ڕاپۆرتی کوردستانی

04:26 - 29/07/2019

چیرۆكه‌كانی داگیردنی كوردستان له‌لایه‌ن مه‌نغۆله‌كانه‌وه‌ چین؟‌

پەیسەر

مەنگۆلەكان کۆمەڵێک هۆزی نیشتەجێی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئاسیا (بەتایبەتی مەنغۆلیا و دەورووبەری) بوون، جا لەبەر ژینگەی سەختی بیابانی وشک بە(ڕەوەند)یی دەیانگوزەراند و لەنێو چادرو ڕەشماڵ دەژیان و گەرمیان و کوێستانیان کردووە و خوویان داوەتە جەنگ و کوشتارو تاڵان و بڕین، هەربۆیە بەنەتەوەیەکی ئاکار توند و شەڕەنگێز و تێکدەر لەمێژوودا ناوزەدکراون و هەركاتێكیش باسیان دەكرێت مرۆڤ بیری توندوتیژیی دەكەوێتەوە.

بە پێی سەرچاوە مێژوییەكان مەنگۆلەكان کە ئێستا لە (مەنگۆلیا و کۆماری گەلی چین و ڕووسیاو هەندێك وڵاتی دیكەدا) ئەژین. سەرەتا لە ناوەڕاستی ئاسیاوە و لە ناوچەیەکدا کە بەمەنگۆلیا ناسراوە پەیدابوون، دەستەواژەی (مەنگۆل)ی بەھەموو ئەو کەسانە دەڵێن کە بە زمانی مۆنگۆلی قسە ئەکەن و لە ناویشیاندا گەلی (کالمیک) کە لە خۆرھەڵاتی ئەورووپا ئەژین. بە پێی توێژینەوەكان تا ئێستا بنەڕەتی زمانی مۆنگۆلی دیاریی نەکراوەو زانایان نەگەشتوونەتە بڕوای یەكلاكەرەوە، ھەندێک لەزانایانی بواری زمان ڕایانوایە لە زمانی (تانگۆسی)ەوە ھاتووە کە بەشێکە لە(تای)، ھەندێکیش ئەیگێڕنەوە بۆ کاریگەری زمانی (سیبیری) کۆن. 

بۆیەكەمجارناوی مەنگۆل لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی (تانگ)ی چینی لە سەدەی ھەشتەمی زاینییدا دەرکەوتوە، بەشێوەیکی دیارتر لە سەدەی 11 و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی کاسایدا دەرکەوتون، لەو سەردەمانەدا کۆمەڵێک ھۆزی بچوک ھەبون کە لە دەوروبەری روباری (ئۆنون)ی بڵاوبونەتەوە کەئێستا دەکەوێتە نێوان (روسیا و مەنگۆلیا) وە. زۆربەی زۆری ھۆزەکانی مەنگۆل و تەتەر لە سەر دەستی سەركردەی بەناوبانگ جەنگیزخان دا یەکیان گرتووە.

مەنگۆلەکان لەچوار نەتەوەی سەرەکی پێكدێن و لەبیابانی گەورەی ئاسیادا ژیاون لە دێر زەمانەوە و نەتەوەیەکی بێ شارستانیەت بوون و خەریکی ئاژەڵداریی بوون ناوچەکەیان لەوەرگایەکی باشبووە بەهۆی بوونی چەندین جۆگە پێكهاتبوو کە دەرژانە دەریاچەی بایکال

نەتەوەی مەنگۆل لەژمارەیەکی زۆر تیرەو هۆز پێك هاتبوو کەلەناو خۆیاندا ناتەبا بوون و ئەزموونی جەنگیان لە شەڕکردن لەگەڵ خۆیاندا پەیدا کردبوو. زۆربەی هۆکارەکانی ململانێی نێوان تیرە و هۆزەکانیان بەهۆی سنوور بەزاندن بووە بۆ سەر لەوەرگاکانیان.

بەم جۆرە لە مێژوودا مەنگۆل بە گەلێكی شەڕەنگێز ناسێنراون، چونکە بەردەوام لەجەنگی ناوخۆ و دەرەکیدا بوون.

ئەزموونی مەنگۆلەکان لەزانستی سەربازیدا گەرچی ئەکادیمی نەبوون، بەڵام خاوەن جەستەی بەهێز و تەکنیکی ناوازەی هێرش و بەرگری بوون .لەئەسپ سواریدا بێ وێنەبوون . لە مێژوودا باس لەوە دەکرێت کە مەغۆلەکان 50 نەتەوەیان داگیرکردووە وە 40 ملیۆن کەسیان کوشتووە کە بۆ ئەوکات دەکاتە 11٪‏ ھەموو جیھان .

