ڕاپۆرتی کوردستانی

02:11 - 05/08/2019

دەرهێنەری فیلمەکە: ژنانی کورد، پاڵەوانی شەڕی داعشن‌

پەیسەر

فیلمی خوشکانی چەک، کە باس لە شەڕی ژنە شەڕڤانە کوردەکان دەکات بەرامبەر داعش، بووە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایی تورکیا. دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت، فیلمەکەی باس لە گروپێک یان وڵاتێک ناکات، بەڵکو باس لە خەباتی ژنی کورد دەکات.

فیلمی خوشکانی چەک لەلایەن "کارۆلین فۆرێست" ژنە ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەری فەڕەنسیەوە بەرهەمهێنراوە و ناوەڕۆکەکەی باس لەوە دەکات، "لە شەڕی دژی داعشدا جیهان قەرزاری گەلی کوردە". بەڵام نووسەر و ژمارەیەک کەسایەتی تورکیا ناڕەزایی توندیان بەرامبەر فیلمەکە نیشاندا و هەندێکیان وەک بانگەشە بۆ "تیرۆر" لە قەڵەمیاندا.

لەبارەی بیرۆکە و ناوەڕۆک و ئامانجی فیلمەکەوە "کارۆلین فۆرێست" لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی دەڵێت، "بەر لە هەموو شتێک ئەم فیلمە خەیاڵی نییە، پەیوەندی بەو ژنانەوەیە کە سەرچاوەی بەرخۆدانن".

"خوشکانی چەک" چیرۆکی کچێکی ئێزدی بە ناوی "زارا" دەگێرێتەوە کە لە لایەن داعشەوە بەکۆیلە کرابوو. دەتوانێت خۆی لە دەستی داعش ڕزگار بکات. لە چوارچێوەی هێزێکی نێودەوڵەتیدا بەشداری لە شەڕدا دەکات. فیلمەکە باس لەو شەڕە دەکات. باس لە هیچ گروپ و شوێنێک ناکات. ئامانجی "خوشکانی چەک" نیشاندانی وەحشیگەری داعش و بەرخۆدانی ژنانە. من ٢٠ ساڵە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەم. تێگەیشتم هزری پیاوە داعشییەکان لەلایەن ژنانەوە لەناوبران. ئەوان لە ژنە شەڕڤانە کوردەکان دەترسان و سڵیان لێدەکردنەوە. لەبەرئەوەی باوەڕیان وابوو ئەگەر لەلایەن ژنێکەوە بکوژرێن ناچنە بەهەشتەوە. منیش بیرم کردەوە، تەنها فیلمێکی سینەمایی دەتوانێت، هێزی شۆڕشەکە نیشان بدات.

لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا "کارۆلین فۆرێست" ئاماژە بەو ڕەخنانە دەکات کە هەندێک نووسەر و کەسایەتی تورکیا لە فیلمەکەیان گرتووە و دەڵێت، بە پێچەوانەی ئەو نووسینانەی کە لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەکرێنەوە، فیلمەکە باس لە "پەکەکە" ناکات. ٨٠٠ هەزار کەس ئەو بەشە کورتەیان بینی بوو کە بڵاوکرابووەوە. ئەمەش نیگەرانی کردبوون. فیلمەکە دەبێتە مایەی شەرم بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لەبەرئەوەی باس لە ژنە شەڕڤانەکان دەکات کە چۆن ئەندامانی داعشیان ترساندووە. بەڵام لە نیگەرانیەکانی ئەردۆغان تێدەگەم. ئەم فیلمە یارمەتی ئەوە دەدات کە جیهان بزانێت، قەرزاری کوردن. ئەم فیلمەش لە کاتێکدا پەخش دەکرێت کە دەیانەوێت، کۆمەڵکوژی کوردەکان و ئەو خەباتەی کە بۆ ئێمەیان کردووە لەبیربکرێت.

دەرهێنەری فیلمەکە ئەوەش ئاشکراکردووە، بە گشتی دیمەنی فیلمەکە لە وڵاتی مەغریب تۆمارکراوە. بەڵام بەنیازە لە کوردستانیش هەندێک دیمەن تۆمار بکات و دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هاوکارییە و مەرجیان نییە. داوای بینینی سیناریۆی فیلمەکەیان نەکرد. گرنگی ئەم کارە ئەوەیە، چیرۆکەکە وەک خۆی بگێڕینەوە. لەبەرئەوەی دەمانەوێت وەک کوردەکانی سوریا، ڕۆڵی کوردەکانی عێراقیش لەبیرنەکەین. لەم فیلمەدا ناوی هیچ گروپێک نەهێنراوە. هەرچەندە کوردەکان لەیەک دابڕاون و جیاوازییان هەیە، بەڵام من دەمەوێت بە گشتی باسی ڕۆڵی کورد لە شەڕی دژی داعش دا بکەم.

