ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:45 - 18/07/2019

ئاکەپە زیندانەکان بۆ چوار هێندە زیاددەکات‌

پەیسەر

لە کاتێکدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازی لە یاسای دادگاکانی تورکیادا دەکرێت و باس لە خراپی رەوشی بەندکراوان دەکرێت لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا، حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، پرۆژەیەک بە بەهای نزیکەی ١٠ ملیار لیرە بۆ دروستکردنی ١٣٧ زیندانی تر ئامادەکراوە و تا ساڵی ٢٠٢١ هەموویان تەواودەکرێن.

وەزارەتی دادی تورکیا لەسەر داوای ئونورسال ئادیگوزەل جێگری سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند، لە ١٣٧ زیندانی نوێ کە حکومەت بەنیازە دروستیان بکات، دەتوانرێت زیاتر لە ٨٨ هەزار کەس تیایاندا زیندانی بکرێن.

ئادیگوزەل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی توندی لە حکومەتی ئاکپارتی گرت و ئاماژەی بەوەدا، تورکیا لە ڕووی پەروەردە، تەندروستی و تەکنەلوژیاوە وڵاتێکی پێشکەوتوو نییە، بەڵام لە ڕووی ژمارەی بەندکراوانەوە لە پلەکانی پێشەوەدایە.
جێگری سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری دەڵێت، ساڵ بە ساڵ ئەنجامدانی تاوان و ژمارەی زیندانیان لە تورکیا زیاتردەبێت، بەڵام زیادکردنی زیندانەکان چارەسەر نییە، پێویستە گرنگی بە پەروەردە بدرێت و دادگاکانیش بێلایەنانە کاربکەن.

بە پێی ئامارێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا کە ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، لە ساڵی ٢٠٠٢دا بە گشتی ٥٩ هەزار و ٤٢٩ کەس لە سەرتاسەری تورکیادا لە زیندانەکاندابوون، بەڵام لە ماوەی ١٦ ساڵی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا، ژمارەی بەندکراوان بۆ ٢٦٠ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.


بە پێی ئامارەکە، لە تورکیا و باکووری کوردستان ٤٣٦ زیندانی گەورە هەن کە زیاتر لە ٢٦٠ هەزار بەندکراویان تێدایە و لە هەر ١٠٠ کەسێک یەکێکیان لە زینداندایە. ژمارەی بەندکراوە نەخۆشەکانیش لە سەروو هەزار کەسەوەیە و ژیانی ٤٠٠ کەسییان لە مەترسیدایە و زۆربەشیان بەندکراوی سیاسین.

زۆربەی بەندکراوە سیاسییەکان ئەندامی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی باکووری کوردستانن. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە ئەندام و پارلەمانتار و سەرۆک شارەوانییەکانیان لە زیندانەکانی تورکیادان.

ئەمڕۆ ١٨ی تەمموزی ٢٠١٩ گوڵتان کشاناک هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی ئامەد کە زیاتر لە سێ ساڵە لە زینداندایە، ڕایگەیاند، حکومەتی تورکیا دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموز، نیو ملیۆن کەسی دەستگیرکرد و زیاتر لە ٣١ هەزار کەسیشی لەوانە سزادا، کە بە هەزاران چالاکوان و ئەندام و لایەنگری هەدەپەیان تێدایە.

کشاناک داوای کرد جارێکی دیکە پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکرێتەوە و حکومەتی تورکیا چاکسازی لە یاسای دادگاکاندا بکات و هەنگاو بەرەو دیموکراسی بنێت.