04:42 - 28/07/2019
وه‌به‌رهێنان چۆن ملیاران دۆلارى هه‌رێمى هه‌ڵلوشى؟
له ١٣ساڵى رابردوودا یاساى وه‌به‌رهێنان زۆرترین مشتومڕو قسه‌وباسی له‌سه‌ربوو، سه‌ره‌ڕاى تێبینى و ره‌خنه‌ى زۆر، یاساكه وه‌ك خۆى مایه‌وه، ئه‌و یاسایه‌ى ده‌گوترێت داهاتى ده‌یان سه‌رمایه‌دارى هه‌ڵكشان و نه كێشه‌ى نیشته‌جێبوونی چاره‌سه‌ركرد نه كێشه‌ى بێكارى، یاساكه هه‌زاران پارچه زه‌وى دایه سه‌رمایه‌داران بێ به‌رامبه‌ر.
جموجوڵێك له خولى نوێى په‌رله‌مانه‌وه ده‌ستیپێكردووه، بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه و چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكوڕییه‌كانى، چه‌ند فراكسیۆنێكى په‌رله‌مان پرۆژه‌یان ئاماده‌كردووه، بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه، ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیش چاویان له گۆڕینى یاسای وه‌به‌رهێنانە.
یاسای وه‌به‌رهێنان چییه؟
٤ی ته‌موزی ٢٠٠٦ په‌رله‌مانی كوردستان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ، یاسای ژماره ٤ی ساڵی ٢٠٠٦ی ده‌ركرد به‌ناوی (یاسای وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان) ئه‌م یاسایه بووه ده‌رفه‌تێك بۆئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌بواره‌كانی نیشته‌جێبوون، ته‌ندروستی، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتیاری و په‌روه‌رده‌یی جێبه‌جێبكرێن، به‌ڵام زۆرینه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌بواری دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبووندا بوو به‌جۆرێك، له‌ده‌ركردنی یاساكه‌وه تا ساڵی ٢٠١٥ مۆڵه‌ت درایه ١٨٤ پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون، کە ١٥٠هه‌زار یه‌كه‌یان له‌خۆگرتووه و كۆی سه‌رمایه‌ی وه‌گه‌رخراو له‌و بواره‌دا ٢٠ملیار و ٥١٧ ملیۆن و ٥٣١ هه‌زار و ١٦٩ دۆلار بووه.
یاساى وه‌به‌رهێنان بۆچوونى جیاوازى له‌سه‌ر هه‌یه، به‌ڵام زۆرینه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن یاساكه كۆمه‌ڵێك كه‌سى ده‌وڵه‌مه‌ندكرد و كێشه‌ى هه‌ژاره‌كانى چاره‌نه‌كرد و بێ ماڵه‌كانى نه‌كرده خاوه‌نى ماڵ.
پرۆژه هه‌موارى یاساكه
سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، به په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، وه‌ك فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ پرۆژه‌یان هه‌یه بۆ هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان،"بۆئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وی و بردنی پاره‌وه، بكرێته خزمه‌ت بۆ هه‌رێم و دابینكردنی هه‌لی كار".
به‌بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره، یاساكه كه‌موكورتى گه‌وره‌ی تێدایه،"خه‌ڵكێك له‌پاره‌و زه‌وی ئه‌م وڵاته سودمه‌ندبووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سودێكی هه‌بووبێت بۆ ئه‌م وڵاته، ته‌نها خۆی سودمه‌ندبووه به‌هۆی ئه‌و یاسای وه‌به‌رهێنانه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی سودی خراپی لێبیندراوه كه‌متر خزمه‌تی پێكراوه، زیانی گه‌وره‌ی به‌هه‌رێم گه‌یاندووه".
"هەموو یاساکە دەبێت بگۆڕدرێت"
كه‌یسى وه‌به‌رهێنان شاده‌مارى رۆچوونى پاره‌بووه له هه‌رێمى كوردستان، ملیاران دۆلار به‌گه‌ڕخراوه‌و ئه‌وپاره زه‌به‌لاحه كه له‌سه‌رووى ٢٠ملیار دۆلاره‌وه‌یه به سیماى هه‌رێمى كوردستانه‌وه دیار نییه. دابان محه‌مه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی گۆڕان، بۆ په‌یسه‌رپرێس باسیله‌وه‌كرد، دوای نه‌وت یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی كه زۆرترین گه‌نده‌ڵی و زۆرترین به‌هه‌ده‌ردانی تێداكراوه پرسی وه‌به‌رهێنانه.
