ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:17 - 25/07/2019

یاساکانی چاکسازی کشتوکاڵی چۆن کۆتاییان بە دەرەبەگایەتی هێنا؟‌

پەیسەر

لەسەر ئاستی ئابووریی عێراق لە ماوەی ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە کەکاریگەریی و کاردانەوەی لەسەر کۆی ژێرخانی کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵات هەبووە، چاکسازی کشتوکاڵی یەکێکە لە گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانە.

تاپۆ..دەرەبەگایەتی بەرهەمهێنایەوە
هاوشێوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بوون، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٥٨دا عێراق بە یاسای ڕێکخستنی زەوی و زار و دانپێدانانی خاوەندارییەتی تاکە کەسی لەگەڵ دەرکردنی قەباڵەی خاوەندارێتی و تۆمارکردنی زەوی و زار ئاشنابوو، کە بە "تاپۆ" ناسرا.

سەرەڕای مۆرکە چاکسازییانەکەی، یاساکە ئەو ئومێدەی لەخۆی گرتبوو کە کۆتایی بە سەردەمی دەرەبەگایەتی بهێنێت و قۆناغەکە بگوێزرێتەوە بۆ سەردەمی خاوەندارییەتی تایبەت، بەڵام دەستڕۆیشتووەکان و ئاغاکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەت و  نەزانی جوتیارەکانیان قۆستەوە و هەموو، یان زۆرینەی زەوی و زارەکانیان بەناوی خۆیانەوە تۆمارکرد و وەک خاوەن هەڵسوکەوتیان پێوەدەکرد و مافی ئەو جوتیارانەیان لەبەرچاو نەدەگرت کە لەسەر زەوییەکان نیشتەجێ بوون.


بەو پێیە یاسای تاپۆ لە گۆڕینی ئەو دۆخەدا سەرکەوتوو نەبوو کە عێراقی تێکەوتبوو، سەرلەنوێ لەگەڵ دەرکەوتنی چینێکی باڵادەستی خۆسەپێندا دەرەبەگایەتی بە شێوە و ناوێکی نوێوە سەریهەڵدایەوە.

شۆڕشی ١٩٢٠.. چۆن بە پەرەپێدانی هەمەجۆرکردنی خاوەندارێتی کۆتاییهات؟
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی یەکەم و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی عوسمانی، ناوچەیەکی فراوانی زەوییەکانی (جفتەلەک) و ئەو زەویانەی دیکە کە موڵکی تایبەتی سوڵتان و دەوڵەتی عوسمانی بووت بوونە موڵکی ئەو دەوڵەتە نوێیەی لەژێر چاودێری ئینتیدابی بەریتانیدا دروستبوو، دوای دەرکردنی فەرمانی ئینتیداب و ئینکاریکردنی بەڵێنی پێدانی سەربەخۆیی، عێراقییەکان دەستیان دایە ڕاپەڕین و بەرپاکردنی شۆڕش دژی دەسەڵاتی بەریتانی و شۆڕشی ٢٠ بەرپاکرا.

دوای ئەوەی بەریتانییەکان شۆڕشەکەیان دامرکاندەوە، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوای شۆڕشەکەوە، زنجیرەیەک ڕێوشوێنیان بۆ قایمکردنی دەسەڵاتەکەیان گرتەبەر، یەکێک لەو ڕێوشوێنانە دەرکردنی بەیانی دەستنیشانکردن و تۆمارکردنی زەوی و زار بوو، لەو ڕێیەوە پانتاییەکی فراوانی زەوی و زاری موڵکی دەوڵەتیان دایە ئەو شێخ و سەرۆک هۆزانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشەکەی ١٩٢٠دا پشتگیرییان کردبوون، دەرئەنجامی ئەم کارەش توندکردنی ئەم زەوی و زارانەبوو لەدەستی چەند چینێکی کەمدا.
سەردەمی پاشایەتی.. یاساکانی زەوی و زار و دروستکردنی گوێرایەڵی
ڕاستەوخۆ دوای سەربەخۆیی شانشینی عێراق لە ١٩٣٢، دەسەڵاتی نوێ دەستیکرد بە دەرکردنی چەند یاسایەک کە بە یاسای ڕێکخستنی زەوی وزار ناسرا، چەند لیژنەیەکی تایبەت بۆ جیبەجێکردنی پێکهێنران و بەپێی یاساکە مافی خاوەندارێتی خێڵەکی و عەشایەری سەندرانەوە، کە گوزارشت بوو بۆ خاوەندارییەتی بە کۆمەڵی زەوییەکان و کە هەموویان کرابوون بەناوی هۆزەکانەوە، زەوییەکان دابەشکرانەوە و خاوەندارێیتییان لە دەستی شێخەکان و سەرۆک هۆزەکاندا تەسککرایەوە، بەو پێیەش یاساکە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی خاوەندارییەتی فراوان بۆ کەسانی دەستڕۆیشتوو دەوڵەمەند، ئەوەش هۆکاربوو بۆ زیاتر چڕکردنەوەی خاوەندارییەتیەکەیان.

