ڕاپۆرتی کوردستانی

03:18 - 01/08/2019

لە چل ساڵدا ٦١٠٠٠ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون‌

پەیسەر

گۆڤاری په‌یسه‌ر- رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
له‌سێداره‌دان.. سه‌پاندنی سزای مه‌رگه‌ به‌سه‌ر كه‌سێكدا كه‌ تاوانێكی گه‌وره‌ی كردبێت "تاوانه‌كه‌ له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێت"، بەگوێره‌ی پەیمانی نێوده‌وڵه‌تی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، كه‌  نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ ١٦ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٦٦په‌سه‌ندی كرد، دەبێت ته‌نها بۆ تاوانه‌ گه‌وره‌كان په‌نا بۆ ئه‌و سزایه‌ ببرێت، ئێران بەپێی ژمارەی دانیشتوان پلەی یەکەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهاندا لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.


له‌سێداره‌دان له‌ ئێران
بە گوێره‌ی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی چاودێریكردنی مافه‌كانی مرۆڤ، ساڵانە سەدان كه‌س له‌ ئێران له‌سێداره‌ ده‌درێن و لە مێژووی ٤٠ ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، تەنانەت بۆ ڕۆژێكیش سزاكه‌ ڕانه‌گیراوه‌.

له‌سێداره‌دانی بەربڵاوی کاربەدەستانی شای ئێران و ئەفسەرانی سوپا، فڕۆکەوانەکان و نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی خومه‌ینی، ئەندامانی حزبی توودە و فیداییه‌كانی گەل و گروپی فیرقان تا پێش ١٩٨٤، دواتریش له‌سێداره‌دانی لایەنگرانی موجاهیدینی خەلق هەر لەو ساڵەدا و له‌سێداره‌دانه‌ بەکۆمەڵەکانی ساڵی ١٩٨٨ و له‌سێداره‌دانی کوردەکان، کە لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشەوە دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، دواتر تیرۆركردنی پلانبۆداڕێژراوی زیاتر لە ١٠٠ نووسەر و وەرگێڕ، نمونه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و سزایه‌ن.

دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، بە فەرمانی خومەینی دادگاکانی شۆڕش دامه‌زرێندران، سادق خاڵخاڵی، كه‌ كه‌سێكی دیاربوو، چەند ڕۆژێك دوای سەرکەوتنی شۆڕش وەک یەکەم دادوه‌ری شەرعی دەستبەکاربوو، لە دادگاییەکی چەند خولەکیدا سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر زیاتر لە ٥٠٠ کەسدا سه‌پاند و سزاكه‌شی جێبه‌جێ كرد.

ئایەتوڵڵا قودوسی، دادوه‌ری شەرعی ساڵانی ١٩٨٠، فەرمانی بە دادوەرانی دادگای شۆڕش کردبوو حوكمی موحاره‌به ‌"دوژمنایه‌تیکردنی خودا"، به‌سه‌ر ئەندامان و لایەنگرانی ئه‌و پارت و ڕێکخراوە سیاسیانه‌دا بسه‌پێنن كه‌ چەك ڕادەست ناکەن.

بەگوێره‌ی ڕاپۆرتی ناوەندی برومەند، لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨١، تا ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٤، لانیکەم (٣٨٩٥) کەس لە سێدارەدروان، به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتێکی دیکە کە لەلایەن ئێحسان فەتاحی نووسه‌ر و چالاكوانی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانەوە ئامادەکراوە، لە (١٩٨٠ تا ١٩٨٥)، نزیکەی (١٤٨٠٠) کەس لە سێدارەدراون. هەر بە وتەی ناوبراو لە چل ساڵی رابردوودا نزیکەی (٦١٠٠٠) كه‌س له‌ سێداره‌دراون.

به‌گوێره‌ی ئامارە فەرمییەکانی حكومه‌تی ئێران، كه‌ به‌لای ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی ئێرانه‌وه‌ زۆر جێی متمانە نین، لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ سێ هه‌زار و ٣٥٠  کەس ڕووبەڕووی سزای له‌ سێدارەدان بوونەتەوە، بە گشتی ئەگەر کۆی لەسێدرەدراوان بە سەر تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دابەش بکەین، ڕۆژانە نزیکەی (٤ بۆ ٥) کەس لە سێدارەدراون.