گوتیشى:"ئه‌وپرسه ئه‌وه‌نده قورسه، به‌ملیاران دۆلار تێیدا سود به چه‌ندكه‌سێك گه‌یشتووه و به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت تا خواری خواره‌وه تێیدا سودمه‌ندبوون، ئه‌م یاسایه ته‌نها له به‌رژەوه‌ندی ژماره‌یه‌ك سه‌رمایه‌دار و ئه‌و كه‌سانه‌دایه كه كاری وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن، گه‌یشتوونه‌ته ئاستێك كه له‌پرۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبووندا ملیۆنان دۆلار قازانج بكه‌ن و یاساكه‌ش ئاسانكاری بۆكردوون، بۆئه‌وه‌ی قازانجێكی خه‌یاڵی بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان به‌م یاسایه هه‌مووی شكستی خواردووه، یه‌ك پرۆژه نییه به‌بێ ده‌ستكاریكردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌كه‌ی وه‌ك خۆی جێبه‌جێكرابێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، فراكسیۆنه‌كه‌ى پرۆژه‌ی خۆیان ده‌بێت بۆ هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان و ته‌واوی پرۆژه‌كه‌ی پێشوو ده‌گۆڕن،"به‌وشێوازه‌ی ئێستا هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌كراوه، به‌شێكی زۆری زه‌وی ئه‌م خه‌ڵكه و ئه‌م وڵاته به‌هه‌ده‌ردراوه، به‌شێكی زۆری پرۆژه‌كان ته‌واونه‌كراون، هه‌ر زه‌وییه‌كه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێكرابێت له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌وه، فرۆشراوه‌ته‌وه و ده‌ستاوده‌ستی پێكراوه".
لیژنه‌ی یاسایی چاوه‌ڕێى پرۆژه‌یه
عه‌باس فه‌تاح ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسای په‌رله‌مانی كوردستان كه ئه‌ندامى فراكسیۆنی یه‌كێتی-یه، بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، پێشتریش تێبینیان له‌سه‌ر یاسای وه‌به‌رهێنان هه‌بووه، خولی پێشووش هه‌وڵیانداوه هه‌مواربكرێته‌وه،"چه‌ند بڕگه و ماده‌یه‌كی یاسای وه‌به‌رهێنان پێویستی به‌هه‌مواركردنه‌وه‌هه‌یه، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌وه‌رزی یاسادانانى داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م پرسه تاوتوێبكرێت، به‌پێی په‌یڕه‌وی ئێستای په‌رله‌مان ده‌بێت له‌مانگی یه‌كه‌می هه‌ر وه‌رزێكدا، پرۆژه پێشكه‌شبكرێت، سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو پرۆژه‌یاسا پێشكه‌شدەكرێت".
ئه‌وانه‌ى شاره‌زاى وه‌به‌رهێنانن له رووى كرده‌ییه‌وه، وردتر ئاگادارى لێكه‌وته‌كانى یاساكه‌ن. رێبوار خه‌لیل سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم بۆ په‌یسه‌رپرێس له باسكردنى كه‌موكورتییه‌كانى یاساكه‌دا له پارێزبه‌ندى وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه ده‌ستیپێكرد. گوتى: "پێویستناكات پارێزبه‌ندی بدرێته وه‌به‌رهێنه‌ران و به‌ڵێنده‌ران، چونكه یاسا ده‌یپارێزێت. پێویسته هه‌موو پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان به‌پێی تێروانینی به‌رژەوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه بێت نه‌ك به‌پێی به‌رژەوه‌ندیه‌كانی وه‌به‌رهێنه‌ر".
رێبوار هه‌روه‌ها به پێویستى زانى، هاندان و ئیمتیازاتی پرۆژه‌كان له‌هه‌ر سێكته‌رێك جیاوازبێت، بۆنمونه هاندانی زۆر بۆ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی بێت، كه‌متر هاندان بدرێته پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون و به‌دیاریكراویش ئه‌و پرۆژانه‌ی گرانبه‌هان،"وه‌به‌رهێنه‌رێك خانوویه‌ك دروستده‌كات به ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هه‌زار دۆلار ده‌یفرۆشێت، زۆر بێمانایه زه‌وی بێبه‌رامبه‌ر پێبدرێت".