ئامانج لە "ڕێکخستنەوەی زەوی و زارەکان" پتەوکردنی هەژموونی شێخەکان و هۆزەکان و بەدەستهێنانی گوێڕایەڵییان بوو بۆ خێزانی فەرمانڕەوا، ڕژێمی پاشایەتی پشتی بە هۆزگەرایی بەست و پشتگیری دەکرد، وەک ئامرازێک بۆ پتەوکردن و چەسپاندنی گوێڕایەڵییان بۆ دەسەڵاتی شاهانە. لیژنەکان تا ساڵی ١٩٥٥ بەردەوامبوون، لە کۆتاییدا ئەندامانی هۆزەکان لەسەر زەوییەکان بوونە پاوان یان کرێکاری کشتوکاڵی، بەبێ ئەوەی هیچ مافێکیان بە خاوندارێتی زەوییەکانەوە هەبێت.

سەردەمی شۆڕش..هەمەجۆرکردنی خاوەندارێتی گەیشتە لوتکە
لەکۆتایی پەنجاکاندا هەمەجۆرکردنی خاوەندارێتی زەوییەکان گەیشتە لوتکە، دکتۆر محەمەد سەلمان حەسن لە کتێبەکەیدا (گەشەسەندنی ئابووری لە عێراق) باس لەوە دەکات، لە ساڵی ١٩٥٧دا (٣٤١٨) کەس، کە دەکاتە ٢%ی خاوەن زەوییەکان، نزیکەی (١٥,٨) ملیۆن دۆنم زەوییان لەدەستدابوو، کە دەکاتە ٦٨%ی کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق. موڵکە بچووکەکانی دیکە کە ڕووبەرەکانیان لە (١٠٠) دۆنم کەمتر بوو، نزیکەی ٨٦%ی خاوەندارێتی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان پێکدەهێنا، بەڵام بە گشتی ڕووبەرەکانیان نەدەگەیشتە ١٠,٥%ی کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق. ئەو زەویانەش کە ڕووبەرەکانیان لە نێوان (١٠٠ بۆ ١٠٠٠) دۆنمدا بوو، نزیکەی ١٢%ی موڵکەکانیان پێکدەهێنا و بە هەموویان ١٢,٥%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراقیان پێکدەهێنا. بەڵام موڵکە فراوان و گەورەکان کە لە (١٠٠٠) دۆنمەوە دەستپێدەکەن، لە ڕێژەی ٢%ی زەوییە کشتوکاڵییەکان تێپەڕیان نەدەکرد، بەڵام ڕووبەرێکی ئێجگار زۆریان پێکدەهێنا کە دەکاتە نزیکەی ٦٨%ی کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق.


ئەم هەمەجۆرکردنە کاریگەری بەرچاوی لەسەر کۆی ئابووریی عێراق جێهێشت، لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا (١٩٥٧)، دانیشتوانی گوندەکان نزیکەی چوار ملیۆن کەس دەبوون و ڕێژەی ٦٠% ی دانیشتوانی عێراقیان پێکدەهێنا. لەو ساڵەدا ڕێژەی ئەو کەسانەی بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵبوون و سەرچاوەی بژێوییان بوو، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە نزیکەی ٧٠%ی کۆی دانیشتوانی عیراق مەزەندە دەکران.

شۆڕش هاوشێوەی دەسەڵات، چووە کۆمەڵگە و ئابووریشەوە
فازیل حسێن، میژوونووسی عێراقی لە کتێبەکەیدا "ڕووخانی ڕژێم پاشایەتی لە عێراق" جەخت دەکاتەوە کە ئەندامانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەکانی ئەفسەرە ڕزگاریخوازەکان، ئەو فەرماندانەی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ شۆرشیان بەسەر دەسەڵاتی شاهانەدا کرد، ماوەیەک بەر لە شۆڕشەکەش سووربوون لەسەر کۆتاییهێنان بە دەرەبەگایەتی، کە بە کۆڵەکەی سەرەکی ڕژێمی پاشایەتی دادەنرا.

