03:13 - 18/07/2019
برنجی پلاستیك له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه؟
گۆڤاری په‌یسه‌ر- پشده‌ر بابه‌كر
ڕۆژ نییه سفره و خوانی خێزانی كورد "برنج"ی له‌سه‌ر نه‌بێت و به یه‌كێك له خواردنه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ر تاكێكی كورد داده‌نرێت. ساڵانه هه‌رێمی كوردستان پێویستی به 150 بۆ 200 هه‌زار ته‌ن برنج هه‌یه، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێداویستییه‌ش، له چه‌ند وڵاتێكه‌وه هاورده‌ی هه‌رێم ده‌كرێت.
كوالێتی و جۆری ئه‌و برنجه‌ی له چه‌ند وڵاتێكه‌وه ده‌هێنرێته هه‌رێمه‌وه جێی مشتومڕه، سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده و ناردنكارانی هه‌رێم ده‌ڵێت، له سه‌ردانێكیاندا بۆ وڵاتی تایله‌ند بۆیان ده‌ركه‌وتووه "هه‌موو برنجه‌كان یه‌ك جۆرن، ته‌نها ناوه‌كانیان جیاوازه".
بۆچی هه‌رێمی كوردستان برنج له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كات؟ زیاتر لە چ وڵاتێکەوە برنج هاوردە دەکرێت؟ به‌رهه‌می ساڵانه‌ی برنجی خۆماڵی چه‌نده و له كوێ ده‌چێنرێت؟ ئایا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه له نێوان زۆر خواردنی برنج و توشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه؟
برنجی خۆماڵی
ساڵانە لە مانگی نیساندا ده‌ستده‌كرێت به چاندنی چه‌ڵتوك و هەفتەی یەكەمی مانگی تشرینی یەكەم دروێنه ده‌كرێت، ئەگەرچی كەش و هەوای هەرێمی كوردستان بۆ چاندنی چەڵتوك گونجاوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاوێكی زۆری پێویسته و لە چەند ساڵی رابردووش‌دا بەهۆی وشکەساڵییەوە چاندنەكەی رووی لە كەمی كردووە.
بەپێی دەستەی ئاماری هەرێم، ساڵی ڕابردوو (16 هەزار و 173 دۆنم) زەوی بە برنج داچێندراوە و ( 13 هەزار و 486 ته‌ن) به‌رهه‌می هه‌بووه.
ساڵی ڕابردوو (16 هەزار و 173 دۆنم) زەوی بە برنج داچێندراوە و ( 13 هەزار و 486 ته‌ن) به‌رهه‌می هه‌بووه
پێداویستی ساڵانه و تێچووی برنجی هاورده‌كراو بۆ هه‌رێم:
بە گوتەی ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە (150 بۆ 200 هەزار تەن) برنجە، به‌و پێیه‌ش دەردەكەوێت كه برنجی خۆماڵی كەمتر لە 7%ی پێداویستی ناوخۆ پڕده‌كاته‌وه و زیاتر لە (93%)ی برنجی بەكارهێندراو لە دەرەوە هاورده ده‌كرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ساڵانه بازرگانه‌كان چه‌ندێك پاره به كڕینی برنج ده‌ده‌ن، ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه نرخی تەنێك له‌و برنجه‌ی كه پێی ده‌وترێت "یانزه بیست و یه‌كی هیندی"، كه له هیندستانه‌وه هاورده ده‌كرێت و زۆرترین به‌كارهێنه‌ری هه‌یه، (1000) دۆلاره.
كه‌واته، ئەگەر ساڵانە له هەرێم 200 هەزار تەن برنج بەكاربهێنرێت، له‌و رێژەیەش 187 هەزار تەنی هاورده بكرێت، كۆی ئەو پارەیەی بۆ كڕینی برنج ده‌برێته ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم (187) ملیۆن دۆلارە.
ساڵانه هه‌ر كه‌سێك چه‌ند برنج ده‌خوات؟
بەگوێره‌ی دەستەی ئاماری هەرێم، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە ئێستادا بە (6 ملیۆن و 33 هەزار و 814 كەس) مەزندە كراوە، ئەگەر ساڵانە 200 هەزار تەن برنج بەكاربهێنن، كه‌واته هەر تاكێك له ساڵێكدا (33 كیلۆ و 146 گرام) برنج به‌كارده‌هێنێت.
به‌و پێیه‌ش هاوڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه به ڕێژه‌ی (200%) زیاتر له هاوڵاتییه‌كی ئه‌مریكی برنج به‌كارده‌هێنێت ( کە هاوڵاتییەکی ئەمریکی ١١ کگم بەکاردەهێنێت) و به ڕێژه‌ی (84%) كه‌متر له هاوڵاتییه‌كی میانمار (ساڵانه 211كگم) برنج به‌كارده‌هێنێت.
هه‌رێمی كوردستان لە كوێوە برنج هاورده ده‌كات؟
نزیكەی 100 كۆمپانیا برنج هاورده‌ی هەرێمی كوردستان دەكەن، شێخ مستەفا عەبدولڕه‌حمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم بە پەیسەری راگەیاند، بە شێوەیەكی سەرەكی لە سێ وڵاتەوە برنج هاورده‌ی بازارەكانی هەرێم ده‌كرێت، ئەوانیش (هیندستان، چین و تایلەند)ن، بە پلەی دووەمیش هەندێك جار لە (ئێران، توركیا و ئەمریكا)وه برنج هاورده ده‌كرێت.