گرفتێكى دیكه نه‌بوونى لایه‌نى سه‌رپه‌رشتیاره بۆ پرۆژه‌كان، له‌یاسای ئێستای وه‌به‌رهێنان ته‌نها باسی ئه‌وه‌ده‌كرێت كه حكومه‌ت زه‌وی بێبه‌رامبه‌ر ده‌داته وه‌به‌رهێنه‌ر، مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانی پێده‌درێت بێئه‌وه‌ی دیاربێت كێ سه‌رپه‌رشتی كاری پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ده‌كات تا ته‌واوده‌بن، ئه‌گه‌رچی ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك دروستكردووه، به‌ڵام ئه‌و یه‌كانه هێزی یاساییان نییه و یاساكه ده‌سه‌ڵاتى پێنه‌داون.
سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان باسیله‌وه‌كرد، به‌پێی یاساكه ئاماژه به‌وه‌ناكرێت كه ده‌بێت كه‌لوپه‌لی ناوخۆیی و ئه‌وه‌ی له‌ناوخۆ هه‌یه به‌كاربهێندرێت لەگەڵ به‌كارهێنانی ده‌ستی ناوخۆیی،"نوێنه‌ری بانكی نێوده‌وڵه‌تی لێى پرسیم كه ئێوه له‌هۆتێل دیڤان چ سودێكتان بینیوه؟ منیش گوتم، هه‌ر وه‌ك ره‌مزێكی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانه له‌هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌و گوتی ئێوه زه‌وییه‌كه‌تان بێبه‌رامبه‌ر پێداوه، مادده‌كانی باڵه‌خانه‌كه هه‌مووی له‌ده‌ره‌وه هێندراوه، ئه‌و كرێكارانه‌ی ئێستا كاری تێدا ده‌كه‌ن هه‌موویان له‌ده‌ره‌وه هێندراون، ئه‌و خۆراك و به‌رهه‌مانه‌ی له‌وێ پێشكه‌ش ده‌كرێن هه‌مووی له‌ده‌ره‌وه ده‌هێندرێت، قازانجه‌كه‌ش ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه، كه‌واتا ئێوه هیچ سودێكتان نه‌كردووه".
رێبوار خه‌لیل به‌پێویستى زانى، سه‌رمایه‌و پاره‌ی وه‌گه‌رخراو بۆ پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌رێگه‌ی سیستمی بانكیه‌وه رێكبخرێت،"وه‌به‌رهێنه‌ر هه‌یه له‌ناكاو ده‌ڵێت مایه‌پووچ بووه و زه‌ره‌ری كردووه بێئه‌وه‌ی حسابه‌كه‌ی له‌لای حكومه‌ت روون بێت".
له ١٩-٥-٢٠١٥ ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنانیان كۆبووه‌وه‌و بڕیاریدا، گره‌نتی بانكیى له‌وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان وه‌ربگیرێت، بۆئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ی ته‌واونه‌كرد، زه‌وییه‌كه‌ی لێ وه‌ربگرنه‌وه‌و سزاى ماددیشى بده‌ن.
"پێویسته هه‌موو پرۆژه‌یه‌ك، سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ى دیاربێت نه‌ك وه‌به‌رهێنه‌ر له‌ناكاو بڵێت ئیفلاسی كردووه، پێویست ناكات كه‌رتی نیشته‌جێبوون له وه‌به‌رهێنان جیابكرێته‌وه به‌ڵكو پێویسته رێكبخرێته‌وه، چونكه وه‌به‌رهێنان له‌یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له ئیمارات و سه‌نگاپوراش هه‌یه. ده‌بێت حكومه‌ت ماسته‌رپلانی بۆ وه‌به‌رهێنان هه‌بێت. مانه‌وه‌ی یاسای ئێستای وه‌به‌رهێنان رێگه‌ده‌دات به ته‌خشان و په‌خشانكردنی زه‌وی به‌پێی میزاجی شه‌خسی" رێبوار خه‌لیل واى گوت.
ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان
زۆرینه‌ی پرۆژه‌كان له‌بواری دروستكردنی خانووبه‌ره‌دابوون، به‌جۆرێك له‌نێوان ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٥ مۆڵه‌ت به ١٨٤ پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون درا كه ١٥٠ هه‌زار یه‌كه‌یان له‌خۆده‌گرت، كۆی سه‌رمایه‌ی وه‌گه‌ڕخراو له‌و بواره‌دا ٢٠ ملیار و ٥١٧ ملیۆن و ٥٣١ هه‌زار و ١٦٩ دۆلاربووه.
هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی پرۆژه‌كان
١- ٪٧٥ی پرۆژه‌كان نرخه‌كانیان له‌سه‌رووی داهاتی چینی كه‌م ده‌رامه‌تی كۆمه‌ڵگه‌وه‌بوو كه له ٥٠ هه‌زار دۆلاره‌وه بۆ یەک ملیۆن دۆلاربووە، به‌وه‌ش وه‌به‌رهێنانی خانووبه‌ره نه‌یتوانی كێشه‌ی كرێچێتی بنبڕبكات و ته‌نها ٪٢٥ی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون نرخه‌كانیان له ٤٠هه‌زار دۆلاره‌وه بۆ ٥٠هه‌زار دۆلاربوو، كه له‌توانای چینی کەمدەرامەتدا نەبوو بیكڕێت.
٢- بێپلانی و ناته‌بابوونی پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی شاره‌كان.
٣- سیمای ته‌لارسازی كورده‌واری به پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونه‌وه دیارنه‌بوون.
ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان
١- به‌شێك له لێكۆڵه‌ره‌وان پێیان وایه ته‌نها به‌رپرسه باڵاكان و كۆمپانیاكانیان، توانای وه‌رگرتنی زه‌وییان بۆ دروستكردنی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان هه‌بوو.
٢- به‌شێك له كۆمپانیاكان ته‌نانه‌ت ئاماده‌نه‌بوون مۆڵه‌ت له‌هیچ فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ربگرن، ژماره‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ش كه بێموڵه‌ت بوون ٢٤پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوونن كه ٣٥ هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان تێدایه به‌وه‌ش له‌ئێستا ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و زه‌وییانه‌ی كه ئه‌و پرۆژانه‌یان له‌سه‌ر دروستكراوه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماری خانووبه‌ره به‌ناوی زه‌وی كشتوكاڵییه‌ون و ره‌گه‌زه‌كه‌یان نه‌گۆڕدراوه بۆ نیشته‌جێبوون، بۆیه رێكاری به‌ناوكردنی خانوی ناو ئه‌و پرۆژانه ئاڵۆزه و پێویستی به‌وه‌هه‌یه سه‌ره‌تا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ست له زه‌وییه‌كه هه‌ڵبگرێت بۆ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان وده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیش بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر، وه‌به‌رهێنه‌ریش بۆ كڕیاری پرۆژه‌كان، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و پرۆژانه له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌ی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی پارێزگاكان ناگونجێن.
٣- به‌شێك له پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون كێشه‌ی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییان هه‌یه.
٤- زۆرجار هاوڵاتیان بوونه‌ته نێچیری ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ر، كه پرۆژه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه یاخود به‌پێی گرێبه‌سته‌كه نه‌بووه یاخود كه‌ره‌سته به‌كارهاتووه‌كان له‌تاقیگه‌كاندا پشكنینیان بۆ نه‌كراوه.
٥- دروستبوونی ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دار، له‌سه‌ر حسابی زه‌وی شاره‌وانی و داهاتی خه‌ڵك، كه جیاوازی چینایه‌تی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زۆر زه‌قكرده‌وه.
٦- قازانجی وه‌به‌رهێنه‌ر وه‌ك لایه‌نی یه‌كه‌م و ئامانجی سه‌ره‌كی یاسای وه‌به‌رهێنان دیاریكراوه‌و خه‌ڵك و حكومه‌تیش زه‌ره‌رمه‌ندده‌بن.
