ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:11 - 25/07/2019

هاكان فیدان كلیلی شكست و سەركەوتنی ئەردۆغان‌

پەیسەر پرێس

هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) پیاوێك كە لەنێو توركیادا وەك دەڵێن، ئەگەر كەسێك فیشەكێك بنێت بە سەریەوە، هەر بەتەنیا هاكان لەنێوناچێت، بەڵكو سەرجەم نهێنییەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆك كۆماری توركیاش لەگەڵیدا لەنێودەچێت، كەسانێكیش وەك "سوڵتانی سێبەر" ناویدەهێنن.


هەمووان كەم تا زۆر ڕۆڵی هاكان و دەزگاكەی كە بوەتە حكومەتێك بۆخۆی دەزانن، بەڵام ئێستا ئەو بەشێوەیەكی دیكە هاتوەتەوە سەر شانۆی سیاسی توركیا و لەگەڵ خۆیدا پرسیاری ئەوەی هێناوە كە ئاخۆ دەستبەرداری ئەردۆغان دەبێت؟


هاكان ئەو پیاوەی ئەمریكییەكان پێیدەڵێن "ڕوخساری نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لەئێستادا كە توركیا بە قۆناغێكی نوێی دەركەوتنی كەسایەتی و پارتی نوێی سیاسیدا تێپەڕدەبێت، ئاخۆ بەنیازە چۆن لەگەڵ ئەو تەوژمە نوێیەدا ڕێبكات؟


هاكان دەیەوێت بچێتە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە
نیەتی هاكان فیدان بۆ چوونە نێو پڕۆسەی سیاسی لەتوركیا نیەتێكە خۆی هەرگیز حاشای لێناكات، تەنانەت ساڵی 2015 كاتێك ویستی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2016ی پەرلەمانی توركیا كاندید بكات، دەستی لەپۆستی سەرۆكی میت كێشایەوە، بەڵام ئەردۆغان پەشیمانیكردەوە و داوای لێكرد خۆی كاندید نەكات، هاكان، ترسی خستوەتە دڵی ئەردۆغانەوە بەوەی لەدروستكردنی پارتە نوێیەكەی عەبدوڵڵا گیولدا كە توركیا چاوەڕێیدەكات، هاكان ببێتە كارەكتەرێكی سەرەكی پارتە نوێیەكە.

خەونی هاكان بۆچوونە نێو سیاسەت بە ئاڕاستەی خەونەكەی ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا دەڕوات، كە ئەوەی دووەم خەونەكەی بەدیهێنا ئەویش لەدەستپێكدا بووە پەرلەمانتار و دواتر وەزیری دەرەوە، لەكۆتایشدا سەرۆك وەزیرانی توركیا، بەڵام ئەردۆغان خەونەكەی هاكانی لەباربرد.

دوای ئەوەی عەلی باباجان، یەكێك لەدامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەكەپە) دەستیلەكاركێشایەوە و بە نیازی دروستكردنی پارتێكی نوێیە ڕاگەیاند، ئێستا باباجان كار بۆ ئەوە دەكات زۆرێك لەپەرلەمانتارەكانی ئەكەپە بەلای خۆیدا ڕابكێشێت  كە نزیكەی 80 پەرلەمانتارن مەیلیان بەلای باباجانە، ئەویش دەیەوێت پێش ساڵی 2020 هەڵبژاردنی پێشوەخت لەتوركیا ئەنجامبدرێت، بەڵام هاكان كە سەرۆكی گرنگترین دەزگای توركیایە درك بە هەموو ئەو جموجوڵانە دەكات و نایەوێت لە قۆناغی داهاتوودا كە ئەگەر ئەردۆغان ماڵئاوایی لەسەر شانۆی سیاسی كرد، ئەو بێ ڕۆڵ بمێنێتەوە.

ئێستا بابەتی گەرمی توركیا ئەوەیە، ئاخۆ هاكان لەنێوان ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گیول، كامیان هەڵدەبژێرێت؟ ئەردۆغان كە زامنی مانەوەی هاكان بووە لە هەستیارترین پۆستی توركیا، یاخود گیول كە وەك ئەحمەد سیفیر، سكرتێری ڕۆژنامەوانی عەبدوڵڵا گیول دەڵێ:"ئەوە گیول بوو كە هاكانی دۆزییەوە".

ئیمری ئەردۆغان، توێژەر لەزانكۆی بیلگی لە ئیستانبوڵ پێیوایە، باڵی جیابوەوەی ئەكەپە لەهەڵبژاردنی ساڵی 2023ی توركیا گورزێكی كاریگەر لەئەردۆغان دەوەشێنن.

ئەوەی ئێستا وەك چەكێكی كاریگەر بەدەست ئەردۆغانەوە ماوە هاكان فیدانە، كە وەك لیسل هینتز، مامۆستا لەزانكۆی جۆن هۆبكینز-ی ئەمریكی دەڵێت، "ئەردۆغان بەسەختی دەجەنگێت بۆ هێشتنەوەی كەسە كاریگەرەكانی نزیك لەخۆی".

