ڕاپۆرتی کوردستانی

11:36 - 06/08/2019

پەیسەر بەدواداچوون بۆ هێنانی گەنمی قاچاغ و تێكەڵكردنی بەگەنمی جوتیارانی هەرێم دەكات‌

پشدەر بابەكر

هه‌ندێك له‌ جوتیارانی هه‌رێم تائێستا ره‌نجی ساڵانی 2014 و ساڵانی دوایی وه‌رنه‌گرتووه‌، یه‌كێك له‌ بیانووه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ئه‌وه‌بوو، كه‌ گه‌نمی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم تێكه‌ڵی به‌رهه‌می جوتیاران كراوه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ قاغهێنانی گه‌نمی ده‌ره‌وه‌ و فرۆشتنی به‌ نرخی گه‌نمی هه‌رێم له‌م كابینه‌یه‌ش كۆتایی نه‌هاتوه‌و سه‌رئێشه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ به‌رپرسانی عێراق و جوتیارانی هه‌رێم دروستكردووه‌، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێ،  وەزیری بازرگانی عێراق پێی راگەیاندووە كە لەبەرێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی راپۆرتیان بۆهاتووە كە گەنم لە وڵاتانی دراوسێ بە 150 دۆلار هێندراوە و دەیانەوێت بە 500 دۆلار بەحكومەتی عێراقی بفرۆشن.

حكومه‌تی عێراق، گومانی هه‌یه‌ له‌و گه‌نمه‌ی له‌ سایلۆكاندا وه‌رده‌گیرێن، ئه‌وان پێیان وایه‌، كه‌ به‌قاغهێنانی گه‌نمی ده‌ره‌وه‌ كه‌ قازانجێكی زۆری لێده‌كرێت به‌رده‌وامی هه‌یه‌. جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ په‌یسه‌ر گوتی: بەدواداچوونی بۆ ئەوپرسە كردووە و چەند جوتیارێك پێیان گوتووە كە چەند ئۆتۆمبێلێك گەنمیان پێیە، بەڵام گەنمی ئەم ناوچەیە نیە، و بەشێكی لەباشوری عێراقەوە و بەشەكەی تریش لەوڵاتانی دراوسێ هاتووە و گەنمەكە بەتەواوەتی لەگەنمی هەرێم جیاوازە.

كاوه‌ محه‌مه‌دی په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێشتر ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردبوو، كه‌ حكومه‌تی عێراق، زانیاری له‌سه‌ر هێنانی گه‌نمی قاغیان له‌به‌رده‌سته‌ و ئه‌وه‌ی نوسیبوو كه‌ وەزیری بازرگانی عێراق پێی راگەیاندووە، كە لەبەرێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی راپۆرتیان بۆهاتووە، كە گەنم لە وڵاتانی دراوسێ بە 150 دۆلار هێندراوە و دەیانەوێت بە 500 دۆلار بەحكومەتی عێراقی بفرۆشن. جه‌مال كۆچه‌ری په‌رله‌مانتاریش بۆ په‌یسه‌ر ده‌ڵێ: لەسەر داوای ژمارەیەك جوتیار پەیوەندی بە محەمەد هاشم عانی وەزیری بازرگانی عێراقەوە كردووە و بەڵێنی پێداوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سەرەی سایلۆكان وەستاون و گەنمییان پێیە وەربگیردرێن، بەڵام وەزیر رایگەیاندووە گەنم لەدەرەوە هه‌رێم دەهێندرێت، بۆیە لەسەر میكانزمێك رێككەوتن ئەویش ئەوەیە ئەو گەنمەی لە ئۆتۆمبێلدایە و سەرەی گرتووە و وەربگیردرێت و ئەوەی تریش لیژنەی لەگەڵ دەنێرن بۆسەر زەویە كشتوكاڵیەكە بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە كە ئایە گەنمی هەرێمە یان لەدەرەوە هێندراوە.