٧- به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌یاسای وه‌به‌رهێناندا ئاماژه‌به‌وه‌كراوه كه وه‌به‌رهێنه‌ر بۆی هه‌یه، ئه‌و پاره‌ی له پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی ده‌كه‌وێت ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكات، به‌هۆیه‌وه پرۆسه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره و ره‌وانه‌كردنی پاره‌ی تر بۆ ده‌ره‌وه په‌ره‌یسه‌ند.
كۆی گشتی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان
٦٨٨ پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ساڵی ٢٠٠٦ تا ساڵی ٢٠١٤ له‌هه‌رێمی كوردستان، مۆڵه‌تی وه‌رگرتووه‌و كۆی پاره‌ی ته‌رخانكراویش ٣٧ ملیار و ٢٩ ملیۆن دۆلار بووه. نیشته‌جێبوون به ١٨٤ پرۆژه یه‌كه‌م بواری وه‌به‌رهێنان بووه، دووه‌م بواریش پیشه‌سازی بووە بە ١٦١ پرۆژه، بواری سێیه‌میش بواری گه‌شتوگوزار بووه كه ١٠٩پرۆژه، بازرگانی ٩٩پرۆژه، ته‌ندروستی ٣٨ پرۆژه، كشتوكاڵ ٢٣ پرۆژه، خوێندن ١٦ پرۆژه، وه‌رزش ١٦، هونه‌ر ١٥، گه‌یاندن حەوت، بانك دوو، گواستنه‌وه یەک پرۆژه بووه.
جیاوازی نێوان شاره‌كان
له هه‌ولێر ٣٠٣ پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان مۆڵه‌تی پێدراوه، كه سه‌رمایه‌كه‌ی ٢١ ملیار و ٣٣ ملیۆن دۆلار بووه. لە سلێمانی ١٠٨ پرۆژه مۆڵه‌تی پێدراوه، كه سه‌رمایه‌كه‌ی ١١ ملیار و ٤٢٧ ملیۆن دۆلاربووه. لە دهۆك ١٦١ پرۆژه مۆڵه‌تی پێدراوه، كه به‌هاكه‌ی چوار ملیار و ٥٦٩ ملیۆن دۆلار بووه.
چاره‌سه‌ری كێشه‌ی وه‌به‌رهێنان پێویستی بە چییە؟
١- توندكردنی مه‌رجی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، زیادكردنی چاودێری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان.
٢- راگرتنی ته‌خشانوپه‌خشانكردنی زه‌وی به‌ناوی وه‌به‌رهێنانه‌وه، رێگه‌نه‌دان به‌كڕین و فرۆشتنی زه‌وی حكومه‌ت كه بێبه‌رامبه‌ر دراوه‌ته وه‌به‌رهێنه‌ران.
٣- ئاشكراكردنی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، دیاریكردنی سه‌رمایه‌كانیان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاماره‌كانی وه‌به‌رهێنان.
٤- جیاكردنه‌وه‌ی به‌ڵێنده‌ر له وه‌به‌رهێنه‌ر.
٥- وه‌به‌رهێنان ته‌نها ئه‌و پرۆژانه بگرێته‌وه، كه ده‌توانن ژماره‌یه‌ك هه‌لی كار بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو دابینبكه‌ن، یاخود ئه‌و پێداویستییانه پڕبكه‌نه‌وه كه كه‌رتی گشتی ناتوانێت پڕیان بكاته‌وه.
٦- تائێستا وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و گاز له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌شێك نییه له مادده‌كانی یاسای وه‌به‌رهێنان، باشتروایه ئه‌و پرسه‌ش یه‌كلایی بكرێته‌وه چونكه وه‌به‌رهێنان له‌نه‌وت و گازی كوردستان، به‌پێی یاسایی ژماره ٤ی ساڵی ٢٠٠٦نییه.
هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان
رۆژی ١٢ی كانونی دووه‌می ساڵی ٢٠١٥، به واژۆی ١٥ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌یه‌ك بۆ هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان راده‌ستی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمدا هات پرۆژه‌كه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆنه‌كرا.
پرسیاری جددی ئه‌وه‌یه، له وه‌رزی داهاتووی په‌رله‌مان كه هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان كاری له‌سه‌رده‌كرێت، له‌به‌رژەوه‌ندی خه‌ڵك هه‌موارده‌كرێته‌وه یاخود له‌به‌رژەوه‌ندی كۆمپانیا ده‌سه‌ڵاتدارەکان؟