ڕاپۆرتی کوردستانی

05:57 - 07/07/2019

لیستى پۆسته‌كانى یه‌كێتى ماڵى تاڵه‌بانى كرد به‌ كه‌مینه‌‌

پەیسەر پرێس

دوایین لیستى كاندیده‌كانى یه‌كێتى بۆ پۆسته‌كانى حكومه‌ت، په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم. ئه‌گه‌رچى كۆتایى مشتومڕێكى چوار مانگى بوو، به‌ڵام نیگه‌رانى و ناڕه‌زایى لێكه‌وته‌وه‌. پێكهاته‌ى لیسته‌كه‌ به‌ به‌راورد به‌و هه‌ژموونه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى به‌سه‌ر یه‌كێتی-یه‌وه‌ هه‌یانه‌، خوێندنه‌وه‌ى جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێت، زۆرینه‌ى كاندیده‌كان نزیكى به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سوڵن.

له‌كۆى سێ پۆستى سیادى له‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كان، سه‌رۆكى په‌رله‌مان، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، ته‌نها سێیه‌میان بۆ باڵى ماڵى تاڵه‌بانى بوو، دوانه‌كه‌ى دیكه‌ به‌دڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح دانران، له‌ كۆى شه‌ش وه‌زیریش ته‌نها وه‌زیرى كشتوكاڵ و پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ماڵى تاڵه‌بانى هه‌ژماركراون چوار وه‌زیرى دیكه‌ له‌ باڵه‌كانى دیكه‌ن. زۆرینه‌ى زۆرى كاندیده‌كانیش له‌نێو حزبه‌كه‌ پۆستى باڵایان هه‌یه‌ و كه‌متر گرنگى به‌ كادیره‌كانى خوار سه‌ركردایه‌تى دراوه‌.

هه‌ندێك ده‌ڵێن، پێده‌چێت هه‌ماهه‌نگى پێشوه‌ختى باڵه‌كانى یه‌كێتى هه‌بووبێت، به‌ تایبه‌ت له‌نێوان به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، بۆ ئه‌وه‌ى سنورێك بۆ هه‌ژموون و پێگه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى دابنێن. گریمانه‌یه‌كیش ئه‌وه‌یه‌ به‌و هه‌نگاوه‌ ماڵى تاڵه‌بانى له‌حزب كشمه‌لیك به‌ ركابه‌ره‌كانیان بكه‌ن بۆیه‌ش پۆسته‌كانى حكومه‌تیان بۆ جێهێشتبن. شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، به‌رپرسى رێكخستنه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى له‌ نوسینێكدا تانه‌ى له‌لیستى كاندیده‌كانی حزبەکەی داو گوتى، ئه‌وه‌ لیستى ناوه‌ندى بڕیارى پێشووه‌ یاخود هاودیده‌كان(حزبه‌كه‌ى پێشووى به‌رهه‌م ساڵح، هاوپه‌یمانى). پێشتر پێداگرى زۆر له‌نێوان باڵه‌ جیاوازه‌كانى یه‌كێتى هه‌بوو، كاندیدى پۆسته‌كان مشتومڕى توندى له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام له‌كۆتاییدا ئه‌و ناكۆكییه‌ به‌لاى ته‌رازووى ماڵى تاڵه‌بانیدا نه‌شكایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند هۆكارێك هه‌بوون.

*له‌دابه‌شكردنى پۆسته‌كان چه‌ند جه‌مسه‌رێك وه‌ك باڵى جیاواز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵكرا، ئه‌وه‌ش وایكرد باڵه‌كان زۆربن و پۆسته‌كانیش كه‌م. به‌ تایبه‌ت وه‌ك باڵێكى سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح كرا، له‌كاتێكدا له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى خۆى بێبه‌ریكردووه‌ له‌وه‌ى باڵى خۆى هه‌بێت و له‌سه‌ر هیچ باڵێكیش خۆى هه‌ژمارنه‌كردبوو، به‌ڵام له‌ پرسى پۆسته‌كان وه‌ك باڵێك داواى دوو وه‌زاره‌تى كردوو له‌كۆتاییدا هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ى پێدرا، كاندیدى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمیش به‌دڵى ئه‌مه‌. له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ كه‌ركوك-ییه‌كان و جافه‌كان وه‌ك دوو باڵى جیاواز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراو ده‌بوو پۆستیان هه‌بێت، جگه‌ له‌ دووباڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌(ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ) ئه‌وه‌ش وایكرد، پۆسته‌كان به‌سه‌ر هه‌موو باڵه‌كاندا دابه‌ش ببن و ماڵى تاڵه‌بانى ببنه‌ كه‌مینه‌.

*فایلى كۆتایى دانوستانى ناوخۆیى، له‌نێوماڵى تاڵه‌بانى وه‌ك باس ده‌كرێت، قوباد تاڵه‌بانى سه‌رپه‌رشتى كردووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ركابه‌ره‌كانى كه‌ داواكانیان جێبه‌جێبكرێت، قوباد نه‌رمتره‌و زۆرتر به‌ته‌نگ رێككه‌وتنه‌وه‌بوو. 