له‌باره‌ی كاری لیژنه‌كه‌وه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێ: ئەو لیژنەیەی لەسایلۆن گەنمی هەرێم لەگەنمی دەرەوە جیادەكەنەوە، دەشزانن كام گەنمە هی ئەم ساڵە به‌رهه‌كانی دیكه‌ هی ساڵانی رابردووه‌.

لای خۆشیەوە ئەحمەدحاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپەیسەری راگەیاند: بەرێوەبەری گشتی گەنم لەوەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵی پێی راگەیاندووە، كە گومان دەكرێت گەنمی جوتیارانی هەرێم بە گەنمی بیانی تێكەڵ كرابێت.

سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكاری وه‌رنه‌گرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران له‌ كابینه‌ی رابردوو، عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری پێشووی كشتوكاڵی هه‌رێم بۆ په‌یسه‌ر دوا و ده‌ڵێ: لەپرسی هێنانی گەنمی قاچاغ بۆ هەرێم كردووە و دەركەوتووە ئەوە دووبەشە لەلایەك بەغداد بەدوای بیانودا دەگەڕێت، و جاری واهەیە بەبێ بوونی بەڵگەی یاسای ئەوان دەڵێن گەنمی دەرەكی هێندراوە و بەڵام لەیەكی تریشەوە گەنمیش هێندراوە بۆنمونە ساڵی 2015 ئێمە دەستمان بەسەر چەند ترێلەیەك گەنمی دەرەكیداگرت، و لەدەرەوە هێندرابوو و خاوەنەكەشی زۆرتكای كرد، بەڵام من سوربووم لەسەر ئەوەی دەبێت رێكاری یاسای بەرامبەر بگیردرێتە بەر.

عەبدولستار مجید ئاماژەی بەوەشكرد، رێگری لەقاچاخچیەتی گەنم پێویستی بەپرۆژەیاسای پەرلەمان نیە، چونكە بەپێی یاسا قاچاغە و دەبێت دەستی بەسەردابگیردرێت.

عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و پیاوه‌ به‌ سیاسه‌تێكی ژیر و نه‌رم ناسراوه‌، بۆچوونی وه‌ك عه‌بادی نییه‌ له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ نه‌رمی كێشه‌ی جوتیاران چاره‌سه‌ر بكات، جه‌مال كۆچه‌ر له‌باره‌ی بیروبۆچوونی سه‌رۆك وه‌یزیرانی عێراقه‌وه‌ ده‌ڵێ: كاتێك سەردانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقمان كردووە  پێمان گوت دەبێت هەندێك پێوەرهەبێت بۆ ئەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەگەنمی دەرەوە جیابكەنەوە. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: سەرۆك وەزیرانیش پێی رایگەیاندین ئەوان بەتەواوەتی دەزانن گەنمی ئەم ساڵ و ساڵانی پێشوو و جۆرەكەی و شوێنی بەرهەمهێنانی جیابكەنەوە، بەڵام ناتوانین شەڕ لەگەڵ جوتیار بكەین و بڵێین  ئەمە هی كوێیە و لەكوێوە هاتووە هەندێك جار تیمی سالیۆكان داوا لەجوتیارەكە دەكەن گەنمەكە بەرێتەدەرەوە. كۆچه‌ر هه‌روه‌ها گوتی: عادل عەبدولمەهدی پێی گوتم تۆش دەزانی چ دەستێك لەپشتی هێنانی ئەو گەنمەوەیە، به‌ڵام ئێمه‌ نامانه‌وێت كێشه‌ بۆ جوتیاران دروست بكه‌ین.

زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م له‌ هێنانی گه‌نمی قاچاغ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌شێك له‌ جوتیاران كه‌ پاره‌ی گه‌نمی ساڵانی رابردوویان وه‌رنه‌گرتووه‌، هیچ خه‌مخۆرێكیان نیه‌ و حكومه‌تی هه‌رێم جدی نییه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی به‌ قاچاغهێنانی گه‌نم، وه‌ك ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید بۆ په‌یسه‌ر ده‌ڵێ: دەبێت پرسی گەنمی جوتیارانی هەرێم بكرێتە بەشێك لەدانوستانی كورد و حكومەتی فیدراڵی، بەڵام تائێستا لەلایەن شاندەكانی هەرێمەوە گرنگی بەوپرسە نادرێت، چونكە مافی هەژارانە، خۆئەگەر مافی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی خۆیان بوایە ئەوە زوو كاریان لەسەر دەكرد، تائێستاش هیچ وەفدێكی هەرێم باسی ئەو پرسەی لەگەڵ بەغداد نەكردووە. جه‌مال كۆچه‌ر هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ قسه‌كانی ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید و ئه‌ویش ده‌ڵێ: جوتیارانی هەرێم بوونە قوربانی ژمارەیەك بازرگانی سیاسی.

