لێکۆڵینەوە

01:24 - 10/12/2018

غازی سروشتی هەرێم لە نیعمەتەوە بۆ زەحمەت‌

پشدەر بابەكر

هەرێمی كوردستان بەیەكێك لە ناوچە دەوڵەمەندەكانی جیهان دادەنرێت لەبواری غازی سروشتیدا، بەڵام هاوشێوەی سامانەكانی تر بەهۆی ژمارەیەك گرێبەستەوە، كە بەڕای شارەزایان هەڵەی گەورەیان تێداكراوە نەتواندرا وەك پێویست سودی لێوەربگیردرێت.

مێژووی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەبواری نەوت و غازی سروشتی دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2006، لەو كاتەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەنیازی وەبەرهێنان ژمارەیەك گرێبەستیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك كرد، بەڵام گرێبەستەكان ماڵوێرانكەربوون بۆ ژێرخان و سەرخانی ئابوری كوردستان، بەشێك لەگرێبەستەكان تایبەت بوون بەغازی سروشتی هەرێم، بەڵام ناوەرۆكەكەیان تا ئێستاش دیارنیە، لەسایتی فەرمی وەزارەتی سامانەسروشتیەكانی حكومەتی هەرێم بەشێك كراوەتەوە بەناوی گرێبەستەكان، بەڵام ناوەرۆكی هیچ گرێبەستێك پیشان نادات، پەیسەرپرێس لەم راپۆرتەدا چەند لایەنێكی غازی سروشتی هەرێم دەخاتەروو.

هەرێمی كوردستان خاوەنی 5 تریلیۆن و 700 ملیار  مەتر سێجا غازی سروشتیە، كە دەكاتە 3% یەدەگی غازی سروشتی جیهان، حكومەتی هەرێم نەك هەرنەیتوانی سود لەو سەرچاوە سروشتیە وەربگرێت بەڵكو بەهۆیەوە تەنها لەیەك گرێبەست  لایەنی كەم شەش ملیار دۆلاریش زیان بەئابوری كوردستان كەوت.

سەرەتای مامەڵەی هەرێم بەگازی سروشتیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007، بەڵام مانگی یانزەی ساڵی 2008 یەكەم گرێبەستی دەرهێنان و هەناردەكردنی غازی سروشتی واژۆكرا، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا غازی سروشتی هەرێم نەیتوانی سەرچاوەی داهات بێت بۆ خەڵك تەنانەت  و نەشیتوانی پێداویستیەكانی ناوخۆش بەتەواوەتی پڕبكاتەوە.

ئەگەرچی لەئێستادا لە 15 ناوچەی هەرێم غازی سروشتی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەرهەم و هەناردەكردن بۆ دەرەوە دەستی پێنەكردووە، كە رەنگە دواكەوتنی ئەو هەنگاوە پێگەی هەرێمی لەسەر ئاستی ناوچەكە لەبواری جوگرافیای وزە لاواز كردبێت، چونكە هەرێمی كوردستان هاوسنوری هێڵی تەوەری ئۆراسیایە، و دەتواندرا پێگەی هەرێم لەڕووی جوگرافیای وزەوە بەهێزتر بێت.

 

گرێبەستە مەترسیدارەكە
حكومەتی هەرێم بەگرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز لەمانگی 11 ی ساڵی 2008 یەكەم گرێبەستی بۆ دەرهێنان و هەناردەكردنی غازی سروشتی دەست پێكرد، هەنگاوێك لەتاریكیدا و زیانێكی گەورەی ئابوری لە ڕووناكیدا، ئەو گرێبەستە بووە هۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم بەكۆی گشتی 2 ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری بەكۆمپانیاكە دۆڕاند و دواتریش مانگی ئابی ساڵی 2017 گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكرد، كە تێیدا مەرجەكانی خۆی بەتەواوەتی بەسەرحكومەتی هەرێم سەپاند، سەرباری ئەوەش كۆمپانیاكە وێستگەكانی بەرهەم هێنانی كارەبای نەگۆڕی بۆ گازی سروشتی بەوەش هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵی 2008 تا 2018 پانزە ملیار دۆلاری بە گازوایلدا بۆ وێستگەكانی كارەبا، هەروەها كۆمپانیاكە دەستبەرداری دروستكردنی شارێكی غازی بوو لەچەمچەماڵ كە 10 هەزار هەلی كاری دابین دەكرد، بەرای شارەزایان حكومەتی هەرێم لەم گرێبەستە لایەنی كەم شەش ملیار دۆلار زیانی بە ئابوری هەرێمی كوردستان گەیاند.

گرێبەستە گوماناویەكە
دووەم گرێبەستی حكومەتی هەرێم دەربارەی غازی سروشتی گرێبەستە گوماناویەكەی نێوان وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و كۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجی بوو، گرێبەستەكە لە ساڵی 2013 دا واژۆكرد، رێك لەو كاتەدا كە پەیوەندی كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی و هاوبەشەكانی و حكومەتی هەرێم تێكچوو، هەربۆیە گومان دەكرا حكومەتی هەرێم بەمەبەست كێشە بۆ دانەغاز دروست بكات بۆ ئەوەی كێڵگەكان رادەستی كۆمپانیا توركیەكە بكات. 


