ڕاپۆرتی کوردستانی

01:54 - 10/08/2019

لە کوێ دەنگی سەربەخۆیی هەبووبێت، لەوێ بووە‌

پەیسەر

" دەوڵەت بۆ خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی تۆ ئامادەیە هەموو شتێک بکات. هەر وڵاتێکت دەوێت بۆی بچیت داوای بکە، لەوێ بژی. پاسپۆرتی تایبەتت بۆ دروست دەکەین، کوێی جیهانت دەتەوێت بۆ ئەوێت دەنێرین".

ئیبراهیم تالی بەگی عوسمانی لە نامەیەکدا ئەو پێشنیازانە بۆ "ئیحسان نوری پاشا" فەرماندەی گشتی شۆڕشی ئاگری دەکات. بەڵام ئیحسان نوری پاشا لە وەڵامی نامەکەدا دەڵێت، "من لە وڵاتی خۆمدا دەژیم و پێویستم بە هیچ شتێک نییە. بڕوام بە بەڵێنەکانی دەوڵەت نییە. من فەرماندەی گشتی هێزی خۆییبوونی کورد و کوردستانم. من بە هەموو شێوەیەک لەژێر فەرمانی خۆییبووندام و ئەمەش شەرەفە بۆ من. ئەرکی من سەربەخۆیی کوردستانە و بۆ دەرکردنی هێزی تورک لە سەر خاکەکەم تا کۆتایی دەجەنگم.

 

 ئەگەر هەر پێشنیازێکتان هەیە، پێشکێشی سەرکردە سیاسییەکانی خۆییبوونی بکەن. بێسوودە، لە ڕێی خەڵکی جۆراوجۆرەوە پێشنیازی سیاسیم بۆ مەنێرن. لەبەرئەوەی کێشەکە، کێشەی کەسێک بە تەنها نییە، کێشەیەکی نەتەوەیی یە".

 

ئیحسان نوری پاشا بەو شێوەیە، ژیانێکی پر لە خۆشی و ئارامی ڕەتکردەوە و ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستانی هەڵبژارد. بەمەش دڵسۆزی و مەزنی ئەو سەرکردەیەمان بۆ دەردەکەوێت.

کاتێک باس لە ئیحسان نوری پاشا دەکرێت، شۆڕشی چیای ئاگری و خۆییبوونمان دێتەوە یاد. چونکە فەرماندەی گشتی سوپای شۆڕشەکە بوو. جیاوازی ئیحسان نوری پاشا لەوەدایە، بەرزترین پلە و پۆست و خانەوادەیەکی دەستڕوویشتووی جێهێشت و خەباتی سەختی نەتەوایەتی هەڵبژارد.

ئیحسان نوری جگە لەوەی ئەفسەرێکی گەورەی عوسمانی و دواتر فەرماندەی سەربازی شۆڕشی ئاگری بوو، نووسەر و دیپلۆماتکارێکی بەتواناش بوو.

لەدایکبوون و خوێندنی
ئیحسان نوری پاشا ساڵی ١٨٩٣ لە شاری بەدلیسی باکووری کوردستان لەدایکبووە. کوڕی "عەلی قولی" ئاغای عەشیرەتی جبرانلییە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە بەدلیس تەواوکردووە. دواتر لە خوێندنگای سەربازی تایبەتی دەوڵەتی عوسمانیدا دەستی بە خوێندن کردووە. خوێندنگاکانی تایبەتی عوسمانییەکان بە تایبەتی بۆ بنەماڵەی ئاغا و خانەدانەکانی ئەو نەتەوانە دروستکرابوون کە لەژێر دەسەڵاتیاندابوون. خوێندنگاکان لە باکووری کوردستان بە فەرمانی عەبدولحەمیدی دووەم پاشای دەوڵەتی عوسمانی دروستکران و ئامانجیان ئەوەبوو، منداڵانی کورد لە هەستی نەتەوایەتی دوور بکەونەوە و لە خزمەتی دەوڵەتدابن و کاریگەریی هۆزە کوردەکان لە ناوچەکەدا نەمێنێت و گەلی کورد بیر لە سەربەخۆیی و جیابوونەوە نەکاتەوە.

 

ئیحسان نوری سەرەتا لە خوێندنگەی سەربازی شاری ئەرزینگانی باکووری کوردستان دەستی بەخوێندن کرد و دواتر نێردرا بۆ ئیستانبوڵ و لە خوێندنگای جەنگی ئەو شارە درێژەی بە خوێندن دا. ساڵی ١٩١٠ لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا خوێندنی تەواوکرد و لە سوپای دەوڵەتی عوسمانیدا وەک ئەفسەر دەستی بە خزمەت کرد. 