سەرۆکی مەنگۆلەکان کە ئەوکات توانی بووی تەواوی تیرەکانی مەغۆل لە خۆی کۆبکاتەوە جەنگیز خان بووە، کە بۆتە ھۆی کوشتارێکی یەکجار زۆر لە ھەموو جیھاندا کە ئەوەی بۆتە جێی سەرسورمانی مێژوو نوسان تا ئێستا نەتوانراوە قەبرەکەی یاخود لاشەکەی بدۆزنەوە ھیچ ئاسەوارێکی دیار نییە.

زۆربەی زۆری ھۆزە مەنگۆلیەكان و تەتەر لە سەر دەستی جەنگیزخاندا یەکیان گرتووە. ئێستا مەنگۆلەکان لە نێوان مەنگۆلیا و چین و روسیا و ئاسیادا دەژین، کەمینەیەکیشیان لە ئەفغانستان دەژین وەک ھازارییەکان، کە بەمەزھەب شیعەن و ھەندێکیشیان لە ئێران دەژین. 

تا ئەوکاتەی جەنگیزخان دەردەکەوێت ھۆزە مەنگۆلیەکان پەرتەوازەو ناکۆکبوون و لە نێوان خۆیاندا لە شەڕدا بوون، بەڵام جەنگیزخان توانی ھۆزەکانی مەنگۆل و تەتاریش یەکبخاتەوە، بەمەش بوونە لەشکرێکی بەھێز و سەرەتا باکوری چینیان داگیر کردو بەو بۆنەیەوە  مەنگۆلەكان لە دەورووبەری ساڵی (1206ز) وەکوو هێزێکی کارای سەربازی و سیاسی دەرکەوتن، کاتێ کە سەرکردەی بەناوبانگیان( جەنگیز خان) توانی هەموو هۆزەکانی مەغۆل یەکبخات و پاشان وڵاتانی چین و (بلاد ما ورا‌و النهر) ناوچەی پشت ڕووبار - خوراسان و فارس و ئازربایجان و ناوچەی قەوقازی داگیر بکات.

هێرشی مه‌نگۆله‌كان بۆ كوردستان
سەرەتای لەشکەر کێشییەکانی مەنگۆلەکان بۆ سەر کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1221ز) کاتێ چەند هەرێم و شارێکیان لە "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" داگیرکرد وێڕای ئەوەی کە کوردان لێیان هاتنە دەست و نەبەردی زۆریشیان نواند، هەروەک دانیشتوانی شاری(مەراغە) لە ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێ کردیان کاتێ کە بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ ڕووبەڕووی گەمارۆی توندی مەغۆلەکان بوونەوە بۆ سەر شارەکە، بەڵام ئەو شارەو زۆرینەی ناوچە كوردییەكان لەبەردەم لەشكری بێشومارو بێبەزەیی و دەست نەپارێزی مەنگۆلیەكاندا خۆیان بۆ نەگیراو بوون بەژێر تەپ و توزی داگیركەرییانەوە.

هەروەها ساڵ(1231ز) مەنگۆلەکان لەشکرێکی گەورەیان ناردە سەر شارەزوور(شارەزوور لە هەولێری ئێستەوە درێژ بووەتەوە تا سنورەكانی شاری هەمەدانی رۆژهەڵاتی كوردستان)، بەڵام لە بەر ئەوەی سوڵتانی هەولێر و خەلیفەی عەباسی كاتێك هەواڵی نزیكبوونەوەی سوپای مەنگۆلی پێگەشتبوو، لەشکری ئامادەکردبوو بۆ پێشگیریی لەوهێرشە، بەو هۆیەوە مەنگۆلەکان پاشەکشەیان کردو دەرەقەتی ئەو سوپا جێگیرە نەهاتن كە پێشتر ئامادەكرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا مەنگۆلەکان ساڵی (1245ز) هێرشێکی بەربڵاوی تریان کردەوە سەر شارەزوور و خەڵکێکی زۆریان کوشت و کاولکاریەکی گەورەشیان نایەوە، هەر لەبەر ئەمەش بوو کە بەشیکی دانیشتوانی شارەزوور و گەلێک ناوچەی تریش ناچاربوون وڵاتی خۆیان بە جێ بهێڵن و ڕوو بکەنە وڵاتی شام.