هیچ قۆرخكارییەك نه‌كراوه، بەڵام ئەو كۆمپانیا بیانیانەی وەكالەتیان داوەتە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی، رێگە بە خەڵكانی تر نادەن برنج بهێنن
سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكاران سەبارەت بە جۆرەكانی برنجی هاورده‌كراو ئاماژە بەوەش کرد، ساڵی 2009 بۆ بەشداریكردن لە پێشەنگایەكی تایبەت بە برنج چووەتە تایلەند، لەوێ بۆی دەركەوتووە "هەموو برنجەكان یەك جۆرن، ته‌نها ناوەكانیان جیاوازە"
سەبارەت بە قۆرخكاریی لە هێنانی برنجدا، شێخ مستەفا گوتی، هیچ قۆرخكارییەك نه‌كراوه، بەڵام ئەو كۆمپانیا بیانیانەی وەكالەتیان داوەتە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی، رێگە بە خەڵكانی تر نادەن برنج بهێنن. له باره‌ی ئه‌و برنجه‌ش كه خراپ ده‌بێت وتی، لەناوبردنی ئەركی چاودێری بازرگانییه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه حاجی مه‌جید مستەفا، خاوەنی كۆمپانیای نەورەس، بە پەیسەری راگەیاند، 70%ی برنجی هەرێم لە هێندستانەوە هاورده ده‌كرێت.
دەشڵێت، ئەو برنجەی ده‌هێنرێته هه‌رێمه‌وه، به مه‌به‌ستی پشكنین و دڵنیابوون له كوالێتییه‌كه‌ی، لە دەروازە سنورییەكان 48 كاتژمێر رادەگیرێت، ئەگەر لە پشكنین دەرنەچوو ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه.
چەڵتوك هاورده بكرێت باشترە یان برنج؟
رزگار حه‌مه‌د خدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بە پەیسەری راگەیاند، بۆ ساڵی ڕابردوو 1912 دۆنم زەوی بە چەڵتوك داچێندراوە، تێكرا هەر دۆنمێك 800 كگم بەرهەمی داوه.
گوتیشی، پێویستە لە ئێستا بەدواوە، به تایبه‌ت ئاماژەكانی گۆڕانی كەش و هەوا پێمان دەڵێن بەهۆی كاریگەریی شەپۆلی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور و زیادبوونی ڕێژه‌ی بارانبارین، ڕێژه‌ی ئاوی هەرێم زیادی كردووە و بۆ چەند ساڵێكی تریش بەردەوام دەبێت، حكومەت ده‌توانێت گرنگی بە چاندنی چه‌ڵتوك بدات.
باسی له‌وه‌شكرد، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئەوان بە زۆری لە (دوكان و بانیخێلان و پێنجوێن و سەیدسادق) چه‌ڵتوك دەچێنرێت، دەشڵێت، بە دڵنیاییەوە ئەو برنجەی لە دەرەوە دەهێنرێت ناگات بە برنجی خۆماڵی.
خواردنی برنج یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی قەڵەوی، قەڵەویش یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبوون به نەخۆشیەكانی شێرپەنجە، هەربۆیە پێویستە خواردنی برنج كەم بكرێتەوە و خواردنی سەوزە و میوە زیاد بكرێت
سەبارەت بەو برنجانەی دەهێنرێنه هه‌رێمی كوردستانه‌وه، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی وتی، ڕاسته وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوون بۆ رێژەی نیشاستە و كاربۆهیدراته‌كه‌یان دەكات، بەڵام باشترە لەبری برنج چەڵتوك هاورده بكرێت، چونكە سوود لە كەپەنكەكەی وەردەگیرێت بۆ دروستكردنی عەلەف و چەندین شتی تر، لەهەمان كاتیش‌دا بە هێنانی چەڵتوك رێگریی لە هێنانی برنجی كوالێتی خراپ ده‌كرێت.
كاریگەریی برنج لە سەر تەندروستی مرۆڤ
بۆ وەرگرتنی سوود و زیانه‌كانی زۆر خواردنی برنج له سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ، روومان كرده نەخۆشخانەی هیوا، دكتۆر یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کە هاوکات پزیشکە لە نەخۆشخانەی هیوا وتی خواردنی برنج یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی قەڵەوی، قەڵەویش یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبوون به نەخۆشیەكانی شێرپەنجە، له‌به‌ر ئه‌وه رێنمایی هەموو نەخۆشەكانی كردووە خواردنی برنج كەم بكەنەوە و خواردنی سەوزە و میوە زیاد بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەكرێت ناڕاسته‌وخۆ برنج یەكێك بێت لە هۆكارەكانی شێرپەنجە، لەگەڵ دەستكاریكردنی رێژەی نیشاستە و كاربۆهیدراتی برنجەكەش مەترسیەكە زیاتر دەبێت.