ژیانی ئیحسان نوری پاشا لە سوپای عوسمانیدا
ئیحسان نوری پاشا کاتێک لە سوپای عوسمانیدا دەستی بە خزمەتکرد، دەوڵەتی عوسمانی لە سەردەمی "پیاوە نەخۆشەکە"دا بوو. عوسمانییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ خاکی زیاتریان لەدەستدەدا. لەو ناوچانەی سەدان ساڵ حوکمیان تێداکردبوو، ڕووبەڕووی شۆڕش و داواکاری سەربەخۆیی گەلان بووبوونەوە، بە تایبەتی لە ناوچەی بەڵکان شەڕ لە نێوان سوپای عوسمانی و نەتەوەکانی تردا دروست ببوو. ئیحسان نوری یەکەم ئەزموونی شەڕی لە ناوچەی بەڵکان تاقیکردەوە. دواتر نێردرا بۆ سعودیە و فەرماندەیی شەڕی عوسمانیەکانی کرد بەرامبەر بە هۆزە عەرەبەکان. ئەو کاتەی لە یەمەن شەڕ دەستیپێکرد، ئیحسان نوری نێردرا بۆ ئەو وڵاتە. ٣٣ مانگ لە یەمەن مایەوە. دواتر لە ساڵی ١٩١٤ دا جەنگی جیهانیی یەکەم ڕوویدا و بە فەرمانی پاشای دەوڵەتی عوسمانی ئیحسان نوری و ژمارەیەک ئەفسەری دیکە نێردران بۆ بەرەی شەڕ دژی ڕووسیا. لە شەڕی دژی ڕووسەکاندا بریندار بووە و ماوەیەک لە ئیستانبوڵ پشوو دەدات، بەڵام دوای چاکبوونەوەی دەنێردراوە بۆ جۆرجیا و ئازربایجان و ماوەیەک لە هەردوو بەرەی شەڕەکەدا ماوەتەوە، بەشداری شەڕی تورکیا و یۆنانی کردووە و چەند جارێکیش بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵەی تەعالی کورد دادگایی کراوە.

دوای لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانی و هەوڵەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک و ئەو بەڵێنانەی کە بەر لە دروسکردنی کۆماری تورکیا بە کوردەکان دران، ئیحسان نوری پاشا و کورد بە گشتی پشتگیری سوپای تورکیایان کرد و لە گەورەترین شەڕەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەشدارییان کرد.

 

ساڵی ١٩٢٣و دوای ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان کۆماری تورکیا دامەزرا، بەڵام ئەتاتورک لەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوون پاشگەزبووەوە و ئیحسان نوری پاشاش یەکێک بوو لەو کەسایەتییە کوردانەی لە حکومەتی تورکیا دوورکەوتنەوە.

ڕۆڵی ئیحسان نوری پاشا لە دامەزراندنی پارتی رزگاری و شۆڕشی بەیتوشەبابدا
ساڵی ١٩٢٤ ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی کۆمەڵەی تەعالی کوردستان دوای فشارەکانی کۆماری تورکیا بەرامبەر گەلی کورد لە باکووری کوردستان، بیریان لە دامەزراندنی هێزێکی سەربازی و خەباتی چەکداری کردەوە و پارتی ئازادی کوردستانیان دامەزراند. ئیحسان نوری پاشا دوای ماوەیەک پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی پارتی ئازادی کوردستانەوە کرد. لە ناوەڕاستی هەمان ساڵدا بە فەرمانی یوسف زیا بەگ سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان، نزیکەی ٣٥٠ سەرباز و فەرماندەی کوردی ناو سوپای تورکیا یەکدەگرن و لە چیاکانی پارێزگای سێرتی باکووری کوردستان دەست بە شەڕ دەکەن، بەڵام لە ماوەیەکی کوردتدا و دوای چەند مانگێک سوپای ئازادی بەرامبەر سوپای تورکیا تێکدەشکێت و ئیحسان نوری پاشا و ژمارەیەک هاوڕێی چوونە سوریا و لەوێوە بۆ باشووری کوردستان و لەو ڕێیەدا ژمارەیەکیان لێدەکوژرێت و ژمارەیەکیشیان دەستگیردەکرێن.

 

ئەو کاتە عێراق و باشووری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوو و بەرپرسانی بەریتانیا پێشنیازیان کرد ئیحسان نوری پاشا و هاوڕێکانی لەگەڵ ئەواندا کار بکەن.

پاشا لە وەڵامدا دەڵێت، "من لە پێناو گەلی کوردا خەبات دەکەم. ئامادەنیم خزمەتی بەریتانیا بکەم". ماوەیەک لە عێراق دەمێنێتەوە.