بەپێی رێككەوتنەكەش دەبوایە تا ساڵی 2018 چوار ملیار پێ سێجا غازی سروشتی هەناردەی توركیا بكرێت. و تا ساڵی 2020یش بەرزبكرێتەوە بۆ 20 ملیار پێ سێجا، بەڵام تا ئێستا ناوەرۆكی ئەو گرێبەستە جێبەجێ نەكراوە.لەئێستادا كۆمپانیاكە لەكێڵگەكانی میران و بنەباوێ كار دەكات بەئامانجی ئەوەی ساڵی داهاتوو هەناردەی توركیای بكات، چونكە ئەو كێڵگە غازیانە تەنها 300 كیلۆمەتر لە توركیاوە دوورن و توانای ئەوەیان هەیە 50%ی غازی سروشتی ئەو وڵاتە دابین بكەن، كە ئێستا لە روسیای دەكرێت بۆیە ئەنكەرە چاوی بریوەتە غازی ئەو كێڵگانە، سەرباری ئەوەی غازی سروشتی هەرێم بەشێوەی تاڵانفرۆش دراوەتە توركیا بەنمونە ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگی ئەمریكی بڵاویكردەوە كەحكومەتی هەرێم 28 مەتر سێجا بە 7 دۆلار بەتوركیا دەفرۆشێت ئەوەش لەكاتێكدایە یەك مەتر سێجا غازی سروشتی بە 2 دۆلار و 67 سەنت بووە لەكاتی واژۆكردنی ئەو گرێبەستە بەوەش توركیا بە هەشت جار ئەوەندی غازی وڵاتان كەمتر غازی سروشتی هەرێمی كوردستانی دەست دەكەوێت 

گرێبەستە سیاسیەكە
گرێبەستی نێوان حكومەتی هەرێم و رۆسنەفت كە نیوەی خاوەنداریەتیەكەی بۆ حكومەتی روسیا دەگەڕێتەوە، وەك گرێبەستێكی سیاسی لێی دەڕواندرێت چونكە ئەو گرێبەستە رۆژی 2ی حوزەیرانی ساڵی 2017 و تەنها پێنج رۆژ پێش كۆبونەوەكەی سەڵاحەدین بوو كە تێیدا بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی تێدا درا، بەرای شارەزایان ئەم گرێبەستە بەو مەبەستە كرا پشتیوانی مۆسكۆ بۆ ریفراندۆمەكەی 25 ئەیلول بەدەستبهێندرێت، بەڵام زۆری نەخایاند بەشێكی گەورەی ئەو كێڵگانەی حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای رۆسنەفت كردبوو كەوتنەوە دەست حكومەتی عێراق و رادەستی كۆمپانیای بی پی بەریتانی كران، بەرای شارەزایانیش ئەو گرێبەستە كاریگەری لەسەر هەڵككردنی گڵۆپی سەوزی واشنتۆن و لەندەن هەبوو بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تر.

بەشێك لە گرێبەستەكەی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای رۆسنەفت 
لەسەرەتادا حكومەتی هەرێم یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری لە كۆمپانیاكە وەرگرت بەپێی گرێبەستەكە 5 كێڵگە درایە كۆمپانیاكە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بكات هەروەها بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی لەناوخۆی هەرێم و دەرەەوە رادەكێشێت.بەپێی گرێبەستەكە دەبێت لەساڵی 2019 دا هەناردەی غازی سروشتی هەرێم بۆ توركیا دەست پێبكات، دەبێت بۆریەكە توانای گواستنەوەی 30 ملیار مەتر سێجا غازی هەبێت كە دەكات 6% پێداویستیەكانی ئەوروپا.
بەپێی گرێبەستەكە كۆمپانیای رۆسنەفت لەسەر بنەمای پشكداری بۆری غازی سروشتی هەرێم بۆ دەرەوە دروست دەكات و 60%ی خاوەنداریەتی بۆریەكە بۆ كۆمپانیا روسیەكە و 40%یش بۆ كۆمپانیای كار دەبێت كە لەبەرپرسانی باڵای پارتیەوە نزیكە.

بۆچی حكومەتی هەرێم پابەندی گرێبەستەكەی نەبوو لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز ؟
وەڵامی ئەو پرسیارە بەتەواوەتی دیار نیە، بەڵام وەك دادگای لەندەن بڕیاری لێدا حكومەتی هەرێم پابەندی گرێبەستەكەی نەبوو لەگەڵ كۆمپانیاكە و بەهۆیەوە حكومەتی هەرێم 2 ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری دۆراند.

خۆ ئەگەر ئەو گرێبەستە وەك خۆی جێبەجێ بكرایە ئەوە بەشێكی زۆری ئەو 15 ملیار دۆلارە بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕایەوە كە لەساڵانی 2008-2018 داویەتی بەگازوایل بۆ بەرهەم هێنانی كارەبا.
هەر ئەو پارەیەی حكومەتی هەرێم داویەتی بەگازوایل بەشی ئەوەی دەكرد 

ئەوەش بەشی ئەوەی دەكرد بۆری غازی بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەم هێنانی كارەبا پێ رابكێشرێت و وێستگەكانی بەرهەم هێنانی كارەباش لە گازوایلەوە بگۆڕدرێت بۆ غازی سروشتی و بۆری غازیش بۆ سەرجەم شارەكان رابكێشرێت.

