ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08:08 - 09/08/2019

كۆتاییه‌كى ناخۆش بۆ عێراقییه‌ك..له‌ واشنتنه‌وه‌ بۆ مردن‌

پەیسەر پرێس

هاووڵاتییه‌كى عێراقى كۆچى دوایی كرد، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ئه‌مریكا ژیاوه‌و به‌م دوایانه‌ ده‌سه‌ڵاتى واشنتۆن به‌زۆر ره‌وانه‌ى به‌غداى كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و هاووڵاتییه‌ عێراقییه‌ له‌چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تى هێزه‌كانى ئه‌مریكا بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیارى دۆناڵد ترامپى سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته‌ ئه‌و كه‌سه‌یان ره‌وانه‌ى عێراق كراوه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ژیانى به‌ناخۆشى كۆتایی هاتووه‌.

له‌دواى گێڕانه‌وه‌ى بۆ عێراق له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مریكاوه‌ له‌به‌غدا كۆچى دوایی كردووه‌

تۆڕى "سی ئێن ئێن"ى هه‌واڵى ئه‌مریكى بڵاویكرده‌وه‌، هاووڵاتییه‌ عێراقییه‌كه‌ ناوى "جیمی داود"ى ته‌مه‌ن 41 ساڵ، له‌دواى گێڕانه‌وه‌ى بۆ عێراق له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مریكاوه‌ له‌به‌غدا كۆچى دوایی كردووه‌، كه‌ هۆكارى مردنه‌كه‌شى نه‌خۆشى شه‌كره‌ بووه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر بووه‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ى هه‌بووه‌و له‌به‌غداش ده‌رمانى پێویستى نه‌بووه‌ بۆ به‌كارهێنانى.

داود له‌مانگى یۆنیۆى رابردوو به‌زۆر ره‌وانه‌ى عێراق كراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و هیچ كه‌سێكى له‌به‌غدا نه‌بووه‌و ته‌نانه‌ت زمانى عه‌ره‌بیشى نه‌زانیوه‌، ئه‌وه‌شى به‌ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌مریكى گه‌یاندووه‌.

ته‌رمى جیمى داود له‌رۆژى سێ شه‌ممه‌ى رابردوو له‌ناو شوقه‌كه‌ى دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكى ترى ئه‌مریكى عێراقى كڕیویه‌تى‌و ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ئه‌مریكاوه‌ ره‌وانه‌ى عێراق كراوه‌ته‌وه‌.

ده‌توانرا ژیانى رزگار بكرێت، به‌ڵام كه‌س نه‌بووه‌ به‌و كاره‌ هه‌ستێت

"باجوكا" پارێزه‌رى ئه‌و هاووڵاتییه‌ بووه‌و له‌باره‌ى مردنى هاوڕێكه‌ى ده‌ڵێت: جیمى ده‌رمانى ئه‌نسۆلینى نه‌بووه‌و نه‌شیتوانیوه‌ ده‌ستى بخات، كه‌ ئه‌وه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى مردنه‌كه‌ى بووه‌، له‌كاتێكدا ده‌توانرا ژیانى رزگار بكرێت، به‌ڵام كه‌س نه‌بووه‌ به‌و كاره‌ هه‌ستێت.

هاوكات به‌رپرسانى فه‌رمانگه‌ى كۆچ‌و گومرگ له‌شارى "دیترویت" له‌ویلایه‌تى میشیگانى ئه‌مریكا بۆ تۆڕى "سی ئێن ئێن" پشتراستیانكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان داودیان له‌ دووى یۆنیۆى رابردوو ره‌وانه‌ى به‌غدا كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رمانى پێویستى بۆ چاره‌سه‌رى پێدراوه‌.

به‌هه‌موو ته‌مه‌نى نه‌چووه‌ته‌ عێراق

له‌لایه‌كى تر پارێزه‌رى داود باسى له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌و له‌خانه‌واده‌یه‌كى كلدانی كاسۆلیكی بووه‌ له‌ میشیگان، به‌هه‌موو ته‌مه‌نى نه‌چووه‌ته‌ عێراق، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌كاتى له‌دایكبوونى ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى بۆ ده‌رهێنراوه‌.

به‌قسه‌ى به‌رپرسان جیمى داود له‌ كه‌مپێكى كۆچبه‌ران له‌یۆنان له‌دایك بووه‌، له‌وكاته‌ى خانه‌واده‌كه‌ى به‌نیازبوون له‌عێراق كۆچ بكه‌ن بۆ ئه‌مریكا، كه‌ خانه‌واده‌كه‌شى له‌ساڵى 1979 به‌شێوه‌یه‌كى یاسایی روویان له‌ئه‌مریكا كردووه‌و ئه‌ویش ته‌مه‌نى 6 مانگ بووه‌.

به‌قسه‌ى باجۆكا جیمى دوو خوشكى هه‌بووه‌ له‌ئه‌مریكاو له‌دواى مردنیشى ڤیدیۆیه‌كى بڵاوبووه‌ته‌وه‌، كه‌ دواى دوو هه‌فته‌و نیو له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ى بۆ به‌غدا تۆماریكردووه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مریكى ده‌ستگیركراوه‌و به‌زۆر خراوه‌ته‌ ناو فڕۆكه‌و دواى چه‌ند رۆژێك ره‌وانه‌ى به‌غدا كراوه‌ته‌وه‌.

داود له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ به‌رپرسانى ئه‌مریكاى ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌و تكاى لێكردوون نه‌ینێرنه‌وه‌ بۆ به‌غدا، چونكه‌ ئه‌و هیچ له‌باره‌ى ئه‌و وڵاته‌ نازانێت‌و هه‌رگیزیش نه‌یبنیوه‌، ته‌نانه‌ت زمانیش نازانم‌و ناوى شه‌قامه‌كانیش لێك جیاناكه‌مه‌وه‌.

باسى له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى هه‌یه‌و ده‌رمانى پێویستى نه‌بووه‌، وه‌ك چاره‌سه‌ر به‌كارى بهێنێت.

 به‌رپرسانى ئه‌مریكاى ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌و تكاى لێكردوون نه‌ینێرنه‌وه‌ بۆ به‌غدا

مردنى جیمى ئێستا كاردانه‌وه‌ى دروستكردووه‌و هاوكات خانه‌واده‌كه‌ى ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ى نوێنه‌رێكى دیموكراته‌كان به‌ناوى ئه‌ندی لیفین، له‌ویلایه‌تى میشیگان سكاڵا تۆماربكه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌وڵى گێڕانه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه‌شى ده‌ده‌ن.

له‌و باره‌شه‌وه‌ لیفین نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى ئیداره‌ى دۆناڵد ترامپ كردووه‌، دەڵێت، به‌رده‌وامبوونى ناردنه‌وه‌ى هاووڵاتیان بۆ عێراق زیانى گه‌وره‌ى هه‌یه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌یان كه‌س تووشى كاره‌ساتى له‌و شێوه‌یه‌ ده‌بن.

هه‌روه‌ها پرسیارى ئه‌وه‌ى كردووه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مریكى چ سوودێك له‌وه‌ ده‌بینێت، كه‌ خه‌ڵكى به‌و شێوه‌یه‌ بنێرێته‌وه‌، "به‌راستى تێناگه‌م".

هاوكات لیفین له‌گه‌ڵ نوێنه‌رێكى كۆمارییه‌كان له‌كۆنگرێس به‌ناوى جون مولینار پرۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بڕیارى دۆناڵد ترامپ بۆ ناردنه‌وه‌ى به‌زۆرى په‌نابه‌ران رابگرن.