لە لایەکی ترەوە، لە ڕووی مادیەوە، کێشەمان بۆ دروست بوو. لە سەرەتادا کەناڵی "فەڕەنسا ٢" یارمەتی داین، بەڵام هیچ دەوڵەتێک پشتگیری و یارمەتی ئێمەی نەدا. لەبەرئەوەی لە سەرەتادا فیلمەکە وەک ریسکێک و کارێکی مەترسیدار لەقەڵەمدرا. بەڵام من کۆڵم نەدا. من هەوڵمدا ڕۆڵ و بوێری هەموو ئەو کەسانە لە فیلمەکەدا جێ بکەمەوە کە لە دژی داعش شەڕیان کرد. هەم لە ڕووی ئابوری و هەم لە ڕووی مەترسییەوە، ریسکمان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا کارەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا.

ئیسلام، داعش نییە

لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە لە میدیا تورکییەکاندا بڵاوکرانەوە و فیلمەکە وەک دژایەتیکردنی "ئیسلام" لەقەڵەمدرا. دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت :"شەڕی دژی داعش، شەڕی دژی ئیسلام نییە. ئیسلام، داعش نییە. ئەو تۆمەتانە، بانگەشەیەکی کلاسیکی کەسە دیندارەکانە. هەرکاتێک دەمانەوێت خۆمان لە دەمارگیری بپارێزین، بە دژایەتیکردنی ئیسلام تۆمەتبار دەکرێین.

ئەوانەی فەڕەنسی ئەزانن، ئاگاداری ژیان و ڕابردووی منن. من دژی نەژادپەرستیم. لە فەڕەنساش هەموو کاتێک دژی پارتە راستڕەوەکان بووم. جارێکیان لە چاوپێکەوتنێکدا لێدوانێکی نەژادپەرستانەی مارین لی پین سەرۆکی پێشووی پارتی ڕاسترەوم بەرامبەر ئیسلام بە توندی ئیدانە کرد. بەڵام من کەسێکی فێمێنیست و عەلمانیم. لە تورکیا چ دەگوترێت، کێشە نییە. فیلمەکە خۆی قسە دەکات. پێویستە ئیسلام و ئیسلامگەرایی بە باشی لەیەکتر جیابکرێنەوە.

ئایا فیلمی "خوشکانی چەک" لە تورکیا نمایش دەکرێت؟

لەو باوەڕەدانیم. کاتێک ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەبینم کە لەبارەی پرسی کوردەوە کار دەکەن و تووشی سانسۆر دەبنەوە، نازانم کێ دەتوانێت ئەو ریسکە بکات. کوردەکانی تورکیا پێویستە لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا، لە فێستیڤاڵەکانی سلێمانی و کۆبانی و ئەوروپا تەماشای فیلمەکە بکەن.

فیلمەکە لە ئیتاڵیا و فەڕەنسا و هەوڵێک هەیە لە ئەڵمانیاش نمایش بکرێت. هیوادارم یەک – دوو کەسی بوێر ئەرکی نمایشکردنی فیلمەکە بگرنە ئەستۆ، کە باس لە ئێش و ئازاری کوردانی ئێزدی و ملیۆنان کورد دەکات، وەڵاتانیش هەمان ئامادەیی نیشان بدەن. بە پێچەوانەوە، خەڵکی ئەوروپاش بۆ بینینی فیلمەکە، پێویستە سەردانی فەڕەنسا یاخود میسر بکەن.

سەرەتا لە فێستیڤاڵی "ئەلجونە" لە میسر نمایشدەکرێت. گرنگ ئەوەیە فیلمەکە لە وڵاتە عەرەبیەکان نمایش بکرێت، نەك وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و ئەمریکا. لەبەرئەوەی ئەو دوو وڵاتە بە چاوی بازرگانیەوە تەماشای بەرهەمەکان دەکەن. بەڵام هەوڵدەدەین لە سەرجەم وڵاتان نمایش بکرێت. بۆ ئەوەی عەرەب، ئەوروپی و ئەمریکیەکان بوێری ژنی کورد ببینن.