سه‌باره‌ت به‌ بێباكی هه‌رێم له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی جوتیاران هه‌رێم و پرسی گه‌نمی جوتیاران، عه‌بدوستار مه‌جید وه‌زیری پێشووی كشتوكاڵی هه‌رێم به‌ په‌یسه‌ری راگه‌یاند: یەكێتی و پارتی گەندەڵی نەكەن خەڵكی تر نایكات، بەجۆرێك حزب و مافیاكانی حزب بازرگانی بەئارەزووی خۆیان بازرگانی بەم وڵاتەوە دەكەن كەچی دوای فەرمانبەرێك محاسەبە دەكەن و كابرایەكی فەقیر و هەژار لێی توند دەكەن، بنەبڕكردنی ئەمە پێویستی بەچاودێری توند هەیە و پێویستە هەر بازرگانێكیش ئەمەی لەسەر سەلمێندرا كە گەنمی وڵاتانی هێناوە پێویستە سزای یاسای بدرێت.

هه‌روه‌ها گوتی: گەورەترین تاوانە گەنمی جوتیارانی هەرێم لەگەڵ گەنمی بیانی تێكەڵ بكرێت، و هیچ تاوانێك لەوە گەورەترنیە كە بازرگانێكی چاوچنۆك یان كۆمپانیایەكی حزب بەرهەمێكی بیانی بهێنێت، تەنانەت ئەگەر بەرهەمەكە باشیش بێت، بەڵام بەرهەمی ناوخۆی پێ بشكێنێت و هیچ وڵاتێكیش ئەمەقبوڵ ناكات.

بەپێی پلانی حكومەتی عێراق بەغداد بۆ ئەم ساڵ 340 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت بەجۆرێك بۆ گەنمی دەرەجە یەك هەر تۆنێك بە 560 هەزار دینار و گەنمی دەرەجە دوو بە 480 هەزار دینار و گەنمی دەرجە سێ بە 460 هەزار دینار وەردەگرێت.

حكومەتی عێراق تائێستا شایستە دارایەكانی جوتیارانی بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 خەرج نەكردووە و گەنمەكەشی وەرگرتووە، بەهۆیەوە بەشێك لەجوتیاران ترسیان هەیە لەوەی بەرهەمەكانیان رادەستی سالیۆكان بكەن و هەندێكیان لەبازاری رەش بەنرخێكی كەمتر بەرهەمەكانیان دەفرۆشن.

له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری پرسی به‌ قاچاغهێنانی گه‌نمی جوتیاران، بیروبۆچوونی وه‌زیری پێشووی كشتوكاڵ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ رێگری لەهێنانی گەنمی وڵاتانی تر تەنها بەوە دەكرێت كە چاودێریەكی توند لەسنورەكانی هەرێم دابنرێت. عه‌بدوستار مه‌جید بۆ په‌یسه‌ر گوتی: بەهیچ شێوەیەك رێگەنەدرێت هیچ جۆرەگەنمێك بهێندرێتە هەرێمی كوردستان و تەنها ئەو گەنمە نەبێت كە ساڵانە لەتوركیا بۆ بنەتۆو دەهێندرێت و باوەرپێكراوە و پێشتریشی رێنمایی توندمان دەركردووە كە دەبێت ئەو گەنمە پشكنینی بۆ بكرێت، كە دەبێت گەنمی پاككراوەبێت و پشتراست بكرێتەوە كە بۆ بنەتۆوە.