04:56 - 08/08/2019
كۆنگره‌ى پڕكێشه له بەرده‌رگاى پێنج حزبه
حزبه سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان زۆرینه‌یان له سه‌روه‌ختى كۆنگره‌ن، ماوه‌یه‌كى زۆره مۆته‌كه‌ى كۆنگره ناوخۆى حزبه‌كانى شڵه‌قاندووه، پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، مشتومڕى كۆنگره‌یانه، كۆنگره هه‌ریه‌كێك له‌و حزبانه‌ى خستووه‌ته به‌رده‌م ئاڵنگارى گه‌وره‌و چاره‌نوسسازه‌وه. حزبه‌كان ئێستا به‌ناوخۆى خۆیانه‌وه سه‌رقاڵن، كۆنگره خستوونى به‌سه‌ر كێشه‌ى ئاڵۆزدا.
كۆنگره‌یه‌كى جیاواز بۆ پارتى
پارتى ده‌بوو ساڵى ٢٠١٥ كۆنگره‌ى ١٤یەمی بكات، به‌ڵام به‌رپرسانى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن به‌هۆى بارودۆخى كوردستانه‌وه نه‌یانپه‌رژاوه‌ته سه‌ر كۆنگره، ئێستا ده‌ستیان بۆ كۆنگره به‌تاڵ بووه. بۆیه پێده‌چێت كۆتایى ئه‌مساڵ یاخود سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو پارتى مل بنێته كۆنگره‌وه.
پارتى ئه‌زموونى كۆنگره‌یه‌كى جیاواز ده‌كات، پێش كۆنگره ناكۆكییه‌كانى نێوان نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى كه‌وتوونه‌ته به‌رچاو
پارتی دیموكراتی كوردستان ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦دامەزرا، له‌ته‌مه‌نى خۆیدا پارتى ١٣كۆنگره‌ى بەستووە، له‌كۆنگره‌ی یه‌ك تا كۆنگره‌ی نۆ له‌نێوان ساڵانی ١٩٤٦-١٩٧٩مه‌لامسته‌فا سه‌رۆكى حزب بوو. له ساڵى ١٩٧٩ وه تائێستا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكه، دوایه‌مین كۆنگره‌ی پارتی كۆنگره‌ی(كۆنگره‌ى ١٣) رۆژانی ١١تا ١٨ی١٢ی ٢٠١١ له‌هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو.
پارتى ئه‌زموونى كۆنگره‌یه‌كى جیاواز ده‌كات، پێش كۆنگره ناكۆكییه‌كانى نێوان نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى كه‌وتوونه‌ته به‌رچاو، حكومه‌ت له كه‌سه نزیكه‌كانى نێچیرڤان بارزانى خاڵى كراوه‌ته‌وه،( نوری عوسمان له‌سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، نه‌وزادهادی له‌كاندید بۆ وه‌زیری كاره‌با، سه‌فین دزه‌یی له گوته‌بێژی حكومه‌ت، ئاشتى هه‌ورامى له پۆستى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان، ڤالا فه‌رید له كاندیدبوونى بۆ پۆستى وه‌زیرى داد) لابران. جگه له‌وه‌ش چه‌ندین كاندیدی نێچیرڤان بارزانی له‌ئاستی ده‌سته‌كان و بریكاری وه‌زاره‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی لابران. مه‌سرور بارزانى و ئاڕاسته‌كه‌ى دروشمى چاكسازى و بنبڕ‌كردنى گه‌نده‌ڵییان هه‌ڵگرتووه، كۆى درووشمه‌كان بۆ ناوچاوى نێچیرڤانى بارزانى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پرۆژه‌یه‌ك بۆ كۆنگره
گفتوگۆكان له‌سه‌ر كۆنگره له‌نێو پارتى له‌نێو ئه‌ندامانى خێزانى بارزانى قه‌تیس ماوه، هه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش چاره‌نوسى پارتى و كۆنگره یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه، پرۆژه‌یه‌ك له‌ناو پارتى بۆ كۆنگره باسى لێوه‌كراوه، به‌ڵام مه‌سرور بارزانى پرۆژه‌كه‌ی لا په‌سه‌ند نییه، به‌پێى پرۆژه‌كه، مه‌سعود بارزانی له سه‌رۆكایه‌تى پارتى نامێنێت و وه‌ك مه‌رجه‌ع مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ دەكرێت، نێچیرڤان بارزانى ده‌كرێته سه‌رۆكى پارتى به‌ڵام مه‌سرور بارزانی دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌یه.
ئاڕاسته‌كانى نێوان پارتى یه‌كیان رووى له ئه‌نقه‌ره‌یه‌و ئه‌وى دیكه رووى له به‌غدایه
تا ده‌نگۆی به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌م زیاتربێت، ململانێكانیش توندترده‌بن، ئاڕاسته‌كانى نێوان پارتى یه‌كیان رووى له ئه‌نقه‌ره‌یه‌و ئه‌وى دیكه رووى له به‌غدایه، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش له‌لایه‌ن باڵێكیانه‌وه، دژی باڵه‌كه‌ی تر لێكده‌درێته‌وه. بۆیه كۆنگره‌ى پارتى ئه‌مجاره بێ سه‌رئێشه نییه. هه‌ریه‌ك له فازڵ میرانی، زه‌عیم عه‌لی، دڵشاد شه‌هاب و نه‌وزاد هادی، وه‌ك كه‌سه‌دیاره‌كانی نزیكى نێچیرڤان بارزانی لێكده‌درێنه‌وه، له به‌رامبه‌ردا هۆشیار زێباری و كه‌ریم سنجاری و ئازاد به‌رواری، وه‌ك نوێنه‌ری مه‌سرور بارزانی حساب ده‌كرێن.
به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، به‌شداربوونی هه‌ریه‌ك له نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییه‌كان كه له ٣١ی ته‌موزی ٢٠١٩ به‌رێوه‌چوو، به‌فه‌رمان و پێداگری خودی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی بووە، به ئامانجى ره‌واندنه‌وه‌ى ده‌نگۆو نیگه‌رانییه‌كان سه‌باره‌ت به‌نێوانى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى هه‌رێم.
كۆنگره‌ی پارتی له‌به‌رده‌م دوورخستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌دایه، له‌وانه‌ش باسله‌وه‌ده‌كرێت كه هۆشیار زێباری له‌شوێنی فازڵ میرانی بكرێته سكرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، به‌وپێیه‌ی یه‌كه‌میان له مه‌سرور بارزانى و دووه‌میان له نێچیربارزانی-یه‌وه نزیكه.
یه‌كێتی، كۆنگره‌ى كێشه
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كۆنگره‌ى چواره‌مى لێبووەته مۆته‌كه، ئه‌و حزبه ده‌بوو ٢٠١٣ كۆنگره‌ى چوار ببه‌ستێت، شه‌ش ساڵ دواخستنى كۆنگره باڵه ناكۆكه‌كانى حزبه‌كه‌ى نەسازاندووه، به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌كێتى سێ ساڵ جارێك ده‌بێت كۆنگره ببه‌ستێت. تا رۆژه‌كانى به‌رده‌م كۆنگره که‌م ده‌بنه‌وه ململانێكان زیاترده‌بن، ئێستا باڵى ماڵى تاڵه‌بانى، ماڵى كۆسره‌ت ر‌سوڵ، باڵى به‌رهه‌م ساڵح، مه‌لابه‌ختیار، باڵى ناڕازییه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسى، كێبڕكێیان له‌سه‌ر كۆنگره گه‌رمه. هه‌ر لایه‌ك هه‌وڵى چڕینى زۆرترین جومگه‌ى حزبه‌كه ده‌دات بۆخۆى، هه‌ندێكیشیان هه‌وڵى سڕینه‌وه‌ى ئه‌وانى دیكه ده‌ده‌ن، هه‌ندێكیان به‌تایبه‌ت ماڵى تاڵه‌بانى و مه‌لابه‌ختیار كۆنگره‌یان بێ ته‌وافوق ده‌وێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و باڵی ناڕازى مه‌كته‌بى سیاسى، وه‌ك حاكم قادر و عیماد ئه‌حمه‌د كۆنگره‌ى ته‌وافوقییان ده‌وێت.