دواتر هەواڵی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەگاتە ئیحسان نوری و هاوڕێکانی و بە مەبەستی بەشداریکردن لە شۆڕشەکەدا دەچنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆیان دەگەیەننە ناوچە سنووریەکانی باکووری کوردستان، بەڵام بەهۆی فشار و توندکردنی سنوورەکانەوە ناتوانن خۆیان بگەیەننە شیخ سەعید و شۆڕشەکە سەرکوتدەکرێت و بە ناچاری دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان. 

ئیحسان نوری و هاوڕێکانی بۆ ماوەیەک لە ماڵی سەید تەها لە ڕەواندوز دەمێننەوە، دواتر ژمارەیەکیان بەرەو سوریا و ئیحسان نوری و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی بەرەو ناوچەی نەهرییەی شەمزینانی باکووری کوردستان دەڕۆن، لە نەهری چەندین جار شەڕ لە نێوان ئەوان و سوپای تورکیادا ڕوودەدات و ناچاردەبن بچنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆیان دەگەیەننە لای سمایل خانی شکاک.

پاش ماوەیەک بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە سمکۆی شکاک بەرەو باکووری کوردستان هەڵدێت، بەڵام ئیحسان نوری پاشا خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئێران دەکات. دەوڵەتی ئێران ئیحسان نوری پاشا بۆ شاری زەنجان دەگوازیتەوە و دەیخاتە ژێر چاودیرییەوە. دوای چەند مانگێک لە دەرفەتێکدا خۆی دەدزێتەوە و دەچێتە شارۆچکەی (خۆی) سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماڵی کەسایەتییەکی ئەو ناوچەیە بە ناوی حەسەن سدقی دەمێنێتەوە.

شۆڕشی ئاگری و ڕۆلی ئیحسان نوری پاشا
دوای شکەستەکەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥دا، کۆمەڵێک سەرکردەی خۆییبوون لە ئاگری بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم پاشای سەرۆکی هۆزی جەلالی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا شەڕی چەکداری دژی دەوڵەتی تورکیا بەرپابکەن. تا ساڵی ١٩٢٩ ئامادەکاریی بۆ شەڕی چەکداریی بەردەوام بوو، لەو ساڵەدا شەڕ لەگەڵ تورکیا هەلگیرسا. ئیحسان نوری پاشا، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، خۆی گەیاندە پارێزگای ئاگری و بەشداری لە شۆڕشەکەدا کرد. بەهۆی ئەزموونی لە بواری سەربازیدا، ئیحسان نوری پاشا وەک فەرماندەی گشتی شۆرشی ئاگری هەڵبژێردرا.

 

شەڕی شۆڕشگێرە کوردەکان لە هەرێمی سەرهەدی باکووری کوردستان بەرامبەر دەوڵەت دوو ساڵ بەردەوام بوو. لە مانگی ئەیلولی ١٩٣٠دا هێزەکانی ئێران و تورکیا پەلاماری ئاگریان دا و شۆڕشەکەیان سەرکوتکرد.

نزیکەی ٣٤ سەرکردەی شۆڕشی ئاگری دەستبەسەرکران و لەسێدارەدران. ئیحسان نوری پاشا جارێکی تر ناچاربوو خۆی بگەیەنێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێوە بۆ سوریا و دواتر خۆی ڕادەستی هێزی فەرەنسا کرد. فەرەنسیەکان ئیحسان نوری پاشایان ناردە لوبنان و لە بەیروت نیشتەجێ بوو.

زۆری نەخایاند، ئیحسان نوری جارێکی تر خۆی گەیاندە ئێران و لەگەڵ ژنە تورکەکەی لە ساڵی ١٩٧٩دا لە تاران نیشتەجێبوون. لەو ساڵەدا ئیحسان نوری پاشا بە هۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە گیانی لەدەستدا و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران بەخاکسپێردرا. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، ڕووداوەکە پلانێکی حکومەتی ئێران بووە و ئیحسان نوری پاشا شەهید کراوە.

ئیحسان نوری پاشا خاوەنی دوو کتێبە، یەکێکیان بە ناوی "شۆڕشی چیای ئاگری" یە و تیایدا باس لە هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕشەکە و هەڵوێستی دەوڵەتی تورک دەکات بەرامبەر پرسی کورد. دووەمیشیان ناوی "ڕەچەڵەکی کورد"ـە و تیایدا باس لەوە دەکات کورد نەتەوەیەکی کۆنی ناوچەکەیە و مافی سەربەخۆیی هەیە.