تایبەتمەندیەكانی غازی سروشتی هەرێم
غازی سروشتی هەرێم بەجۆرێكی باش لەغاز دادەنرێت بەو پێیەی 80%ی غازی سروشتی هەرێم بەتەنهایە و لەگەڵ نەوت نیە ئەوەش تێچووی دەرهێنانی كەم دەكاتەوە

گرنگی غازی سروشتی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان
لەسەر ئاستی جیهان تا دێت گرنگی غازی سروشتی زیاتر دەبێت و جیهان بەرەو زیادبوونی بەكارهێنانی غازی سروشتی هەنگاو دەنێت بەجۆرێك تا ساڵی 2040 بەكارهێنانی غازی سروشتی لە بەرهەم هێنانی كارەبادا دەگاتە 40% 
غازی سروشتی گرنگیەكەی لە كارەبا زیاترە، چونكە خەرجی كاروباری ناوماڵ لەرێگەی غازی سروشتیەوە بەرێژەی 68% كەمترە لە خەرجی كارەبا و بەسەرچاوەیەكی وزەی پاك دادەنرێت ، هەروەها پێویستی بەپاڵاوتن و گۆڕینی پیشەسازی نیە.


بەسیاسیكردنی غازی سروشتی هەرێم
توركیا چاوی لەوەیە غازی سروشتی هەرێم جێگەی غازی سروشتی روسیای بۆ بگرێتەوە بەو پێیەی لە ئێستادا ئەنكەرە ساڵانە پێویستی بە 50 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە و لەئێستادا 55%ی پێداویستیەكانی لە روسیاوە دابین دەكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی روسیا خاوەندی سێ هێڵی گەورەی گواستنەوەی غازی سروشتیە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە یەدەگی غازی ئەو وڵاتە پێنج ئەوەندەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانە، هەروەها روسیا خاوەنداریەتی بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان – توركیا دەكات ئاسان نیە مۆسكۆ لەنەخشەی غازی سروشتی جیهان بێ رۆڵ بكرێت، ئەوەی لەم نێوەندەدا زەرەرمەندی سەرەكیە هاوڵاتیانی هەرێمن كە غازەكەیان هەراج و تاڵانفرۆشكراوە و بەنرخی هەرزان رەوانەی وڵاتان دەكرێت.


كێشەكانی هەولێر و بەغداد و كاریگەریان لەسەر هەناردەكردنی غازی سروشتی
رۆژی 22ی/11/2018 مەسعود بارزانی سەردانی بەغدادی كرد بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر پرێس یەكێك لەتەوەرەكانی سەردانەكەی گفتوگۆكردن بووە لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێم لە ساڵی 2019 دا بەڵام عادل عبدولمهدی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیارەكەیان رەتكردۆتەوە و رایانگەیاندووە دەبێت هەناردەی غازی هەرێم لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بێت بەچاودێری حكومەتی هەرێم، بۆئەمەش بەرپرسانی هەرێم چاویان لەوەیە روسیا ئێران رازی بكات، و تارانیش فشار بخاتە سەر بەغداد بۆ ئەوەی هەناردەی غازی سروشتی وەك پلانی بۆ دانراوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی غازی سروشتی هەرێم بوونەوە پێویستیان بەچارەسەر هەیە ئەویش لەرێگەی ئەم رێكارانەی خوارەوە:
1-جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 22ی غاز و نەوتی هەرێم كە ساڵی 2007 لەپەرلەمانی كوردستان دەركراوە.
2- جێبەجێكردنی  یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2015ی پەرلەمانی كوردستان كە یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازیەكانە.
3- هەمواركردنەوەی بەشێك لەگرێبەستەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان.
4- سەندنەوەی دەسەڵاتی واژۆكردنی گرێبەستی نەوتی لەحكومەتی هەرێم بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان، ئەوەش لەپێناوی رێگری لە تاڵانكردنی نەوت و غازی هەرێم.
5- كردنەوەی دۆسیە لەدادگاكانی ناوەوە و دەرەوەی كوردستان بۆ ئەوانەی بەشداربوونی لە گەندەڵی دۆسیەی نەوتی كوردستان.
6- پشت بەستن بە ژمارەیەك شارەزایی یاسای و بیانی بۆ ئەو گرێبەستانەی لەمەودوا هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان واژۆی دەكەن.
7- پێكهێنانی دەستەیەك كە سەر بەپەرلەمانی كوردستان بێت و كاری واژۆكردنی گرێبەستی نەوت و غاز بێت و پەرلەمان مافی ئەوەی هەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات و متمانەیان لێوەربگرێتەوە و بانگهێشتیان بكات و ئەندامەكانی بگۆڕێت، گرێبەستەكانیش بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران و رایگشتی.