هاكان كە بەكەسایەتییەكی نزیك لە ئەردۆغان دادەنرێت، بەدەرچوونی لەبازنەی سەرۆك كۆمار بە واتای دەرچوونی دوو دۆسێی زۆر گرنگ لەدەستی ئەردۆغان دێت، ئەوانیش دۆسێی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و دۆسێی فەتحوڵڵا گولەن-ە، كە هاكان بە بەرپرسی یەكەمی ئەو دوو پرسە هەستیارە دادەنرێت.

ئێستا بەئاشكرا باباجان جاڕی جیابووەوەی لە هاوڕێ دێرینەكەی كە ئەردۆغانە داوە، هەریەكە لە عەبدوڵڵا گیول و ئەحمەد داود ئۆغڵو، كە دوان لەكاریگەرترین كەسایەتییە سیاسییەكانی توركیان بەئاشكرا ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرن و نیازی جیابوونەوەیان هەیە، بەڵام دەیانەوێت لەگەڵ خۆیاندا بەهێزترین چەكی ئەردۆغان-یش ببەن، ئەویش هاكان فیدانە.

ئەنوەر میتە، ڕۆژنامەنووسی تورك لەپێگەی ئەحوال-ی توركی بابەتێكی بڵاوكردوەتەوە و پێیوایە ئێستا توركیا لەدوای 16 ساڵ لە هەژموونی ئەردۆغان، لەلێواری گۆڕانكاریدایەو بەشێكی پشكی گۆڕانكارییەكە بەر هاكان فیدان دەكەوێت.

دەركەوتنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو وەك كارەكتەرێكی نوێ لەپۆستی سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ، جیابوونەوەی عەلی باباجان لەئەكەپە، زەنگی پێشوەختی جیابوونەوەی ئەحمەد داود ئۆغڵو و عەبدوڵڵا گیول لەئەردۆغان، نەخشەی داهاتووی سیاسەتی نوێیە لە توركیا، كە هاكان فیدان ناچاردەكات پێگەیەكی بەهێز لەنێو نەخشەكەدا بەدەستبهێنێت.

هاكان دەیەوێت توركیا بكاتە "دەوڵەتی هەواڵگریی"
لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەكەپەوە لە توركیا، ئەستێرەی بەختی هاكان فیدان ڕووی لەدرەوشانەوە كرد، چونكە پێشتر ئەو تەنیا ئەفسەرێكی نێو هێزە چەكدارەكانی توركیا بوو، بەڵام لەگەڵ هەڵكشانی ئەردۆغان لەدەسەڵات، هاكان لەلایەن بەشیر ئاتای، وەزیری دەوڵەت لەحكومەتەكەی ئەردۆغان، لەنێو دەزگای هاوكاریی و هەماهەنگی دانرا، هەرزوو هاكان سەرنجی ئەردۆغان بۆخۆی ڕادەكێشێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەپێگەكەی دەچێتە پێشەوە.

ئەردۆغان لەپێناو هاكان كۆمەڵێك گۆڕانكاریی لەنێو دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) ئەنجامدەدات، هەر لەسەر داوای هاكان بودجەی ئەو دەزگایە لە نیو ملیارەوە بۆ یەك ملیار دۆلار زیاد دەكرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، لەساڵی 2012 و دوای دەستپێكردنی جەنگی سوریا، هاكان هەوڵەكانی بەئاڕاستەی كردنی توركیا بە دەوڵەتێكی هەواڵگریی دەستپێدەكات.

سەرەتا ئەردۆغان دژی ئەو بیرۆكەیەی هاكان دەوەستێتەوە، بەڵام كودەتاكەی ساڵی 2016ی توركیا بیرۆكەكەی هاكان دەكاتە ئەمری واقع و ئەردۆغانی ناچاركرد بڕیاربدات سەرجەم زانیارییەكانی هێزە چەكدارەكانی توركیا لەلای دەزگا هەواڵگرییەكەی هاكان كۆببێتەوە، بەڵام ئاخۆ ئەوە ڕێككەوت بوو یان پێشتر هاكان كاری بۆكردووە؟

چەند كاتژمێرێك بەر لەكودەتا شكستخواردوەكەی توركیا و بەدیاریكراوی ڕۆژی 15/7/2016، كاتژمێر 4ی پاشینیوەڕۆ ڕاوێژكارەكانی هاكان فیدان بەهەواڵێكی گرنگەوە خۆیان بە نوسینگەكەیدا دەكەن، ئەویش زانیاریی دزەپێكراوە كە چەند بەرپرسێكی باڵای سوپا نیازی كودەیان هەیە و بڕیارە دوای كەمتر لە 12 كاتژمێری دیكە كارەكە ئەنجامبدەن، ئەو ساتە هاكان وەك كەسێكی وردبین تاوتوێی بابەتەكە بەسودی خۆی و چارەنووسی دەكات.