بەو شێوەیە ئەفسەرە ڕزگاریخوازەکان لەناوبردنی سیستمی دەرەبەگایەتییان کردە کۆڵەکەی گۆڕانکاریی لە سیستمی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵاتدا، لەبەرئەوەی بە ڕێگرییان دەزانی لەبەردەم سەرپێکەوتنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی وڵاتدا و کەوتبوونە ژێر کاریگەریی ئەو چاکسازییە کشتوکاڵییەی شۆڕشی ١٩٥٢ی میسر ئەنجامیدابوو.

ڕاستەوخۆ لەدوای شۆرشی ١٩٥٨ دەستورێکی کاتی دانرا و لە مادەی ١٤هەمدا ئاماژە بەوە درابوو کە "خاوەندارێتی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە یاسا دیاریدەکرێن و ڕێکدەخرێن، لە مانگی ئەیلولی ١٩٥٨دا عەبدولکەریم قاسم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،  دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی یاسای یەکەمی چاکسازیی کشتوکاڵی.

لە یاساکەدا ئاستێک بۆ خاوەندارێتی زەوییە کشتوکاڵییەکان دانرابوو، واتا کەس بۆی نەبوو لەو ئاستە زیاتر زەوی هەبێت، زیادەکەشی ڕاستەخۆ دەبووە موڵکی دەوڵەت و لە بەرامبەردا خاوەنەکانیان قەرەبوویەکی دادپەروەرانە دەکرانەوە، دواتر ئەو زەوییانەی دەوڵەت دەستی بەسەردا گرتبوون لەگەڵ ئەو زەویانەی بە (موڵکی میری) ناودەبران، بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکران.

بەپێی هەمان یاسا هیچ کەسێک بۆی نەبوو لە هەزار دۆنم زەوی بەراو و دوو هەزار دۆنم زەوی دێم زیاتری هەبێت.


ساڵی ١٩٧٠ و نزیکەی دوو ساڵ دوای ئەوەی حزبی بەعس بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر دەسەڵاتی گرتە دەست،  یاسای دووەمی چاکسازیی کشتوکاڵی دەرکرا.

 

لەم یاسایەدا چەند ڕستەیەک و چەند دەستەواژەیەکی نوێ زیادکران، وەک بەپیتی خاک، شێوازی ئاودێری، تێکڕای بارانبارین و جۆری کشتوکاڵ. لە یاساکەدا بڕیاردرا ئاستی خاوەندارێتی زەوییە دێمەکان کەمبکرێتەوە و ڕیژەی بارانبارین کرایە پێوەر. هیچ کەس بۆی نەبوو لە هەزار دۆنم لەو زەوییە دێمانەی لەدەستدابێت کە زیاتر لە ٤٠٠ مللی مەتر بارانیان تێدا دەبارێت، ئەو زەوییە دێمانەش کە لەو ڕێژەیە کەمتر بارانیان تێدا دەبارێت وەک خۆیان (دوو هەزار دۆنم) هێڵرانەوە. هەرچی زەوییە بەراوەکانیشە، خاوەندارێتییەکەیان کەمکرانەوە بەجۆرێک، ئەو زەویانەی بەپیت نین کەس بۆی نەبوو لە (٦٠٠) دۆنم زیاتری هەبێت، بەڵام بە پیتەکانیان کە بە برنج دادەچێنران خاوەندارێتییان بۆ (١٠٠) دۆنم کەمکرایەوە.

وێڕای ئەنجامدانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی ڕیشەیی، کە خۆی لە قەڵاچۆکردنی نەریتی عەشایەری و خێڵەکیدا دەبینییەوە، لایەنە ئابوورییە ئامانجدارەکەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کشتوکاڵی لاوازکردنی دەسەڵاتی ئەو خەڵکە دەستڕۆیشتووە بوو کە زەوی و موڵکێکی زۆریان هەبوو، تا بەشی زۆری داهاتەکەیان بخرێتە کەرتی بەرهەمهێنانەوە. ئامانجە سیاسییەکەشی سنوردارکردنی دەسەڵاتی دەرەبەگەکان و هەژموون و دەسەڵاتە سیاسییەکەیان بوو، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەری جووتیاران و ڕێکخستنیان لەچوارچێوەی کۆمەڵە و سەندیکاکاندا.