05:12 - 10/12/2018
گومان لە مردنی هونەرمەندانی کورد بە رووداوی هاتوچۆ
ئێوارەی رۆژی هەشتی ١٢ی ٢٠١٨ هەواڵی کۆچی
دوایی سینەماکاری کورد رەحیمی زەبیحی بەخێرایی بڵاو بوویەوە کە لە رووداوێکی هاتوچۆدا
لەگەڵ برایەکی گیانیان لە دەستداوە. بەلام زۆر کەس خێرا بە گومانەوە لەو هەواڵەیان
ڕوانی و وتیان رووداوەکە سیناریۆیە و ئەو دوو برایە کوژراون نەک بە رووداوی هاتوچۆ
مردبن.
گومان لە مردنی رەحیمی زەبیحی و کەیوانی
برای، یەکەم گومان نییە کە لەسەر مردنی هونەرمەندانی کورد کرابێت، بەڵکو ئەم
گومانکردنە مێژوویەکی دووری هەیە و پێش ٤٠ ساڵ لە شاری سلێمانی یەکەم گومان لەسەر
کوشتنی هونەرمەندانی کورد لەڕێی رووداوێکی هاتوچۆوە هاتە ئارا ئەویش کاتێک گروپێکی
گۆرانیی و مۆسیقای منداڵان بەرەو شاری بەغدا بەڕێ دەکەون تا بەشداری بکەن لە فیستیڤاڵێکی
منداڵاندا.
رۆژی ١٧ی نیسانی ١٩٧٨ لە شاری سلێمانییەوە
پاسێک بە ژمارەیەک سەرنشین کە بەشی زۆریان منداڵانی گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن بوون بەڕێ
دەکەون بۆ شاری بەغدا تا بەشداری بکەن لە فیستیڤاڵی هونەریی منداڵان. بەر لەوەی بگەنە
بەغدا لە نیوەی رێگا پاسەکە توشی رووداوێکی هاتوچۆ دەبێ و لە ئاکامدا چوار منداڵیان
گیانیان لە دەستدا کە دواتر بە " شەهید کارزان و هاوڕێکانی" ناویان دەرکرد.
ئێوارەی هەمان رۆژ بە بەشداری ژمارەیەکی
زۆر لە دانیشتووانی سلێمانی تەرمی شەهید کارزان و هاوڕێکانی لە گردی سەیوان بە خاك
سپێردران. هەرچەندە هەواڵەکە وا بڵاوبوویەوە کە بە رووداوێکی هاتوچۆ مردوون بەڵام
لەناو جەماوەردا هەرزوو گومان کەوتە سەر رووداوەکە چونکە ئەو ئوتۆمبیلەی خۆی کیشاوە
بە پاسی منداڵانی هونەرمەندی سلێمانیدا، ئیڤایەکی عەسکەری بووە ئەمەش گومانەکەی زیاتر
کرد.
ئەوانەی گومانیان لە رووداوەکە هەبوو دەیانگوت،
حزبی بەعس نەیدەویست لەڕێی هونەرەوە جارێکی تر وزە و جوڵە بۆ شارەکانی کوردستان بگەڕێتەوە، بەر لەوەی هونەرمەندان ببنە رەمز و هێمای کورد
لە دوای هەرەسی شۆرشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٥ پێویستە لەناویان ببات.
پیلانی لەناوبردنی نەیاران لەڕێی ئوتۆمبیل
و فرۆكەوە، یەکێک بوو لە نەریتە ناسراوەکانی حزبی بەعس لە عێراقدا. ئەو پیلانە دەرفەتی زیاتری دەدا بۆ خۆ دەربازکردنی دەسەڵاتداران تا بۆ خەڵکی وای نیشان بدەن
کە لە رووداوێکی ئاساییدا نەیارەکانی کۆتاییان پێهاتووە. بۆیە مردنی هەر کەسایەتییەکی
سیاسی یان هونەریی بەهۆی هاتوچۆوە هاتبێتە ئاراوە. خێرا گومانەکان سەریان دەرهێناوەتەوە.
بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق،
زۆر کەسایەتی سیاسی و هونەریی لە رووداوی هاتوچۆدا گیانیان لە دەستداوە و بەشی زۆری
ئەو رووداوانە وەکو سیناریۆ سەیر کراون. کوردستانیش لەو گومانکردنانە بەدەر نەبوو.
مەرگی زەبیحی گیان دەکاتەوە بە بەر
گومانەکاندا
رووداوی گیانلەدەستدانی رەحیمی زەبیحی
و کەیوانی برای لە نزیکی بانە لە خۆرهەڵاتی کوردستان، دیسان ئاوی کردەوە بە ئاشی
گومانکردن لە کوشتنی هونەرمەند و کەسانی ناوداری کورددا لەلایەن حکومەتە سەردەستەکانی
کوردەوە.
فەرماندەی پۆلیسی سنە رایگەیاندووە
بكوژی زەبیحی و براكەی دەستگیركراوە و ئیعترافی لەسەر ئەوە کردووە كە پەیوەندییەكی
دۆستانەی لەگەڵ رەحیم و کەیوان زەبیحیدا هەبووە
بەڵام بەهۆی ئەوەی کێشەی قەرز و پارە کەوتووەتە نێوانیانەوە بۆیە کوشتوونی!