 دوای ئەوەی لەشكری مەنگۆلەکان لە ژێر سەرکردایەتی (هۆلاکۆ)دا خۆیان ئامادەکرد بۆ داگیرکردنی بەغدای پایتەختی عەباسیەكان، ماوەیەك بەر لە هێرشی سەر بەغدا، شاری - کرماشان- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی مەنگۆلەکان تووشی وێرانی هاتبوو، چونکە کەوتبووە سەر ڕێگای هێرشی مەنگۆلەکان بۆ سەر بەغدا لە بەشی رۆژهەڵاتیەوە.

هۆلاکۆ لە ساڵی (1285ز) توانی بەغداد داگیربکات و کۆتایی بە خەلافەتی عەباسی بهێنێت و دوا خەلیفەی عەباسی (المستصم بالله) بکوژێت و چل ڕۆژ دەست لە کوشتن و سوتان و کاولکردن و تاڵان کردن هەڵنەگرێت.

مه‌نگۆله‌كان سه‌ره‌ڕای كوشتن و كاولكاری، كتێبخانەكانیی ئەو شارەیان سوتاند، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان ئەو كتێبانەی لە چەرم دروستكرابوون سوپای مەنگۆل كردویانەتە پێڵاو و ئەوەشی بە كەڵكیان نەهاتبێت خستویانەتە ڕووباری دیجلەوە.

 هەر ئەو ساڵە، هۆلاکۆ لەشکرێکی گەورەی بە سەرکردایەتی (ئەرقیتۆنویان) نارد بۆ داگیرکردنی - قەڵای هەولێر- كە ئەو كات شارەكە لەسەر قەڵاكە بونیات نرابوو، بەڵام کوردانی قەڵاتوانیان بە ڕووی لەشکرەکەی هۆلاکۆ بوەستن و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ رووبەڕووی گەمارۆی مەنگۆلەکان ببنەوە، هەرچەندە لە تەنگانە و برسێتی و قات و قڕی دابوون، دواجار هۆلاکۆ بە هاوکاری لەشکری دەسەڵاتداری "موسڵ" (بدرالدین لٶلٶ) ملکەچی خۆی بۆ هۆلاکۆ ڕابگەینێت و بە هاوکاری ئەوان بتوانن قەڵای هەولێر بەر – مەنجەنیق، ئاگر هاوێژ- بدەن و درز و کەلێن بخەنە شار و قەڵاکەوە، پاشانیش داگیری بکەن و کوشتارێکی گەورەی تییایدا ئەنجام بدەن.

پاشان لەشکری مەنگۆل بەرەو باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کشان و شاری (میافارقین) کە یەکێک لەو شارە کوردیانەی باکووری کوردستان بوو کە لە ژێر سەرکردایەتی "مەلیک کامیل ئەیوبی" توانی بۆ ماوەی دووساڵ بەڕووی گەمارۆی لەشکری مەنگۆلەكان بوەستێ، بەڵام برسیتی و قات و قڕی و گرانی تەنگیان بەدانیشتوانی شار هەڵچنی و دووچاری مەرگەسات بوونەوە، لەم لاوەش بە فەرمانی هۆلاکۆ لەشکری زیاتری مەغۆلان هێرشیان کردە سەر شارەکە، ئەم هۆیانە گشتی وایان کرد کە هۆلاکۆ شارەکە دوای بەرگرییەکی دلێرانە بگرێت و (مەلیک کامیل)یش بە دیلی بکەوێتە دەستی هۆلاکۆ و بە ناپاکانە شەهید بکرێت و خەڵکێکی زۆری شارەزووریش بێتاوان بکوژرێن.

دیارترین ئەو هۆیانەی کە وایان کرد زیاتر کوردستان بکەوێتە بەر هێرشی مه‌غۆل:
1- تەماحکاری و گیانی فراوان خوزایی مەنگۆلەکان بۆ دەست گرتن بە سەر شار و ئاوەدانی ناوچەکە و بەهرەمەند بوون لە خێر و بێریان .

2-بوونی دەسەڵاتی چەند هێزێک لە ناوچەکە وەکوو خەواڕەزمیەکان کە دوژمنایەتیان لە گەڵ مەنگۆلدا هەبوو، وایکرد کە کوردستان ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانیان.

