ڕاپۆرتی کوردستانی

12:52 - 10/08/2019

هۆکاری باسکردنی ژیانی کورد لە سەر کیسی تووتنی کارگەیەکی بەریتانیا چییە؟‌

پەیسەر

هەرچەندە گەلی کورد لە دێرزەمانەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێکۆشاوە و شەڕی لەپێناودا کردووە، بەڵام تێکۆشانەکەیان بە شێوەیەکی نەتەوەیی و یەکگرتوو نەبووە. بەڵام لە کۆتایی سەدەی ١٨وە خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد هۆشیارانەتر بەردەوام بووە.

 
خەباتی ئازادی و سەربەخۆیی کورد لە هەموو قۆناغێکدا بووەتە جێی مشتومڕی جیهان و بەڵگەی مێژوویی و گرنگیش لەبارەی تێکۆشانی نەتەوەیی و شووناسی کوردەوە بڵاوکراونەتەوە.

لە کتێبە مێژووییەکان و بیرەوەرییەکانی رۆژهەڵاتناس و توێژەرە ڕۆژئاواییەکانیشدا زۆر جار باس لە چۆنیەتی ژیان و خەباتی سەربەخۆیی گەلی کورد کراوە و کورد وەک نەتەوەیەکی پێشکەوتووتر لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدراوە. باس لە بە پیتی خاکی کوردستان و کاڵا و خواردەمەنییەکانی کورد کراوە.

بەڵگەیەکی تری مێژوویی کە باس لە چۆنیەتی ژیان و تێکۆشانی ئازادی و مافی ژن و کوالیتی بەرهەمى کشتوکاڵی گەلی کورد دەکات، چەند دێڕێکی سەر کیسی تووتنی کارگەیەکی بەریتانییە کە وێنەی ژنێکی کوردى خراوەتە سەر.

کورد ئازادیخوازە و ژنەکانیشیان ئازادن
لە ساڵی ١٩٢٩دا کۆمپانیای "ماجۆر دراپکین" کە تایبەت بووە بە کڕین و لەپاکەتنانى تووتن لەسەر بەرگی کیسی تووتنەکە باسى لە نەتەوەی کورد کردووە و بە نەتەوەیەکی ئازادیخواز ناوبردووە کە ژنان تیایدا ئازادن.

کۆمپانیاکە لە سەر بەرگی کیسی تووتنەکە نووسیویەتی:-

کورد گەلێکی ئازادیخوازن و بە شێوەیەکی بەربڵاو و کۆچەری دەژین. هەندێکیان لە چادردا و هەندێکیشیان لە هاویناندا لە کوێستانەکان و لە زستانیشدا لە گوندەکان دەژین. ژنەکانیان شانبەشانی پیاوەکانیان کار دەکەن و خاوەنی ئازادیی خۆیانن. دەتوانن بێئەوەی دەموچاویان داپۆشن، بچنە دەرەوە

کۆمپانیاکە لە سەر دیوەکەی تری کیسی تووتنەکە وێنەی ژنێکی کوردی بە جلوبەرگی کوردیەوە داناوە.

کۆمپانیای ماجۆر دراپکین لە هەموو وڵات و ناوچەکانی جیهانەوە تووتنی باشی کڕیوە و وەک مارکەیەکی بەناوبانگی ئەو کاتە ناوی دەرکردووە.

کۆمپانیاکە لە کوردستاندا زیاتر گرنگی بە تووتنی ناوچەی شەمزینانی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و تووتنی پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان داوە و هەموو ساڵێک نوێنەرەکانیان سەردانی شەمزینان و بەدلیسیان کردووە و تووتنە هەرە باشەکەیان کڕیوە و هەناردەی بەریتانیایان کردووە.

کۆمپانیای ماجۆر دراپکین لە ساڵی ١٨٩٨ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دامەزراوە و تا ساڵی ١٩٢٠ تووتنی کوالیتی فرۆشتووە. دواتر ناوی بۆ "ڕۆسمەن" گۆڕاوە و لە ساڵی ١٩٤٧دا کۆمپانیاکە داخراوە.

بۆچی کۆمپانیای ماجۆر دراپکین تووتنی شەمزینان و بەدلیسی کڕیوە؟
وەک دەزانرێت تووتن یەکەم جار لە کیشوەری ئەمریکا دۆزراوەتەوە و بە تێپەربوونی کات لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. تووتنی باش و کوالیتی لە ئاو و هەوایەکی نیمچەگەرم و بە ئاوێکی سازگار دەڕوێت.

کوردستانیش بە گشتی خاوەنی ئاو و هەوایەکی لەبارە بۆ چاندنی تووتن. ناوچەی شەمزینان و پارێزگای بەدلیسیش بەهۆی لەباری کەشوهەواکەیانەوە ڕێژەیەکی زۆری تووتنی کوالیتی باش بەرهەمدەهێنن.

تووتنی شەمزینان
لە ناوەڕاستی سەدەی ١٨دا و لە سەردەمی نەستورییە کریستیانییەکاندا، چاندنی تووتن لە ناو خەڵکی ناوچەی شەمزینانی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ "هەکاری" بڵاوبووەتەوە. تووتن بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی خەڵکی ناوچەکە.

تووتنی شەمزینان بە هۆی بۆنی تایبەتییەوە، لە کۆشکەکانی ئیمپراتۆری عوسمانیدا کێشراوە

دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، بە تایبەتی لە ساڵانی چلەکاندا حکومەت گرنگیەکی زۆری بە تووتنی شەمزینان داوە و هەموو ساڵێک تووتنەکەیان لە گوندنشیان کڕیوە و لە کارگەکاندا بۆ دروستکردنى جگەرەی کوالیتی و گرانبەها بەکارهێنراوە.

لە شەمزینان دەیان جۆر تووتن دەچێنرێت، باشترینیان تووتنی "ئەولیایە" کە زیاتر لەناو هۆزى گەردیدا دەچێنرێت و خاوەنی بۆنێکی خۆش و رەنگێکی ئاڵتوونییە.

تووتنی بەدلیس
لە پارێزگای بەدلیس لە دێرزەمانەوە تووتن دەچێنرێت و نزیکەی ١٨ جۆری تووتن بەرهەمدەهێنرێت. بەر لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا تووتنی بەدلیس بۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا هەناردە دەکرا، بەڵام دوای دامەزراندنی کارگەی جگەرە لە تورکیا، هەناردەکردنی تووتن بە بێ بەڵگەی حکومی قەدەغەکرا و حکومەت خۆی دەستی بە کڕینی تووتن کرد و لە کارگاکاندا بۆ دروستکردنی جگەرە بەکارهێنرا.

 

تووتنی بەدلیس لە دروستکردنی جگەرەی "٢٠٠٠ و بەست و کاناس و سامسون و ماڵتەپە" بەکاردەهێنرێت و جۆرە باشەکەشی لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەوروپا هەناردە دەکرێت.