ڕاپۆرتی کوردستانی

03:48 - 30/07/2019

چۆنیەتی کوشتنی کورد و ئەرمەنەکان لە زاری ئەتاتورکەوە‌

پەیسەر

" زیاتر لە شەست کەسم لە سێدارەدا کە هەستابوون بە دژایەتیکردنی کۆمارەکەمان و ئەوانم بە دەستێکی پۆلایین سەرکووت کرد" ئەمە قسەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیایە کە ساڵی ١٩٢٦ بۆ ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی کردوویەتی و باس لە لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی دەکات.

 
ئیمایل هڵدربراند ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلس ئێکسامنەر لە ١ی ئابی ساڵی ١٩٢٦ چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ مستەفا کەمال ئەتاتورک کردووە. ئەتاتورک لە چاوپێکەوتنەکەدا بە ڕاشکاوانە باس لە سەرکوتکردنی شۆرشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥ و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکات و چاوپێکەوتنەکە لە ڵاپەڕەی یەکی ڕۆژنامەکە چاپکراوە.

دەرسێکم دادان تا جارێکی تر کەس نەوێرێ ئەو کارە بکات

ئەتاتورک لە چاوپێکەوتنەکەدا وشەی کوردستانیش بەکاردەهێنێ و باس لە شۆرشی شێخ سەعیدی پیران دەکات کە ساڵی ١٩٢٥ لە لایەن حکومەتی تورکیاوە سەرکوتکرا و دەڵێت،" لە کوردستان و ئەنادۆڵ ئەو کەسانەم بە دەستێکی پۆلایین سەرکووت کرد کە دژایەتی ئیرادەی کۆماری تورکیایان دەکرد. زیاتر لە ٦٠ سەکردەی ئەوانم لە سێدارەدا. دەرسێکم دادان تا جارێکی تر کەس نەوێرێ ئەو کارە بکات".


گرۆپی توندرەو و بەر‌هەڵستکار قبوڵناکرێت
مستەفا کەماڵ باس لە سەرکردە کوردەکان و ژمارەیەک سەرکردەی تورک دەکات کە لەدژی کۆماری تورکیا کارییان دەکرد بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات: " ئەو گروپانەی کە من بە شێوەیەکی بێبەزەییانە باسییان دەکەم، بەرلە دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەندێکیان ئەندامی تورکە گەنجەکان "پارتی گەنجی تورکیا" بوون. ئەوان ژمارەیەک سیاسی جیاواز و نەزان و تەریقەت پەرست و بێکەڵک بوون. ئەوان لە سەرەتای شەڕ و خەباتەکەمان لە گەڵمان بوون و لەناو ڕیزەکانی ئێمەدا بوون. لە سەرەتادا من گۆمانم لە پلان و دژایەتیکردنیان نەبوو، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت هەڵەم و  بە وردی چاودێریم کردن. 

 

بۆ ئەوەی ڕێگا لە خوێنڕژاندن بگیرێت، ئەرکی پیرۆزی مرۆڤەکان ئەوەیە بە شێوەیەکی توند ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بووەستینەوە

ئەتاتورک لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی حکومەتی عوسمانیشی کردووە و وتوویەتی: " لە سەرەتادا ڕێکخراوێکی ئۆپۆزسیۆنیان دامەزراند و کۆماری تورکیا و من بە هیچ شێوەیەک لە دژی ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی نین، لە بەر ئەوەی دەوڵەتێک بێ ئۆپۆزسیۆن دەوڵەت نییە، بەلام ئەگەر گروپێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە، کاری خراپ و نائەخلاقی بکەن، ئەرکی ئێمەیە کە ئەوان سەرکوت بکەین".


ئەتاتورک دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان دەنێت
هەرچەندە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە باکوری کوردستان بە فەرمانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم ئەنجامدران و سەرەڕای ئەوەی دان بە کۆمەڵکوژییەکەدا دەنێت، بەڵام عوسمانییەکانی تۆمەتبار نەکردووە و تاوانەکەی خستووەتە پاڵ ژمارەیەک کاربەدەستی پێشووی حکومەتی عوسمانی کە ناکۆکی لە گەڵ ئەوان هەبووە و ژمارەیەکیان لە لایەن ئەتاتورکەوە لەسێدارە دران.

ئەتاتورک دەڵێت، " ئەو تێکدەرانە پێشتر ئەندامی پارتی گەنجی تورکیا بوون و لە ژێر ناوی هەندێک گروپ و ڕێکخراودا پەلاماری کریستیانەکان "ئەرمەنەکان"یاندا و ئەوانیان کۆمەڵکوژ کرد و ماڵ و موڵکیانیان تاڵانکرد. ئەگەر بە چاونەترسی لە دژی کۆماری تورکیا شەڕی چەکدارییان بکردایا من ڕێزیانم دەگرت، بەڵام دەستیان بە کاری تیرۆریستی کرد و هەوڵیاندا لە حوزەیرانی سالی ١٩٢٦ بۆمبێک بخەنە ناو ئۆتۆموبیلەکەمەوە و "خالیدە ئەدیب ئادیڤار"ی ڕاوێژکاری منیان بەکارهێنا و ئەویش خیانەتی لێکردم، بەلام من لێبوردنم بۆ "خالیدە" دەرکرد، لە بەر ئەوەی زۆر خزمەتی کۆماری تورکیای کردبوو".

چاپێکەوتنەکەی ئەتاتورک دواتر لە ڕۆژنامەی Boston Sunday Advertiser on Sundays و New York American و  The San Antonio Light Newspaper بڵاوکرایەوە.