هاكان فەرماندەدات تا ئاگاداركردنەوە و بڕیارێكی نوێ هیچ فڕۆكەیەكی جەنگیی بەئاسمانی توركیادا نەفڕێت، سەرەتا پلانداڕێژەرانی كودەتاكە كەوتنە گومانی ئەوەی كارەكەیان ئاشكرابوبێت، بەڵام دواتر بۆیان دەركەوت ئەوە پەیامێكە لە هاكانەوە بۆ ئەوان، چونكە شەوی كودەتاكە، كودەتاچییەكان توانییان لەئاسمانی ئیستانبوڵ فڕۆكەی جەنگیی بەكاربهێنن و چەند شوێنێك بۆردومانبكەن.

هاكان لەكودەتاكەی توركیا لەسەر یەك پەت یارینەكرد، بەڵكو دەبوو لەسەر پەتەكەی ئەردۆغانیش یاریی خۆی بكات، لەو ڕووەشەوە شەوی كودەتاكە بەنهێنی پاڵپشتیی لە ئەردۆغان كرد، بۆیە ئەگەر كودەتاكە سەریبگرتایە هاكان لەبەرەی دەسەڵاتە نوێیەكەدا دەبوو، سەرەنجام كە كودەتاكە شكستیهێنا هاكان لەبەرەی ئەردۆغان مایەوە.

هاكان كە بووەتە سندوقە ڕەشەكەی ئەردۆغان، ئاگاداری زۆر بابەتی گرنگی وەك پاڵپشتی توركیا لە داعش و گروپە توندڕەوەكانی دیكە، فشارخستنە سەر ڕەوتەكەی گولەن، دانوستان و پاشگەزبوونەوەی توركیا لە پڕۆسەی ئاشتییە لەگەڵ كورد، بە ترازانی هاكان، ئەردۆغان گرنگترین گەوهەری خۆی لە دونیای سیاسەتدا لەدەستدەدات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە پێگەی ویكیلیكس دزەیپێكردوە و بڵاویكردوەتەوە، لەكۆبوونەوەیەكی داخراودا كە ساڵی 2012 لەنێوان باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیران، ئەحمەد داود ئۆغڵو، وەزیری دەرەوە و هاكان فیدان ئەنجامدراوە، گڵۆپی سەوز بۆ توركیا هەڵكراوە كە هاوكارییەكانی بگەیەنێتە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكانی سوریا، پرسیارەكە ئێستا ئەوەیە، ئاخۆ چەند نهێنی دیكەی هەستیاری پەیوەست بەئاسایشی نیشتمانی توركیا هەیە، كە هاكان بە جیابوونەوەی لە ئەردۆغان لەگەڵ خۆی دەیبات، تەنانەت ساڵی 2012 ئەردۆغان لەبارەی هاكانەوە بەئاشكرا وتی:"هاكان نهێنی هەڵگری من و دەوڵەتی توركیایە".

جەیمس جێفری كاتێك باڵیۆزی ئەمریكا بوو لە توركیا لەبارەی هاكان فیدانەوە وتی:"ئەو ڕووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بكەین" ئێستا كە جێفری نێردەی ئەمریكایە بۆ سوریا، لەهەموو سەردانەكانی بۆ توركیا، وتەكەی خۆی كردوەتە كردار و لەگەڵ هاكان فیدان كۆدەبێتەوە.

هاكان فیدان و ئۆجەلان داینەمۆی پڕۆسەی ئاشتین لەتوركیا
زۆركات لەگەڵ ناوهێنانی ئیمڕاڵی وەك شوێنی زیندانیكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناوی هاكان فیدانیش وەك ئەڵقەی پەیوەندی ئیمراڵی بەدەرەوەی دورگەكە دەهێندرێت.

پڕۆفیسۆر بیلال سامبور، شیكەرەوەی سیاسی پێیوایە ناكرێت ڕۆڵی هاكان لەپڕۆسەی ئاشتی توركیا لەگەڵ كورد نادیدە بگیرێت، ئەو دەڵێ:"هاكان هاوتای ئۆجەلانە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیا، ئەو ئەگەر هەر پۆستێكی حكومی لەدەرەوەی پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری وەربگرێت، ڕۆڵی گرنگی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەمێنێتەوە".

ڕۆژنامەی یەنی شەفەق-ی توركی زانیاری زیاتری لەبارەی فیدان و ئۆجەلانەوە بڵاوكردەوە و ئەوەی ئاشكراكرد، لەپێناو پڕۆسەی ئاشتیدا ئەحمەد داود ئۆغڵو، ئەوكاتەی لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی توركیادا بوو، هاكان فیدانی ڕاسپارد بۆئەوەی سەردانی ئیمراڵی بكات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە گفتوگۆ بكەن.