بكوژەكە گوتوویەتی: "رۆژی رووداوەكە
بەر لەوەی بیانکوژم زەبیحیو براكەیم دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەكو لەوێ حەبی بێهۆشكەرم
پێداونو دواتر بۆ ماوەی سەعاتێک بە دەوروبەری شاردا پیاسەم لەگەڵ كردوون."
بەڵام لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان مەنسوور
زەبیحی برای کەیوان و رەحیم رەتیکردووەتەوە برا کوژراوەکانی کێشەی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ
کەسدا هەبووبێت.
سیناریۆیەک هەیە کە پۆلیس دەڵێت بەهۆی
کیشەی کۆمەڵایەتییەوە کوژراون. لەپاڵ ئەمەشدا گومانێکی گەورە هەیە لەلایەن بنەماڵەکەی
و زۆربەی سینەماکار و هونەرمەندانی کورد و خەڵکی ئاساییەوە کە رەحیم و کەیوانی برای
کوژراون، لێدوان و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسیش بۆ پەردەپۆشکردنی کوشتنەکەیانە نەک راستی
رووداوەکە.
بۆچی زەبیحی بکوژرێت؟
ئەو کەسانەی کە هێشتا لە نێوان قسە و فیستیڤاڵی
پۆلیسی ئێران و گومانی هاوڕێ و کەسوکارەکەیدا ماونەتەوە و دوودڵن، دەپرسن: ئەگەر
کوژراون زەبیحییەکان بۆچی و لە پای چی کوژراون؟ کێ سوود لە کوشتنی ئەو پیاوانە وەردەگرێت؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ئەو کەسانەی
گومانیان هەیە دەڵێن: رەحیم چەند ساڵێکە هونەرەکەی خستووەتە خزمەتی پرسی کورد و بە
جدی ئیشی بۆ ئەم بوارە دەکرد. دوایین کاری سینەمایی رەحیمی زەبیحی ئامادەکردنی فیستیڤاڵێک
بووە لەسەر تراژیدیای کۆڵبەریی لەسەر سنوورەکانی خۆرهەڵات.
ئێستا لەناو خودی ئێران خۆیدا ئەم پرسە
بووەتە رۆژەڤ و رۆژانە لەناو ناوەندەکانی حکومەت و میدیا باسی لێوە دەکرێت بەڵام بە
خەمساردی و بێباکانە. ئەگەرهاتوو هونەرمەندانی کورد ئەمە بخەنە چوارچێوەیەکی سینەمایی
و درامییەوە، ئەوا دەنگدانەوە و کاردانەوەی زۆری لەناوخۆ و دەرەی کوردستان و ئێراندا
دەبێت.
پێشتر رەحیمی زەبیحی چەندین کاری سینەمایی
بۆ تراژیدیا و کارەساتەکانی سەر گەلی کورد بە تایبەت فیستیڤاڵ و کیمیاباران لە
باشووری کوردستان بەرهەمهێناوە. بەڵام کاتێک ئەم پرسە دەباتەوە بۆ خۆرهەڵاتی
کوردستان، ئیتر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمە بە مەترسی راستەقینە دەزانن و
نایانەوێت هیچ کوردێک دەست بۆ کاری وا ببات.
هەرچەندە هێشتا بەڵگەکان یەکلایی نەبوونەتەوە
لەسەر گیانلەدەستدانی رەحیم و کەیوانی برای کە ئایا کوشتنەکەیان رووداوێکی کۆمەڵایەتییە
وەکو باسکراوە یان تیرۆرێکی سیاسی پیلان بۆ داڕێژراوە. بەڵام ئەم گومانە لەسەر گیانلەدەستدانی
ئەو هونەرمەندەی کورد هەرگیز ناڕەوێتەوە چونکە مەرگی ئەو پیاوە لەژێر سایەی دەوڵەتێکدا
بووە کە بە هیچ شێوەیەک ناخوازێت رۆڵەکانی ئەو نیشتمانە لە دەرەوەی بیرکردنەوەی دەوڵەت
بدرەوشێنەوە.
ئەو هونەرمەندانەی کورد بە رووداوی
هاتوچۆ گیانیان لە دەستداوە و گومان لەسەر مردنەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان دروست
بووە.
1- شەهید کارزان و هاوڕێکانی، مۆسیقاژەن و گۆرانییبێژ
خەڵکی شاری سلێمانی ١٧ی نیسانی ١٩٧٨ لە رووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لە دەستدا.
2- قادر زیرەک هونەرمەندی گۆرانییبێژی خەڵکی هەولێر
رۆژی ١٨ی تەمموزی ١٩٨١ بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستدا.
3- تەهای کەریمی سینەماکار خەڵکی بانەی خۆرهەڵاتی
کوردستان رۆژی ٢٩ی ئایاری ٢٠١٣ لەناوشاری سلێمانی بە رووداوی هاتوچۆ کۆچی دوایی
کرد، هەرچەند راگەیەنرا رووداوەکە پیلان بۆ داڕێژراو نەبووە، بەڵام بەشێک لە هاوڕێ
و ناسراوەکانی گومانیان هەبوو بە بەرنامە و پیلان ئەو رووداوە روویداوە.