دەوڵەتی خواڕەزم یەکێک بوو لە دەسەڵاتداریەتیە موسڵمانانەی کە حوکمی بلاد ماورا‌و النهر و خوراسانی دەکرد، ڕووخانی ئەو دەوڵەتە بە دەستی مەنگۆلەکان ڕێگای داگیرکردنی کوردستان و بەغدای بۆ مەنگۆلەکان کردەوە.

3-گرنگی کوردستان وەکوو پێگه‌ی جوگرافی و دوواتر دەروازەیەک بۆ مەغۆلەکان کە لێیەوە بگەنە بەغداد و شام.

4-زۆری و بێشوماری سوپای مەنگۆلەكان و نەبوونی هیچ پرنسیپێك بۆ شەركردن و تەنها ئامانجیشیان دەستكەوتی زیاتر بوو بە بێ گوێدانە بەهاكانی مرۆڤ و لە و پێناوەشدا سڵیان لە هیچ شتێك نەكردوەتەوە.

دووای ئەمانە لەشکری هۆلاکۆ ڕووی کردە شارەکانی وڵاتی شام و هەرچی ڕووی شارستانی و ئاوەدانی هەبوو هەموویانی سڕییەوە، بەڵام فەرمانڕەوای میسر کە مەمالیک بوون توانیان لە جەنگی (عەین جالوت) نزیک –عەککا-  ساڵی 1260ز لەشکری هۆلاکۆ بشکێنن و ئیتر شاڵاوی مەنگۆلەکان لەو سنوورەدا بوەستێنن، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان لەم جەنگەدا کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و کوردانی شام ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە شان بە شانی مەمالیک لە شکاندنی مەغۆلەکاندا، بەڵام ئەم شكاندنە نەبووەتە هۆی پاشەكشەی مەنگۆلەكان و لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە، بەم جۆرە سەرتاسەری کوردستان و ناوچەکانی دەورووبەری بوونەتە بەشێک لە دەوڵەتی مەنگۆلی-ئیلخانی-.

دوای نیشتەجێبوونی هێزەكانی مەنگۆل لەناوچەكەدا چەندین ڕاپەڕین لەدەڤەرە جیاجیاکانی کوردستان سەریهەڵداوە، لەوانە کوردانی موسڵ ساڵی (1262ز) توانییان لەشکری مەنگۆل لە شارەکە دەرپەڕێنن و شارەکەیان پاکبکەنەوە، کاتێکیش مەنگۆل لەشکری زیاتریان بۆ گرتنەوەی شارەکە نارد کوردانی شارەکە ئازایەتی و جەربەزەیی خۆیان نواند، بەڵام دواجار كەوتەوە دەستی مەنگۆلەكان، هەروەها هەولیریش (ئەربیل) ئارامی بە خۆیەوە نەبینی بەهۆی ڕاپەڕینی بەردەوامی کوردران کە گرینگترینیان ڕاپەڕینی سەربازگەی هەولێر بوو کە ماوەی -13 - ساڵی خایاند.

بارودۆخی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیلخانی مەنگۆلی لە ژێر باری ئەم سیاسەتە تۆقێنەرە ناهەموارە مایەوە تاکوو مردنی ئیلخانی نۆیەم سۆڵتان( ئەبو سەعیدی بەهادر خان) ساڵی (1336ز) کە بە هۆی ئەوەی کەسی لە دووای خۆی بەجێ نەهێشتبوو جێگای بگرێتەوە لە فەرمانڕەوایدا، بۆیە سەرکردەیەکی تری مەنگۆلی کە ناوی (شێخ حەسەن) سەرۆکی هۆزی جەلائیری مەنگۆل بوو دەسەڵاتی گرتە دەست، دەوڵەتێکی نوێ لە شوێنی دەوڵەتی ئیلخانی دامەزراند بەناوی دەوڵەتی جەلائیری مەنگۆلی .

دەوڵەتی جەلائیری لە سەر دەستی شێخ حەسەن ساڵی (1336ز) دامەزرا، کە عێراق و زۆربەی هەرە زۆری خاکی کوردستانی دەگرتەوە و شاری بەغداش پایتەختی ئەم دەوڵەتە بوو، هەتاکوو ساڵی( 1411ز) حوکمڕانیەکەی لەم ناوچانەدا بەردەوام بوو.

چەند ساڵێک پێش ڕووخانی ئەم دەوڵەتە ناوچەکانی ئێران و عێراق و کوردستان و ئانادۆڵ و تووشی داگیرکردنی فەرماندەیەکی تری مەنگۆلەکان بووەتەوە بەناوی (تەیمووری لەنگ).

