ڕاپۆرتی کوردستانی

06:18 - 21/07/2019

شەش تەحەدای گەورەی بەردەم کابینەی نوێ‌

پەیسەر

گۆڤاری په‌یسه‌ر

دوای ساڵانێکی دوور و درێژ دواجار کەسێکی دیکە بەڵام لە هەمان بنەماڵە و لە هەمان حیزب لەسەر کورسی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم دانیشت، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو، بەپێی روخسار و سیمای بێت کەسێکی جدییە، زۆر کەم قسە دەکات، هەربۆیە کەس نازانێت رۆئیای ئەم سەرۆکە نوێیەی حکومەت بۆ حکومڕانی و چۆنیەتی ئیدارەدانی وڵات چییە.

لە کابینەی نوێدا دەرفەتی زۆری لەبەردەمدایە و لە هەمانکاتیشدا ئاڵنگاری و تەحەدای گەورەشی لەبەردەمدایە، هەندێک لەو ئاڵنگارییانە پەیوەندی بە خودی کەسایەتی سەرۆکی حکومەت و حیزبەکەیەوە هەیە و هەندێکیشیان پەیوەندی بەکۆی پێکهاتەی حکومەت و دۆخی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

رەنگە دەرفەتەکان لە چەند خاڵی وەک نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی جدی و بەهێز، کەمبوونەوەی قەیرانی دارایی و باشتربوونی دۆخی گوزەرانی خەڵک خۆی ببینێتەوە، بەڵام ژمارەی ئاڵنگارییەکان زۆر لەوە زیاترن و سەرکردایەتییەکی بەهێزی دەوێت بۆ ئەوەی کابینەی نۆیەم بەرگەی ئەم هەموو ئاڵنگارییانە بگرێت، بەشێک لە ئاڵنگارییەکان بریتین لە:

کێشەکانی نێوان دوو ئامۆزاکە

بە درێژایی ساڵانی رابردوو لەناو پارتیدا حاشا لەوەکراوە کە باڵباڵێنی تێدابێت، بەڵام لەمدوایانەدا کێشەکان ئەوەندە بە زەقی دەرکەوتن کە چیتر کەس باوەڕ بەو حاشا لێکردنانە ناکات، هەر چەندە لەوانەیە باڵباڵێنی نێوان دوو ئامۆزاکە هەرگیز شێوازی باڵباڵێنی حیزبەکانی دیکە بە خۆیەوە نه‌بینێت و زۆر نەبێتە کێشەیەکی ئەوەندە گەورە ئیدارەدانی حیزبەکە پەک بخات.

لەوانەیە ململانێی نێوان دوو ئامۆزاکە هەرگیز نەبێتە کێشەیەکی ئەوەندە گەورە ئیدارەدانی پارتی پەک بخات، بەڵام دەتوانێت ببێتە کێشە بۆ ئیدارەدانی کابینەی نوێ

کێشەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە سەروبەندی دیاریکردنی کاندیدەکانی پارتی بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت بە زەقی دەرکەوت، بە جۆرێک مەسرور بارزانی داوای دەکرد بە مەرجێک قبوڵی دەکات ببێتە سەرۆکی هەرێم کە هەموو دەسەڵاتەکانی پێشووی هەبێت، کەچی کاتێکیش پۆستەکە بۆ نێچیرڤان بارزانی یەکلایی بووەوە شەڕی ئەوەی دەکرد کە دەبێت دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کەم بکرێتەوە، یان لە دیاریکردنی وەزیرەکانی حکومەتیشدا ناکۆکی گەورە لەنێوان دوو ئامۆزاکەدا هەبوو، نێچیرڤان پێداگری لەسەر مانەوەی ئاشتی هەورامی دەکرد و مەسروریش رازی نەبوو.

بەپێی رەوتی ناکۆکییەکان پێدەچێت لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا مەسرور بەردەوام کاربکات بۆ لاوازکردنی پێگەی نێچیرڤان بارزانی و بە پیچەوانەشەوە نێچیرڤانیش هەوڵدەدات بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی کێشە بۆ ئامۆزاکەی دروست بکات، گەورەترین کێشە کە دەتوانێت دروستی بکات پرسی نەوتە، لەم حاڵەتەشدا بەغدا و تەنانەت هەندێک لەلایەنەکانی ناو هەرێمیش کە ئێستا رەخنەگری سیاسەتی نەوتی هەرێمن رازی نابن حکومەتی داهاتوو لەسەر هەمان سیاسەتی نەوتی ئێستا بەردەوام بێت، ئەمەش کێشەکانی نێوان دوو ئامۆزاکە زەقتر دەکاتەوە، ئەگەر بێتو بە سیاسەتی نەوتی هەرێمدا نەچێتەوە ئەوا بەغدا و لایەنە کوردستانییەکانی دیکە کێشەی بۆ دروست دەکەن.

کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی
کابینەی نۆیەم بە پرۆسەیەکی پڕ لە ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتیدا تێپەڕبوو، بەوپێیەی مەسرور بارزانی لەناو یەکێتیدا وه‌ك به‌رپرسێكی توند ده‌ناسرێت و نەیاری گەورەی هەیە لەناو یەکێتیدا، پێشبینی دەکرێت نەیارەکانی ناو یەکێتی وەک بافڵ تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی بۆ لاوازکردنی پێگەکەی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو کارتی جۆراوجۆری فشار لە دژی تاقی بکەنەوە.

 خاڵی لاوازی مەسرور بارزانیش لەمەدا ئەوەیە لەگەڵ هیچ کام لە باڵەکانی ناو یەکێتی پەیوەندییەکی بەهێزی نییە، وەک ئامۆزاکەی نییە کە پەیوەندی باشی لەگەڵ دەستڕۆیشتووەکانی ناو یەکێتی هەبێت، تەنیا شانسی مەسرور بارزانی لەمەدا ئەوەیە کە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بەلایەنی کەمەوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی دروست بکات، بە تایبەتیش دەبێت جێگرەکەی واتە قوباد تاڵەبانی لە خۆی رازی بکات، بەڵام بەم سیاسەتەی تا ئێستا پەیڕەوی کردووە ئەم کارە بۆ مەسرور بارزانی زۆر قورسە، بۆ نمونە لە کاتێکدا ماوەی چەند مانگە ئاشکرایە کە جێگرەکەی قوباد تاڵەبانییە کەچی لە میدیاکانی خۆیەوە بایکۆتی قوباد تاڵەبانی کراوە، ئەگەر بێتوو مەسرور بارزانی نەتوانێت پەیوەندییەکی باش لەگەڵ یەکێتی و بە تایبەت ماڵی تاڵەبانی دروست بکات، ئەوا یەکێتی دەتوانێت لەلایەکەوە کێشە بۆ کابینەکەی دروست بکات و لەلایەکی دیکەشەوە دەتوانێت لە دژی مەسرور بارزانی ئاو بکاته‌ ئاشی نێچیرڤانەوە.

ئەگەر مەسرور بارزانی نەتوانێت پەیوەندییەکی باش لەگەڵ یەکێتی و بە تایبەت ماڵی تاڵەبانی دروست بکات ئەوا یەکێتی دەتوانێت لە دژی مەسرور بارزانی ئاو بکاته‌ ئاشی نێچیرڤان بارزانییەوە

پرسی چاکسازی و هەڵوێستی گۆڕان 
بزووتنەوەی گۆڕان وەک خۆیان رایانگەیاندووە بە مەرجی ئەنجامدانی چاکسازی بەشداریان لە کابینەی نۆیەمدا کردووە، چاکسازیش لە هەرێم کارێکی ئەستەمە بەوپێیەی گروپێکی گەورە لەناو یەکێتی و پارتیدا لە دژی چاکسازین، مەسرور بارزانی لەوانەیە بۆ ئەوەی وەک کەسێکی سەرکەوتوو وێنا بکرێت دەست ببات بۆ هەندێک چاکسازی، بەڵام دەستبردن بۆ چاکسازی رووبەڕووی دژایەتی گروپە خاوەن بەرژەوەندییەکانی ناو پارتی و یەکێتی دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر پێداگری نەکات لەسەر چاکسازی ئەوا گۆڕان خۆی وەک قوربانی دەبینێت و قبوڵی ناکات و لەوانەیە لە حکومەت بکشێتەوە.

 گۆڕان چاوەڕوانی دەستکەوتی سیاسییە لە کابینەی داهاتوودا و تەنیا دەستکەوتی گۆڕانیش ئەوە دەبێت کە کابینەی داهاتوو کۆمەڵێک چاکسازی بکات کە خەڵک دەرەنجامەکەی ببیینن، هەربۆیە ئەگەر گۆڕان دوای ماوەیەک هەست بکات دەستکەوتی سیاسی نییە ئەوا بڕیاری کشانەوە لە حکومەت دەدات و ئەمەش کێشەی گەورە بۆ کابینەکەی مەسرور بارزانی دروست دەکات.

