ڕاپۆرتی کوردستانی

04:51 - 23/07/2019

رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی دەربارەی كەركوك كێشەی تێكەوت‌

پشدەر بابەكر

دوای زیاتر له‌ 18 مانگ ململانێی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر كه‌ركوك، خه‌ڵك و میدیا گوێییان بۆ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی  حاكم قادر حەمەجان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و مەحمود محەمەدی وته‌بێژی پارتی راگرت، كه‌ له‌باره‌ی كۆتایی هاتنی ململانێكان و دیاریكردنی پارێزگارێكی كه‌ركوك له‌ 11ی ته‌موز له‌ سلێمانی به‌ستیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خه‌ڵك و میدیا گوێیان لێبوو، له‌ واقیعدا هیچی لێ سه‌وز نه‌بوو.

 یه‌كێتی و پارتی به‌ دیاریكردنی نوسه‌ر و شاعیرێك ( ته‌یب جه‌بار) بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك كه‌ چه‌قی ململانێكانی پارتی و یه‌كێتی بوو، وایاننیشاندا كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ گه‌یشتنونه‌ته‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام به‌هۆی ناڕازیبوونی بارزانی و دوایش پارتی له‌سه‌ر چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هه‌نگاوه‌كانی دانانی پارێزگارێكی كورد كش و ماتی به‌ دوای خۆیدا هێناو نه‌توانرا، كورد بچێته‌ سه‌ر كورسی ئه‌و پۆسته‌ی كه‌ له‌ 2017ه‌وه‌ له‌ ده‌ستی داوه‌.

 مه‌سعود بارزانی رازی نیه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی وه‌فدی یه‌كێتی و پارتی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك باس و خواسی لێوه‌كرا جێبه‌جێ بكرێت

زانیارییه‌كانی به‌رده‌ستی په‌یسه‌ر، ئه‌وه‌ رونده‌كاته‌وه‌، كه‌ مه‌سعود بارزانی رازی نیه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی وه‌فدی یه‌كێتی و پارتی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك باس و خواسی لێوه‌كرا جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌و كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر كەركووكدا هاتووە و، لەبەر پێویستیی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك و هەروەها چارەسەركردنی كۆی كێشەكان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركووك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بێت. ئه‌وه‌ی دا به‌ گوێی یه‌كێتیدا كه‌ هێشتا كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر نه‌كراون و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتین، نابێته‌ هه‌وێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دانانی پارێزگاریش ده‌بێت قه‌یرێكی دیكه‌ی پێ بچێت.

یەكێتی بەفەرمی لەچەند كاتژمێری رابردوودا داوای كۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی كردووە

به‌پێی زانیارییه‌كان، پێناچێت بەم زوانە تەیب جەبار ببێتە پارێزگاری كەركوك، هه‌ربۆیه‌ هیچ هەنگاوێك بۆ دانوستان لەنێوان كورد و پێكهاتەكان بەئاشكرا دەستی پێنەكردووە. سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت: یەكێتی بەفەرمی لەچەند كاتژمێری رابردوودا داوای كۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی كردووە دەربارەی دۆخی كەركوك. ئه‌وه‌ش بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە كە ئایە پارتی پابەندە بەرێككەوتنەكە یان نا، ئەگەریش پارتی پابەندی رێككەوتنەكەبوو ئەوە هەنگاوەكان دەست پێدەكەن.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری بێ به‌رهه‌مبوونی رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كه‌ركوك، مەحمود محەمەد مەجید ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەفراكسیۆنی پارتی، بەپەیسەری راگەیاند: دیار نییە رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی دەربارەی كەركوك، كەی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كەی تەیب جەبار دەبێتە پارێزگاری كەركوك، ئاماژەی بەوەشكرد هیچ زانیاریەكی نییە دەربارەی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی.

ئەوەی شەوی رابردوو لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رویدا تێكچوونی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی بوو دەربارەی كەركوك

ناكۆكییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی ده‌رباره‌ی كه‌ركوك له‌ دوای رێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌ بێده‌نگی مابویه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی دوێنێ پڕۆژه‌یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌سه‌ند كرا، په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ بووه‌ هۆی سه‌رله‌نوێ كولانه‌وه‌ی برینه‌كانی رابردوو. به‌هۆیه‌وه‌ ململانێكانی ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌. ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: ئەوەی شەوی رابردوو لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رویدا تێكچوونی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی بوو دەربارەی كەركوك، بەوپێیەی فراكسیۆنی پارتی لەدژی ئەوەبوون هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ پارێزگاكانی تر بكرێت، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەران لەناو هۆڵەكە مایەوە.