شه‌ش ساڵ دواخستنى كۆنگره باڵه ناكۆكه‌كانى یەکێتی نەسازاند
مه‌كته‌بی رێكخستن و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی، پێشنیاری ٢١-١١-٢٠١٩یان كردووه بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتی. باڵه‌كانی تر هه‌وڵه‌كانیان چركردووەته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یارییه‌كه له‌ماڵی تاڵه‌بانی تێكبده‌ن. پێشتر باڵه ناكۆكه‌كانی یه‌كێتى هه‌موویان رێكکه‌وتنیان ده‌ویست و هێشتا رێكنه‌ده‌كه‌وتن ئێستا باڵێكى سه‌ره‌كى حزبه‌كه رێككه‌وتنى ناوێت و ده‌یه‌وێت كۆنگره خۆى بڕیاربدات. پێده‌چێت یه‌كێتى رووبه‌ڕووى ته‌نگه‌ژه‌یه‌كى قورستربێته‌وه ئه‌گه‌ر به رێككه‌وتنى كۆنكرێتییه‌وه نه‌چنه كۆنگره.
گۆڕان سسته
بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ساڵی ٢٠٠٩ وە تا ئێستا ده‌بوو پێنج كۆنگره ببه‌ستێت به‌وپێیه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى دووساڵى بۆ نێوانى كۆنگره‌كان دیاریكردووه، گۆڕان رۆژی ٢٦-١٢-٢٠١٣ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی خۆی له‌شاری هه‌ولێر به‌ست، دواى كۆچى دوایى نه‌وشیروان مسته‌فا، ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ى زۆر رووبه‌ڕووى گۆڕان بووه‌وه. چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى بزوتنه‌وه‌كه نیگه‌رانن و له‌ماڵى خۆیان دانیشتوون.
گۆڕان ئێستا مشتوماڵى كۆنگره ده‌كات، بڕیاره له ١٤ی٩ خانه‌ى نوێى راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێردرێت، له‌نێو گۆڕانیش گروپێكى ناڕازى دژى سیاسه‌تى ئێستاى بزوتنه‌وه‌كه هه‌یه، عوسمانی حاجی مه‌حمود، قادر حاجی عه‌لی و عه‌بدوڵا كوێخا موباره‌ك له‌و سه‌ركردانه‌ن كه له‌ماڵه‌وه‌ن و نیگه‌رانن، قادرى حاجى عه‌لى ده‌ستبه‌ردابوونى خۆى له گۆڕان به‌یانكردووه.
کۆنگرە گۆڕان دەخاتە دووڕیانەوە
كۆنگره یاخود كۆنفرانسى نیشتیمانى گۆڕان بێ سه‌رئێشه نییه، ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌م دۆخه‌دا كۆنگره ببه‌ستێت ئه‌ندامه ناڕازییه‌كان ده‌كه‌ونه دووڕیانی به‌شداریكردن یاخود به‌شدارینه‌كردن ئه‌گه‌ری زۆرتر ئه‌وه‌یه به‌شداری نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش گۆڕان دووچاری دابه‌شبوون ده‌كات، تا ئێستا له‌نێو گۆڕان له‌سه‌ر پرسی رێكخه‌ری گشتی، هه‌ردوو جڤاته‌كه و چه‌ند پرسێكی تر به‌رچاو روونی نییه.
وشەیەک كۆمه‌ڵی خستووەتە گێژاوەوە
بۆ كۆمه‌ڵ-یش كۆنگره‌ى چوار جیاوازه‌و به‌كێشه‌وه پێده‌نێته كۆنگره، پێش كۆنگره سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له گێڕانه‌وه به‌رپرسه ناڕازییه‌كان، یاخود نه‌یویستووه بیانگێڕێته‌وه، ١٩ی نیسانی ئه‌مساڵ، سێ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ به‌ناوه‌كانی سه‌لیم كۆیی و سه‌عید هه‌ركی و ئیسماعیل ره‌سوڵ ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه، پاشان ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام و به‌رپرسی ناو مه‌ڵبه‌نده‌كانی ئه‌و حزبه به‌هه‌مان شێوه ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمه‌ڵ بۆ ناو حزبه‌كه‌یان قورسه، ئه‌میری كۆمه‌ڵ-یش ده‌رگای گەڕانەوەی داخستووه، رۆژی ٣٠-٥-٢٠١٥ كۆمه‌ڵ كۆنگره‌ی سێیه‌می خۆی به‌ست، كۆنگره‌ی سێیه‌م دوای كۆچى دوایى شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی پێشه‌وای حزبه‌كه بوو له‌١٣-٦-٢٠١٤ له‌و كۆنگره‌شدا ئه‌و پۆسته به‌یه‌كجاری هه‌ڵوه‌شایه‌وه، به‌وه‌ش ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی بووه خاوه‌نی قسه‌ی یه‌كه‌م و کۆتایی حزبه‌كه.