ئەگەر گۆڕان دوای ماوەیەک هەست بکات دەستکەوتی سیاسی نییە، ئەوا بڕیاری کشانەوە لە حکومەت دەدات

کێشەکانی ئەمریکا و ئێران
کێشەیەکی گەورەی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و لە داهاتووشدا ئیدارەدانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوو وڵاتە بۆ حکومەتی داهاتوو زۆر قورسە، ئەگەر لەبەرژەوەندی ئەمریکادا هەنگاو نەنێت، ئەوا ئەمریکا دەتوانێت لەڕێی بەغداوە بە ئاسانی کێشەی گەورە بۆ هەرێم دروست بکات، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بێتوو لە بەرژەوەندی ئێراندا هەنگاو نەنێت ئەوا ئێرانیش دەتوانێت بە هەمان شێوە لەڕێی بەغدا و تەنانەت لەناوخۆی هەرێمیشەوە لەڕێی هەندێک هێزەوە فشاری گەورە بۆ سەر حکومەتی داهاتوو دروست بکات.
هەربۆیە تەنیا ڕێگەیەک بۆ ئیدارەدانی ئەم کێشەیە ئەوەیە کە دەبێت کابینەی داهاتوو کابینەیەکی پتەو بێت و هەر سێ لایەنی پێکهێنەر واتە پارتی و گۆڕان و یەکێتی هاوبەشی راستەقینەبن لە بڕیاردا بۆ ئەوەی لایەنێکی وەک ئێران یان ئەمریکا نەتوانێت لەڕێی یەکێک لە لایەنەکانەوە فشار لە دژی دروست بکات، هەروەها دەبێت حکومەتی داهاتوو باشتر لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکات.

موچە و خزمەتگوزاری
هەرێمی کورستان پێنج ساڵە لەناو قەیرانێکی دارایی گەورەدایە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە، لە ئێستادا متمانەی نێوان هاوڵاتیان و حکومەت لاوازە، حکومەتی داهاتوو بۆ دروستکردنەوەی متمانە پێویستە لەلایەکەوە چاکسازی بکات و لەلایەکی دیکەشەوە پرسی موچە چارەسەر بکات و کار بکات بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەڵام بەپێی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و بەردەوامی گەندەڵی زۆر ئەستەمە حکومەتی داهاتوو بە ئاسانی بتوانێت پرسی موچە و دۆخی خزمەتگوزاری باشتر بکات، لەم حاڵەتەشدا ناڕەزاییەکان زیاتر دەبن و لەوانەیە هەندێک لەلایەنەکان ناڕەزایی خەڵک لە دژی حکومەت ئاراستە بکەن، تەنانەت لەوانەشە چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیە حکومەت تووشی هەڵوەشانەوە بکات، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان و ڕەنگە یەکێتیش نایەنەوێت بەرپرسایەتییە دۆخەکە هەڵبگرن بەوپێیەی دۆسیەی نەوت و دارایی زیاتر لە دەستی پارتیدایە.

لەوانەیە خودی کەسایەتی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو خۆی ببێتە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم سەرکەوتنی کابینەی داهاتوودا بەوپێیەی ناتوانێت بەشێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ گۆڕان و یەکێتیدا بکات

کەسایەتی مەسرور بارزانی
مەسرور بارزانی وەک کەسایەتییەکی رەق و توندڕەو ناسراوە کە ناتوانێت بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا بکات، ئەمەش تایبەتمەندییەکی باش نییە بۆ کەسێک کە دەیەوێت سەرکردایەتی حکومەتێکی هاوپەیمانی یان بنکە فراوان بکات، مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت لە ئیدارەدانی حکومەت دەبێت سینگ فراوان بێت و بتوانێت داواکارییەکانی دوو حیزبەکەی دیکەش جێبەجێ بکات و جدی بێت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان، جگە لەوەش دەبێت بتوانێت پەیوەندی باش لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو دوو لایەنە دروست بکات بۆ ئەوەی لەکاتە هەستیارەکاندا یارمەتی بدەن بۆ سەرکەوتنی حکومەتەکەی، بەڵام بەپێی ئەو خوێندنەوانەی تا ئێستا بۆ کەسایەتی مەسرور بارزانی کراوە، ڕەنگە نەتوانێت مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ هاوبەشەکانی واتە گۆڕان و یەکێتیدا بکات، لەم حاڵەتەشدا دەتوانین بڵێن خودی کەسایەتی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو خۆی دەبێتە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم سەرکەوتنی کابینەی داهاتوو، هەرچەندە ئەو خوێندنەوەیەش هەیە کە ئەمە یەکەم ئەزمونی حکومڕانی مەسرور بارزانییە و لەوانەیە لە حکومرانیدا جۆرێکی دیکە خۆی نیشان بدات، چونکە حکومڕانی پیاوە ڕەقەکانیش نەرم دەکاتەوە.