سادق خەڵخاڵی کوردەکانی تەنیا چەند کاتژمێر دوای دەستگیرکردنیان لەسێدارە دەدا

له‌سێداره‌دان  له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان
دوای ئه‌وه‌ی خومه‌ینی  لە ١٧ی ئابی ١٩٧٩ فه‌توای جیهادی دژی كورد دەرکرد، سادق خەڵخاڵی بە قەسابی کوردستان ناوی دەرکردووە بە فەرمانی خومەینی وەک حاکمی شەرع هاتە کوردستان. 

 ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی‌ بە ناوی "ماکێز کرۆڤایتەز"، کە له‌و سه‌رده‌مه‌دا لە ناوچەکه‌ بووە، دەگێڕێتەوە: "سوپا، ده‌ستی به‌سه‌ر شارەکانی کوردستاندا گرت، خەڵخاڵی بە دوای ئەواندا دەهات و دادگاییەکی چەند خولەکیی سازدەکرد و سزای له‌سێدارەدان و گولـلەبارانكردنی دەردەکرد و فەرمانی دەدا بەپەلە سزاکان جێبەجێ بکرێن، دەستگیرکراوە کوردەکان تەنها چەند کاتژمێرێک  دوای دەستگیرکردنیان بە فەرمانی خەڵخاڵی لەسێدارەدەدران."

لە یەکەم هەنگاودا لە پاوە و کرماشان، سزای له‌ سێدارەدان و گولـلەبارانكردنی بە سەر ١١ کەسدا سەپاند. دواتر لە مەریوان ٩ کەسی لە سێدارەدا، کە دوانیان برا بوون. ڕۆژی دواتر لە سنە ١١ کەسی گولـلەباران كرد، ڕۆژی دوای ئەوەش لە سەقز سزای له‌سێدارەدانی به‌سه‌ر ٢٠ کەسدا سه‌پاند.

بە پێی ئەو ئامارانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە لە ساڵەکانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ بە لایەنی کەمەوە ٧٥٠ کورد بە تاوانی سیاسی لەسێدارەدراون، کە لەو ژمارەیە بە لایەنی کەمەوە ٢٧٤ کەسیان ئەندامی حیزبی دیموکرات و ٢٢٠ کەسیشیان ئەندامی کۆمەڵە بوون، بەرزترین رێژەی لەسێدارەدان لە ساڵەکانی ١٩٨٨ و ١٩٨٩دا بوو کە لەو دوو ساڵەدا ١٤٠ ئەندامی حیزبی دیموکرات و  ١٢٣ ئەندامی کۆمەڵە لەسێدارەدراون.

هەرچەندە بۆ ساڵانی دواتر ئامارێکی ورد و باوەڕپێکراوی لە سێدارەدراوانی چالاکانی سیاسیی کورد لە بەردەستدا نییە، بەڵام مەزندە دەکرێت زیاتر لە ١٥%ی لەسێدارەدراوانی ئەو ساڵانە کورد بووبن، تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا، کە (٢٧٣) کەس لە ئێران لە سێدارەدراون، زیاتر لە ٢٦%یان كورد بوون، كه‌ دەکاتە ٧٠ کەس.

 

لە ساڵەکانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ بە لایەنی کەمەوە ٧٥٠ کورد بە تاوانی سیاسی لەسێدارەدراون، کە لەو ژمارەیە بە لایەنی کەمەوە ٢٧٤ کەسیان ئەندامی حیزبی دیموکرات و ٢٢٠ کەسیشیان ئەندامی کۆمەڵە بوون

زۆرترین له‌سێداره‌دان له‌ چ ساڵێكدا بووه‌؟
 بە پێی ئەو ئامارانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە، ساڵانی سەرەتای هەشتاکان زۆرترین كه‌س لەسێدارە دراون، ساڵی ١٩٨٨دا نزیکەی (٤٨٨٢) کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی یان لایەنگریی حیزبێکی سیاسی لەسێدارەدران یان گولـلەباران کراون و لە گۆڕی بە کۆمەڵدا لە ناوچەیەکی نزیکی تاران بە ناوی "خاوەران" كراون به‌ژێر خاكه‌وه‌، زیندانییە سیاسییە کوردە له‌سێدارەدراوەکانیش لە چەند گۆڕستاندا کە ده‌سه‌ڵاتداران " لەعنەتئاوا"یان ناوناوه،‌ لە شارەکانی (بیجار و قوروە و کرماشان) له‌ گۆڕی بێ ناونیشاندا به‌خاك سپێردراون.