پاشگری ئیسلامی کۆمەڵی بۆ دووبەرەی دژ بەیەک دابەشکردووە
سه‌رئێشه‌ى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه، پاشگرى (ئیسلامی)یه، حزبه‌كه به‌سه‌ر دوو ئاڕاسته‌ى دژ به‌یه‌كدا دابه‌شبوون به‌شێكیان به توندى لابردنى پاشگرى ئیسلامى ره‌تده‌كه‌نه‌وه، به‌شێكى دیكه‌یان به ئه‌میرى كۆمه‌ڵیشه‌وه له‌گه‌ڵ لابردنى پاشگره‌كه‌ن.
رۆژی ٣١-٥-٢٠١٩ له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵ له گوتارێكدا، عه‌لى باپیر گوتى، ئه‌گه‌ر بزانن پاشگری ئیسلامی بووه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵ ئه‌وه لای ده‌به‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا دڵشاد گه‌رمیانی و مه‌روان گه‌ڵاڵی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی تر دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ن.
یه‌كگرتوو كۆنگره‌ى هه‌ستانه‌وه‌ى ده‌وێت
یه‌كگرتوو له‌ساڵى ١٩٩٤ ەوە حه‌وت كۆنگره‌ی به‌ستووه، بۆ كۆنگره‌ى هه‌شته‌م ده‌مێكه جموجوڵى ده‌ستپێكردووه، ئه‌و حزبه یه‌ك جار ئه‌میندارى ئاڵوگۆڕكرد و هه‌رزوو سه‌لاحه‌دین به‌هادین گه‌ڕایه‌وه سه‌ر كورسى یه‌كه‌مى حزبه‌كه، یه‌كگرتوو به نیازه تا سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو كۆنگره ببه‌ستێت. رۆژی ٣ی ئابی ئه‌مساڵ سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو، له گوتاری كۆنگره‌ی قوتابیانی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاند، له‌ئێستادا له‌به‌رده‌م كۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌كگرتوودان، كه له‌كۆتایی ئه‌مساڵ یان سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو ده‌به‌سترێت.
یه‌كگرتووش كێشه‌ى زۆره بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه، جارێكی تر چه‌ند كێشه‌یه‌كی رابردوو دێنه‌وه گۆڕێ، له‌وانه‌ش جیاكردنه‌وه‌ی بانگه‌واز له سیاسه‌ت، رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كگرتوو به ئیخوان موسلیمینی جیهانی، پرسی ئه‌مینداری گشتی، جگه له‌وه‌ش یه‌كگرتووی له‌خولى نوێی په‌رله‌مان نیوه‌ى كورسییه‌كان له‌ده‌ستدا، فراكسیۆنێكى پێنج كورسى به ده‌ستمایه بۆ مایه‌وه.
یه‌كگرتووش كێشه‌ى زۆره بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه
به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس یه‌كێكی تر له كێشه‌كانی یه‌كگرتوو پرسی ئۆپۆزسیۆنبوونه، كه له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی و فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ناكۆكی له‌سه‌ره، به‌جۆرێك فراكسیۆنی یه‌كگرتوو پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگه‌ر و چاودێری ورد ده‌كات، سه‌ركردایه‌تی و ئه‌مینداریش پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنێكی نه‌رم ده‌كه‌ن كه ره‌چاوی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كگرتوو بكات، به‌هۆى ئه‌و راجیاییه‌شه‌وه یه‌كگرتووی ئیسلامی تائێستا وه‌ك پێویست بۆ دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی تری هه‌رێم نه‌هاتووه‌ته پێشه‌وه.
حزبه‌كان بێجیاوازى كێشه‌یان له‌سه‌ر كۆنگره هه‌یه‌و هه‌ستیارى زۆریان به كۆنگره هه‌یه، هه‌ربۆیه‌ش كۆنگره‌ى حزبه كوردییه‌كان به ئه‌سته‌م له دایك ده‌بێت و له‌دایكبوونیشى ته‌ندروست نابێت. ئایا حزبه‌كان كۆنگره‌ى شه‌فاف و بێ‌گرفت ده‌به‌ستن و كۆنگره ده‌كه‌نه وێستگه‌ى به‌خۆدا چوونه‌وه‌و هه‌ستانه‌وه، یاخود به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كان كۆنگره‌و به‌رنامه‌كانى داده‌پۆشن و كێشه‌ى نوێ دروستده‌كه‌ن؟