ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:19 - 20/07/2019

ئێران و ڕۆژئاوا تەنگیان بە یەکتر هەڵچنیوە‌

پەیسەر

شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران، وەک کاردانەوە بەرامبەر دەستبەسەررداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی لەلایەن بەریتانیاوە لە "جەبەل تارق" دەستی بە سەر کەشتی نەوتهەڵگری "stena impero"ی بەریتانیادا گرت لە گەرووی هورمز.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، نەوتهەڵگرە بەریتانییەکە، یەک ملیۆن لیتر نەوتی قاچاخی پێبووە و لەلایەن هێزەکانیانەوە لە دورگەی لارک لە گەرووی هۆرمز گەمارۆدراوە و بەرەو بەندەرعەباس براوە. بە وتەی سوپای پاسداران  ٢٣ کارمەندی تیمی کەشتیوانیی کەشتیەکەش دەستگیرکراون.


سوپای پاسداران لە بەیاننامەکەدا دەستبەسەرداگرتنی کەشتیەکی تری لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا بە ناوی "ریاح" پشتڕاست کردەوە. کەشتی "ریاح" بە هاوبەشی موڵکی کۆمپانیایەکی سەنگاپورە و کۆمپانیایەکی ئیماراتییە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیمارات ڕایانگەیاند، کەشتی "ریاح" پەیوەندی بە وڵاتەکەی ئەوانەوە نییە و هیچ کارمەندێکی ئیماراتیش دەستبەسەرنەکراوە.

جێرمی هانت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی ئەو ڕووداوەوە ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران کەشتییە نەوتهەڵگرەکە کە ئاڵای بەریتانیای لە سەر هەڵکراوە، ئازاد نەکات، ڕووبەڕووی کاردانەوەی جدی دەبێتەوە.

جێرمی هانت ئاماژەی بەوەداوە، کەشتیەکە لەلایەن چوار بەلەم و هێلیکۆپتەرێکی سوپای پاسدارانەوە گەمارۆدراوە و بەرەو بەندەرعەباس براوە.

گوتیشی: بەریتانیا بیر لە کاردانەوەی سەربازی ناکاتەوە و هەوڵدەدات لە ڕێی دیپلۆماسییەوە کێشەکە چارەسەر بکات.
لەلایەکی ترەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران بێجگە لە سەرئێشە، هیچ شتێکی دیکە نییە و گوتی:"لەبارەی ئەو ڕووداوە لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا لە گفتوگۆدان".


هەفتەی ڕابردوو، عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو، بەریتانیا وەک دزێکی دەریایی دەستی بەسەر کەشتیە نەوتهەڵگرەکەی ئێمەدا گرتووە. بەریتانیا تاوان دەکات و بەرگێکی یاسایی بە بەردادەکات.
خامنەیی ئاماژەی بەوەدابوو، کردەوەکانی بەریتانیا بێ وەڵام نامێننەوە و لە کاتی خۆیدا وەڵام دەدرێنەوە.