گوتیشی: ئەوەش سەرەتای تێكچوونی رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتیە دەربارەی كەركوك، بەوپێیەی بڕیاربوو بەیەك تیمی هاوبەش و یەك كارنامە و یەك بەرنامەی هاوبەش، گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بكەن، بەپێی رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی هیچ لایەنێكیان بۆی نیە بەتەنها گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بكات یان بەتەنها بریار لەسەر چارەنوسی شارەكە بدات.

فشارێكی دەرەكی هەبوو بۆ ئەوەی عەرەب و توركمانەكان، ئاستەنگ بۆ رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی دروست بكەن

كورد له‌ كه‌ركوك له‌به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی دیكه‌شدایه‌
به‌ده‌ر له‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی نه‌یتوانیوه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێكی كۆتایی، ئێستا كورد له‌به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و شاره‌ دابڕاوه‌ی كوردستاندایه.‌ كه‌ ئه‌ویش ناڕازیبوونی پێكهاته‌كانی توركمان و عه‌ره‌بن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد و پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك. به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر، پێكهاته‌كانی كه‌ركوك فشاره‌كانی خۆیان تێكه‌ڵ به‌و ده‌نگانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ن. ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌ره‌كیانه‌ی خواستیانه‌ هه‌یكه‌لی تازه‌ی كه‌ركوك جێپه‌نجه‌ی ئه‌وانیشی پێوه‌ دیاربێت. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش بۆ په‌یسه‌ر ده‌ڵێ: فشارێكی دەرەكی هەبوو بۆ ئەوەی عەرەب و توركمانەكان، ئاستەنگ بۆ رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی دروست بكەن، بەڵام پێناچێت ئەم هەوڵە ئەنجامی گەورەی هەبووبێت.
له‌باره‌ی بۆچوونی توركمانه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك، تاركان شوكر ئەیوب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای  كەركوك، لەفراكسیۆنی بەرەی توركمانی بەپەیسەری راگەیاند:  ئەوان دژی ئەوە نین پارێزگاری كەركوك بدرێتەوە بەكورد و پێشیان وانیە گەڕانەوەی پێشمەرگە دۆخی كەركوك ئاڵۆز بكات.

گوتیشی: چەند كەسێك هەن لەهەموو پێكهاتەكان كە حەز دەكەن دۆخی كەركوك بەوشێوەی ئێستا بمێنێتەوە. چونكە بەرژه‌وەندی خۆیان و حزبەكانیان لەمانەوەی دۆخی ئێستای كەركوكدایە وه‌ك خۆی.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەشكرد، هەركەسێك ببێتە پارێزگار ئەوان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و كێشەیان نیە، سەبارەت بەو ئەندامە توركمانانەی كە دژی گەرانەوەی پێشمەرگە و كوردن بۆ كەركوك تاركان شوكر ئاماژەی بەوەكرد ئەوانە نوێنەرایەتی تەواوی توركمانەكان ناكەن و لەناو پێكهاتەكانی وەك كورد و عەرەبیش خەڵكانێك هەن كە حەز بەمانەوەی دۆخەكە وەك خۆی دەكەن، بۆیە ناكرێت ئەوانە وەك نوێنەری نەتەوەیەكی دیاریكراو ئەژمار بكرێن.

ئەوانەی خۆپیشاندانیان دژی گەڕانەوەی كورد و پێشمەرگە كرد لەكەركوك كەسانی نزیكی راكان جبورین

له‌باره‌ی نیگه‌رانییه‌كانی پێكهاته‌كان له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ كه‌ركوك و دانانی پارێزگارێكی نوێ، مەحمود محەمەد مەجید ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ده‌ڵێ: ئەوانەی خۆپیشاندانیان دژی گەڕانەوەی كورد و پێشمەرگە كرد لەكەركوك ژمارەیەك عەرەب بوون، كە كەسانی نزیكی راكان سەعید جبوری پارێزگاری ئێستای كەركوكن، تەنانەت نوێنەرایەتی پێكهاتەی عەرەبیش ناكەن. 

سەبارەت بەنارەزایەتی هەندێك لایەنی ناو كەركوك لەبەرامبەر گەرانەوەی پێشمەرگە ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماژەی بەوەكرد، ئەو پرسە پەیوەندی بە پێكهاتەكانی كەركوكەوە نیە، چونكە هێزی پێشمەرگە ناچێتە ناو شار و پرسەكەی پرسێكی فیدراڵیە و پەیوەندی بە رێككەوتنی هەرێم و بەغداوە هەیە.