات به تایبه‌ت ئێستا ده‌ستى به راستكردنه‌وه‌ى بارى لارى خۆى كردووه له‌گه‌ڵ به‌غداو ده‌یه‌وێت به چاككردنه‌وه‌ى نێوانى هه‌ولێر و به‌غدا رێگاى به‌رده‌م مه‌سرور بارزانى پۆسته نوێیه‌كه‌یدا پاك بكاته‌وه.