ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:37 - 24/07/2019

"ئەگەر چاکبێتەوە دەبێت بەیەکجاری لە سیاسەت دووربکەوێتەوە"‌

پەیسەر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کوێیە؟ بۆچی هیچ لێدوانێک نادات؟ چەند ڕۆژە دیار نییە؟ 
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند میدیایەکی ناوخۆیی تورکیا و چەند میدیایەکی جیهانی هەواڵی مردن و هەندێکیشیان نەخۆشکەوتنی ئەردۆغانیان بڵاوکردەوە و گوتیان جەڵتەی لێیداوە و تەندروستی ناجێگیرە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەر لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتوون، بڕیار بوو لەم چەند ڕۆژەدا مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرە بکات، بەڵام سەردانەکەی دواخستووە. هۆکاری دواخستنیشی پەیوەندی بە تێکچوونی تەندروستی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە هەیە.

 

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەیسەری ڕاگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەواڵپرسی پەیوەندی تەلەفۆنی بە ئەردۆغانەوە کردووە، بەڵام کەسە نزیکەکانی وەڵامیان داوەتەوە و پێیان گوتووە ئەردۆغان ناتوانێت قسەی لەگەڵدا بکات و سوپاسی هەواڵپرسییەکەیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، پزیشکەکان بە ئەردۆغانیان وتووە ئەگەر چاکببێتەوە دەبێت بە یەکجاری لە سیاسەت دووربکەوێتەوە و پشووبدات.

لەناوخۆی تورکیاشدا ڕۆژنامەی گیوزلەم بە مانشێتی (ئەردۆغان لەکوێیە؟) ڕاپۆرتێکی لە سەر دەرنەکەوتنی ئەردۆغان لەم بارودۆخەدا بڵاوکردووەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، ڕۆژنامەی حورییەت لە هەواڵێکیدا باسی لەوەکردووە ئەردۆغان لەبەرئەوە دەرناکەوێت ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسەت دەکات لە دوای پشووی هاوین، بەڵام لە ئەنقەرە بارودۆخ ئاڵۆزە و جیهانی سیاسەتیش دەکوڵێت. سروشتی ئەردۆغان نییە لە بارودۆخێکی ئاوادا کە قسە لەسەر ژیان و مردنی خۆی بکرێت و بێدەنگ بێت و لەبارەی ڕووداوە نوێیەکانەوە لێدوان نەدات.

ڕۆژنامەی گیوزلەم پەیوەندی بە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی کۆماری کردووە و پرسیاری ئەوەی کردووە، ئایا باری تەندروستی ئەردۆغان تێکچووە، یان لەگەڵ خێزانەکەی لە پشووی هاوینەدان؟


لە وەڵامدا، سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئاگاری ئەوە نین ئەردۆغان لەکوێیە، بەڵام ئەوە دەزانن کە کۆبۆنەوەیەکی گرنگی ئەردۆغان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیراندا بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

سەرچاوەیەکی دیکە بە ڕۆژنامەکەی گوتووە، کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی بانکەکانی تورکیا لەبارەی قەیرانی دارایی، بۆ ١٠ ڕۆژی تر دواخراوە.

ڕۆژنامەکە باس لە سەردانەکەی جێمس جێفری نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و شەڕی دژی داعش دەکات بۆ ئەنقەرە و دەڵێت، لەو سەردانە گرنگەدا مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا و خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگریی پێشوازییان لە شاندە ئەمریکیەکە کردووە و لەگەڵیدا کۆبوونەتەوە و شاندە ئەمریکیەکە ئەردۆغانیان نەبینیوە. بە پێچەوانەی سەردانەکانی پێشووەوە کە ئەردۆغان لێدوانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەل ئەمریکییەکاندا دەدا، ئەم جارە دەرنەوکەوت و لێدوان بدات.


سەرنجەکان خێزان و کەسە نزیکەکانی ئەردۆغانیشیان گرتووەتەوە، چەند ڕۆژێکە ئەمینە ئەردۆغانی هاوسەری و بەرات ئالبایراکی زاواشی لە میدیاکانی تورکیادا دەرنەکەوتوون، ئەمەش گومانەکانی زیاتر کردووە.

پرسی دیارنەمانی ئەردۆغان بووەتە بابەتی کەناڵە تەلەفزیۆنییە ناوخۆییەکان و وێبتیڤییەکانی تورکیاش، کەناڵی ئیستانبوڵ ڕیپۆرتاژێکی لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی ئەو شارەدا کردووە و ئاشکرای دەکات، پەیوەندی بە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە کردووە و پرسیاری دیارنەمانی ئەردۆغانیان لەو سەرچاوانە کردووە، بەڵام ئامادەنەبوون وەڵامیان بدەنەوە.

هەرچەندە دوێنی ٢٣ی تەمموز بەبۆنەی ئەوەی کە بۆریس جۆنسۆن بووە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەرۆغان تویتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا پیرۆزبایی لە جۆنسۆن دەکات، بەڵام تویتەکەی ئەردۆغان نەبووەتە بەڵگەیەک گومانەکان بڕوێنێتەوە، چونکە ئەدمینەکانی و بەرپرسانی ڕاگەیاندنەکەی دەتوانن ئەو کارە بکەن و زۆریش ئاساییە.

ئەوەی چڕبوونەوەی سەرنجەکان لەسەر تەندروستی ئەردۆغان زیاتر دەکات ئەوەیە، چەند ڕۆژێکە بەردەوام باس لە تێکچوونی تەندروستی ئەردۆغان دەکرێت بەڵام تا ئێستا حکومەتی تورکیا بە فەرمی لێدوانی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە بڵاونەکردووەتەوە.