*كاندیدكردنى شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، له‌ كۆتا ساته‌كاندا فشارى زیاترى له‌سه‌ر ماڵى تاڵه‌بانى درووستكرد، كارتێكى گونجاو بوو له‌كاتێكى گونجاودا، بۆیه‌ش تاڵه‌بانى كوڕ، ئاماده‌ى سازش و رێككه‌وتن بوو.

*به‌لیستى كاندیده‌كانه‌وه‌ هه‌ست به‌ پاشه‌كشه‌ى رۆڵى لاهور شێخ جه‌نگى ده‌كرێت، و پێناچێت رۆڵى ئه‌وتۆى هه‌بێت له‌دانانى هیچ كام له‌ كاندیده‌كان، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش هۆكار بووبێت كه‌ پێگه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى له‌ ململانێكاندا وه‌ك خۆى نه‌مێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ خۆى به‌مه‌به‌ست وایكردبێت، یاخود هاوكێشه‌ى ناوخۆى حزبه‌كه‌ى وایخواستبێت پێداگرى زۆر نه‌كات.

ناڕازییه‌كان
ماڵى تاڵه‌بانى به‌ گشتى رێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌دڵ نییه‌، لاهور شێخ جه‌نگى، بافڵ تاڵه‌بانى، ئاراس شێخ جه‌نگى، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، مه‌حمود سه‌نگاوى نیگه‌رانن له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان ده‌زانن ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ رێككه‌وتن بكرێته‌وه‌.

كۆنگره‌و پۆسته‌كانى حزب
بۆیه‌كه‌م جاره‌ له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح-ه‌وه‌ بۆناو یه‌كێتى، هه‌ست به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كى نێوان كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى ده‌كرێت، پێناچێت ئه‌وه‌ بۆ ماڵى تاڵه‌بانى رووداوێكى ئاسایى بێت. پۆسته‌كانى كابینەى نوێى حكومه‌ت بۆ یه‌كێتى گرێدراوى پۆسته‌ حزبییه‌كان و كۆنگره‌ى چاوه‌ڕوانكراوى حزبه‌، كه‌باڵى تاڵه‌بانى ئومێدى زۆریان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و كۆنگره‌یه‌ و كارى كه‌میشیان بۆ نه‌كردووه‌.

ئایا ماڵى تاڵه‌بانى هاوشێوه‌ى پۆسته‌كانى حكومه‌ت، حزب بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح جێده‌هێڵن؟ ئایا بۆ كۆنگره‌ش رێككه‌وتنى له‌م جۆره‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت؟ ئه‌وانه‌ى له‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى حكومه‌ت دڵیان شكا پێده‌چێت كۆنگره‌ دوا وێستگه‌بێت بۆ ئاشتكردنه‌وه‌یان، به‌وه‌ش ئه‌ركى كۆنگره‌ى یه‌كێتى قورسترده‌بێت، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ پێناچێت ئه‌وانه‌ى له‌ یارى پۆسته‌ حكومییه‌كان براوه‌بوون له‌ كۆنگره‌ به‌ كه‌وتن رازى بن. ناڕازییه‌كان و ماڵى تاڵه‌بانیش ده‌یانه‌وێت كۆنگره‌ تۆڵه‌ بكاته‌وه‌ له‌ نه‌یارو كه‌مته‌رخه‌مه‌كانیش، گۆڕانكارى له‌ ده‌سه‌ڵاتى حزبه‌كه‌دا بكات.

پارتى هاوكێشه‌كه‌ زیاتر لاسه‌نگ ده‌كات
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پارتى داواى گۆڕینى خالید شوانى كردووه‌و له‌ یه‌كێتى، پارتى به‌راشكاوى گوتویانه‌، ئه‌وان پێشتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ سه‌عدى پیره‌ بكرێته‌ وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییه‌ بكرێت باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ باڵاده‌ستترده‌بن. جگه‌ له‌وه‌ش پارتى داواى گۆڕینى ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود كاندیدى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كردووه‌. پارتى بۆ ئه‌مه‌یان گوتویه‌تى، ئه‌م پۆسته‌ ده‌بێت به‌رێككه‌وتنى هه‌ردوولا كاندیدى بۆ دابنرێت.

پارتى هه‌روه‌ها ڤیتۆى له‌سه‌ر ئارام حه‌مه‌ى مینا هه‌یه‌و نایه‌وێت، كاندیده‌كانى نزیك له‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ هاوپه‌یمانى دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ نێو یه‌كێتى پۆست وه‌ربگرن.

یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كانى یه‌كێتى بۆ پۆسته‌كان كۆتایى به‌ قۆناغێك هێنا، به‌ڵام ململانێكانى یه‌كێتى خسته‌ نێو قۆناغێكى دیكه‌وه‌، ناڕه‌زاییه‌كان له‌ لیستى كاندیده‌كان پێناچێت وازوو ببڕێته‌وه‌و ره‌نگه‌ بچێته‌وه‌ نێو كۆنگره‌، كۆنگره‌ش جارێكى دیكه‌ نه‌یاره‌كانى نێو حزبه‌كه‌ رووبه‌ڕووده‌كاته‌وه‌، ئایا یه‌كێتى له‌ كۆنگره‌ نیگه‌رانییه‌كانییه‌كانى رابروو و ئێستاش ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌، یاخود كۆنگره‌ كێشه‌كان ده‌ته‌قێنێته‌وه‌؟