لە سەردەمی چ سەرۆک کۆمارێكدا له‌سێداره‌دان زیاتر بووه‌؟
بە پێی هەندێک سەرچاوەی بڕوا پێکراو، لە ماوەی هەشت ساڵی سەرۆکایه‌تی "مەحمود ئەحمەدی نەژاد" (٢٠٠٥ – ٢٠١٢)، زیاتر لە (٣٣٢٧) كه‌س لەسێدارەدروان، به‌ڵام له‌ ماوەی شەش ساڵ سەرۆكایه‌تی (حەسەن ڕوحانی)دا (٢٠١٣ – ٢٠١٨)، نزیکەی (٤٠٠٠) کەس لەسێدارەدراون. واته‌، لە ماوەی سەرۆکایه‌تی ئەحمەدی نەژاد تێكڕا له‌ مانگێكدا (٣٥) کەس و لە سەردەمی سەرۆکایه‌تی ڕوحانیدا (٥٣) کەس لەسێدارەدراون.

له‌سێداره‌دان بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست و مادەی هۆشبەر
جگه‌ له‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ پێشتر باسكران، بازرگانیكردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، کوشتنی بە ئەنقەست، بەشێکی دیكه‌ بوون له‌و تۆمه‌تانه‌ی سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركراوه‌. 

بە پێی هەندێک ئامار، نزیکەی (٧٠%-٨٠%)ی سزاکانی له‌سێدارەدان لە سێ ساڵی ڕابردوودا، به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا سه‌پێنراون كه‌ كه‌یسه‌كانیان ماده‌ی هۆشبه‌ر بووه‌.

بەگوێره‌ی ئه‌وه‌ی زیاتر لە (٧٠%)ی لەسێدارەدراوه‌كان ناوەکانیان ئاشكرا ناكرێت، پێدەچێت ئەو هه‌واڵانه‌ ڕاستبن كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن هەندێک لەو سزادراوانە به‌ندكراوی سیاسیین و بۆ په‌رده‌پۆشكردنی حكومه‌ت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ بازرگانیكردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیری كردوون. هۆکاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌، لەسێدارەدان بە تاوانی سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌نگدانه‌وه‌ی زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه‌ تاوه‌كو تاوانی بازرگانیكردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

ئەو کچانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەر لە جێبەجێکردنی سزاکە لەژێر ناوی سیغەی شەرعیدا دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەریان

له‌سێداره‌دانی ژنان و منداڵان:
لە لیستە دەیان هەزار کەسییەکەی لەسێدارەدراوانی ئێراندا چەندین ژن و منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بەرچاو دەکەون، لەناویاندا کچانی تەمەن ١٠ ساڵان هه‌ن تا دەگاتە پیرێژنی تەمەن ٧٠ ساڵ.

بە پێی ئامارەکان، له‌  چل ساڵی رابردوودا زیاتر لە (٤٠٠٠) ژن و منداڵی لەسێدارە داوە.

ئایەتوڵا مونتەزیری، جێگری خومەینی، لەو سەردەمەدا بۆ دەنگهەڵبڕین بەرامبەر لە سێدارەدانی کچانی تەمەن ١٣ و ١٤ ساڵ، لە نامەیەکدا بۆ خومەینی دەنووسێت: "... لەسێدارەدانی کچانی ١٣ و ١٤ ساڵ، تەنها بەهۆی ئەوەی زمانیان تیژە، بەبێ ئەوەی چەکیان بەدەستەوە گرتبێت، یان لە ڕێپێوانێکدا بەشداربووبن، بەڕاستی مەترسیدار و کارەساتە..."

ئەو ژنانەی بە تاوانی دژایه‌تی خودا لەسێدارەدروان، جگە لە سزای مەرگ، زۆربەی کات ڕووبەڕووی سزای دووهێندە بوونەتەوە. بەگوێره‌ی دەرئەنجامی هەندێک لێکۆڵینەوەی "ڕێکخراوی دادپه‌روه‌ریی بۆ ئێران"، بەڵگە و شایەتحاڵەکان دەیسەلمێنن لەژێر ناوی "سیغەی شەرعی" ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌ سه‌ر ئەو کچانەی سزای له‌سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و چەندین ژنیش له‌ کاتی لە سێدارەداندا دوو گیان بوون. 

جگە لەمانە، ئاماره‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن (٩٨) منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کە سزای له‌سێدارەدانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، لە زیندانەکاندا چاوەڕوانی جێبه‌جێكردنی سزاکەیان دەکەن.