 تەیمووری لەنگ سەرکردەیەکی تری مەنگۆلەکان بوو لە (بلاد ماورا‌و النهر)ەوە هێرشێکی گەورەی کردە سەر ئێران و عێراق و بەشی زۆری کوردستانی داگیر کرد تا گەیشتە ناوەڕاستی ئەنادۆل، وەک ئەوانەی پێشی خۆی لە مەنگۆلەکان کوشتارێکی زۆر و کاولکاریەکی گەورەی لەم ناوچانە نایەوە کە پێیایاندا تێدەپەڕیی، لەوانەش شاری بەغدا.شایانی باسە دانیشتووانی “میرنشینی لوڕی بچووک” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیان زۆر دلێرانە بەڕووی پەلامار و هێرشەکەی تەیموری لەنگ بوەستنەوە و تووشی شکستی بکەن، بەڵام تەیمووری لەنگ دووای هێنانی هێزێکی زۆر و گەومارۆدانێکی توند، دەستی گرت بە سەر (خورم ئاباد)ی پایتەختی میرنشینەکەدا.

 

هەروەها شاری ماردین لە باکووری کوردستان زۆر قارەمانانە لەشکری( تەیمور لەنگ)یان چەند جارێک شکاند، بەڵام لە دواییدا دانیشتووانەکەشی بەرکوشتار کەوتن و تووشی کاولکردن بوون. زۆری پێناچێ تەیموری لەنگ دەمرێ و ئیتر جەلائیریەکان بەسەرکردایەتی ئەحمەدی جەلائیری دەست دەگرنەوە بەسەر بەغدا، بەڵام ئەمجارەیان حکومیان درێژە ناکێشێ، چونکە هێزەکانی (قەرەقۆینلۆ) بەرخی ڕەش بە سەر کردایەتی ( قەرە یوسفی) تورکمانی ساڵی(1411ز)  دەست بە سەر بەغداد دا دەگرن.

ساڵی (1411ز) هۆزەکانی قەرەقۆینلۆ ( بەرخی ڕەش)ی تورکمانی بە سەرکردایەتی “قەرە یوسف” توانیان کۆتایی بە فەرمانرەوای دەوڵەتی جەلائیری بهێنن و دەست بگرن بە سەر ناوچەکانی ژیر دەستیان، بەم جۆرە عێراق و بەشی زۆری کوردستان بوونە بەشێک لە دەوڵەتی قەرەقۆینلۆ.

ساڵی(1468ز) هۆزەکانی ئاق قۆینلۆ(بەرخی سپی)ی تورکمانی بە سەرکردایەتی(ئوزۆن حەسەن) توانیان پاش جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە کۆتایی بە فەڕمانڕەوایی دەوڵەتی قەرەقوینلو بهێنن و دەست بگرن بەسەر ناوچەکانی ژێر دەستیان، بەم جۆرە عێراق و بەشی زۆری کوردستان بوونە بەشێک لە دەوڵەتی ئاق قوینلۆ تاکوو ساڵی(1508ز) واتە سەرەتاکانی سەدەی(شانزدەهەم) دەسەڵاتیان درێژەی کیشا، تا ئەوکاتەی کە ئیسماعیلی سەفەوی شاری بەغدا داگیر دەکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئاق قوینلۆ دەهێنێت.

لەم ماوەیەشدا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم دوو دەوڵەتە بوونە گۆڕەپانی جەنگ و شەڕی نێوان فەرمانڕەواکان لە سەر دەسەڵات، بۆیە پشتگوێخستن و کاولکاری جارێکی تر باڵی کێشایەوە بە سەرر زۆربەی خاکی کوردستان و ناوچەکەدا، لە گەڵ ئەمانەشدا فەرمانڕەوایانی دەوڵەتی خۆسەپێن زۆر بە ئاستەنگ و دژواریی توانیان دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن بەسەر ناوچەکانی کوردستاندا، چوون هەمیشە جێگەی ناڕەزایەتی و نیگەرانی بووەو لە هەر كات و ساتێكدا یان پەلاماری داگیركەریان داوە یان یاخیبوون لەدەسەڵاتی خۆسەپێینان، بەڵام لەبەرئەوەی بەیەك دەست و یەك دەنگ كارەكانیان نەكردووە جگە لە هەڵچوونێكی كاتی هیچی ئەوتۆیان لێ سەوز-شین- نەبووە.