ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:11 - 01/08/2019

جێفری و چاوشئۆغڵۆ لەبارەی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوا چییان گوت؟‌

پەیسەر

ماڵپەری هابەرتورک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ٢٢ی تەمموزی نێوان جێمس جێفری نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کرد.

پرۆژەی ئەمریکا بۆ ناوچەی ئارام پێنج کیلۆمەترە
بە پێی زانیارییەکانی هابەرتورک لە کۆبوونەوەکەدا جێفری ڕایگەیاندووە، حکومەتی واشنتۆن ئاگاداری نیگەرانییەکانی تورکیایە لە "باکووری سوریا" و دەیانەوێت لە نێوان هەسەدە و سوپای تورکیادا ناوچەیەکی ئارام هەبێت بۆ ئەوەی بەرکەوتن لەنێوانیاندا ڕوونەدات. جێفرى ناوەڕۆکی پرۆژەکەی ئەمریکای بۆ چاوشئۆغلۆ ئاشکراکردووە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە ناوچە ئارامەکە بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر لەسەر سنوری هەردوولا دروست بکرێت، بەڵام چاوشئۆغلۆ ڕازینەبووە و رایگەیاندووە، تورکیا لەسەر سنوور دەستی بە ئامادەکاریی سەربازی کردووە و بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر هەڕەشەیەک لە ئامادەباشیدایە.

ڕۆژئاوای کوردستان پرۆژەکەی ئەمریکای بەدڵە
لە ڕاپۆرتەکەدا دەگوترێت، بەرلەوەی جێفری سەردانی ئەنقەرە بکات و لەبارەی دروستکرنی ناوچەی ئارام گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بکات، چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەنجامدراون، ئەمریکییەکان پرۆژەکەیان بۆ خستوونەتەڕوو و ئەوانیش پەسەندیانکردووە.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە بۆ ماڵپەری ئەلمۆنیتەری ئەمریکی باسی لەوەکردووە، لە رێگای جێمس جێفری نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، پیشنیازەکانیان گەیاندووەتە تورکیا و دەیانەوێت ناوچەی ئارام بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر لە نێوان هەردوولادا دروستبکرێت.

عەبدی ڕایگەیاندووە، پێویستە هێزێکی بێلایەن کۆنترۆڵی ناوچەی ئارام بکات و تورکیاش هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان رابگرێت. لەبەرامبەریشدا یەپەگە چەکە قورسەکانی لە سەر سنوور دەکێشێتەوە.

دەشڵیت، نابێت گروپ و چەکدارە عەرەبەکانى لایەنگری تورکیا، لە ناوچەی ئارامدا نیشتەجێبن، بەڵام ئەو ئاوارانەی بەهۆی شەڕەوە سوریایان جێهێشتووە دەتوانن بگەڕینەوە ئەو ناوچانە.

تورکیا سوورە لە سەر ئەوەى ناوچەی ئارام بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر بێت
لە کۆبوونەوەکەدا چاوشئۆغلۆ جارێکی تر ڕایگەیاندووە، پێویستە ناوچەی ئارام بە قوڵایى ٣٢ کیلۆمەتر دروست بکرێت و هێزەکانیان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ناوچەکەدا هەبێت. بەڵام جێفری وەڵامێکی ئەرێنی لەبارەی پرۆژەکەی تورکیاوە نەداوەتە چاوشئۆغلۆ.

پرۆژەکەی تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام نە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە نە کورد. چونکە ئەگەر ناوچەی ئارام بە قوڵایى ٣٢ کیلۆمەتر دروست بکرێت، هیچ شتێک بە ناوی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان نامێنێت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش دەکەونە مەترسییەوە. لەبەرئەوەی تەنها ناوچەیەک لە سوریا کە ئەمریکا بەدەستیەوە مابێت ڕۆژئاوای کوردستانە و دەبێت ئەو ناوچەیە بپارێزێت.

ڕاپۆرتەکە باس لە پەیوەندی و سەردانە دیپلۆماسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، شاندێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی سوریای کردووە و لە بارەی دروستکردنی ناوچەی ئارامەوە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی مۆسکۆدا کردووە. باس لەوەش کراوە کە پێویستە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هێزی سەرەکی ناوچەی ئارامی "باکووری سوریا" بێت.

جێفری: هەسەدە هەڵناوەشێنرێتەوە
لە کۆبۆونەوەکەدا، بابەتێکی تر کە تورکیای نیگەران کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یە. جێفری پشتگیری تەواوی ئەمریکای بۆ هەسەدە نیشانداوە و رایگەیاندووە، کارکردنیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبێت.

 

قسەکانی جێفری لە کۆبوونەوەکەدا بوونەتە هۆی نیگەرانی چاوشئۆغلۆ و بە شێوەیەکی توند وەڵامی جێفری داوەتەوە

لەبارەی کێشەی منبجیش، چاوشئۆغلۆ داوایکردووە هەرچى زووە هەسەدە لەو شارۆچکەیە بچێتە دەرەوە و چارەسەرێکی خێراى بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام جێفری ڕایگەیاندووە، پێویستە بەر لە منبج، پرسی دروستکردنی ناوچەی ئارام یەکلاییبکرێتەوە، چاوشئۆغلۆش نیگەرانی ئەنقەرەی نیشانداوە و گوتویەتی، ئەنقەرە لەو بڕوایەدایە، دواخستنی پرسی منبج کات کوشتنە و لەو پرسەدا دەستی دەستی بە تورکیا دەکرێت. لە کۆتاییدا چاوشئۆغلۆ ڕایگەیاندووە، دەبێت پرسی یەپەگە، کە باڵێکی پەکەکەیە چارەسەر بکرێت، لەبەرئەوەی چیتر تورکیا توانای دانبەخۆداگرتنی نەماوە.

دوای ئەوەی جارێکی تر بەرپرسانی حکومەتی تورکیا هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازییان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایانگەیاند، لە ئەگەری دروستنەکردنی ناوچەی ئارام لە "باکووری سوریا" دەست بە هێرشی سەربازی دەکەن. شاندێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جێمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە ٢٢ و ٢٤ی ئەم مانگە سەردانی ئەنقەرەی کرد و بەجیا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا و خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کۆبووەوە.

میدیاکانی تورکیا و ناوچەکە ڕایانگەیاند، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا و بەیاننامەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تورکیا و ڕاگەیاندنەکەی هەسەدە بێت، تورکیا و ئەمریکا لەبارەی دورستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و دەردەکەوێت پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە و هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هێزە کوردییەکان ڕەتدەکاتەوە.