ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:58 - 21/07/2019

لە ئەڵمانیا هەر ناوچەیەک خاوەنی شاژنێکی شەرابە‌

پەیسەر

ئەڵمانیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە دروستکردنی بیرە بەناوبانگە، بەڵام ئەو شەرابەش کە بەرهەمی دەهێنێت ناوبانگێکی زۆری هەیە. لە هەموو ناوچەیەکی ئەڵمانیا کە ڕەزی ترێیان تیدایە، شەراب بەرهەمدەهێنرێت و هەموو ساڵێکیش شاژنێکی شەراب هەڵدەبژێردرێت.

 
لەو وڵاتە نزیکەی ١٤٠ جۆر ترێ هەیە، لە ١٠٠ جۆریان شەرابی سپی و لە ٤٠ جۆری تر شەرانبی سوور بەرهەمدەهێنرێت.


ساڵی ٢٠١٨ لە شاری نویشتات گەورەترین فێستیڤاڵی شەراب ئەنجامدرا و ١٠٠ هەزار کەسیش بەشدارییان کرد. لە فێستیڤاڵەکەدا ( کارولین گلوکنز) کە خەڵکی ویلایەتی (بادن ووتنبرگ)ە وەک حەفتایەمین شاژنی شەراب لە ئەڵمانیا هەڵبژێردرا.

لەلایەکی ترەوە لە هەموو ئەو شار و ناوچانەی شەرابیان تێدا بەرهەمدەهێنرێت، شاژنێک هەڵدەبژێردرێت و دواتر بەشداری لە فێستیڤاڵێکی گەورەتردا دەکەن لە سەر ئاستی ئەڵمانیا. ئەو شاژنانە نوێنەرایەتی شەرابی ناوچەکەی خۆیان دەکەن.


یولیا گلوکنەر بەنابانگترین شاژنی شەراب بوو لە ئەڵمانیا. ساڵی ١٩٩٥ وەک شاژنی شەراب هەڵبژێردرا و ئێستا سەرۆکی حزبی دیموکراتی مەسیحییە لە ویلایەتی رایلند ڤالسە. هەروەها ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکەی ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە.

لە ئەڵمانیا ١٠٢ هەزار هێکتار ڕەزی ترێ هەیە، یەک لە سەر چواری زەوییەکانیش لە ویلایەتی (راین هسن)ـە . ساڵانە نزیکەی یەک ملیار لیتر شەراب بەرهەمدەهێنرێت. حکومەتی ئەڵمانیا ساڵانە  ٤٠٠ ملیۆن لیتر شەراب بۆ دەرەوە هەناردە دەکات و ئەمریکا و بەریتانیا کڕیاری سەرەکین.


ئەو کەسانەی شەراب دروست دەکەن، باڵەخانەی تایبەت بە خۆیان هەیە و خۆشیان شەراب بە گەشتیار و هاوڵاتیە ئاسایاییەکان دەفرۆشن. هەروەها ژمارەیەک کارگەی گەورەش کراونەتەوە کە شەراب لە جوتیاران دەکڕن و دواتر لە بوتڵی مۆدێرندا بە پێی کوالیتیان رەوانەی بازاڕەکانی دەکەن.

خۆشترین شەراب لە ئەڵمانیا لە ناوچەکانی (همین، بادن، فرانکن) بەرهەمدەهێنرێت و ئەو ناوچانە زیاتر شەرابی سوور بەرهەمدەهێنن.